Peshawa_kakayi.jpg

بونیادنانەوەی ڕووناکی، لە «گەڕانەوەی زەردەشت»‌ـی ئەحمەد مەلادا

بونیاد نانەوەی ڕووناکی کتێبێکی نوێی نووسەر و شاعیر پێشەوا کاکەیی ە کە لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ئەندێشەوە لە دوو توێی (130) لاپەڕەدا چاپکراوە و لە شەش بەش پێکهاتووە کە هەر بەشەی چەند باسێکی لەخۆ گرتووە.

دەربارەی کتێبەکە، پێشەوا کاکەیی بە درێژی بۆ سایتی گەلاوێژ دەنووسێت:

ئەم بەرهەمە: ئەزموونێکی سەرەتای لێکۆڵینەوەمە وەک پەڕتووک لەمەڕ پەڕتووکێکی قەسیدە- کتێبی "گەڕانەوەی زەردەشت"ـی ئەحمەدی مەلا. (ئەم ئەزموونە نوێیەی شیعری کوردی‌ کە قەسیدە/کتێبی «گەڕانەوەی زەردەشت»ـە  به‌ سه‌ر ده‌كه‌ينه‌وه‌ به‌ جۆرێك کە بتوانم شتێکی لەبارەوە بڵێم، هەرچەند پێویستی بە ئيستێکی زۆر و خوێندنەوەیەکی قووڵ و کاتێکی زیاتره‌ لەوەی کە من بە خێراییەک به‌ نێويدا گوزەر دەکەم. تەنیا لەم قەسیدە/کتێبەشدا ناتوانین بەو ئاسانييه‌ بچینە نێو قووڵایـی و برین و شادمانی، بیر و سروش، تاریکی و ڕووناکی به‌ تەواوه‌تى بەرجەستە بکەین؛ بە خێراییەکی ئاوا و سەرپێیانە، وشە بە وشە و دێڕ بە دێڕی شیعری دادگایی بکەین و بە چەکوچێک بڕیار لەسەر شیـعری بدەین. ئەو به‌ گەمەیەكی  جوان و ئاڵۆز، لە خەونێکەوە بۆ خەونێکی دی، وا دەکات ڕۆحت بەر ڕۆحێکی دیكه‌ بكه‌وێت. خودی سەفەرکردنی دەتبات و دەتهێنێتەوە، بە فۆرمێک کار دەکات کە کۆی فۆرمە بەستراوەکان تێک بشکێنێت و پەیوەنديی خۆر و شەو نزیک بکاتەوە؛ چنگەپشیلە و ئەستێرە بە یەک ئاشت بکاتەوە. وا لە چنگەپشیلە دەکات بە ئاسماندا هەڵگەڕێت و واش لە ئەستێرە دەکات سەرێک لە ئێمە بدات. خۆی شەتوگوم دەکات و هەمیشه‌ خۆی لە شوێنێکی دی دەدرەوشێنێتەوه‌. ئەو دونیای گەردوون بە یەک ماڵ ناچوێنێت، گەردوونێکی داخراو و کراوە لە شیعردا دەخوڵقێنێت. ڕەهەندی گەردوون دیوێکی هەیە، کە تا دێت لە خۆیدا گەورە دەبێت و دەکرێتەوە. ئەو لە گەردوونێکدا دوو دەلاقە بە ڕووی شیعردا دەکاتەوە کە: گەردوونێکی پەنهانی و گەردوونێکی واڵایـە كه‌ هەم ڕۆشنایی و هەم تاریکییشی ببینین. لە شوێنە عاسێکاندا وا باس لەو هەسارەیە دەکات کە خوێنەر بەدوای گەردووندا وێڵ بێت و بپرسێت ئەرێ کەی ڕۆچنایی و تاریکی دەچنەوە پاڵ یەک. ئەو بە چەشنێک لە قەسیدە/کتێبێکدا بۆمان دەدوێت کە ژیان تێکەڵ بە دەیان ڕەهەندی ورد و قووڵ و مانا بکات و ئازارەکانی ژیان ببەستێتەوە بە واقیعەوە. لە واقیعێکی شیعرییەوە خۆی ڕزگار کردووە و چووه‌تەوە نێو واقیعێکی دیکەی شیعری کە وێنەکان لە فۆرمی دونیا ڕزگار بکات.

