Majid.jpg

ئاکامی خۆپیشاندانی خەڵکیی! قەتارەی سمێڵی رەشی پیاوێک

ماجد خەليل

لەپەراوێزی دێڕێکی زنجیرە فلمی (The game of thrones)

"بۆیەکەمجار شمشێرەکە دەداتە دەستی، دەستەکانی موچرکەی لەرزێک لێیاندەدا.

پێی دەڵێ: ئافەرم کە ترسنۆکیت، کەواتە گەمژەنیت!"

لێرەیش هەزاران ساڵە شمشێری لەکەلان کێشراوی دەستی هەموومان، رەپ وەستاوە، بەرچاومان سورەو رقمان ئەستورە، رەگی ملمان، رەپتر لە یارۆ ئافاتەکەی ترمان راستبووەتەوە.

بەڵام کەچی؟ هیچ......

نەتەوەیەک نییە، شەقێکی مزری نەسرەواندبێتە ناونیشانی نەتەوەی ئێمە.

هیچ جارێکیش نییە مەساجێکی میهرەبانانەی پەنجەی پێیانی شەقوەشێن نەکەین.

بۆیە بەحەیاتم نەمتوانیوە پێشبینی پێشهاتێکی دروست بکەم. ئەبەد نەمتوانیوە خاترجەمی پێشبینییەکی دروستی خۆمبم.

هەرچیم وت و وێنام کێشا، نەمتوانی نیازێکی نوسینم بێنمەدی. هەرچی کۆشام، نەمتوانی تێبگەم، تایەفەی هەق و ناهەق، جودابکەمەوە.

هیچ سێرچێکی سێکتەری پسپۆڕییەکەم، نەیکەواندووم بەمل هیچ هەقیقەتێکدا.

دادگەریی دەرمانێکی نەدۆزراوەیە، رێک گیای نەمرییە، هەتا مردن هەبێ، دادگەریی بوونی نابێ.

بۆیە ئەوکات و ئێستایش تێماوم، کێ شۆڕشگێڕو کێ شەپۆلسواری شۆڕشە؟ کێ خزمەتگوزارو کێیش خەتابار؟

 کەسمان هێندەی قاوەگرەوەیەکی قوڕبەسەری چارشێوڕەش رووناکی داهاتوو نابینێ.

لە وڵاتێکداین، بە کونفەیەکونێ قارچکی قەیران قوتدەبێتەوە.

لەوڵاتێکداین بەیانییەک هەڵدەستین، بۆنی لاستیکی سوتاوی سەر شەقامەکان، شەماقاومان دێنێتەخوارێ. کەچی

 بەیانییەکەی دووای ئەو سەرلەبەری شار ژینگەپارێزەو چاڵێنجی نەمام ناشتن، ناوکی داهاتوویەکی سەوزی وڵات دەبڕێ.

 لەوڵاتێکداین، هەموو شت هەر لەخۆوە خلۆردەبێتەوە، بێئەوەی پاڵی دەستێکی ئەمین بنرێ بەم ماشینە مڕومۆچەی مێژوومانەوە.

لەوڵاتێکداین، هەموو شت ئاسانەو هەموو شتیش ئاڵۆز.

چەندە ئاسان، پاڵەوان و کارێزما کەوڵدەکەین. هێندەیش ئاسان ئەبینە مەیتەری مەلۆتکەی سیاسییەکی تڕکەن و دەیکەینە میرو مەڵڵای خۆمان.

لەهەمووی سەیرتر

لەوڵاتێکداین خەڵکەکەی ئازایە. وا خۆمان تێگەیاندووە یان وا تێگەیەنراوین ئازاین. ئەم ئازایەتییە هەوای بنباڵمان هەڵدەمژێ و خۆمانی لێکردوین بە پیاو.

پیاو پیسترین پێناسەی مێژووی مرۆڤی ئێمەیە. پیاوەتی بێفەرهەنگترین ئەتواری ئیمزاکراوی مێشکی هەموومانە. پیاوبوون قێزەوەنترین قیممەتی مرۆڤبوونی داوەتە شانوشەوکەتمان. خرابترین پێناسەو پەسنی خۆبەشتزانین، لەپێناسەی کوردایە بۆ پیاو.

پیاویش یانی ئازایەتی و هێزو هونەری خۆبەشتزانین.

تۆ سەیری ئەو نەگبەتییە، سەیری ئەو پێناسە بەرعەکسو عەیبەیەی ناسنامەی نەتەوەییمان.

هەزاران ساڵە سنگمان سازی غرورێکی غەریب لێدەدا، گوایا ئازاین و پیاوین.

خۆ خۆپیشاندانەکانی خەرتوممان بینی، ئەها کیژەکان چەند جەسورو جوان سترانی شۆڕشیان دەوتەوە.

چەند عەیبە وەک خەرتوم نەبین. لێرەیش خۆپیشاندانەکانی گەرمیان و هڵەبجەو راپەڕین، رێک لە قەتارەی سمێڵی رەشی پیاوێکی دەکرد، تا چاو بڕکا بۆنی ژنێک لەو گوزەرا نەبوو.

