(1)
هه‌ندێ كه‌س له دایك ده‌بن و ده‌گوزه‌رێن و دواتر ده‌مرن.
هه‌ندێ كه‌س له دایك ده‌بن و له ژیاندا تێده‌كۆشن و دواتر ده‌مرن.
هه‌ندێ كه‌سیش له دایك ده‌بن و داهێنان ده‌كه‌ن و دواتر : مردن ده‌ره‌قه‌تیان نایه‌ت... مه‌حمود ده‌رویش له‌م جۆره كه‌سانه‌یه.
بێگومان ژیانى هه‌موو كه‌سێك پیرۆزه و مردنى هه‌ر كه‌سێكیش داهێنه‌ر بێت یان نا، شایه‌نى په‌ژاره و به‌زه‌ییه، به‌ڵام مردنى مه‌حمود ده‌رویش له په‌ژاره و به‌زه‌یى گه‌وره‌تره، شایه‌نى له‌سه‌ر وه‌ستان و ده‌رس لێ وه‌رگرتنه. له‌م ده‌رفه‌ته كورته‌دا نه‌مویست باس له ژیان و ریزكردنى به‌رهه‌مه‌كانى شاعیر و رێوڕه‌سمى مردنه‌كه‌ى بكه‌م، به باشیشم نه‌زانى سه‌رى خوێنه‌ر به قۆناغه ئه‌ده‌بییه‌كانى بێشێنم، ئه‌مانه‌ى پێشوو هه‌ر هه‌مووى به زیاده‌وه خوێنه‌ر ده‌توانێت به گه‌ڕانێكى چه‌ند چركهیى له سایتى گوگل ده‌ستى بكه‌وێت و هیچ منه‌تێكى ئێمه‌مانان هه‌ڵنه‌گرێت، ئه‌وه گرنگه بتوانین ئاوڕێكى خێراش بێت له شیعر و به‌رهه‌مى ئه‌و ناوه گه‌وره شیعرییه بده‌ینه‌وه به مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى به‌راوردێك له نێوان ئه‌و و خۆماندا، هه‌وڵ بده‌ین خاڵه به‌هێزه‌كانى دنیابینى ده‌رویش بزانین و سوودى لێ وه‌رگرین، به تایبه‌تى ئه‌و، چونكه دنیابینى و به‌رهه‌مه‌كانى ره‌نگدانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه مرۆڤێكه كه رووخساریان له رووى مێژووییه‌وه زۆر له رووخسارى ئێمه ده‌چێت.
(2)
له دنیابینى و به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانى ئه‌م شاعیره‌دا ده‌توانرێت چه‌ندین په‌ند و وانه بچنرێنه‌وه، به تایبه‌تى بۆ ئه‌ده‌بیاتى ئێمه، كه له رووى بونیادى بابه‌تییه‌وه زۆر له ئه‌ده‌بى گه‌له‌كه‌ى مه‌حمود ده‌رویشه‌وه نزیكه. ئه‌ده‌بیاتى ئێمه‌ش (به تایبه‌تى شیعر) له چه‌شنى ئه‌ده‌بى عه‌ره‌بى به گشتى و ئه‌ده‌بیاتى فه‌ڵه‌ستینییه‌كان به تایبه‌تى، گیرۆده‌ى ئایدۆلۆژیا و هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى و نانهتهوهیى و شه‌ڕى زڕ براكان و شیعرى بۆنه‌كان و شاعیرى حزب و گرووپ و تاقم بووه! هه‌ر بۆیه‌شه ده‌بینین كورد هه‌موویان شاعیرن و كه‌سیشیان شاعیر نیین (كه‌مێكیان نه‌بێ كه به په‌نجه‌ى چوار ده‌ست ده‌ژمێردرێن).
