Ako_Alyasi.jpg

هەڵبە!

ئاكۆ ئلیاسى

هەناسەی نێو ڕکەی سینەت

بەسەر هەستی ساردەوەبووت

بدەمێنە و

ببەوە بە گرشەی چاوی

جەستەی ساردی پەنگگرەکانی ژیانەوە.

وەک ژیلە مۆ

لە ناوخۆڵەمێشی ڕۆحتا

دڵدارانە داگیرسێوە.

 

عیشق قەقنەسە!

لە نێو لەشی کوژراویش دا

ئەو زیندووە!

لە نێو بڵێسەی ئاگرا

ئەو هەر پەڕی باڵ لێ ئەدا و

لە زیکری خۆی نایەتەوە

نە ئەسووتێ و

نە لە کونجی هیچ زیندانێک بەند دەکرێ.

 

جێیەیەک هەیە بۆ حەشارگەی،

دەستنوێژت بە گڕی ئەوین هەڵبگرە

دەستی ڕاستت لەسەر مەمکی سینگی چەپت

بە ئاستەمێ ... ئارام دانێ!

رۆحی شەهید لە خەو مەکە!

گوێ لە خورپەی دڵی بگرە

چ مێرگێکی سەوز و پانە،

پێدەشتی بێ کۆتایی نێو خەونەکانی!

 

هەڵبە!

با تاریکی نەتخنکێنێ و

فەرامۆشی کفنت نەکا!

گوڵەستێرە،

هەرچەند  چووک و لاوازیشە

ئەو هەر دەچێت بۆ شەڕی شەو

لە پاش داچۆڕینی مەرگی

ترووسکەیەک، لە ڕووناکی،

ئەدات لە قژی تاریکی!

 

هەڵبە!

لە گڕکانی ئەوینت خۆت مەشارەوە!

شاخی سەبرت وا خەریکە دەکوڵێ لە ناو گڕی ئاگر

دەریاش بەشی کوژاندنەوەی

سووتانی ئەو پێدەشتانەی ئەوین ناکا!

 

لە بەر قاپیی چاوەکانی کزی شارا

تیشکی فانۆس ببەخشەوە

مەشخەڵێک بە

بۆ ناخی تەنیایی ئەڵهای هەتا گەروو

لە نێو تاریکیدا چەقیوو!

هەنگاوە دوودڵەکانی سەر هەڵدێڕگە

بگێڕەوە!

بەر پێیان هەر قووڵکەچاڵی بێتای فەننابوونە بادی

واوەنەچن!

با نیشتمان،

کەم گوڵی ڕەش بەسەر یەخەی زامەکانی دا بدروێ

زریکەی خاک،

باڵای بەرزە،

هەتا بنمیچی ئاسمان!

ئەم هەرێمە کوانێ بەرگەی

کۆستی گەورەی ئەم گشت ئازارانە دەگرێ؟!

 

هەڵبە!

لە سووتانت

ببە تیشکی چاوی کزی سەردارە تێل بەرقەکانی

نوقمی تەمی تەنیایی سەر،  شەقام و کۆڵانی ئاوس بە بێدەنگیی

قووڵایی شار،

ڕووگەی هیوا

بە ترووسکە بڕێژە با 

گلێنە خەون، بە وەنەوزی هەتەربوونەوە نەبینێ!

چاوی تارکی کۆڵەوژکە.

ئینجانەی بەر پەنجەرەی ئەم پاییزەمان

لە پاش ڕەشپۆش بوون بۆ وەرین،

دیسان بێزوو بە قووڵایی شین بوونەوەی

پرچەکانی ... خۆی دەکاتۆ!

هەڵبە! ....هەڵ!

لە تاریکی بڕسکێ با

لە دایک بی!

 

8/11/2020 


ئەم بابەتە 97 جار خوێندراوەتەوە