ASo_omar.jpg

ئاسۆی دارئەرخەوانی هونەر شاسواری هونەر و ئەدەب

عه‌بدولڕه‌حمان هیوا

به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆكه‌ یه‌كه‌م ساڵیادى كۆچى ناواده‌ى ئه‌كته‌ر و پێشكه‌شكارێكى به‌تواناى كورد كاكه‌ (ئاسۆ عومه‌ر سواره‌)یه‌، له‌م رۆژه‌ خه‌مناكه‌ به‌پێویستى ده‌زانم كه‌مێك له‌ ژیان به‌رهه‌مه‌كانى بۆ خوێنه‌ران بخه‌مه‌ڕوو.

كاكه‌ ئاسۆ ناوی تەواوی (ئاسۆ عومەر محه‌مه‌د)ه‌ له‌ رۆژى 18/2/1964 لەگەڕەکی ئیبراهیم پاشا لەشاری سلێمانی لەدایکبووە، بنەماڵەکەشی لەدوای بومەلەرزەکەی ساڵی 1946 لەشارۆچکەی پێنجوێنەوە هاتوونەتە سلێمانی و قۆناغەکانی خوێندنی لەشاری سلێمانی تەواوکردووە، به‌جۆرێك قۆناغی سەرەتایی لە خوێندنگه‌ى مەحوی بووە و قۆناغی ناوەندی لە خوێندنگه‌ى ناوەندی کاژاو ته‌واوكردووه‌، قۆناغی ئامادەیشی لە خوێندنگه‌ى ئامادەیی سڵاحەدین ته‌واوكردووه‌، دوابه‌دواى خوێندنى ئاماده‌یى بەشی گەنجینەکانی پەیمانگای کارگێڕی له‌ شارى بەغداد تەواو کردووە.

هەر لە قۆناغی سەرەتاییەوە تێکەڵ بەکاری هونەریی بووە، ساڵی 1972 کاتێک خوێندکاری پۆلی سێیەمی سەرەتایی بوو بەهرەی هونەری تێدا بەدیکراوە و لەلایەن سێ مامۆستایەوە کە شانۆکار بوون بەشداریان لە چالاکی خوێندنگاکەی پێکردووە.

ساڵی 1979 لەقۆناغی ناوەندیدا لە تەمەنی (15) ساڵیدا چووەتە تیپی هونەری لاوانی سلێمانی، کە لەهەمان ساڵدا فێستیڤاڵێک لەشاری هەولێر سازکرا بە شانۆگەری (دڵدارانی باران) بەشداریان لە ڤێستیڤاڵەکەدا کردبوو کەتێیدا ئاسۆ عومەر ڕۆڵی ئەکتەری سەرەکی بەناوی (سوارە) تیادا گێڕاوە و ئەو ناوەش بووبە نازناوێک لەپاشکۆی ئاسۆ عومەر.

له‌ ساڵى 1983 بەشى گەنجینەکانى پەیمانگای کارگێڕى بەغدا تەواو کردووە، پاش بەکۆتاهێنانی قۆناغەکانی خوێندنی ساڵی (1984) لەنێو شاردا کاریکردووە، ئاسۆ عومەر خولیایی نواندنی لەقۆناغی سەرەتاییەوە لا درووستبووە، دەستپێکی کاروانی نواندنی دەگەڕێتەوە بۆ شانۆگەریی (دیوەخانی وەیس) لەنوسین و دەرهێنانی / عومەر عەلی ئەمین.

له‌ ساڵی (1972-1973) لەگەڵ تیپی نواندنی لاوانی سلێمانی بەشداری چەندین بەرهەمی هونەری کردووە.