مامۆستا و شاعیرى گه‌وره هێمن موكریانى پێى وایه ئه‌گه‌ر دوو كورد پیاسه بكه‌ن سێیان شاعیره، من هاوڕا نیم له گه‌ڵیدا و پێم وایه كورد یه‌كێكه له‌و میلله‌تانه‌ى كه له ئێستادا شاعیرى راسته‌قینه‌ى زۆر كه‌مه. به‌ڵێ هه‌زاران شیعرنووس هه‌ن كه شیعر به‌كار ده‌هێنن بۆ هه‌زاران شت، ئه‌وه‌ى حه‌ز له یه‌كێك بكات پڕى ده‌كات له (نه‌وره‌س و عه‌شق و غرووب و هه‌یام وشهوى یه‌ڵدا) شیعر نانووسێ، به‌ڵكو به‌كاریده‌هێنێ وده‌یكاته ئامراز بۆ گه‌یشتن به ئامانجێكى نا ئیستاتیكى! ئه‌وه‌ى دژى ده‌سه‌ڵاته پڕى ده‌كات له (كوفر و تابووت و خۆڵه‌مێش و گڵۆپى ماڵه مه‌سئوولان و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى كاره‌با و خوێن و نرخى په‌تاته) شیعر نانووسێ به‌ڵكو ده‌یكاته پردێك بۆ ده‌ربڕینى دنیابینییه‌كى سیاسى! بێگومان به‌رامبه‌ر به‌و شیعره ئۆپۆزۆسیۆنییه، شیعرى پیاههڵدانیشمان هه‌یه له‌سه‌ر مه‌سئوول و حزب، چه‌شنى ئه‌وه‌ى له ئه‌ده‌بیاتى رۆمانیا و یه‌كێتى شووره‌وى (یان شووره‌یى، فه‌رق ناكا) و ئه‌لمانیاى رۆژهه‌ڵاتیى په‌نجا و شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى رابردوو هه‌بوون! ئه‌وه‌ى هه‌ندێك ئه‌فكارى فه‌لسه‌فیانه‌ى پێیه، پڕى ده‌كات له (حه‌قیقه‌ت و جه‌هه‌نه‌م و نوور و تاریكى و وڕێنهكانى شتراوس و به نیتشه ده‌ڵێ نیچه) مه‌به‌ستى نوسینى شیعرى نییه، به‌ڵكو شیعر ده‌كاته ده‌فته‌رى تاقیكردنه‌وه و خوێنه‌ریش له‌سه‌ریه‌تى نمره‌ى رۆشه‌نبیرى بداتێ.!
لاى ئێمه هێنده‌ى له شیعردا بیر له ئاخنینى ئه‌فكار ده‌كرێته‌وه، بیر له به‌رهه‌م هێنانى شیعرییه‌ت ناكرێته‌وه. لێره‌وه شیعر له گوتارێكى ئێستاتیكى ده‌گۆڕێت بۆ نواندنى هه‌ڵوێستێك به‌رامبه‌ر به واقیع، له پرۆژه‌یه‌كى خه‌یاڵه‌وه ده‌بێته جوینه‌وه‌ى ناسراو و زانراوى واقیع. من نامه‌وێت بڵێم كه شیعر په‌یوه‌ندى به واقیع و ئایدۆلۆژیاوه نییه، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت ئه‌وه بدركێنم كه شیعر واقیع و ئایدۆلۆژیا له خۆ ده‌گرێت نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه.
شیعر خزمه‌تكارى ئایدۆلۆژیا نییه ده‌نا ده‌بوایه شیعرى ئاینى باشترین و جوانترین ده‌ق بوایه. شیعر ئاگاییه به‌رامبه‌ر به جوانى، نه‌ك بهكارهێنى بۆ به پاڵه‌وان كردنى كه‌سێك. لێره‌وه ده‌مه‌وێت به قه‌ناعه‌تى خۆم قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر سه‌رچاوه و هاوكێشه‌ى ئه‌و ده‌ره‌نجامه شیعرییه بكه‌م كه ئێمه ئێستا دووچارى بووین، یه‌كێك له‌و هۆكارانه‌ى شیعرنووسینى لاى ئێمه ئاسان كردووه و هه‌مووانى كردۆته شاعیر به هه‌ڵه تێگه‌یشتنمانه له كۆڵه‌گه‌یه‌كى سه‌ره‌كى شیعر كه ئه‌ویش خلیسكان و لادانه له زمان.
