نینار: هه‌ستت به چی کرد کاتێک که بۆ یه‌که‌مجار دێکه‌ی خۆتانت به جێهێشت و هاتیت بۆ شار؟
ئه‌دۆنیس: دوای ئه‌وه‌ی دێکهمانم به‌جێهێشت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک بیرم لێنهکردهوه، دواتریش هیچ ئاره‌زوویه‌کم نه‌بوو تا بگه‌ڕێمه‌وه بۆی. به‌ڵام ئێستا، که شتێکم له ژیانی خۆمدا به‌ده‌ستهێناوه و تێگهیشتنێکیشمم له‌سه‌ر دنیا دروستکردووه...
نینار: به‌ڵام خۆ تۆ ده‌رفه‌ت و توانات هه‌یه ئێستاش.
ئه‌دۆنیس: ... ده‌ستمکردووه به‌بیرکردنه‌وه له دێکه‌م، هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌وکاتی سه‌روه‌ختی منداڵی خۆمم له‌وێ بیربکه‌وێته‌وه، تا بزانم چۆن چۆنی بووه. من منداڵیم زۆر شتی پێبه‌خشیم.
نینار: ئایا دنیای دێکه‌تان نه‌گۆڕاوه؟ زه‌حمه‌ت نییه بۆ تۆ هه‌مان ئه‌و دنیایه‌ی ئه‌وسا بێنیته‌وه به‌رچاوی خۆت؟
ئه‌دۆنیس: با، هه‌موو شتێک گۆڕاوه. من شوێنێکی ئه‌وێم بیرده‌که‌وێته‌وه که ئه‌وسا هه‌ستمده‌کرد زۆر گه‌وره‌یه.
نینار: چونکه ئه‌وسا منداڵ بوویت. به‌ڵام ئه‌ی له ئێستادا دێکه‌تان بۆ تۆ چ مانایه‌کی هه‌یه؟ تۆ وه‌ک منداڵێک تا بوویت به پانزه ساڵ له‌وێدا ژیایت، وا نییه؟ ئه‌ی ئێستا چ چاوه‌ڕوانییه‌ک له دێیه‌کی ئاوا ده‌که‌یت، دوای ئه‌وه‌ی که تۆ نزیکه‌ی شه‌ست ساڵه لێی دووریت؟
ئه‌دۆنیس: یادوه‌ریی. ئه‌وێ کانگایه‌که بۆ یادوه‌رییه‌کانم، من پێموایه یادوه‌ری به‌شێکی گرنگی ژیان و ڕۆح و هه‌سته‌کانه. من هه‌ستێکی وام هه‌یه که له‌ناو ئه‌و یادوه‌رییانه‌دا له‌دایکبووم و ده‌بێت هه‌ر له‌ناو ئه‌وانیشدا بمرم. له‌و شوێنه‌دا بمرم که تێیدا له‌دایکبووم. ئه‌و شوێنه ته‌نها جێیه‌ک نییه که تێیدا له‌دایکبووم، به‌ڵکه جێیه‌کیشه که ده‌بێت تێیدا ونبم.
نینار: بۆچی؟
ئه‌دۆنیس: ناتوانم بۆتی ڕوون بکه‌مه‌وه بۆچی، به‌ڵام ئه‌مه شتێکه که هه‌ستی پێده‌که‌م. کاتێک که ده‌مرم ده‌مه‌وێ له‌وێ بنێژرێم. ئه‌وێ ئه‌و لانه‌یه بوو که بۆ یه‌که‌مجار من ژیانم تێیدا بینی، ده‌مه‌وێت بگه‌ڕێمه‌وه بۆ هه‌مان شوێن. ڕه‌نگه هه‌ندێک که‌س پێچه‌وانه‌ی ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌ی منیان هه‌بێت، بۆیه ده‌زانم ئه‌م بیرکردنه‌وانه‌ی من بۆ دێکه‌م شتێکه ته‌نها تایبه‌ته به خۆمه‌وه. ده‌شزانم خه‌ڵک هه‌یه ده‌یه‌وێت که مرد بسووتێنرێت و خۆڵه‌که‌ی بپرژێنرێت به‌سه‌ر توێی ئاوی ده‌ریاوه یاخود بدرێت به‌ده‌م باوه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که په‌یوه‌ندی به منه‌وه هه‌یه ئه‌وه‌یه که ده‌مه‌وێت له دێکه‌ی خۆماندا بنێژرێم.