رێک ئەمەیە موعەمای هەڵهێنراویی بێئاکامبوونی هەموو جوڵەو جوڵانەوەیەکمان.

تۆ سەیری ئازایەتی، چلۆن داویەتە لانی بێعاری و لە بەستەی سەرزارمان نابێتەوە.

لەم وڵاتی ئازایەتییەدا، لۆژیکی سفر سەوز بووە. لۆژیکێک هیچ سیستەمو بەرنامەیەک باوەشی بۆ ناکاتەوە.

رەنگە سەد ساڵی تر لەوە تێبگەین، چەند عەیبە ئینسان ئازابێ، چ پێناسەیەکی هەڵەی ئازایەتیمان لەگیرفاندایە، چ گەمژەییەک گەمەی ئازایەتی وەک مەداڵیا لەملناوین.

لەم رۆژانەدا وەک ئاوێک کرابێت بەسەر ئاگردا. ئاهێک هاتەوە بەبەر بارەگاو باڵەخانە حکومی و حزبییەکاندا.

هەندێکیان هەروا سوتان و بوونە بەڵاگەردانی گەندەڵییە زەبەلاحەکە.

 هەندێکیشیان وەک بەرزەکی بەربانان بردیانەوەو حالییەن، حاریسەکانیان سمێڵ بادەدەن.

من نازانم چی دەگوزەرێ؟  دەستکیسەیە یان پاتێوەردانی ئەموئەو؟

من نازانم بەقازانجی کامە کافریکافرباب و کوڵەکوێرەی سیاسەتەکەیە؟

 من نازانم بۆ لێرە، لەمزۆنە لایەلایەی سیاسەت خەڵک ناخەوێنێ و لەوێیش لاحەولەوەلای پرخەی پیاوەکان هەزار پژمەی سەبر دێنێ.

من نازانم بۆ رۆژێک بەسانایی دەیان بارەگا دەسوتێ و رۆژێکیش پیاوم دەوێ بڵێ لەل؟

 هەزاران من نازانمی تر هەن لەگۆڕێدا، بەڵام نەک من هەموو کەس دەزانێ کە پرسێکی پان و بەرین و ملئەستور بوونی هەیە.

 راستە ئێرە ئەریتریاو جیبۆتی و جەندرمەکان جەنجەویدی سودان نین.

راستە ئێرە کوێرەوەریی  بەنگلادشی و بەڕبەڕییەکانی باکوری ئەفریقای نەچەشتووە.

وەلێ پرسێک هەیە. پرسێکی ترسناک. پرسێکی پەرداخ بە هەزاران رووپۆشی سیاسەت و سیناریۆی دیموکراسی و کوردایەتی.

هەموومان کۆکین، گەندەڵی هەیە. گەندەڵیی گەورەترە لەو ئیرادە ملسیسەی ئەم کابینەیە کە پێی وایە ئەم بەردە زلەی نێو دەستی دەتوانێ بوەشێنێ.

گەندەڵی ملئەستوترە لەو خەنجەرە خیانەتاوییە تیژو تەڕبەخوێنەی کە پێی وایە بەبناگوێی تەنکەرە نەوتێکی قاچاخدا دەتوانێ چیخ بکات.

من دەزانم، نەوەی ئێستا، بێتاب و تەنهایە. نەوەیەکی نەریتگەرانییەو ناشتوانێت تەقلیدی قوقەو قیڕەی ئازادییەکەی وانیش بکاتەوە.

 نەوەی ئێستا، پەروەردەیەکی پلیشاو باریهێناوە، پلیشاوی پۆستاڵەکانی سی ساڵ یەسیەمی بەعس و سی ساڵ سەمەرەو سیناریۆی کلتورە کوردییە حزبیی و ماڵباتییەکە.

لێرە ئابووری هازیمەیەکی هەوانتەی ورگی ویژان مردووەکانە. ئابوری شندڕو وندڕ کراوەو هەر لاقێکی لە لۆفەیەکی سیاسەتدا پێچیکردوەتەوەو بەحەیاتی ناتوانێ پیشکەوێ.

بەڵام دەپرسم، تاکەی بەسەر ئەم لقەشکاوەی هەرێمی و نێونەتەوەیی و ناوخۆی خۆمانەوە ستاربگرین؟

 تاکەی موعەمای مێژووی سەرگەردانی خۆمان بین و تاکەی چەکمەی ئەوان و خۆمان، چۆنیان بوێت بارمان بێنن، چۆنیان بوێت تێمان هەڵدەن، چۆنیان بوێت، بمانشێلن.

تاکەی پیاوبین، تاکەی ئازابین. تاکەی کورسی ئازایەتی و پیاوەتی چۆڵدەکەین بۆ نەتەوەیەکی دیی.

ئەرێ بەڕاست بێزارنەبووین لەم رۆحی ئازایەتییە؟


ئەم بابەتە 59 جار خوێندراوەتەوە