ئەم خوێندنەوەیەم بۆ پەڕتووکی "گەڕانەوەی زەردەشت" پشتبەستووە بە تێڕامان و بیری خۆم کە شەش بەشی قەسیدە/ کتێبەکەی ئەحمەدی مەلا، بە شەش بەش خوێندنەوەم بۆ کردووە. لەمەڕ (ڕاستی، بیر، زاڵبوون بەسەر خوددا، ئارامی، بەختەوەری و پێگەیشتن، نەمری) هەر بەشە بەسەر چەند باسێکدا دابەشم کردووە. لەمەڕ تاریکی و ڕووناکییەوە دواوم. باس لە کات و شوێن وەک ڕووناکی، بونیادی ڕووناکی و سەرچاوەی ڕاستی، خودا، ڕاستی  و نوێبوونەوە بیری پاک وەک بەرهەمی مرۆڤی ژیر، گەردوون، وەک دوو دیوی ئەندێشە، باس لە هێزی بەدیهێنەر و وێرانبوو کردووە. ئەو هێزەش کە ڕاوی ڕووناکی کردووە بەر باس داوە. باس لە بونیادنانەوەی گەردوون و ئارامی و دۆزینەوەی چەقی گەردوون لای نالی، مرۆڤی ڕۆحانی و مرۆڤی ئامێر کردووە. باس لە بەختەوەری چۆن دێت و چۆن دەڕوات. بەختەوەری و پێگەیشتن وەک شادمانيی زەوین و ئاسمان کردووە. هەروە کۆتا بەش باس لە نەمری لە ڕەگی بووندا، پەڕینەوە لە مردنەوە بۆ نەمری، گەڕانەوەی شاعیر و ناولێنانەوەی لە شتە فەرامۆشکراوەکان.

لەم ڕوانگەیەوە، تێکەڵەیەکە لە دین و ئایین، لە ئاسۆی مرۆڤ و ئاسۆی سەرووی مرۆڤ، لە ئاسمان و زەوین، لە یەکانگیری و پارچەبوونی نەتەوەیی، لە ململانێ و ئاشتەوایی، ململانێ وەک واقیع لەسەر زەوین، ئاشتەوایی لە سەرووی ئاسۆی مرۆڤه‌وه‌؛ لە زەردەشتیەتەوە بۆ یارسان و بۆ ئێزیدی و ئیسلام. ململانێی ئایین و دەسەڵات دێتە سەر خوان و لێبوردەیی و توندوتیژی حزووری دەبێت و دێتەوە سەر خوانی ئێستا، لێ زیاتر ڕێمان نیشان دەدرێت کە توندوتیژی دابماڵین لە کڕۆکی مێژووی مرۆڤ و بە ڕووناکییەکی دیكه‌ بپەیڤین، کە لە زۆربەی شوێندا مرۆڤ لەم خوانەدا بەر هەموو ئایینێک دەکەوێت و شادمان دەبێت و قووڵییەکی میتافیزیکی و عیرفانی و هاوچەرخیشمان پێشکەش دەکات. زیاتر هەر لەبەر ئەمەشە کە زەردەشتیەت لەم قەسیدەدا وا لە خوێنەر دەکات کە چەشنە ڕۆحانییەتێک و دونیاگەرایيی جودا لە ڕۆحانیەت و دونیاگەراییی مێژووی کورددا بدۆزێتەوە. ئەو هەڵەتێگەیشتنە ڕاست دەکاتەوە کە لە مێژینەوە ڕەگی داکوتاوە بەوەی کە ئەوەی ئیسلامی نەبێت عەلمانیيه‌ و ئەوەی عەلمانیيش نەبێت ئیسلامییە. بەو واتایەی کە ناتوانرێت ڕۆحـی دۆناودۆن هەبێت؛ به‌ڵام لەم قەسیدە/کتێبەدا نەک ڕۆحی دۆناودۆن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دی، تەنانەت وای کردووە دەستەکۆی ڕۆحیی ئایینی کۆ بکاتەوە و بیانخاتە نێو یەک بابەتەوە. لەپاڵ ئەمەشدا لە لێوارێکدا تاریکی و ڕووناکی وەک واقیعێکی نێو چرکەساتی مێژوویی دەگێڕێتەوە و زیاتر بە ڕووناکی شادمانمان دەکات؛ کە تێکەڵەیەک لە ڕۆحگەرایی دروست بکەین.


ئەم بابەتە 135 جار خوێندراوەتەوە