Dr.Saman.jpg

هەنگاوەکانی نوسینی لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی

هەنگاوەکانی نوسینی لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی، یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له‌ كتێبه‌ چاپکراوی نوێی دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان و له‌ چاپێكى ناوازه‌ده‌ بڵاوكرایه‌وه‌.

(د. سامان حوسێن ئەحمەد) نوسه‌رى كتێبه‌كه‌ سه‌باره‌ت به‌م به‌رهه‌مه‌ى له‌ واڵى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك نوسیویه‌تى: "نوێترین بەرهەممان لە دەزگای ڕۆشنبیری جەمال عیرفان دەست دەکەوێت، بەو هیوایەی سودی ببێت".

له‌ پێشه‌كى كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌:

"هەمیشە جەدەلێكی قووڵ لەنێوان عەقڵ و میتۆدی لێکۆڵینەوە و گەڕانی مرۆڤ بە دوای راستییەکاندا هەبووە، کە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی پرسیار و گەڕان بە دوای وەڵامەکاندا و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان و چۆنییەتی چارەسەرکردنیان و شێواز و رێگای گەڕان بەدوای وەڵام و چارەسەرە گونجاوەکان، بەشی هەرە زۆری ژیان و سەرقاڵی مرۆڤیان داگیرکردووە و لێرەشەوە پێبەپێی پەرەیان بە میتۆدەکانی بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە داوە، بە تایبەتیش لە سەردەمی نوێ بەملاوە، کە سەرلەبەری عەقڵی ئەوروپی و دواتریش مرۆڤایەتی شۆڕشی میتۆدەکانی لێکۆڵینەوە بووە، لەوێشەوە میتۆدی لێکۆڵینەوەی زانستی وەکو یەکێک لە بنەما گرنگەکانی زاڵبوونی مرۆڤایەتی بەسەر کێشەکانی و گەشەسەندن و پێشکەوتن دەرکەوتووە و رۆڵی بووە. لێکۆڵینەوە و میتۆدی کارکردنیش لەم رووەوە بۆتە بناغەی سەرەکی کاری ئەکادیمی و جیاکردنەوەیان لە کارە نا ئەکادیمی و ئایدیۆلۆجی و عەقیدەیی و مەزهەبییەکان و ئەوانی تر، هەربۆیە پرسی ناسینی میتۆد و لێکۆڵینەوە و میتۆدی زانستی یەکێکە لە کایە زۆر گرنگەکانی پێشکەوتن و پەرەسەندنی لایەنی زانستی و ئەکادیمی و بونیادنانی بنەمایەکی مەعریفی دروست لە تەواوی ناوەندە ئەکادیمییەکان و کۆمەڵگادا، لەبەر ئەوە ئەم کتێبە هەوڵ دەدات کار لەسەر ناساندنی لێکۆڵینەوە و میتۆدی لێکۆڵینەوە و دواتریش میتۆدی لێکۆڵینەوەی مێژوویی و چۆنییەتی و هەنگاوەکانی نووسینی لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی بکات، ئەویش بەمەستی ڕوونکردنەوەی بەشێک لەو ناڕوونیانەی، کە لە ئێستادا لە بواری لێکۆڵینەوەی زانستی و میتۆدی کارکردنی ئەکادیمی و زانستی لە کۆمەڵگا و ناوەندە ئەکادیمییەکادا هەیە و ئاشناکردنی خوێنەر بە بنەما زانستی و میتۆدیەکانی نووسین و توێژینەوە و جیاوازیکردن لەنێوان نووسینی ئاسایی و نووسینی ئەکادیمی لە ڕوویی هەنگاوەکانی لێکۆڵینەوە و تەکنیکی نووسین و زمانی نووسینی ئەکادیمی، هەروەها ئاشناکردنی خوێنەر بە میتۆدەکان و ناساندنیان، بۆ ئەوەی کاتێک کاری ئەکادیمی ئەنجام دەدەن ئەو میتۆدەی کاری پێدەکەن بناسن و بزانن بە چ ڕێگایەک کار دەکەن و هەنگاو دەنێن، ئەمە چ بۆ نووسەری ئاسایی و چ بۆ فێرخواز و توێژەرانی ناوەندە ئەکادیمییەکان.

ئەم کتێبە لە چوار بەشی سەرەکی پێکهاتووە، کە هەر بەشێکی بەسەر چەند باس و تەوەرەیەکدا دابەشبوون و هەر یەکەیان لایەنێک و جومگەیەک ڕوون دەکەنەوە، بەشی یەکەم بە ناونیشانی (چەمکی لێکۆڵینەوە و هەنگاوەکانی)یەوەیە کە تایبەتە بە قسەکردن لەسەر پێناسە و گرنگی و هەنگاوەکانی لێکۆڵینەوە، باسی یەکەمی تایبەتە بە ناساندنی لێکۆڵینەوە، لە رێگای خستنەڕووی چەند پێناسەیەکی لێکۆڵینەوە لە چەند دیدگایەکەوە و دواتریش شیتەڵکردنیان بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی چەمکی لێکۆڵینەوە. باسی دووەمیش ئەرک و ئامانجەکانی لێکۆڵینەوەی زانستی ڕوونکراوەتەوە، لە باسی سێیەمیشدا کار لەسەر دەرخستنی گرنگترین تایبەتمەندییەکانی لێکۆڵێنەوەی زانستی کراوە، باسی چوارەمیش بۆ ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی توێژەری زانستی سەرکەوتوو تەرخانکراوە، لە باسی پێنجەم و کۆتاییشدا باس لە هەنگاوەکانی ئەنجامدانی توێژینەوەیەکی زانستی دەکرێ هەر لە هەنگاوی دەستنیشانکردنی بابەتی توێژینەوەوە تا دەگاتە نووسین و بە ڕاپۆرتکردنی توێژینەوەی زانستی.

بەشی دووەم، کە بە ناونیشانی (میتۆد و جۆرەکانی)یەوەیە، لە چەند باسێکدا قسە لەسەر پێناسە و چەمکی میتۆد دەکات و گرنگترین جۆرەکانی دەخاتەڕوو. لە باسی یەکەمدا، جگە لە پێناسەکردنی میتۆد هاوکات قۆناغەکانی گەشەسەندنی میتۆد خراوەتەڕوو، باسی دووەمیش بەشێک لە جۆرەکانی میتۆد و پۆلێنکردنەکانی کە لەبارەی میتۆدەوە کراون باسکراون. بەشی سێیەمیش (چەمک و پێناسەی مێژوو)، لە چەند باسێکدا هەوڵدەدات مێژوو پێناسە بکات و چەمکەکەی ڕوونبکاتەوە، هەروەها قسە دەربارەی دەرکەوتنی هەستی مێژوویی و قۆناغەکانی گەشەسەندنی نووسینەوەی مێژوو دەکات، هەر لە سەرەتاکانی مێژووەوە تا دەگاتە سەردەمی هاوچەرخ، دوای ئەوەش باس لە دەرکەوتنی مێژوونووسی نوێ و قوتابخانە نوێیەکانی مێژوونوسی دەکات، هەروەها باس لە مێژووی زارەکی و گەشەسەندنی و گرنگی دەکات، لە باسی پێنجەمیشدا سوودەکانی خوێندنی میژوو دەخاتەڕوو، لە باسی شەشەمیشدا بە وردی و دوورودرێژی باسی میتۆدی لێکۆڵینەوەی مێژوویی کراوە. لە باسی کۆتاییشدا پەیوەندی مێژوو بە زانستەکانی ترەوە روونکراوەتەوە".


ئەم بابەتە 71 جار خوێندراوەتەوە