karton_xawakan.jpg

کارتۆن خەوەکان

شیعری: سەید عەلی ساڵحی - وەرگێڕانی: مەریوان هەڵەبجەیی

ئێستا لەو دیو ئەو هەموو پەنجەرەوە

کورەکان دا گیرساون

سیسەمەکان گەرم

سفرەکان پڕ

دەستەکان پڕ

دڵەکان خۆش و

دونیا، دونیایەکە بۆ خۆی.

 

ئەی کاتی دابەشکردنی پشکی دونیا

من لەکوێ بوم

کە جگە لەم کارتۆنە تەڕەو

ئەم زستانە زەمهە ریرە

هیچم بەنسیب نەبوو؟

کارتۆن، تەڕ

تەختەکان، شقارتە، تەنەکە

چاوەکانم و چی بکەمەکان ...تەڕ!

ئەی خەو خەیاڵی ئێوە چۆن؟

 

ئێستا زۆرکەس لەودیو پەنجەرەکانەوە وەستاون

بە پیاڵە گەرمە چا کانی دەستیانەوە

سەرگەرمی سەیرکردنی بەفرن

سەرگەرمی بکەری ڕابردوی پەیڤن و

هەرباسی بەرد بارانی دادپەروەریی و

ئەگەری ئازادیی مرۆڤ دەکەن .

 

من سەرمامە بێ ئینساف

من برسیمە بێ ئینساف

من بی پەنام بێ ئینساف

ئەی کاتی دابەشکردنی پشکی دونیا

من لە کوێ بوم

کە هیچ کونجێکی بچووک لەو هەموو خانوەدا

نەبوە پشکی منی بێ قەرار ؟

ئەی ئەم مێرووانە لەکوێ دەخەون

کە سبەی

دیسان خۆردەبینن؟!

 

هەی زستانی زەلیل کوژ، بێ ئینساف !

 

سەیرکە

لەو بەر پردەکەوە

کلیل بەدەستەکەی سەندوقی خەیرات

بە گەڵابەی قورسی سەروەتەکەیەوە تێدەپەڕێت

من خەریکە دەمرم....!

هێشتا گڵۆپەکانی هۆڵی هوتێلەکە داگیرساون

 

دەنگی پەرداخەکان، سەهۆڵ، ئەلکحول و گۆرانی دێت

لەو دیو دیوارەکانەوە

 دەنگی نۆش نۆشی خەونی ژیان دێت

لەم دیو دیوارەکانەوە

ماڵئاوایی بەستوی منە

 لە دونیای ئەو دژوارییەی

کە هەرگیز ڕەنگی دادپەروەریی نەدیوە.

 

پێمبڵی

میرووەکان لە کوێ دە نوون

کە دیسان سبەی

خۆر دەبینن؟

 

مافی مرۆڤ،

با،

ڕیفراندۆم

 

نەوت،

 تاڵانی،

 مەرگ

دیموکراسی،

خەو،

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

تەنیایی،

ترس،

تیرۆریزم ....

بەداخەوە وشە بێ تواناکان !

 

ئەم هەمووە بێ هۆ

لەم زارە گەمژەیە دا چی دەڵێیت؟

من سەرمامە

من برسیمە

من بێ پەنام

مەودای نێوان من و

 ماڵەگەرمە خۆشەکانی ئێوە

تەنیا دیوارێکی شووشەییە،

خۆزگە

پارچە خشتێک لە نزیک دەستمدا بوایە،

هەناسەکانم یارمەتیم نادەن

مانگی یەک هاتووە

سەر پەنجە بێ گیانەکانمی جویووە

سەرما گڕی گرتووە، خەریکە گەرمم دەبێتەوە

مەرگ بەتانی بۆ هێناوم

ئێدی لە گۆڕدا نالەرزم .


ئەم بابەتە 158 جار خوێندراوەتەوە