گفتوگۆکردن ده‌رباره‌ی ڕۆمان له ڕێگه‌ی پرسیارکردن و وه‌ڵامدانه‌وه کارێکی هێنده ئاسان نییه، به‌تایبه‌تی کاتێك پرسیارکه‌ر ڕۆژنامه‌نووسێکی به‌په‌رۆش بێ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و شاره‌زای دنیای ڕۆمان بێ و خوێنه‌رێکی جیددی ئه‌م ژانره ئه‌ده‌بییه‌ش بێ. ڕاسته ڕۆمان ژانرێکی زۆر ئاڵۆزه و ئه‌و بابه‌تانه‌ی بهرخودری له‌گه‌ڵ ده‌کا فره‌ڕه‌هه‌ندن و ته‌کنیکه‌کانی له‌بن نایه‌ن، به‌ڵام پرسیارکردن ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ت و ته‌کنیکانه پێویستی به زانیارییه‌کی باش هه‌یه. ئه‌وه‌ی من له شاخه‌وان سدیقی ڕۆژنامه‌نووسم بینی، به‌ر له هه‌موو شتێك په‌رۆشییه‌که‌ی بوو بۆ تێگه‌یشتن له‌و پرسه ئاڵۆزانه‌ی پرسیاره‌کانی له‌باره‌یانه‌وه ده‌کرد. ڕاستی، سه‌ره‌تا بیرۆکه‌که‌ی شاخه‌وان به‌و شێوه‌یه بوو له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك نووسه‌ری تر وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك بده‌مه‌وه، که تایبه‌ت بوون به هونه‌ری ڕۆمان و له دوو توێی کتێبێک‌دا بیانخاته به‌ر دیدی خوێنه‌ر، به‌ڵام دواتر، که سه‌رنجی وه‌ڵامی منی دایه‌وه بۆ پرسیاری یه‌که‌م، پێشنیازی کرد گفتوگۆکه ته‌نیا له‌گه‌ڵ من بێ، به‌وپێیه‌ی وه‌ڵامه‌که‌ی من له‌وه زیاتر بوو، که ئه‌و پێشبینی ده‌کرد. به‌م شێوه‌یه گفتوگۆکه به‌رده‌وام بوو.
ئه‌گه‌رچی ڕۆمان، سه‌باره‌ت به‌و ته‌کنیکه ئاڵۆزانه‌ی به‌کاری دێنێ و به‌و بابه‌ته فره‌ڕه‌هه‌ندانه‌ی به‌رخوردیان له‌گه‌ڵ ده‌کا، له ڕیزی پێشه‌وه‌ی ژانره ئه‌ده‌بییه‌کانه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دنیای ئه‌و ژانره، هێنده فراوان و پڕجووڵه‌یه، بۆیه، به‌رده‌وام پرسیاری تازه ده‌ورووژێنێ. ڕه‌نگه نهێنی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندێتییه‌ی ڕۆمان له‌وه‌دابێ، که له سه‌رێکه‌وه "خۆشبه‌ختانه" هیچ پێناسه‌یه‌کی دیاریکراوی نییه و له سه‌رێکی تریشه‌وه پانتاییه‌کی هێنده فراوانه، به‌ئاسانی بیرۆکه و ته‌کنیکی تازه له‌خۆ ده‌گرێ. بۆیه، به‌رخورد له‌گه‌ڵ کایه مه‌عریفییه جیاجیاکان و بابه‌ت و چه‌مکه ئاڵۆزه‌کان ده‌کا. ئه‌مانه‌ش بوونه سه‌رچاوه‌ی پرسیاره‌کانی شاخه‌وان و بابه‌ته‌کانی وه‌کوو پێگه‌ی خه‌یاڵ له ڕۆمان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ژیاننامه‌ی ڕۆماننووس له به‌رهه‌مه‌که‌ی، ئاماژه و به‌کارهێنان و هۆکاری توندوتیژی له ڕۆمان، پێگه و بایه‌خی ئایین و ئه‌فسانه و زمان بۆ ڕۆمان، ڕۆڵی خوێنه‌ر له ده‌ستنیشانکردنی مانا، به‌کارهێنانی ته‌کنیکی ده‌قئاوێزان، جگه له مه‌سه‌له‌ی شووناس و پێگه‌و ئه‌رکه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که‌ی ڕۆمان و چه‌ندان پرسی تر. هه‌ڵبه‌ت هیچکام له وه‌ڵامه‌کان به‌ده‌ر نه‌بوون له ئاماژه‌کردن به چه‌ند نموونه‌یه‌ك له ڕۆمانی جیهانی. کاتێك وه‌ڵامی پرسیاره‌کانیشم ده‌دایه‌وه، هه‌ستم ده‌کرد شاخه‌وان زۆر به‌وردی وه‌ڵامه‌کانی منی ده‌پشکنی و بیری لێ ده‌کردنه‌وه. بۆیه، جار جار، هه‌ر له وه‌ڵامه‌کان، پرسیاری