Eyes_Wide_Shut.jpg

چاوی کراوەی داخراوی کوبریک و سینەماکەی

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

(Eyes Wide Shut) فیلمێکی ئیرۆتیکیی نهێنی ئامێزە لە نووسین و دەرهێنانی دەرهێنەر ستانلی کوبریکە لە ساڵی ١٩٩٩ کە دەرهێنەر بەر لە یەکەم نماییشی فیلمەکەی و دوای تەنها شەش ڕۆژ لە تەواوبوونی پرۆژەکە کۆچی دوایی کرد، هەر بۆیە ئەمە دەبێتە کۆتا کاری ئەم دەرهێنەرە و، کاری وێنە گرتن و بەرهەمهێنانی فیلمەکە نزیکەی (400) ڕۆژی خایاندووە کە بە درێژترین ماوەی بەرهەمهێنانی فیلم دادەنرێت و ڕیکۆردی شکاندووە و لە کتێبی گینسدا تۆمار کراوە.

لەم فیلمەدا هەردوو ئەکتەری ناودار تۆم کروز و نیکۆڵ کیدمان ڕۆڵی سەرەکی دەبینن. چیرۆکی فیلمەکە لە کورتە ڕۆمانێکی نوسەری ناوداری نەمسایی ئارسەر شنیزلەرەوە وەرگیراوە بە ناوی (چیرۆکی خەون).

Eyes Wide Shut2

فیلمەکە باس لە ئەزموون و بەسەرهاتەکانی دۆکتەر بیڵ دەکات کە لە شاری نیویۆرک لەگەڵ ئەلیسی هاوسەری و کچە بچووکەکەیان (هێلینا) دەژین، پاش ئەوەی ڕۆژێک هاوسەرەکەی ئاشکرای دەکات کە ساڵی پێشووتر بە ڕێکەوت پیاوێکی بینیوە و زۆر سەرنجی ڕاکێشاوە، تەنانەت ئەلیس ئامادە بووە مێردەکەی و کچەکەشی جێبهێڵێت تا بۆ یەکجار پەیوەندییەکی سێکسی لەگە ئەو پیاوەدا ببەستێت. بیڵ بە بیستنی ئەمە شۆک دەبێت، هەربۆیە هەمان شەو بەشدار دەبێت لە ئاهەنگێکی نامۆدا کە تێیدا هەموو ئامادەبووان دەتوانن لەگەڵ هەر کەسێک دەیانەوێ سێکس بکەن یان بە گروپ سيکس بکەن و لە لایەن کۆمەڵەیەکی نهێنی و بێ ناوەوە ڕێکخراوە. دواتر ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و هەڕەشە دەبێتەوە لە لایەن ڕێکخەرانی کۆمەڵەکەوە و لە کۆتایی فیلمەکەدا بیڵ دەگەڕێتەوە ناو خێزانەکەی و لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشەکانیان چارەسەر دەکەن و پێکدێنەوە.
 
 دەربارەی دەرهێنەری کارەکە ستانلی کوبریک

Eyes Wide Shut1

ستانلی کوبریک و هەردوو ئەکتەر نیکۆل کیدمان و تۆم کروز

 "ستانلی کوبریک ساڵی 1928 لە مانهانتنی نیویۆرکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە دایکبوو. لە تەمەنێکی کەمیدا کامێرایەکی بە دیاری وەرگرت و زۆربەی کاتەکانی بە وێنەگرتنەوە بەسەر دەبرد. ئیتر هەر لە منداڵییەوە عاشقی سینەما بوو. هەرچەندە خۆی گوتەنی، لە خوێندنگە هیچ فێر نەبووە و تا نۆزدە ساڵی هیچ کتێبێکی نەخوێندووەتەوە، بەڵام زانکۆی نیویۆرکی تەواو کرد و لە ماوەی خوێندنیدا لەبەر ئەو توانایەی لە فۆتۆگرافیدا هەیبوو، لە بڵاوکراوەی لۆک وەک فۆتۆگرافەر کاری دەکرد.