نینار: به‌ڵام بۆچی؟
ئه‌دۆنیس: نازانم بۆچی، ئیدی وایه و ته‌واو.
نینار: من هه‌وڵده‌ده‌م تێبگه‌م، که بۆچی دێیه‌ک که تێیدا له دایکبوویت گرنگتره له شوێنێکی تر که تێیدا له دایک نه‌بوویت، له کاتێکدا ئه‌م شوێنه‌ی ئێستات جێگای ژیان و خۆشه‌ویستی و کاری تۆیه؟
ئه‌دۆنیس: وه‌کو ووتم ئه‌مه شتێکه که زۆر تهیباته به ئینسان خۆیه‌وه. پێموایه ئه‌مه پرسیاری گه‌ڕانه به‌دوای ڕه‌گدا، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌که بۆ ڕه‌گ و ڕیشه. جۆرێکه له دانهوهدهم یه‌ک و گه‌ڕانه‌وه بۆ خاڵی ده‌ستپێکردن.
نینار: به‌ڵام ژیان و مردن هه‌رچۆنێکبێت خۆیان جۆرێکن له گرێدانه‌وه، یاخود به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان وایانلێدێت، هه‌ریه‌که‌یان له هه‌مان جێ‌دا یاخود دوور له‌یه‌ک ته‌واوکه‌ری یه‌کترین.
ئه‌دۆنیس: وایه، به‌ڵام له هه‌مان ئه‌و جێیه‌دا نه‌مریت که تێیدا له‌دایکبوویت وه‌ک ئه‌وه وایه ژه‌مێک خواردنت هه‌بێت به‌ڵام له‌سه‌ر قاپه‌که‌ت نه‌بێت و له‌بری ئه‌وه شتی تری له‌سه‌ربێت. جیاوازی ئه‌م دوانه زۆر ڕواڵه‌تیانه ده‌بینرێت، به‌ڵام جیاوازییه‌که‌یان زۆر گرنگه.
نینار: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه ئه‌مه بۆیه ده‌که‌یت تا ئاسوده‌بیت؟
ئه‌دۆنیس: به‌ڵام دوای مردن ئینسان هه‌ست به هیچ ناکات.
نینار: وایه! به‌ڵام من پرسیار له‌م هۆیه ده‌که‌م؟
ئه‌دۆنیس: ئه‌مه شتێکه که ناخودئاگا پێی هه‌ڵده‌ستێ. من له ڕاستیدا ناتوانم خوێندنه‌وه‌م هه‌بێت بۆی. هه‌ر بۆیه‌شه ئه‌مه‌ی که ده‌یڵێم جۆرێکه له قه‌ناعه‌تی تایبه‌تی خۆم. من هیچ کێشه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سانه‌دا نییه که ده‌یانه‌وێت له دووری ئه‌و شوێنانه بنێژرێن که تێیدا له‌دایکبوون.
نینار: بۆ نمونه من. من له خه‌سته‌خانه‌یه‌کدا لهدایبووم، بۆیه بۆ من هیچ گرنگ نییه. هه‌ربۆیه‌شه ده‌مه‌وێت که مردم بسووتێنرێم و خۆڵه‌که‌م به‌سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست دا بپرژێنرێت. چونکه ده‌ریای ناوه‌راست بۆ من سمبولی هه‌موو دنیایه.
تۆ ووتت جۆرێک له "شوناس" شتێکه که ئینسان خۆی دروستیده‌کات و به‌رده‌وامیش له گۆڕاندایه، بۆیه په‌یوه‌ندی به‌و وڵاته‌وه نییه که لێوه‌ی هاتوویت. که‌واته بۆچی دێیه‌ک، که شوێنی له‌دایکبوونته هێنده گرنگه؟ من پێموایه چه‌مکی "وڵات" و "ناسیۆنالییهت" ئینسان ده‌که‌ن به کۆیله، وای لێده‌که‌ن که وابه‌سته‌ی دهسهڵاتبێت.
ئه‌دۆنیس: نا، ئه‌مه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به کۆیله‌بوونه‌وه نییه! به‌ڵکه ئه‌مه شتێکی سروشتییه.