بەشێک لە بەرهەم و بەخششە هونەریەکانی بریتین لە:

(گەردەلوول بەشی 1_2، گەرمیان و کوێستان، ڕەباب، وەسێت نامە، خانەکەی حاجی ئاغا، ژانی گەل، باڵندەی باشور، دیوەخانی وەیس، ماڵێکی هەژار، زەرفی شین، دایکی فەڵەستین، وەرزی سەرهەڵدانی فەرهاد، تەنیا کەوش لەپێکردنەوە حساب نییە، هاوڕێیان، دڵدارانی باران، ڕەشبەڵەک لەسەر ئاوازی مەرگ، پێکەنینی ژووری دادگه، بەرگە ئەفسووناویەکەی پاشا، شارەوانی، ڕووبار، شەرەفی شارێ، بەندیی و شێتخانە، تەنەکە، بایتی بابا، ئەو پیاوەی دووجار مرد، فەرهاد بەدوای جەژنا وێڵە) چەندینی دیکە، كه‌ درامای چپەی ڕابردوو بەدواین کاری هونەری ئاسۆ عومەر دێتە هەژمار، لەپاڵ هونەری نواندن /گۆرانی گووتووە خاوەنی 6 تراکی کورتە، لە 19/ 7/ 1995 بەبۆنەی یادی ڕاپەڕینی پێنجوێنەوە ڤێستیڤاڵێکی هونەری سازکردووە ماوەی سێ ڕۆژی خایاندوو و خۆشی سەرپەرشتی کردووە..

 کاری نوسین

هەر زوو تێکەڵ بە نووسین دەبێت و چەندین وتاری نوسیووە، هەروەها ئەلبوومێکی وێنەداری بە ناوی مەملەکەتی گوڵەزەردەوە، دەربارەی شارۆچکەی پێنجوێن بڵاوکردووەتەوە. کتێبێکیشی بە ناوی (سلێمانیی و خاکی) نوسیووە کەلەماوەی ڕابردوودا بەچاپ گەیانرا ئەمە بەدەر لەوەی شانۆگەریەکی بەناوی شکۆ نوسیووە خاوەنی چەندین نوسراوی دیکەیە، هەروەها چەندین چیرۆکی لە گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە، لەوانە:

سەرزەنشت / ساڵی 1983.

چەن تابلۆیەکی جیاواز / ساڵی 1984.

ئیشارەت / ساڵی 1985.

گەڵاگوێزەر / ساڵی 1986_ 1987.

لەپاڵ کاری نواندن پێشکەشکاری چەندین پڕۆگرامیش بووە لەوانە:

لەساڵی 1997 - 1998 وەک ئامادەکار و پێشکەشکار لە تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان بەرنامەیەکی لەجۆری پێشبڕکێی و گاڵتەگەپ پێشکەشکردووە..

پاشان هەر لەتەلەفزیۆنی (گەلی کوردستان) بەرنامەی (شارەوانی) پێشکەش کردووە وەک ئامادەکار و پێشکەشکار..

ساڵی 2013 پێشکەشکاری بەرنامەی (زۆران زۆنگ)بووە بەرنامەکە لەجۆری پێشبڕکێ و گاڵتەوگەپ بووە..

لەچەندین دەزگا و فەرمانگە و ڕێکخراوەکاندا وەک ئەندام کاری تێداکردووە لەوانە:

1- یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

2- سەندیکای هونەرمەندان

3- کۆمەڵەی زیندانیانی ڕامیاریی

4- بنکەی روناكبیریى گەلاوێژ

5- بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیریی و هونەریی سلێمانی

6- دەزگای میدیای کوردسات / ئامادەکار و پێشکەشکار

7- سەندیکای هونەرمەندانی عێراق

 ڕاژەی سەربازی

لە یەکەمین جەنگی کەنداودا ساڵی(1980 -1988)

لەساڵی (1984 - 1985) لە (محاویل)ی سەر بە شاری (حیللە) سەربازبووە.

بۆ جاری دووەم لە نێوان ساڵانی (1989-1990)، لە (کەرکووک) سەربازبووە.