تری ده‌ورووژاند نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆی وه‌ڵامێکی بۆیان نه‌بوو، به‌ڵکوو ڕه‌نگه ویستبێتی وه‌ڵامێکی جیاواز به‌ده‌ست بێنێ یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، به‌گشتی، له بیرکردنه‌وه و گومانی خوێنه‌ری ئاسایی ئاگادار بووبێ. بۆیه، ویستبێتی وه‌ڵامه‌کان زیاتر خوێنه‌ر قایل بکه‌ن. دووریش نییه، وه‌کوو ڕۆژنامه‌نووس، هه‌وڵی دابێ، من بخاته دۆخی شپرزه‌یی. له سه‌رێکی تره‌وه، من هه‌ستم کرد گفتوگۆکردنه‌که، سه‌باره‌ت به پرسیاره ورده‌کانی ئه‌و، به ئاڕاسته‌ی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌کادیمیانه‌دا ده‌چێ، ئیتر ده‌بوو به وریاییه‌وه وشه و ده‌سته‌واژه و بیرۆکه‌کانی ناو وه‌ڵامه‌کان هه‌ڵبژێرم. به‌هه‌رحاڵ، ئه‌وه‌ی، دواجار، وایکرد گفتوگۆکه‌ی نێوانمان به‌جۆش بێ، خه‌مخۆری هه‌ردوولامان بوو بۆ ڕۆمان. حه‌ز ده‌که‌م ئاماژه بۆ ڕاستییه‌ش بکه‌م، که پرسیاره‌کان له‌وه زیاتر بوون، له کتێبه‌دا هاتوون، به‌ڵام هه‌ندێکیان پێوه‌ندییان به بابه‌ته‌کانی ناو به‌رگی یه‌که‌م و به‌رگی دووه‌م، که ئاماده‌یه بۆ چاپ، له کتێبی "ڕۆمان: ژانرێك بۆ ته‌کنیکه جوانه‌کان و بابه‌ته فره‌ڕه‌هه‌نده‌کان"ی به‌نده‌وه هه‌بوو، بۆیه، حه‌زم نه‌کرد دووباره‌یان بکه‌مه‌وه.
هه‌ڵبه‌ت مه‌رج نییه وه‌ڵامی پرسیاره‌کان، سه‌داسه‌د بڕاوه بن و وه‌ڵامی تر هه‌ڵنه‌گرن، به پێچه‌وانه‌وه، ده‌شێ بۆچوونی تریش هه‌ڵبگرن و زیاتریش قووڵ بکرێنه‌وه. بێگومان باشتره ئه‌گه‌ر وه‌ڵامه‌کان لای خوێنه‌ر پرسیاری تر بورووژێن. ئه‌مه‌ش ده‌بێته بوارێك بۆ خوێنه‌ر تا به‌دواداچوونیان بۆ بکا.
به هه‌رحاڵ، ئه‌وه‌ی له دنیای ڕۆماندا زیاتر جێگه‌ی بایه‌خه، تهکنیکهکهیه، چونکه ئه‌گه‌ر له بابه‌ته‌کانی ڕۆمانی هه‌موو دنیا ورد بینه‌وه، دواجار، ده‌توانین له یه‌ك کایه‌دا کۆیان بکه‌ینه‌وه، ئه‌ویش، ململانێی نێوان دوو جه‌مسه‌ره و ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره‌ش هه‌ر جاره‌ی به ناوێکه‌وه ده‌رده‌که‌ن، به‌ڵام ئایا ڕۆماننووس له چ گۆشه‌نیگایه‌که‌وه ئه‌م ململانێیه ده‌بینێ، واته بینینی بۆ ململانێکه چییه و چۆن ده‌یگه‌یه‌نێته خوێنه‌ر. کرۆکی داهێنان لێره دایه. خاڵێکی تر، که زۆر جێگه‌ی بایه‌خپێدانه، توانای ڕۆماننووسه له دروستکردنی ڕووداو. ده‌شێ ڕۆماننووس له‌م چوارچێوه‌یه‌دا په‌نا بۆ ئه‌زموونی که‌سێنی خۆی و ئه‌وانه‌ی لێیه‌وه نزیکن ببا، به‌ڵام پێویسته ئه‌و ئه‌زموونه دابه‌ش بکات و له‌یه‌ك ڕۆماندا به‌کاری نه‌هێنێ. ڕاستی، هه‌ندێك ڕۆماننووس، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی تازه ده‌ست پێ ده‌که‌ن هه‌ر له ڕۆمانی یه‌که‌م ته‌واوی ئه‌زموونی که‌سێنی خۆیان تێدا به‌کار دێنن، پاشان له نووسین ده‌وه‌ستن.
هیوادارم ئه‌م کاره هاوبه‌شه‌ی به‌نده و شاخه‌وان سدیق شتێکی بۆ کتێبخانه‌ی کوردی، به‌تایبه‌تی له بواری ڕۆمان، زیاد کردبێت و وایکردبێ خوێنه‌ر به بینینێکی ڕوونتره‌وه له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆماندا به‌رده‌وام بێ.