Insomnia(2002)_Trailer.jpg

فیلمی ئینزۆمنیا و سایکۆلۆجیایی نۆلان

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

ئینزۆمنیا فیلمێکی سایکۆلۆجیی هەستبزوێنە، لە ساڵی 2002 لەلایەن دەرهێنەری ناوداری ئەمریکی کریستۆڤەر نۆڵانەوە کاری دەرهێنانی بۆ کراوە. فیلمەکە ڤێرژنێکی نوێی فیلمێکی نەرویجییە بە هەمان ناوەوە، ئال پاچینۆ ڕۆڵێ سەرەکی دەبینێت هاوشان لەگەڵ رۆبن ویلیامس، هیلاری سوانک، مارتن دۆنۆڤان، نیکی کات و پاولا دۆلێی.

 دەربارەی چیرۆکی فیلمەکە:

Insomnia(2002) Trailer3

فیلمەکە باس لە ڕوداوێکی کوشتن دەکات، دوو لێکۆڵەری پۆلیس (ویڵ دۆمەر و، هاپ ئێکارت) بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە ڕوداوەکە لە شاری لۆس ئەنجلسەوە بەرەو ئالاسکا دەڕۆن پاش ئەوەی لە شارۆچکەی نایتمیوت کچێکی تەمەن ١٧ ساڵان بە ناوی کای کۆنێڵ بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە.

دۆمەر بکوژەکە ڕادەکێشێ بەرەو شوێنی تاوانەکە، بەڵام تاوانبارەکە دووبارە هەڵدێ بەرەو ناوچەیەکی تەماوی، لەوێدا دۆمەر بەهۆی تەمەکەوە بەباشی نابینێ و بە هەڵە نیشانە لە یەکێک لە پۆلیسەکانی هاوڕێی دەگرێتەوە و دەیکوژێت. دۆمەر لە ترسی ئەوەی کە کەس باوەڕی پێ ناکا کە بە ڕوداو بووە، ڕاستییەکە دەشارێتەوە و وای نیشان دەدات کە بکوژەکە هاوەڵەکەیی کوشتووە. بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک دۆمەر توشی ئینزۆمنیا ( بێ خەوی ) دەبێت و بە بەردەوامی وێنەی هاوکارەکەی لە پێش چاویەتی و دەیبینێت. دواتر لە لایەن ژمارەی نەناسراوەوە تەلەفونی بۆ دێت و دەردەکەوێ کە بکوژەکەیە و، شایەتی ڕوداوی کوشتنی هاوکارەکەیەتی لەلایەن دۆمەرەوە.

دواتر پۆلیس بۆی دەردەکەوێت کە (کای) کچە لاوە کوژراوەکە سەرسامی نوسەرێکی ناودار بووە بە ناوی واڵتەر فینچ و کۆی کتێبەکانی ئەو نوسەرەی هەبووە کە لە بارەی تاوانی کوشتنەوەن. دۆمەر شوقەکەی واڵتەر دەدۆزێتەوە و کاتێک واڵتەر دەگەڕێتەوە ماڵ، هەست دەکات کەسێک لە ژورەوەیە و ڕاستەوخۆ هەڵدێت.

دواتر واڵتەر داوا لە دۆمەر دەکات یەک ببینن و قسە بکەن، لە شوێنێک یەک دەبینن و ڕێک دەکەون لەسەر ئەوەی کە واڵتەر بێدەنگ بێت سەبارەت بە روداوی کوشتنی هاوکارەکەی دۆمەر و، دۆمەریش پۆلیسەکان بێدەنگ بکات و كومانەکانیان بە لا ڕێدا ببات وە لە واڵتەر دوریان بخاتەوە.

واڵتەر دەیەوێ بە دۆمەر بڵێت کە کوشتنی کای بە ڕوداو بووە و لێیداوە تا مردن بەهۆی توڕەبونییەوە پاش ئەوەی کای ڕەتی کردۆتەوە کە سێکسی لەگەڵدا بکات و بە مەبەست و پلان بۆ داڕشتن ئەو کارەی نەکردووە.