شیعر جیاواز له خامى زمان و قسه‌كردن ده‌توانێت بێ گوێدانه لۆژیك، زمان به‌ره‌و ئاقارى دیكه ببات، له شیعردا ده‌توانیت بڵێیت (ههڵمهكهم جاوى، به‌رده‌كه‌م فڕ كرد، ئێواره‌م خوارده‌وه..) ئه‌م خاسیه‌ته به‌رز و دهگمهنهى شیعر له جیاتى ئه‌وه‌ى سه‌رمایه‌كى ئیستاتیكى گه‌وره بێت، لاى شیعرنووسانى ئێمه بۆته به‌ڵایه‌كى گه‌وره! زانینى هه‌ندێ یارى زمانه‌وانى و خوێنده‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك تێكستى شیعرى كافییه بۆ ریزكرنى وشه و نوسین له شێوه‌ى شیعر.
هۆكارێكى تر پێم وایه بۆ كلتورى چل ساڵى رابردوومان ده‌گه‌ڕێته‌وه له نوسینى شیعر، له‌و رابردووه‌دا شیعر ماڵى سه‌ربه‌خۆى نه‌بووه، هه‌میشه میوان و خزمه‌تكار بووه لاى چه‌په‌كان و قه‌ومییه‌كان، چه‌كێك بووه له چه‌كه‌كان بۆ به‌رگری و هێرش و هێرشى پێچه‌وانه‌ى سیاسى، شیعر ئامرازى درووست كردنى دووانه‌ى خائین و پاڵه‌وان بوو، له‌و مێژووه‌دا وه‌كو ئێستا، شیعره جوانه‌كان جۆگه‌له‌ى ته‌ریك بوون له چاو ده‌ریاى شیعره نا شیعرییه‌كان! ونبوونى تاك له‌ناو عه‌شیره‌ت و حزب و ئایدۆلۆژیادا، شیعرى مێگهلاوى لێكهوتهوه، شیعر ببووه پێناسه‌ى ونبوونى فه‌ردانییه‌ت له مێگه‌لدا، ئه‌و كاته‌ى شیعر به‌شدار بێت له درووست كردنى ئیجماعى سیاسیانه‌ى خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به سیاسیه‌ك یان حزبێك ئه‌مه نه‌ك هه‌ر كاره‌ساته، به‌ڵكو شۆڤینیهتى شیعریى به‌رهه‌م دێنێت.! شیعر به‌ردێك نییه بهاویژرێت، گوڵێكیش نییه پێشكه‌ش بكرێت! به‌ڵكو شۆڕشه دژى زمان و مانا، له شیعردا پێش ئه‌وه‌ى زمان ماناى نوێ درووست بكات ، خودى زمان تازه ده‌كرێته‌وه، په‌یوه‌ندى تازه له نێوان شته لێكدژه‌كان ده‌دۆزرێته‌وه، شیعرییه‌ت له دۆستایه‌تى نێوان پێچهوانهكاندا دێته‌كایه‌وه .
(3)
من له سه‌ره‌تاكانى خوێندنه‌وه‌م بۆ شیعر، كاتێك له كۆتایى ساڵانى هه‌شتاكاندا مه‌حمود ده‌رویشم خوێنده‌وه، نایشارمه‌وه كه به گومانێكى زۆره‌وه له باره‌ى گه‌وره‌یى شاعیر بوونى سه‌یرم ده‌كرد، ده‌مزانى زۆرێك له ئه‌دیبان به هۆى هۆكارى ده‌ره‌كى و نا ئه‌ده‌بیى گه‌وره ده‌كرێن، ئه‌م په‌تایه‌ى ئه‌ده‌ب مێژوویێكى درێژى هه‌یه، چه‌ندین رۆمان له‌وانه پێم وایه (ئۆلیڤه‌ر تویست یان كاتژمێر بیست و پێنج.. هیتریش) ده‌زگا گه‌وره‌كانى دنیا به بۆنه‌ى لایه‌نگیرى سامییه‌ت و دژایه‌تى كردنى نازییه‌ت گه‌وره‌یان