ASo_Omar_Swara.jpg

ئەمە کەی ساڵێکە "ئاسۆ" گیان!؟

بەرزان هەستیار - ئەڵمانیا/ کۆلن

"لە ساڵیادی خەفەبوونی پشکۆی پێکەنینە جوانەکانی "ئاسۆ عومەر سوارە"دا، "ئاسۆ"ی کیشوەرێک لەئاوەدانیی"

یەک سەدەی ڕەبەقە وەک کەشتییەکی تێکشکاو لە کەناری بێئارامییدا جێتهێشتووم "ئاسۆ" گیان، سەد ساڵە، سەد ساڵ تەنیایی و سەد ساڵ داڕووخان بە ناخی خۆمدا و سەد ساڵ بێئۆقرەیی،سەدەیەک هاوار و بێدەنگیی و حەپەسان و بیرکردنت، کەسەکەم.

مەچەکم شل بوو هێندە دەرگای بیرەوەرییەکانم کوتا، ئاوی چاوم داهات هێندە بەسەر ڕێی هاتنەوەتەوە ئەبڵەق بوون، "ئاسۆ "، خوێناوییترین حەسرەت لە دڵما ئەوەیە پێڕانەگەیشتم بەر لەوەی دواهەمین سەرنجت وەک باڵی کۆترەشینکەیەکی پێکراو هەڵوەرێت، باوەشێکی وات پێدا بکەم کە مردن لە جێی خۆی عارەقەیەکی سارد دەربدات و پاشەوپاش تا بەردەرگای تەریقبوونەوە نەوەستێتەوە.

 مەراقێک کە هەتا قامی قیامەت لە دڵم نەبێتەوە ئەوەیە، ئەو بەیانییە بەر لەوەی مەرگ بە ددانی ژەنگاوییەوە لەحەوشەکەتاندا بە دەماخێکی بەرزەوە مژی قووڵ لە جگەرەکەی بدات، تەق تەق لە دەرگاکەتانم نەدا و بڵێم ئەوە چییە تەممەڵ هێشتا لە خەو هەڵنەستاویت؟ تۆش بە دەم فڕکردنی چایەکەوە بە زەردەخەنەیەکەوە بڵێی ئەوە دیسان بەم سبای ساڵحانە یەخەت پێ گرتینەوە!؟

نازانم و ناشمەوێت بزانم، تێناگەم و تازە ناشمەوێت تێبگەم چۆن پارچەسەهۆڵی ئەم کاسە سەرەم لەبەر تیشکی خۆری یەک سەدە دووریی تۆدا نەتواوەتەوە؟، چۆن ئەوەندە خەمساردبووم وتا ئێستا وەک ڕووناکیی لە ناو گلێنەی خۆمدا نەمچاندوویت؟ چۆن بەو ڕادەیە ساویلکە بووم و چاوم لێ غافڵ کردیت تا مەرگ بە کەیفی خۆی سوار پاشووی ئەسپەکەیت بکات و شار بە شارو وڵات بە وڵات و ساڵ بە ساڵ و سەدە بە سەدە بتڕفێنێت؟


ئەم بابەتە 119 جار خوێندراوەتەوە