نینار: شوناسی تۆ گه‌شه‌ی کردووه و گۆڕانی به‌سه‌رداهاتووه. واتلێکردووه که ده‌وڵه‌مه‌ندتربێت!
ئه‌دۆنیس: ئه‌مه پرسیاری هه‌ڵبژاردنێکه و په‌یوه‌ندیشی به شوناس و ئه‌و جۆره گهشهکردنانهوهوه نییه. بۆ نمونه "ئه‌دوارد سه‌عید" له قودس نه‌نێژراوه به‌ڵکه له شاخه‌کانی لوبنان نێژراوه، له هه‌مان ئه‌و قه‌برسانه نێژراوه که ژنه‌که‌ی و خانه‌واده‌که‌ی تێدا نێژراوون. ئینسان هه‌رگیز ناتوانێت شوێنی له‌دایکبوونی خۆی هه‌ڵبژێرێت، به‌ڵام ده‌توانێت ئه‌و شوێنه هه‌ڵبژێرێت تا لاشه‌که‌ی تێیدا ئارامبگرێت. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌یه که من کردوومه، من ئه‌و شوێنه‌م هه‌ڵژاردووه که ده‌مه‌وێت لاشه‌که‌م تێیدا ئارامبگرێت.
نینار: ئاوا، به‌ڕاستی من له‌م پرسیاره‌دا له تۆ ناگه‌م.
ئه‌دۆنیس: ده‌کرێت تێینه‌گه‌یت و هیچ پێویستیش به لۆژیک هێنانه‌وه ناکات.
نینار: من بڕیارهکهتم قبوڵه به‌ڵام تێیناگه‌م. بهههرحاڵی ئه‌وه نا که لهپرسارهکه ناگه‌م به‌ڵکه ئه‌وه‌ی که تۆ ده‌یڵێیت. له ڕاستیدا تۆ بوویت به که‌سێکی به‌ناوبانگ و شۆره‌تی تۆ به زۆرینه‌ی دنیادا بڵاوبۆته‌وه. به‌ڵام جێیه‌کی پچکۆلهت له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه هه‌ڵبژاردووه که ئه‌ویش دێکه‌ی خۆته که تێیدا له‌دایکبوویت. تۆ ده‌ته‌وێت له‌وێش بتناسن ـ ده‌ته‌وێت ئه‌وێش ببێته دوا شاهیدی تۆ.
* چه‌ند سه‌عاتێک دوای ئه‌وه *
نینار: چۆن شیعره‌کانت یارمهتیانداویت که بژیت و به‌زیندوێتی بمێنیته‌وه؟ ئایا باشت کردووه که وا ژیاویت؟
ئه‌دۆنیس: من پێموایه شیعره‌کانم و نووسینه‌کانم قه‌ره‌بوویه‌کی گه‌وره‌یان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و غه‌ریبیه‌م بۆ وڵاته‌که‌م و شوێنی لهدایبوونم کردۆته‌وه. په‌یوه‌ندی من له‌گه‌ڵ دنیای زماندا به‌هێزتره لهپهیوهندیم له‌گه‌ڵ ئینسان و شوێنه‌کاندا.
ڕه‌نگه ئه‌مه‌ش نوقسانییه‌ک یان هه‌ڵه‌یه‌ک بێت له مندا، به‌ڵام ئیتر وایه. من هه‌رگیز په‌یوه‌ندییه‌کم له‌م جۆره له‌گه‌ڵ شوێندا نه‌بووه، ته‌نها ئه‌و ده‌زووه نه‌بێت که منی به‌و شوێنه‌وه به‌ستۆته‌وه. ئه‌و دهزووهش ئه‌و ده‌زووه سووره بوو که هه‌لی ئه‌وه‌ی بۆ ڕه‌خساندم من خۆم بدۆزمه‌وه، هه‌ر زوو بزانم که من کێم. من نه‌مده‌توانی ئه‌م کاره بکه‌م گه‌ر زمان ده‌ستگیرۆیی نه‌کردمایه.
نینار: ئایا وایه له پێشدا تۆ ئه‌م زمانه‌ت خولقاند ئه‌وسا له‌هه‌مانکاتیشدا خۆتت خولقاند؟
ئه‌دۆنیس: وایه دروسته.