كرد! لاى خۆشمان ئه‌دیب هه‌بووه ئامێرى ئیعلامى گه‌وره‌ى حزبى له پشت بووه و گه‌وره كراوه، چه‌شنى ئامێرى په‌شمه‌ك فوو له قه‌تره‌یه‌ك كراوه و كراوه‌ته بارستاییه‌ك كه منداڵه خوێنهوارهكان به ده‌مى كراوه‌وه سه‌یرى بكه‌ن و سه‌ریان بسوڕمێ! ئه‌و ئه‌دیبانه نرخیان له نرخى ئه‌ده‌بییه‌وه نایه‌ت، به‌ڵكو له‌و چاو به‌ستانه سیاسییه وه‌همى گه‌وره‌بوون ده‌سه‌به‌ر ده‌كه‌ن! به‌رامبه‌ر به گه‌وره‌یى مه‌حمود ده‌رویش هه‌مان ترسم هه‌بوو، گومانم ده‌كرد ئامێرى نه‌ته‌وه په‌رسته‌كانى عه‌ره‌ب بیانه‌وێت كڵاوێكى شیعرییم پێ بفرۆشن! ئه‌وسا پێشم وابوو ئه‌م جۆره شاعیرانه، شاعیرى قۆناغى مێژووین و له ئاژاوه‌دا نه‌بێت شیعریان ناژیێت! به تایبه‌تى ئه‌و كاته‌ى به‌راوردم ده‌كرد له‌گه‌ڵ نوسینه‌كانى كۆڵن ویڵسۆن ده‌رباره‌ى ئه‌ده‌بى جه‌مالى و شیعره‌كانى ئه‌دۆنیس كه شیعر بوون له سه‌رووى هۆز و نه‌ته‌وه.
له‌و سه‌رده‌مه‌شدا ده‌رویش له گه‌رمه‌ى كارى سیاسی‌دا بوو له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ى فه‌له‌ستینى، دواى خۆكێشانهوهى ده‌رویش له ژیانى حزبى و كاڵبونه‌وه‌ى هه‌ستى ئینتمابوونى بۆ ژیانى حزبى و كرانه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئه‌ده‌بى ئینسانى، ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێم كه ئه‌و شاعیره گره‌وى له هه‌مووان برده‌وه، دوور له شیعرى به‌رگریش هه‌ر شاعیر مایه‌وه، به بێ ئه‌وه‌ى بچێته ناو ئاپۆره‌ى به‌یاننامه‌كانى نوێگه‌رى شیعرى عه‌ره‌بییه‌وه، سه‌رقاڵى جوانكردنى ماڵه شیعرییه‌كه‌ى خۆى بوو، له شاعیرێك كه وێردى سه‌ر زارى نه‌ته‌وییه‌كان بوو، بووه شاعیرێكى ئینسانیى گه‌وره و خوێنه‌رى له هه‌موو جیهاندا په‌یدا كرد.
كارێكى سه‌خته شاعیرێك بتوانێت وه‌كو مار كاژ فڕێ بدات و له ئاوى شیعرى نوێ بدات و راى گشتى خوێنهرهكانیشى به‌و به‌رگه تازه‌یه بباته‌وه. سه‌خته له گه‌ڕه‌كێكى ناوه‌وه‌ى خۆت باربكه‌یت و به شوێن گه‌ڕه‌كه نوێكانى ناخدا بگه‌ڕێیت، مه‌حمود ده‌رویش به‌و باركردنه ده‌ستى له هه‌موو ئه‌و مه‌دح و سه‌نایه هه‌ڵگرت كه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بۆیان مسۆگه‌ر كردبوو، حه‌زى جوانیى و داهێنان وایلێكرد خانووێكى شیعریى به‌ناوبانگ بگۆڕێته‌وه به دانیشتن له بیابان، بیابانى زمان و مانا، گه‌ڕان به شوێن گوڵه نه‌ناسراو و بێناوهكانى شیعر.