لە کۆتاییدا یەکێک لە هاوەڵەکانی دۆمەر کە هێشتا گومانی لە واڵتار هەیە بەرەو ماڵەکەی واڵتەر دەچێت بە مەبەستی بینینی نامەکانی کای، دۆمەر کە بەمە دەزانێت ڕاستەوخۆ دوای دەکەوێ چونکە دەزانێت واڵتەر بە نیازە ئەویش بکوژێت، کە دەگاتە ئەوێ واڵتەر هاوکارەکەیی بێ هۆش کردووە بەڵام فریا ناکەوێ و دۆمەر زوو دەگاتە ماڵەکە. دواتر واڵتەر و دۆمەر شەڕێکی سەخت دەکەن و سەرئەنجام هەردوکیان یەکتری دەکوژن.

 کریستۆفەر نۆلان، دونیاکەی ئەو، لە دونیا ئاڵۆز و سەیر و تایبەتەکانی نێو مێژوی سینەمایە، ئەو بە فیلمە تاریک و فرە لایەنەکانی، مێژوویەکی نوێی لە بیرکردنەوە و بینین بۆ دونیا پێشنیار کرد لە سینەمادا،   بۆ تێگەیشتن لە فیلمەکانی نۆلان ڕيخنە گران دەڵێن: بۆ تێگەیشتن لە فیلمەکانی نۆلان دەبێت شارەزاییەکی کەمت لە فیزیایی کوانتەم و بیردۆزی ڕێژەیی و یاسای کێشکردن و فەلسەفەی بوون و ئەفسانەکانی کۆن هەبێت.

لەلای نۆلان، سوود بینین لە ئەفسانەکانی کۆنی یۆنان و جیهان بە گشتی، لە ئیلیادە و ئۆدیسە و لە فیزیا و یاسا زانستییەکان کۆڵەکەی سەرەکی کارکردنەکانین و هەر لەبەر ئەو ئاڵۆزییانەی نێو فیلمەکانی زۆرجار لەلایەن بینەرانەوە تێنەگەیشتن ڕودەدات.

 دەربارەی کریستۆفەر نۆلان

Insomnia(2002) Trailer1

 كریستۆفەر ئێدوارد نۆڵان، فیلمساز و سیناریۆنووس و بەرھەم ھێنەری بەریتانی-ئەمێریكیی؛ لە ٣٠ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٠ لە باوكێكی بەریتانی و دایكێكی ئەمێریكی لە لەندەن لەدایكبووە، لەگەڵ "ئێما تۆماس"دا ھاوسەرگیری دەكات كە لە سەرجەم فیلمەكانی دەرھێنەرەكەدا كاری بەرھەم ھێنانی كردووە و خاوەنی چوار منداڵن. بەردەوام لەگەڵ خانەوادەكەیدا لە نێوان "شیكاگۆ" و "لەندەن"دا ھاتووچۆیان بووە، لە "كۆلێژی لەندەن" ئەدەبی ئینگلیزی و لە "خوێندنگەی كۆمەڵەی فیلم" خوێندنی فیلمی تەواو كردووە، ھەر لە منداڵییەوە ئارەزوویەكی زۆری بۆ فیلم و سینەما ھەبووە و یەكەم كورتە فیلمی خۆی لە تەمەنی حەوت ساڵیدا بەرھەم دەھێنێت.