 بە بۆچوونی زۆرێک لە ڕەخنەگران و بینەران، کوبریک لە دیارترین و بەناوبانگترین فیلمسازەکانی سەدەی بیستە. هەموان ئەو بەو دەگمەن فیلمسازە ئایدیالیستەی مێژووی سینەما دادەنێن، کە لە هەموو ژانرە جیاوازەکاندا فیلمی دروست کردووە. ئەم ئایدیالیستبوونەیش لە ڕووی هونەرییەوە، لە بەشە جیاوازەکانی وێنە، ڕووناکی، موزیک و دیکۆردا بە تەواوی دیارە.

وردی و بەتەرکیزی کوبریک لە سینەمادا وای کرد لە ژانرێک دوو فیلم دروست نەکات: ''هەرگیز لە ژانرێکدا دوو فیلم دروست ناکەم، چونکە بە جۆرێک لەو ژانرەدا کار دەکەم، کە پێویست بە دروستکردنی فیلمێکی تری لەو ژانرە نەکاتەوە"

 لە هەڕەتی گەنجێتییدا، کوبریک لە ئەپارتمانێک لە سەنتراڵ پارک ژیانێکی ئاسایی و تا ڕادەیەک شادمانی لەگەڵ خێزانەکەیدا هەبوو، بەڵام هەرچی کات تێدەپەڕیی، زیاتر بەرامبەر وڵاتەکەی بەدبین دەبوو. ئەو بەشی ئەوە ئەزموونی کاری لە لۆس ئەنجلس هەبوو کە بزانێت ئەوێ ئیتر شوێنی ژیانی ئەو نییە. پێی وابوو لەو سەردەمەدا هەر کتێبێک کە دەیخوێنیتەوە، هەر فیلمێک کە دەیبینیت، هەموویان ئەوەت پیشان دەدەن کە هۆڵیوود خەریکە خەڵک و بیرکردنەوەکانیان لە ناو دەبات. ئەمەیشی بۆ کێبڕکێی وێرانکەری ئەو دەمەی ئەوێ دەگەڕاندەوە، کە لای کەسانی وەک کوبریک، هەستی نادڵنیایی و نائارامیی دروست دەکرد، هەر بۆیە پێی باش بوو ئەوێ بە جێ بهێڵێت. لەمەوە دنیایەکی تایبەتی بۆ فیلمەکانی خۆی دروست کرد و سوودی لە تەواوی بوارە جیاوازەکانی هونەر و ئەدەب وەرگرت. ئەو هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوو ئەو دوو کایەیە بکاتە پەیکەرێک و پێکەوە کۆیان بکاتەوە. لە شیعر، چیرۆک، ڕۆمان و ژیاننامە جیاوازەکانەوە تێمای وەردەگرت و فیلمی هونەریی لێ دروست دەکردن. هەر ئەمەیش بووە هۆی ئەوەی ئەو دنیا سینەماییە تایبەتە بۆ خۆی دروست بکات و زۆری تر چاوی لێ بکەن.

ساڵی 1999، ئەو کاتەی سەرقاڵی تەواوکردنی سیازدەیەمین فیلمی بوو (چاوی کراوەی داخراو)، ستانلی کوبریک ماڵئاوایی لە ژیان کرد. وەک سینەماکەی، مردنەکەیشی جیاواز و ناڕوون بوو. بەشێک لەو کەسانەی هەمیشە لە دەوری کوبریک و فیلمەکانی بوون، پێیان وایە لەبەر ئەوەی لە دواین فیلمیدا نمایشی ژیان و پەیڕەوی ئایینە نهێنییەکانی گرووپە ماسۆنییەکانی کردووە، ڕێگەی مەرگی خۆیشی پیشانی ئەو پەیڕەوکارانە داوە و لە بەڕیتانیا تیرۆریان کردووە"

 چاوی کراوەی داخراو، بەیەکێک لە باشترین فیلمەکانی هەردوو ئەکتەر نیکۆل کیدمان و تۆم کروز دەبینرێت و خاوەنی چەندین خەڵاتە.


ئەم بابەتە 60 جار خوێندراوەتەوە