ده‌رچوون له چاوڕێكردنهكانى خوێنه‌ر، دژایه‌تیكردنى ئه‌گه‌ره‌كانى خوێنه‌ر. گه‌یشته ئه‌و بڕوایه‌ى كه گریانى منداڵێك و نه‌بوونى قه‌واره‌ى سیاسى بۆ گه‌لێك به‌قه‌د یه‌ك كاره‌ساتن، ده‌ست پان كردنه‌وه‌ى منداڵێكى بنێشت فرۆشى دووڕیانێكى سه‌رجاده و ههڵنهكردنى ئاڵاى میلله‌تێك به‌قه‌د یه‌ك جه‌رگبڕن!كاتێك میلله‌ته‌كه‌ى به‌سه‌ر دوو حزبدا دابه‌ش بوو، نه‌بووه كه‌رته شاعیر و دوژمندارى كه‌رتێك، به‌ڵكو شیعرى به‌رز بۆوه و بووه ئاسمان كه تیایدا جێى سه‌رى هه‌مووانى لێ ده‌بۆوه.
بۆ شاعیر بردنه‌وه‌ى گره‌وى شیعرى له بردنه‌وه‌ى گره‌وى سیاسى گرنگ تره، شیعر هونه‌رى مومكین نییه، هونه‌رى گه‌ڕانه به دواى مه‌حاڵدا، هونه‌رێكه له ده‌ره‌وه‌ى زه‌مان و مه‌كان، هونه‌رێكى سوود به‌خش نییه بۆ خودى شاعیر، هونه‌رێكى چێژ به‌خشه بۆ خوێنه‌ر. سه‌ره‌تا مه‌حمود ده‌رویش شیعرى كردبووه ئامراز بۆ خوڕاگرى میلله‌ته‌كه‌ى، دواتر خۆڕ‌اگرى میلله‌ته‌كه‌ى كرده ئامراز بۆ به‌رهه‌م هێنانى شیعرییه‌ت، له نێوان ئه‌م دوو ئاراسته‌یه‌شدا ئیشكالییهتێكى گه‌وره هه‌یه.
من ناپرسم له هه‌وێنى شیعر، به‌ڵام مكوڕم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى شیعر ته‌نیا هه‌وێنه بۆ جوانى، په‌ندێكى گه‌وره‌یه له مه‌حمود ده‌رویشدا كاتێك شكۆ بۆ شیعر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ئامانجى شیعر له گوتارێكى ئایدۆلۆژییه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ گوتارێكى ئیستاتیكى، له هۆز و نه‌ته‌وه‌وه ده‌یباته ئاقاره ئینسانییه‌كان، دۆزینه‌وه‌ى ناهه‌قى به‌رامبه‌ر به پشیله‌یه‌ك له رووى شیعرییه‌وه جیاواز نییه له دۆزینه‌وه‌ى ناهه‌قى به‌رامبه‌ر به ئینسانێك، تێر كردنى منداڵێكى برسى له رووى شیعرییه‌وه جیاواز نییه له هه‌ڵكردنى ئاڵاى میلله‌تێك.
مه‌حمود ده‌رویش له ژیان و نووسیندا هه‌ر شاعیر بوو، شاعیر هه‌یه به شیعر په‌پووله‌یه و له ژیاندا گورگ، ئه‌و له هه‌موو شتێك‌دا شاعیر بوو، خه‌فه‌تى له عهینهكهكهى ده‌خوارد كه مهعدهنێكه و توێنراوه‌ته‌وه و چه‌مێنراوه‌ته‌وه و شێوێندراوه و كراوه‌ته عه‌ینه‌ك، خه‌مى له قهنهفهكهى ده‌خوارد كه دهسكهكانى له گۆشتى دار سنه‌وبه‌ر درووست كراوه، به په‌رداخ ئاوى نه‌ده‌خوارده‌وه، چونكه پێى وابوو په‌رداخ زیندانى ئاوه. تا مردیش، به‌و حه‌سره‌ته‌وه مرد بۆ شیعر (به قودره‌تى قادرى شاعیر) نابێته نان و برسییه‌كان شاگه‌شكه بكات ؟! مردنى مه‌حمود ده‌رویش، مردنى كۆترهكهى حه‌زره‌تى نوحه به چڵه زهیتونێكهوه، به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ى ئه‌و شاعیره كۆتره بمرێت وشكایى و كه‌ناری به شاعیران نیشاندا، كه‌نارى شاعیریش ته‌نیا جوانییه، بێجگه له جوانیش ئه‌وه‌ى له شیعردا ده‌مێنێته‌وه، تۆفان ده‌یسڕێته‌وه.