نینار: زمان له‌مڕۆدا بۆ تۆ چ جێیه‌کی هه‌یه؟ ئایه ئه‌م جێگه‌یه له‌گه‌ڵ زه‌مه‌ندا گه‌شه‌ده‌کات؟ پێتوایه له‌مڕۆدا زیاتر پێویستت پێیبێت وه‌ک له‌وه‌ی که له‌ڕابردوودا پێویستت پێی بووه؟ ئایا له ئێستادا زیاتر ده‌سه‌ڵاتت به‌سه‌ر زماندا ده‌شکێت یاخود هێشتا زه‌حمه‌ته به‌سه‌ریدا زاڵبیت؟
ئه‌دۆنیس: ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی که تۆ له‌گه‌ڵ زماندا هه‌ته. چونکه شوناسی من هه‌میشه له‌ناو ماخۆلیابوون و ڕاڕابووندایه بۆ تێگه‌یشتن. بێگومان له لایه‌که‌وه ده‌بێت شوناسی من جێگه‌یه‌کی خۆی هه‌بێت، وه له‌لایه‌کی تریشه‌وه پێویستی به‌و کاته هه‌یه تا له جێگاکه‌ی خۆیدا جێگیرده‌بێت. کات له شوێن گرنگتره. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌شه که په‌یوه‌ندی من به‌کاته‌وه په‌یوه‌ندییه‌کی خهمهێنهرانهیه، چونکه من ده‌زانم پێویستم به کاتێکی زۆر هه‌یه، به‌ڵام تازه من هێنده‌م کات به‌ده‌سته‌وه نه‌ماوه. بۆیه ئه‌و کاتانه‌ی که ناتوانم سه‌رکه‌تووبم به‌سه‌ر کارێکمدا هه‌ستده‌که‌م به‌شێکی زۆر له خۆم ده‌دۆڕێنم. کاتیک ئینسان پیرتردهبێت هه‌ست ده‌کات هێنده‌ی پێویست کاتی نییه بۆ ئه‌وه‌ی فریابکه‌وێت ئه‌وه‌ی پێویسته بیڵێت. ئه‌مه‌ش هه‌ستێکی خه‌ته‌رناکه، به‌تایبه‌تی کاتێک ئینسان شتی زۆری هه‌بێت بۆ وتن و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌شیدا بشکێت و که‌چی کاتی نه‌بێت. هه‌ندێک جار من پێموایه زۆر ڕۆیشتووم که‌چی که‌مم کردووه. هه‌ستێکی وام لادروستده‌بێت که هه‌ستده‌که‌م ئه‌و شتانه‌م هه‌مووی نه‌کردووه که ده‌بوو بیانکه‌م. ئه‌مه‌ش پڕمدهکات له هه‌ستکردن به خه‌مباری.
نینار: ئایا به‌ڕاستی تۆ چیت له نووسینی شیعر ده‌ستکه‌وتووه؟
ئه‌دۆنیس: من پێشووتر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌م دایته‌وه. من ووتم شیعر نووسین وای لێکردم که خۆم بناسم و باشتر له ده‌وروبه‌ری خۆم بگه‌م. له‌سه‌روو هه‌موویانه‌وه فێری کردم که باشتر بژیم.
نینار: ئایا تۆ خۆت شیعرت بۆ خۆت هه‌ڵبژارد یاخود به‌هۆی کاریگه‌ری باوکته‌وه بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و حه‌زی به شیعری کۆنی عه‌ره‌بی کردووه. ڕه‌نگه ئه‌مه شتێک بووبێت که سه‌ره‌تا مهجبوورکرابیت ملی بۆ بده‌یت و دواتریش ئیتر وورده وورده حه‌زت لێیکردووه؟
ئه‌دۆنیس: من له ژینگه‌یه‌کدا له دایکبووم که به‌که‌ڵک بوو بۆ ئه‌و جۆره دانیشتنانه. باوکم بۆ خۆی شیعری ده‌نووسی و ئه‌و فێری کردم که قه‌دری شیعر بگرم. من له شیعردا له‌دایکبووم و ده‌قم به شیعره‌وه گرت. به‌ڵام من خۆم له‌و بهدهقگرتنهی یه‌که‌م دوورخسته‌وه. تا دواتر به شێوازێکی نوێ وا گه‌شه‌ی کرد که له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه جیاوازبوو.
