barzan_hastyar.jpg

ئاسۆی سوارە، ئاسۆی گلێنەم

بەرزان هەستیار - ئەڵمانیا/ کۆلن

"زۆر سەختە باس لە مەرگی گوڵێک بکەیت و بەڵام هێشتا بەرامەی وەک خۆی لە باخەکەدا مابێت”، ئاسۆ گیان بیرتە لە مەرگی شێرکۆی شیعر و شێرکۆی بێکەسدا وام وت؟

ئەی ئێستا چۆن باس لە مەرگی مانگەشەوێک بکەم کە هێشتا بەر پەنجەرەی نائومێدیی و حەوشەو بانیژەی تەنیاییم ڕووناک دەکاتەوە !! لە کوێوە دەست بکەم بە گێڕانەوەی تەقینی ئەو هەموو کانیی پێکەنین و درەوشانەوە و، کوژانەوەی ئەستێرەی ئەو هەموو شەڕ و نیگەرانیی و دیسان ماچ و قاقا و شێتییەمان !!

ئاسۆ، ئەم کەمتەرخەمییەت لە چی، کەسەکەم؟ ئەزانیت ڕۆشتیت و نە، ڕوخسەتت خواست و نە،گوڵی ماڵئاواییەکت لەبەر پەنجەرەی ژوورەکەمدا جێهێشت، ئەو پەلە پەلەت لە چی بوو؟ ئاگری ئەم سەفەرە کتوپڕە لە کوێیە هەڵی گرتی و چۆن شەرم نەیبرد بە ناخی ئەرزا و پڕکێشیی ئەوەی کرد بەربێتە خەرمانی خەونەکانت.

ئاسۆ، مردنی تۆ واتە کشانی سەدان ئەستێرە و کوێربوونی ئاسمان و بەدارشەق ڕێکردنی مانگ.

مردنی تۆ بەچۆکداهاتنی کێوی ئاسوودەیی هاوڕێکانت و وشکەساڵیی زەردەخەنەی”بەیان و کاژین و سۆلین” و مانگگیرانی هەمیشەیی”دایە ڕووناک و مامۆستا عومەر” و هەڵوەرینی تەرزی مێوی خۆشبەختیی”چرۆ و هێرۆ و شنۆ و ناسک”و ئەژنۆ شلبوون و بێبڕستیی”ئاکۆ و شانۆ و ژینۆ"یە.

***

من لە هەموو کەس زیاتر بە گلەییم لێت، بەر لەوەی بڕۆیت بۆ نەهاتیت شەڕێکی تر بە یەک بفرۆشین بۆ ئەوەی هەردووکمان بەردەوام دڵمان بۆ سڵاوێکی یەکتر لەسەر ئاگردانی چاوەڕوانیی بێت.

من لە هەموو هاوڕێکانت پتر ڕقم لێتە، چونکە هێشتت هێندەم خۆش بوێیت کە لە ڕۆشتنتا نێو سنگی خۆم بگەڕێم بۆ سێبەرەکەت و نێو دڵم تەی کەم بۆ”نور”ی ڕووخسارت.

ڕۆشتنێک ڕۆشتیت، نە، لە بوخچەی پێچراوەی هیچ خەونێکدا بوو، نە، هیچ قەرەجێکیش لە لەپی دەستی کەسدا خوێندبوویەوە.

***

ئاسۆ گیان بەیانی جێممەهێڵە، کە ڕۆشتیت هەتا بەر دەرکی سەرام بگەیەنە.

ئاسۆ لەگەڵ تۆمە، ئاسۆ.. ئاسۆ.. ئاسۆ بەڕاستمە و دیسان مەیکەرەوە بە سوعبەت، خۆ تۆ هەر ئەچیت بۆ بازاڕ، کەمێک چاوەڕێم بکە.

ئاسۆ بۆ وەڵامت نەدامەوە، بۆ نەتوت پێنج دەقەی تر حازر نەبیت بەجێتدێڵم؟

بۆ نەتوت کاری پەلەم هەیەو ناتوانم لەسەرت بوەستم، بۆ نەتوت چەتەوڵی مەرگ لەبەر قاپیی دڵم وەستاوە و بە هەر دوو دەست بێ ڕەحمانە پیائەکێشێت و جاڕزی کردووم؟

دە ئیتر منیش بەردەوام تەلەفۆنت بۆ دەکەم.. زڕ.. زڕ.. زڕ.هەر ئەبێ وەڵامم بەیتەوە، هەر ئەبێ ڕۆژێکی تر پێکەوە بچینەوە بازاڕ و بە دەم ڕێوە نوقڵی قسە خۆشەکانی” نارین" بەش بدەیت، زڕ.. زڕ.. زڕ.... چل ساڵە هاوڕێین، کەچی وەڵامی مەرگت دایەوە و هی من نا؟ زڕ..زڕ..زڕ دە هەر وەڵام مەدەرەوە بزانە هەتا قیامەت هەر زەنگت بۆ لێ نادەم ئاسۆی سوارە..، ئاسۆی گلێنەم.


ئەم بابەتە 149 جار خوێندراوەتەوە