Sarwar_Mahmwd.jpg

بەفر دەبارێ، وڵات دەچێتە نەخشەوە!

سەروەر مەحموود

نوقم دەبێ

ئەم دۆڵی بێدەنگییەی

نێوانمان،

پڕ دەبێ لە كا

لەوەڕی پێشخانی پیس.

 

باش دەچێ،

خراپ ئامادە...

 

پاسكیلەكەم

چەند بهاژۆم

ناگەمەوە بە لەززەتی ماچێ،

ماشینەكەم

چەند میل بڕوا

ڕێی “بەد”م لێ هەڵە نابێ.

 

قوڕ بەسەر ژەهر

تف لە ڕووی كینە،

چووك بە مابەینی ئەلفازی درۆ!

 

شەق لە بەرد هەڵدەدەم

گەڵا دەنێمە ژێر پێ

لق دەشكێنمەوە...

لێ... بۆمەراسیمی گوناهـ

قات لەبەر دەكەم،

ڕیبات دەبەستم،

“لاكۆست”ێ دەپژێنم بە لاگوێما

“ڕۆلێكس”ێ دەكەمە دەستم.

دەچمە بەر ڕووی كامێراكان

زەقتر لە جاران قسە دەكەم،

چەمكی نوێ نوێ دێنمە گۆ

لەنێوانی هەر ڕستێكدا

ئممم... ئممم... هێژا!

دەزانیت چۆنە...

دۆخەكە بەرەو چارەسەر دەچێ

هەماهەنگ و هەمافیكرین

فەقەد پیچەك كاتمان دەوێ!

 

زوو زوو دەست دەبەم بۆ ڕیباتەكەم

كەم كەم لێویشم دەگەزم

دێڕەكانم بە ئاڕاستەی جیاجیادا دەبەم.

لەلایەک باس لە حاڵی جوتیارو

لەلایەک باس لە گوزەرانی ژن دەكەم.

لەلایەکی دی منداڵێك دەخەمە ڕستەوەو

لەلایەکی دیکەیش فۆبیای تاریکی دەخەمە بەر تیشک!

ئەوجا زەبرێك بە زگمدا دێنم،

قوڕگم سیخناخ دەکەم لە کوڵگریی

ڕوو لە كامێرا هەڵدەگرم و...

خۆم دەخەمە حاڵەتی نەست!

 

پیییف لە من!

لەم ڕووتییەی من،

لەم بۆگەنی بوونەم،

لەم ژەهری نێوچاوانە،

لەم كەززابزانییەم!

 

تەق، تەق، فڵان!

بەڵێ؟ بەڵێ؟

ئەوینە لە دەرگا دەدا، ئەوین!

بەهەڵەداوان ڕاكە ترس،

خۆت ڕێكخە لەرزە،

بنووشتێرەوە ئەی شەرم...

دەستت بە سینگتەوە بگرە بێدەنگی!

 

فەرموو، فەرموو...

جەستە لە ماڵەوەیە،

دڵ نوستووە،

حوزن شەكەت، ڕووح بریندار!

 

تكا دەكەم...

لەلای سەرێ،

لەكن وێنەی خودا دانیشە!

واز لە ئەتەكێت بێنە

لاق درێژ كە...

پشت بدەوە

پەنجەكانت بتەقێنە،

ملت با دە

ژێر ئەژنۆكانت بخورێنە...

بە دەنگی خۆت قسە بكە

دەستت بەرە بۆ كەپووت

چاوت هەڵگڵۆفە!

 

بانگی “با” بكە سەرت بشێلێ...

بە پەنجەرەكە بڵێ “سروە”

بە گوڵەكان بڵێ “بۆن”

بە حەوشەكە بڵێ “شنە”

بە داپیرم بڵێ “چا”...

بە باپیرم “حیكایەت”!

 

هەڵمەستە،

بیر لە ڕۆیشتن مەكەرەوە

لێرە كەفوكوڵ دادەمركێ

ئازار بەبوغزەوە لەش جێ دێـڵێ

پشوو بە بەدەندا گوزەر دەكا

ئاهـ دەچێتە فەقەرەكانەوە

چاو لەسەر ماچ گەرم دەكرێ

وەنەوز لە ئامێزدا دەدرێ

چێژ دەگات بە ڕووح

لەززەت بە دەمار،

خەون دێتە دی

نسێ دانیشتنی خۆش دەبێ

بەفر دەبارێ

وڵات دەچێتە نەخشەوە!

خودا تووڕە دەبێ

كورد دەبێ بەخاوەن پاس*

دەهر دەوەرێ

سووژدە، سووژدە،

مرۆڤ دەمردن!

 

لێرە بیابان دەبێ بە ڕووبار

دارستان بە سووتوو

خوێن بە بەفردا دەپژێ

مڵە بە “با”دا هەڵدەزنێ،

كەپر ئۆهـ بەجێ دێڵێ،

هەتاو ڕەش دادەگیرسێ

شەو دەشكێ!

پەنجەرە دەكرێتەوە

گومان دەخزێتە بوونەوە...

هەیبەت بە جنسەوە نامێنێ!

 

لێرە لە خودایەك زیاتر هەس،

لە پێغەمبەرێك پێڕستتر

لە دینێ زەلیلتر

لە “بیر”ێ نوستووتر

لە ڕووحێ شەكەتتر

لە غەدرێ گوناهتر

لە مرۆیەک پەژمووردەتر.

 

لێرە ئاڵۆزترین دین ئەشقە

ڕەشترین ئاسمان خەیاڵ،

گەورەترین گوناهـ ماچە

ڕەقترین وشە “من”...

ناسكترین “تۆ”!

 

لێرە زیندوو تەڵقین دەكرێ...

یاسین لەسەر ساغ دەخوێنرێ،

شەهید بە شەراب دەشۆن

خوامردە بە قوڕ!

دەستی درۆ دەبڕنەوە

نۆبڵ دەدەنە دز!

ئاشتی دەنێژن

ئازادی لاقە دەكەن.

 

لێرە ڕێگا درێژترە

ڕوانین تەسكتر.

ئوتوبانی خەم نابڕێتەوە،

شەپۆلی بێدەنگی تەواو نابێ.

لێرە كوفر بە دەم گوڵەوە دەكەن

ئاگر بە عەترەوە دەنێن؛

دەست دەبەن بۆ لنگی ئاو

چارشێوی “با” لا دەدەن.

 

لێرە بەفر و تاو

جودا بوونەوە،

هەور و “با” نێوانیان تێك چوو،

ئاو لە دەریا هەڵهات

چۆم چناری بەجێ هێشت،

ترس كەوتە دڵی كانییەوە

خەو لە چاوی دەشت تۆرا!

بەركێو، پێی هەڵخلیسكا

لووتكە، سەر لووتی تەزی...

 

لێرە...

سەرەتا، دەمرێ

كۆتایی، نەمر!


ئەم بابەتە 235 جار خوێندراوەتەوە