نینار: ئه‌مه مه‌عنای ئه‌وه‌یه که هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه شته‌کان بۆ خۆیان چوونه پێشێ؟
ئه‌دۆنیس: من تازه هیچ شتێکم نییه بیکه‌م سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که پێشووتر هه‌بووم و تێپه‌ڕیوه. شیعر نووسین لای من به‌ته‌واوه‌تی گۆرانی به‌سه‌رداهات.
نینار: واتا هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌موو شتێک ڕێچکه‌ی خۆی گرت؟
ئه‌دۆنیس: ئا، به‌ته‌واوه‌تی هه‌ر وه‌ک خۆم کاتێک که له‌دایکبووم.
نینار: به‌ڵام ئینسان چۆن ده‌زانێت ئه‌وه‌ی که ده‌ینووسێت باشه؟ تۆ چۆن ده‌زانیت ئه‌وه‌ی که ده‌ینووسیت باشه، بۆ نمونه تازه‌یه یان تایبه‌ته؟ ئایا خۆت هه‌ست به‌وه ده‌که‌یت یاخود که‌سانی تر پێتده‌ڵێن تا هه‌ست به‌وه بکه‌یت؟
ئه‌دۆنیس: ئه‌وه‌ڵ و ئاخیر ئه‌مه هه‌لومه‌رجێکی ده‌ره‌کییه. که‌سانی تر ئه‌و بیرۆکانه‌م ده‌ده‌نێ
که کام یان چ مانایه‌ک که من نووسیومن ئه‌و دهیاخوێنێتهوه و په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ده‌به‌ستێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من پێموایه که شاعیر یان داهێنه‌ر خۆی باشترین خوێنه‌ر و ڕه‌قیبی خۆیه‌تی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له هه‌مان کۆنتێکستدا ده‌ژین. کاتێک که تۆ شیعرێک ده‌نووسیت به‌ئاگاییه‌وه بێت یان به بێ ئاگایی به‌راوردی ده‌که‌یت به‌و شیعرانه‌ی که شاعیرانی تر به‌هامان زمان نووسیویانه. سوپاس بۆ ئه‌م به‌راوردکردنه که ئینسان له ڕێیه‌وه ده‌زانێت که به‌رهه‌مێکی تازه و جیاوازی نووسیوه یان نا. پێشموایه شاعیره‌که خۆی شیاوترین ڕه‌قیبه، ئه‌گه‌ر ڕاستگۆبێت له‌گه‌ڵ خۆیدا ئه‌وا خۆی باشترین ڕه‌خنه‌گری نووسینه‌که‌ی خۆیه‌تی.
نینار: پێموایه ئه‌مه بۆ هه‌موو داهێنه‌رێک ڕاسته.
ئه‌دۆنیس: که‌سی تر ناتوانێت باشتر له کاره‌که‌ی ئه‌و تێبگات خۆی نه‌بێت.
نینار: پێتوایه ئینسان پێویستی به هاندانی که‌سانی تر هه‌بێت؟ تۆ خۆت باسی شیعره نوێکانت و بیرۆکه نوێکانت بۆ هاوڕێکانت ناکه‌یت؟ له‌گه‌ڵ کێ باسیان ده‌که‌یت؟ ئایه تا چه‌نده گرنگه ڕێ به که‌سانی تر بده‌یت به‌راوردی ئه‌و بیرۆکه تازانه بکه‌ن له‌گه‌ڵتا، یاخود باشتروایه دواتر ڕێ به‌وکه‌سانه بده‌یت ئه‌و کاره‌بکه‌ن کتێک که بیرۆکه‌که‌ت کامڵده‌بێت و ده‌که‌وێته سه‌ر کاغه‌ز؟
ئه‌دۆنیس: پێشتر وا ڕاهاتبووم پێش بڵاوکردنه‌وه‌یان شیعره تازه‌کانم بۆ هاوڕێکانم بخوێنمه‌وه. به‌ڵام ده‌مێکه واناکه‌م و وازم له‌وه‌هێناوه. ئه‌وه‌ی ده‌یڵێم بۆ یه‌ک جار ده‌یڵێم و بۆ هه‌موو که‌س.
