Film.jpg

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی هامبۆرگ بەشێوەی ئۆنلاین بەڕێوەچوو

یانزه‌هه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەوتیی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ له‌ ئه‌ڵمانیا، ئەمساڵ بەشێوەیەکی ئۆنلاین به‌ڕێوه‌چوو.

رۆژى شه‌ممه‌ 19/12/2020 یانزه‌هه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەوتیی فیلمی کوردی لە هامبۆرگ بەشێوەی ئۆنلاین و بەبێ دابەشکردنی خەڵات بەڕێوەچوو، هه‌روه‌ها فیلمە بەشداربووەکان كه‌ (13) فیلم بوو نمایشكران و تەنیا لەڕێگەی شۆسیال میدیای فێستیڤاڵی فیلمی کوردی هامبورگ فیلمە بەشداربووەکان نمایشدەکرێن، وا بڕیاره‌ فیلمه‌ به‌شداربووه‌كان تا 23/12/2020 بەردەوام بێت و سه‌رجه‌م فیلمه‌كان نمایشبكرێن.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی هامبورگ بۆ نمایشکردنی فیلمی کوردی هەموو ساڵێک لە مانگی ده‌ بەڕێوەدەچێت کە چەندین هونەرمەند و کەسایەتی سینەمای کوردی و جیهانی تێیدا بەشداری دەکەن و خەڵات بەسەر براوەکاندا دابەشدەکرێن، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆى فایرۆسى كۆرنا دواخرا بۆ مانگى دوانزه‌.

ساڵى رابردوو له‌ رۆژى 30/10/2019 دەیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردی لە هامبۆرگی ئەڵمانیا بە نمایشکردنی فیلمی (خوشکانی چەک) لە دەرهێنانی  خانمە دەرهێنەری فەرەنسی کارۆلینا فۆرێس به‌ڕێوه‌چوو، بۆ ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌ك به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام بەهۆی نەبوونی سپۆنسەر هیچ خەڵاتێك نه‌درا فیلمە بەشداربووەكانی فێستیڤاڵەكه‌ و خوله‌كه‌ش پێشكەش بە رۆژئاوای كوردستان كرا.


ئەم بابەتە 83 جار خوێندراوەتەوە