Slemany_Xaki.jpg

سلێمانی و خاكی، له‌ دوتوێی كتێبێكدا

گوڵزار حەمە فەرەج

ئەلبومێكی وێنەیی، دیكیۆمێنتەری مێژوییە لەسەر شاری سلێمانی، ھەنگاو بە ھەنگاو باسی بابان و بنیاتنانی شاری سلێمانی لەروی ژیانی كۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسەت و حوكمرانی و رۆڵی پەروەردە فێركردن و، چۆنیەتی پێكەوە ژیان لەروی ئایینیەوە، بوارەكانی ئەدەب و ڕۆژنامەوانی و وەرزش و ھونەریشی فەرامۆش نەكردوەو بەوێنە پڕ لە جوانیەكانی ئەمانباتەوە بۆ ئەو ساتانەی كە لەشاری سلێمانیدا ژیان كراوەو خۆشی و ناخۆشیەكانی تێدا گوزەر كراوە.

لەزاری خۆیەوە ئاسۆ عومەر سوارە، دەڵێ :

مەربوتە حەیاتم بە سلێمانی و خاكی

خۆزگەم بەسەگی قاپێكەی ئەحمەدی كاكی

ھەر ئەو خۆشەویستی و سەرسامیەی كە شێخ رەزای تاڵەبانی ھەیبوە بۆ سلێمانی دەریبریوە و لەئاست گەورەیی و بێوێنەیی و، ڕەگە مێژوییەكەی و ئازایی و ئازادی خەڵكەكەی لەجێی خۆیدا بوە، بەھەمان خۆشەویستی و سەرسامیەوە ئاسۆ عومەر سوارە، عەشقەكەی بەرامبەر سلێمانی دوبارە بۆتەوە و بوەتە ھاندەر كە شانازی بە شاڕێكەوەبكات كە زێدی باو باپیڕانی بوە جوانیەكانی بنەخشێنێ و لە دو توێی كتێبێكی (828) لاپەرەیدا ھەمو ئەو جوانیانە كەلە ھارمۆنی كورستاندا ھەیە كۆیبكاتەوە بیخاتە بەر دیدەو چاوی ھەمو ئەو نەوەو ڕۆڵانەی كەپێی ئاشنا نەببون.

رەنگە لەدوای بەردەست كەوتن و چاوپیاخشاندنی ئەم كتێبەدا ئاسۆی روناكی شارە جوانەكەی خۆیان ببینن و ببێتە بەرچاو ڕونیەك بۆیان كەلە سەدەكانی ڕابردودا ژیان چۆن گوزەر كراوە لەشارە جوانەكەی بابان، ئەم ئەلبومە كە باس لە مێژویی كوردستان دەكات، كە كەوتۆتە باشوری كوردستانی گەورەیی بەشكراو بەپێی بەیانامەی سایكس بیكۆ ساڵی 1916 دا، بەسەر ئێران و عێراق و توركیاو سوریادا، سلێمانی ئەكەوێتە باكوری خۆرھەڵاتی عێراق 355 كم لە بەغداوە دورە، سەبارەت بە ساڵانی ئیشكردن لەسەر ئەلبومەكە ١٧٨٤ - ١٩٩١ ئەگەرێتەوە بۆ بنیاتنانی شاری سلێمانی و ڕاپەرینی خەڵكی كورستان لەدەست جەورو ستەم، ھەر لەزاری خۆیەوە ئاسۆ دەڵێ :

ئەو وێنانەی كۆكراوەتەوە مشتێكە لە خەروارێك و چونكە شارێك ناخرێتە دوتوێی كتێبێك یان ئەلبومێك، ھەتا ئەم شارە بمێنێ و ژیان تێیدا بەردەوام بێت، وێنەو ئەرشیفی زۆرتر دەبێت، بەڵام بەخستنە روی ئەم وێنانە باشترین بەڵگەی یەكلایكەرەوە دەبێت بۆ بون و مانەوەی شاڕێكی وەھا گەورەو جوان بە زیندویی، ئیبراھیم پاشا ھەر كە حوكمی بابانی كەوتە دەست، ئیتر بە شوێنێكی بەردەڵان و بەرتەسك رازی نەبو، بیریان لەوە كردەوە كە لە قەلاچۆلان بگوێزنەوەو بێنە خوارەوە چونكە قەڵەم رەوی بابان شاڕێكی تێدا نەبو، سورداش و بازیان و قەرادرغ ناوەندی بەرێوەبەرێتی ھەندێ لەناوچەكان بون، ئەمانە گوندی گەورەبون، مەحمود پاشا لە نزیك گوندی مەڵكەندی سەرایەكی دروست كردبو، بەتەمابو بیكاتە مەڵبەندی حوكمرانی بەلام فڕیا نەكەوت لایان برد، ئیبراھیم پاشا دڕێژەیدا بەو پڕۆژەیەو، بازارو خان و مزگەوت و چەند خانویەكی لێ دڕوست كرد و بنكەی حوكمرانی لە قەلاچۆلانەوە گوێزرایەوە بۆ شوێنی تازە كە ناویان نا سلێمانی.

سەبارەت بەناوی سلێمانیش ڕای جیاواز ھەیە و بۆچونێك لە مێژودا ھەیە، كەبەناوی میر سلێمانی باپیریانەوە ناونرا بێت، لەبەر ئەوەی بنیاتنانی شارێكی ھاوشێوە خەونی ئەو بوەو، لەكاتی دروستكردنی شارەكەدا، مۆڕێك كە ناوی « سلێمان »ی لەسەر ھەڵكەنراوە دۆزراوەتەوە .


ئەم بابەتە 177 جار خوێندراوەتەوە