کریستۆفەر نۆڵان لەو فیلمسازانەیە كە فیلمەكانی بەئاسانی واتا بەدەستەوە نادەن و مێشكی بینەر پڕ دەكەن لە ژاوەژاو و هیلاکی ، فیلمەكانی ئاڵۆز و پڕ بیرکردنەوە و تیۆری زانستی قووڵ و چیرۆکی نائاسایین و تیایاندا سوریالیانە دەربارە بابەتەکان بیردەکاتەوە و مامەڵە دەکات. پیاو لە فیلمەكانی نۆڵاندا وەكو قارەمانێك ڕۆڵ دەگێڕێت كە ھەوڵ دەدات بەسەر ڕابردوویدا زاڵ بێت و لەگەڵ ئاڵۆزییەكانی ڕۆژگاری ئەمڕۆیدا خۆی بگونجێنێت، ئافرەتەكانیش كەسانی ڕۆمانسی و پاڵەوان و دەروون نەخۆشن. پاش تەواوكردنی ئەدەبی ئینگلیزی لە كۆلێژی لەندەن؛ بە فیلمی (Following-1998) دەست بە كاری فیلمسازی دەكات، پاشان (Memento-2000) بەرھەم دەھێنێت و دەبێتە براوەی خەڵاتی ئەكادیمی بۆ باشترین سیناریۆ، پاشان بە بەرھەم ھێنانی فیلمی (Insomania-2002) لە بەرھەم ھێنانی فیلمی سەربەخۆوە ھەنگاو دەنێتە بەرھەم ھێنانی فیلم لە ستۆدیۆكاندا و تریۆلۆجی (The Dark Knight/ 2005-2012) دەخاتە سەر شاشەی سینەماكان، پاشان (Prestige -2006) و بەدوایدا (Inception-2010) بەرھەم دەھێنێت كە پاڵێوراوی خەڵاتی ئۆسكار بوو بۆ باشترین سیناریۆ و وێنەگرتن، پاشان ساڵی ٢٠١٤ فیلمی (Intersteller) بەرھەم دەھێنێت كە براوەی خەڵاتی (Saturn) بوو بۆ باشترین فیلمی زانستی خەیاڵی، و ساڵی ٢٠١٧ش (Dunkirk) دەخاتە سەر شاشەی سینەماكان كە بەھۆیەوە بۆ یەكەمجار براوەی خەڵاتی ئەكادیمی بوو بۆ باشترین دەرھێنەر. لە فیلمەكانیدا "جۆناثان نۆڵان"ی برای لە نووسینی سیناریۆدا یارمەتی داوە و "ئێما"ی ھاوژینیشی كاری بەرھەم ھێنەریی بۆ كردووە، فیلمەكانی نۆڵان لە ئێپیستۆمۆلۆژی و مێتافیزیاییەوە ڕەگیان داكوتیووە و ھەمیشە لە پاڵ ئاڵۆزترین فیلمەكاندا ناوی دەھێنرێت، براوەی چەندین خەڵاتی ئەكادیمییە و ساڵی ٢٠١٥ و ٢٠١٩ وەكو یەكێك لە ١٠٠ كاریگەرترین مرۆڤی جیھان ناوی ھێنراوە، فیلمەكانی زیاتر لە ٣٤ جار بۆ خەڵاتی ئۆسكار پاڵێوراون و ١٠ جار براوە بووە. دواین فیلمیشی لەم ساڵدا ٢٠٢٠ خرایە سەر شاشەی سینەماكان و چاوەڕێ دەكرێت سەركەوتنێكی بەرچاو بەدوای خۆیدا بھێنێت.

 Insomnia(2002) Trailer2

لە کۆتا فیلمیدا tenet لەسەر زاری کارەکتەرێکییەوە دەڵێت:  ئێمە لەلایەن داهاتووەوە هێرشمان دەکرێتە سەر.

ئەم ڕستە قوڵ و ئێجگار پێشبینی کەرانە، کە زۆر جار و لە زۆر شوێنی فیلمەکانی نۆلاندا وەک بۆمب لە دیمەنێکدا تووشی بیرکردنەوە و ڕاچڵەکینمان دەکات. پێمان دەڵێت کە هەموو ئەو شتانەی ڕودەدەن لە برسێتی و جەنگ و دڵڕەقی و کوشتن و بریندار کردن، ئامادەکردنی سایکۆلۆجی و جەستەیی ئێمەیە بۆ مردن و جەنگێکیی ئەبەدی کۆتایی هێنەرانە کە دەکرێت درێژکراوەی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم بێت.

 لەم فیلمەدا، ئال پاچینۆ ڕۆڵێ سەرەکی دەبینێت هاوشان لەگەڵ رۆبن ویلیامس، هیلاری سوانک، مارتن دۆنۆڤان، نیکی کات و پاولا دۆلێی. پێکەوە هەریەک لە سوچ و ڕوبەری خۆیەوە نواندن لە فیلمەکەدا بۆ ئاستێکی ئێجگار بەرز و جیاواز بەرزدەکەنەوە و وادەکەن فیلمەکە ببێت بە یەکێک لە باشترین فیلمەکان و ئەزموونەکانی نۆلان.

 ئێمە پێشنیاری فیلمەکانی نۆلان و ئەم فیلمەیتان بۆ دەکەین.


ئەم بابەتە 106 جار خوێندراوەتەوە