Dozax.jpg

دۆزەخ، شانۆ نامەیەک لەیەک پەردەدا

كتێبێكى دیكه‌ى شانۆیی  فەیلەسوف و رۆماننوس و و رەخنەگرى ئەدەبى و شانۆنوس و نوسەرى فەرەنسی ژان پۆڵ سارتەر كرا به‌ كوردى.

دۆزەخ، شانۆ نامەیەک لەیەک پەردەدا، یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له‌ كتێبه‌ چاپکراوی نوێی دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان و له‌ چاپێكى ناوازه‌ده‌ له‌ نوسینى (ژان پۆڵ سارتەر) و وه‌رگێڕانى لە فەرەنسییەوە (د. نەجاتی عەبدوڵڵا) بڵاوكرایه‌وه‌.

له‌ پێشه‌كى كتێبه‌كه‌دا هاتووه‌:

شانۆنامەی (دۆزەخ)، بە فەرەنسایی(Huis Clos) یەكێكە لە شانۆنامە هەرە دیارەكانی نووسەر و بیرمەند و فەیلەسووفی فەرەنسایی ژان پۆڵ-سارتەر (21/6/1905-15/4/1980)، كە لە دوادواییەكەی ساڵی 1943 و سەرەتای ساڵی 1944 لە دەورانی داگیركردنی ئەڵمان بۆ فەرەنسا نووسراوە و هەر لە سەردەمی داگیركردنی ئەڵمانیاش، بۆ یەكەمجار لە ئایاری ساڵی 1944 پێشكەش كراوە. شانۆنامەی (دۆزەخ)، كە سێیەمین كاری شانۆیی سارتەرە لەدوای (باریۆنا) (1940) و (مێشەكان) (1943)، توانی سەركەوتنێكی ناوازە بەدەست بهێنێت. لەكلاوڕۆژنەی ئەم شانۆنامەیەدا سارتەر دەیەوێ لەبارەی (بوون)ی ئینسانیی بدوێت و لەڕێگەی تەنیا سێ كاراكتەری سەرەكی، كە لە سێ ناوەندی جیاوازەوە هاتوون و هیچ كامێكیشیان هەمان چەشە و هەمان بیروباوەڕیان نییە و بریتین لە : گارسین، ئینەس و ئیستێل، كە بە مردوویی لەناو ژوورێكی دەورانی ئیمپراتۆریای دووەمی فەرەنسادا دەژین، ئەم شوێنە هیچ پەنجەرە و ئاوێنەیەكی تێدا نییە و تەنیا یەك دەرگەی هەیە، بەڵام ئەویش لەدیوی دەرەوەڕا كلیل دراوە و بەڕاستی شوێنەكە دۆزەخە و هەموو بەیەكەوە لەژێر یەك بنمیچدا دەژین. كاراكتەرەكان دوو ژن و یەك پیاون. لە ژنەكان یەكێكیان حەزی لە ژنە و ئەوی دیكەشیان حەزی لە پیاوە. ئەم سێ كاراكتەرە پرسیار لە گوناهبارێتی یەكتر دەكەن و جەنگێكی وشە لەگەڵ یەك بەرپادەكەن، واتاكانی مەرگ و ژیان دەگێڕنەوە. شانۆنامەی دۆزەخ لەسەر گریمانەی فانتازی بیناكراوە و كاراكتەرەكان لە یەك كاتدا هەم مردوون و هەم زیندووشن. گارسین گوللە باران كراوە، ئینەس بە گاز خنكاوە و ئیستێلیش بە سییەسووتێ مردووە، بەڵام هەرسێكیان تا كۆتایی شانۆییەكە مردووی زیندوون و ڕووداوەكان لە دۆزەخ و لە دەرەوەی كات و شوێن دەگوزەرێن.