نینار: له چ ئاستێک‌دا هونه‌رمه‌ندان، بێ جیاوازی کایه‌ی کارکردنه‌کانیان، پێویستیان به ڕه‌خنه هه‌یه له‌لایه‌ن تێکڕای خه‌ڵکه‌وه یاخود له‌لایه‌ن که‌سانی پسپۆڕه‌وه؟
ئه‌دۆنیس: ئه‌وه‌ی که په‌یوه‌ندی به منه‌وه هه‌یه سه‌باره‌ت به ڕه‌خنه له‌لایه‌ن تێکڕای خه‌ڵکه‌وه یان جه‌ماوه‌ره‌وه بۆ من هیچ ئه‌رزشێکی نییه. چه‌مکی "جه‌ماوه‌ر" ئه‌فسانه‌یه، هه‌ر وشه‌که له ڕاستیدا بۆخۆی بازرگانییه‌کی به‌هێزه بۆ یه‌کگرتن به‌بێ هیچ ڕێکه‌وتنێک. که ده‌ڵێین جه‌ماوه‌ر واتا کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی زۆر که هه‌موویان له‌یه‌کتری جیاوازن. ئه‌گه‌ر ئینسان قسه بۆ جه‌ماوه‌ر بکات ئه‌وا مانای ئه‌وه‌یه له کاره‌که‌یدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و شته ده‌کاته‌وه که گشتییه نه‌ک ئه‌وه‌ی که دانسقه و تایبه‌ته. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌یه من حه‌ز به گشت، یاخود جه‌ماوه‌ر ناکه‌م. ئه‌وه‌ی بۆ من جێگای بایه‌خه تاکه، که‌سه‌که‌یه، خوێنه‌ره. تۆ ته‌نها بۆ ئه‌وه نانووسێت بۆ ئه‌وه‌ی بخوێنرێیته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش نانووسێت تا گوزارشت له خۆت بکه‌یت، من دژی هه‌موو ئه‌م بیرکردنه‌وانه‌م، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئینسان ناتوانێت هه‌میشه گوزارشت له خۆی بکات که چییه. له‌بری ئه‌وه تۆ ده‌نووسێت و خهلقدهکهیت بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت خۆت کێیت، بۆ ئه‌وه‌ی باشتر له خۆت تێبگه‌یت که تۆ چیت، بۆ ئه‌وه‌ی دواتریش باشتر له هه‌موو دنیا تێبگه‌یت.
نینار: بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆڵ و کاردانه‌وه‌ی خۆتت هه‌بێت له‌ناو کۆمه‌ڵگاکه‌تدا و هه‌روه‌ها له‌ناو دنیاشدا؟
ئه‌دۆنیس: ئه‌گه‌ر خه‌ڵک کاردانه‌وه‌ی بۆ کاره‌که‌ی خۆی هه‌بێت و حورمه‌تی ئه‌و کاردانه‌وه‌یه بگیرێت، من ئه‌مه به‌کارێکی باش ده‌زانم. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌و که‌سه حورمه‌تی کاره‌که‌ی خۆی نه‌گرێت ئه‌وا ناتوانێت هیچ شتێکیش به من ببه‌خشێت. دیاره هونه‌رمه‌ندان و نووسه‌رانێکی زۆریش هه‌ن که بۆ جه‌ماوه‌ر کارده‌که‌ن و ده‌نووسن، به‌ڵام من کاری وا ناکه‌م.
* دوای چه‌ند سه‌عاتێکی تر *
نینار: سنووره‌کانی شیعر کامانه‌ن؟ خه‌سڵه‌ته‌کانی چین؟ ئایا شیعر ده‌توانێت فریا بکه‌وێت و پێبهپێی هه‌موو گۆڕانکارییه‌کان بڕوات، خۆی بگۆڕێت و ستیلێکی شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌بێت؟ یاخود ده‌بێت خۆی له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له‌و یاسایانه‌دا بگونجێنێت؟
ئه‌دۆنیس: خه‌سڵه‌تێک هه‌یه هی هه‌موو هونه‌ره‌کانه، که دیاره شیعر و په‌یکه‌رتاشی و وێنه‌کێشانیش ده‌گرێته‌وه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که هیچ یاسا‌و سنوورێک نایانگرێته‌وه. هونه‌رمه‌ند خۆی بڕیار له‌سه‌ر یاساکان ده‌دات، هه‌ندێک جار ده‌توانێت سه‌رله‌به‌ری هه‌موو یاسا سه‌ره‌تاییه‌کان له‌ناو هونه‌ره‌که‌ی خۆی یاخود شیعراندنی خۆیدا بگۆڕێت، که‌س ناتوانێت له‌ویادا پێی بڵێت که ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یکات هونه‌ره یاخود هونه‌ر نییه. به‌دڵنیاییه‌وه یه‌کێک له هه‌ره نهێنییه گه‌وره‌کانی داهێنه‌ر ئه‌وه‌یه که نا‌توانیت سنووری له‌به‌رده‌مدا دابنێیت یاخود بیخه‌یته ناو پێناسه‌کانه‌وه. هونه‌ر شتێکه هه‌میشه و به‌رده‌وام له جوڵه‌دایه، جوڵه‌ش بۆ خۆی تازه‌یه و یاسای تایبه‌ت به خۆیی هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه بڕواناکه‌م که یاسایه‌ک هه‌بێت بۆ شیعر، ته‌نانه‌ت هه‌ندێک جار ناشیعر خۆی ده‌بێته شیعر.