کاتێ ڕژێمی بەعس پەلاماری (کوەیت)ی داوە و داگیریکردووە ساڵی (1990) بۆ سنووری نێوان (عێراق) و (کوەیت) گوێزراوەتەوە و تا ساڵی (1991)، لە دوورگەی (بۆبیان) ماوەتەوە پاشان کاتی ڕاپەڕینەکەی بەهاری ساڵی (1991) بەیەکجاریی گەڕاوەتەوە.

 خەباتی ڕامیاری کوردایەتی

لە ساڵی 1984 پەیوەندنی کردووە بە ڕیزەکانی (ی، ن، ک) ماوەیەک لەوێدا کاریکردووە پاشان لە 27 / 1/ 1986 گیراوە ماوەی 26 مانگ سزای زیندانی کردنی بەسەردا سەپێنراوە. کە 13 مانگی لە زیندانەکانی سلێمانی و 13 مانگی دیکەشی لە زیندانی ئەبوغرێب بەسەربردووە، لە سەر هەڵوێستەکانى چەندین جار روبەڕوى ئەشکەنجەدان بۆتەوە و فەرمانى لەسێدارەدانى بۆ دەرچووە ڕۆژی 3/ 10/ 1988 لەزیندان ئازاد کراوە و دوای ئەوەی لە زیندان ئازاد بووە لە شارەکانی بەغدا و سلێمانی لە چاپخانەیەک کاریکردووە پاشان بۆ ماوەیەک لەشاری سلێمانی لە دووکان و چێشتخانەکاندا کاری کردووە..

كاكه‌ ئاسۆ لە رۆژى 18/3/1990 لەگەڵ خاتوو بەیان یوسف هاوسەرگیرى کردووە و باوکی کوڕ و کچێکە بەناوەکانى (کاژین و سۆلین)، له‌ماوه‌ى ته‌مه‌نى خۆیدا چه‌ندین ئه‌ركى دڵسۆزانه‌ راپه‌ڕاندووه‌، له‌وانه‌ لە ساڵى 1994 وەک فەرمانبەر لە رادیۆى دەنگى زانکۆى سلێمانى دامەزراوە، لە ساڵى 1996 وەکو لێپرسراوى راگەیاندن لە وەزارەتى شارەوانى و گەشت و گوزار دەستبەکاربووە، له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیش خزمه‌تى كردووه‌ لە ساڵى 2000 بۆ 2001 لە مەکتەبى پەیوەندییە نیشتمانییەکانى (ی، ن، ک) لە سوریا کارى کردووە، هه‌روه‌ها لە ساڵى 2001 بۆ 2003 لە نوسینگەى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کارى کردووە، لە ساڵى 2003 بۆ 2005 لە رێکخراوى باواجى بۆ هەڵگرتنەوەى مین وەک لێپرسراوى راگەیاندن و پەیوەندییەکان کارى کردووە، لە ساڵى 2005 لە بەڕێوەبەرایەتى سینەما وەکو ئەکتەر خزمه‌تێكى به‌رچاوى پێشكه‌شكردووه‌، لە ساڵى 2007 بوەتە بەڕێوەبەرى کارگێڕى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ، دواتریش لە ساڵى 2011 بووەتە ئەندامى دەستەى باڵاى بنکەكه‌ و تا دواجار له‌ ساڵى 2019 بوه‌ته‌ جێگرى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ و لە سەرجەم ڤێستیڤاڵەکان و چالاکییە ئەدەبى و هونەرییەکانى گەلاوێژ ڕۆڵى کاراى هەبووە، لە ساڵى 2012 لە کەناڵى میدیایى کوردسات ئامادەکار و پێشکەشاکار بووە و له‌م روه‌شه‌وه‌ خزمه‌تێكى زۆرى كردووه‌.

به‌داخه‌وه‌ ئه‌م هونه‌رمه‌نده‌ له‌ رۆژێكى وه‌كو ئه‌مڕ‌ۆ لەپێش نیوەڕۆی 7 بەفرانبار ڕۆژی دووشەممە لە 30/12/2019 لە شارى سلێمانى کۆچی دوایی کرد.


ئەم بابەتە 112 جار خوێندراوەتەوە