لەم شانۆنامەیەدا سارتەر پێ لەسەر چەند تێمایەكی سەرەكی دادەگرێت: لەوانە تێمای بەرپرسیاریەتی و پێویستی بوونی ئیلتیزامی سیاسیی، كە ئەوانە بۆ ئەو ئەنجامگەلی ڕاستەوخۆی ئازادیین، كە مرۆ لێیانەوە سوودمەند دەبێت. هەروەها تێمای سەربەستی و خراپەكاری: مرۆڤ چی لە ئازادی خۆی دەكات؟ چۆن شكستەكانی خۆی پەردەپۆش دەكات؟ دواجار بڕگەی هەر سەرەكی و خاڵی دیاركراوی شانۆنامەكە ئەوەیە (دۆزەخ: ئەوانی دیكەیە) بەجۆرێك چۆن ڕوانینی ئەوانی دیكە لە یەك كاتدا هەم پێویستە، هەمیش بەرگە نەگیراوە. ئەم بڕگەیە نابێ بەهەڵە لێكبدرێتەوە، سارتەر خۆی لەمبارەیەوە لە دیمانەیەكدا ساڵی 1964 ڕوونكردنەوەی داوە و نووسیویە: ( كاتێك شانۆنامەیێك دەنووسین هەمیشە هۆكاری لاوەكی و ترس و نیگەرانییەكی قووڵ لە ئارادایە. هۆكارە لاوەكییەكە ئەوەبوو كاتێك (دۆزەخ)م لە دەوروبەری 1943 و سەرەتای 1944 نووسی، سێ هاورێم هەبوو و دەمویست شانۆنامەیەكی من بەیەكەوە یاریی بكەن و ئەكتەرەكان تا كۆتایی هەر لەسەر شانۆ بمێننەوە، چونكە دەمووت ئەگەر یەكێكیان بكەمە دەرەوە، ئەوسا ڕەنگە وا بیر دەكاتەوە كە ڕۆڵی ئەوانی دیكە گرینگترە. ئەوە لێرەوە بوو كە بیرۆكەی ئەوەم بۆهات هەرسێ كەسایەتییەكە بخەمە ناو دۆزەخەوە و هەریەكەیان بكەم بە جەللادی ئەوی دیكە. من لەڕێگەی شانۆنامەكەوە ویستم بڵێم (دۆزەخ واتە ئەوانی دیكە). بەڵام ئەمە خراپ لێكدانەوەی بۆ كرا و پێیان وابوو، كە من دەمەوێ بڵێم پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئەوانی دیكە هەمیشە ژاراوییە و پەیوەندییەكی دۆزەخییە. بەڵام من مەبەستم بوو شتێكی دیكە بڵێم، كە ئەگەر پەیوەندییەكانمان لەگەڵ كەسانی دیكە پێچاوپێچ و خەوشدار بوون ئەوسا ئەوی دیكە تەنیا دەبێتە دۆزەخ).

ژان پۆڵ سارتەر ( Jean-Paul Sartre) له‌ چه‌ند دێرێكدا:

 - پیشه‌: فەیلەسوف و رۆماننوس و و رەخنەگرى ئەدەبى و شانۆنوس و نوسەرى فەرەنسی

- لە رۆژى 21/6/1905 لە شارى پاریس لە دایکبووە.

- لە ئەڵمانیا فەلسەفەی خوێندوە.

- یەکێک بوو لە کەسایەتیە گەورەکانی فەلسەفەی فەڕەنسی سەدەی بیستەم.

- یەکێک بوو لە کەسایەتیە دیارەکانی بواری ئەدەب و فەلسەفەی بوونگەرایی.

- لەساڵی 1929 له‌گه‌ڵ فەیلەسوف و فێمینیست سیمۆن دی بۆڤواردا چاویان بەیەكترى كەوتووە و پەیوەندی خۆشەویستییان دەستیپێكردووە و نزیكەی (50) ساڵ پەیوەندی خۆشەویستیان هه‌بووه‌، بەڵام هەرگیز ژنی نەهێناوە.

- له‌ ساڵى 1939 بانگهێشتی خزمەتی سەربازی دەكرێت، ئەو دەستەیەی پەیوەندی پێوەدەكات، لە هێرشی ئەڵمانەكاندا بۆ سەر فەرەنسا لە مانگى (6)ى 1940 دووچاری شكست و دۆڕانێكی گەورە دەبێت و لەبەرەی خۆرئاوا بەدیل دەگیرێت، دوای ئەوەی چەند مانگێكی زۆر زیندانی دەبێت، ئینجا ئازاد دەكرێت.

- لە کاتی جەنگی جیھانی دووەمدا، کاتێک ئەڵمانییەکان فەڕەنسا داگیردەکەن، دەچێتە ڕیزی بەرەنگاربووەکانی فەرەنسا و خەبات دەکات دژی داگیرکەر.

- جەنگی دووەمی جیهانی وایكرد، بەرەو فۆرمێكی دیكەی ئیلتیزامكردن مل بنێت. لەو سەروبەندەدا ئەو هات و چەمكێكی جیاوازتری بۆ رۆڵی رۆشنبیر هێنایە ئارا. ئەو چەند مانگەی وەك زیندانیەك بەسەری دەبات و دواتر لەبەرگی چوارەمی تەواونەكراوی (رێگاكانی ئازادی) دا باسی لێوە دەكات، لەو دوودڵی و خانە گومانییەكە لەبەرامبەر سیاسەتدا هەیبوو رزگاری دەكات.

- لە ساڵى 1964 خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی پێبەخشرا، بەڵام لەبەر چەند ھۆکارێک خەڵاتەکەی ڕەتکردەوە.

- به‌رهه‌مه‌كانى بۆ چه‌ندین زمان وه‌رگێڕدراون.

- شانۆنامەی (دەریچەیەک)، له‌لایه‌ن (دڵشاد حامید دەروێش) كراوه‌ته‌ كوردی، كه‌ ئەم شانۆنامەیە کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1944 لە پاریس نمایشکرا.

- شانۆنامه‌ى (دەستە پیسەکان) له‌لایه‌ن (موحسین ئەحمەد عومەر) له‌ دووتوێى (84) لاپه‌ڕه‌دا كراوه‌ته‌ كوردى.

- لە رۆژى 15/4/1980 لە تەمەنى (74) ساڵى بە نەخۆشى لە شارى پاریس کۆچى دوایى کردووە.


ئەم بابەتە 91 جار خوێندراوەتەوە