نینار: ئایه تۆ چۆن ده‌ته‌وێت باس له په‌یوه‌ندی خۆت و زمانی عه‌ره‌بی بکه‌یت؟ له‌یه‌ک کاتدا که هه‌م که‌ره‌سته‌ی کارکردن و هه‌م شوناسیشته، هه‌م جه‌سته‌ش و هه‌م ڕۆحیشته؟
ئه‌دۆنیس: من ناتوانم بیر له‌وه‌بکه‌مه‌وه به زمانێکی تر بنووسم. زمانی عه‌ره‌بی له مندا ده‌ژی و هه‌میشه‌ش دڵپیسه و چاوی به زمانی تر هه‌ڵنایه‌ت. زمانی عه‌ره‌بی به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو ڕه‌گی له مندا داکوتیوه، ڕه‌نگه هۆی ئه‌وه‌ش بێت که من نه‌متوانیوه به ئاسانی فێری زمانی تر ببم. ئه‌وه‌نده‌ی که من زمانی عه‌ره‌بیم خۆشویستووه هێنده خۆمم خۆشنه‌ویستووه. بۆیه ئه‌و له مندا ماوه‌ته‌وه و ڕێیپێنهداوم زمانێکی تر فێرببم.
نینار: منیش پێموایه هه‌ر وایه.
ئه‌دۆنیس: جارێکیان خانمێکی هاورێم دوای ئه‌وه‌ی که گوێی لێمبوو به زمانی عه‌ره‌بی چه‌ند شیعرێکی خۆمم خوێنده‌وه، پێی ووتم: "تۆ پێویستت به ئافره‌ت نییه، چونکه تۆ عه‌شق له‌گه‌ڵ زماندا ده‌که‌یت". ئه‌و ڕاست بۆی چووبوو.
نینار: تۆ چ ئامۆژگارییه‌کت بۆ من هه‌یه بۆ په‌یوه‌ندی گرتنی من له‌گه‌ڵ زماندا؟ ئه‌مه شتێکه که تووشی دڵه‌له‌رزه‌ی کردووم. ده‌توانم تۆزێک به عه‌ره‌بی بنووسم، به‌ڵام زۆر باش نیم. دیتنی من بۆ زمان ده‌بێت وه‌ک هه‌ڵوێستێک و ئه‌رکیکی سه‌رشان وابێت، یاخود وه‌ک خۆشه‌ویستێک که من ده‌ستبه‌رداری بووم و که‌چی ئه‌و دوام ده‌که‌وێت و وازم لێناهێنێت. به‌ڵام من حه‌زیش ده‌که‌م به‌چه‌شنێک هێنده باش فێری زمانی عه‌ره‌بی ببوومایه تا بمتوانیایه باشتر تۆ بناسم و شوناسی عه‌ره‌ب بوونی خۆم بپارێزم. زمانی عه‌ره‌بی ده‌یتوانی په‌رده له‌سه‌ر زۆر شتی تۆ هه‌ڵماڵێت بۆ من! سه‌یره، وانییه؟
ئه‌دۆنیس: وایه، ئه‌وه کێشه‌یه، به‌ڵام من ناتوانم ئه‌و کێشه‌یه‌ت بۆ چارهبکهم. ده‌بێت ئه‌و کاره ته‌نها هه‌ر خۆت بیکه‌یت. له ڕاستیدا مه‌حاڵه تۆ بتوانیت له شاعیرێک بگه‌یت گه‌ر بێتوو ئه‌و زمانه‌ی ئه‌و شاعیره پێیده‌نووسێت زۆر به‌باشی نه‌یزانیت، ئینسان ده‌توانێت به‌شێکی ئه‌و تێگه‌یشتنه له ڕێگه‌ی وه‌رگێڕانه‌وه پێیبگات، له بیرۆکه‌کان بگات، له وێنه‌کان و شته گشتییه‌کان، به‌ڵام ته‌نها ده‌توانێت به‌شێکی ئه‌و شیعره بژیت نه‌ک هه‌مووی. به‌ڵام گه‌ر ئینسان بیه‌وێت به ته‌واوه‌تی له شاعیرێک بگات ده‌بێت بتوانێت ئه‌و شیعرانه به‌و زمانی دایکه بخوێنێته‌وه که پێێ نووسراوه. ئه‌مه‌ش کێشه‌ی وه‌رگێڕانه و به‌جۆرێک له جۆره‌کان هه‌ر ئه‌و کێشه‌یه‌شه که تۆ دوچاری بوویت.
نینار: به‌ڵام تا چ ئاستێکی باش ده‌بێت من خۆم فێری زمانی عه‌ره‌بی بکه‌م؟
ئه‌دۆنیس: ده‌بێت تۆ زۆر به‌باشی فێربیت، ئه‌گه‌رچی بۆ تۆ له‌ئێستادا زه‌حمه‌ته ئه‌وه بکه‌یت.
نینار: سنووری ئه‌و فێربوونه تا کوێیه؟ کێ ده‌توانێت ئه‌و ئاسته دیاریبکات؟
ئه‌دۆنیس: که‌س ناتوانێت به‌شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان به‌سه‌ر هیچ زمانێکدا زاڵ‌بێت. ئینسان ته‌نها ده‌توانێت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر به‌شێکیدا بشکێت. زمان وه‌ک ئه‌و ئاسۆ بێکۆتاییه وه‌هایه که ئینسان به‌ره‌وڕووی ده‌ڕوات. ئینسان تا چه‌ند بڕوات، زیاتر هه‌ستی ئه‌وه‌ی له‌لادروست ده‌بێت که زه‌خیره‌ی زمانی هێشتا که‌مه و بڕناکات. به‌ڵام لایه‌نێکی کۆمه‌ڵایه‌تیشی هه‌یه که: ئێمه له زمانێکدا له‌دایکده‌بین که ده‌بێته پێستمان، ده‌بێته ده‌ماره‌کانمان و خوێنمان. ئه‌گه‌ر ئینسان له سه‌ره‌تاوه زمان نه‌هێنێته ناو خۆیه‌وه، وه‌کو ده‌ڵێن له‌گه‌ڵ شیردا نه‌یخواته‌وه، ئه‌وا ئینسان ناتوانێت زمان فێربێت. ئینسان ده‌توانێت خۆی فێربکات بخوێنێته‌وه، به‌ڵام ناتوانێت زۆر به‌باشی پێیبنووسێت.
زمان وه‌ک ئه‌و یه‌که‌م قریشکهیه وه‌هایه که ئینسان له سینه‌یه‌وه ده‌رده‌چێت کاتێک که له‌دایک ده‌بێت، زمان ئه‌و یه‌که‌م ههنسکهیه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که تۆ که‌سێکی داهێنه‌ریت، هونهرمهندێکیت، پێویسته ئه‌و زمانه‌ی که تۆ به‌کاریده‌هێنیت له‌و ئاسته‌دابێت. تۆ ده‌توانیت زمانی فه‌ره‌نسی هه‌ڵبژێریت به‌ڵام ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه که هه‌میشه ئاسته‌نگێک له نێوان من و تۆدا ده‌بێت. ده‌بێت ئه‌و دوو ئاسته‌نگه‌ش قبوڵبکه‌یت که ده‌بێته هۆی دڵه‌له‌رزه بۆ تۆ، ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م شاعیرێکدا و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م زمان ناسیدا. من نازانم ئه‌وه چ زمانێکه که تۆ ده‌توانیت پێێ بقیژێنیت و پێی بگریت، نازانم که ئه‌وه فه‌ره‌نسییه یان عه‌ره‌بی، به‌ڵام من پێموایه زمانی عه‌ره‌بی وه‌ک زمانێکی کلتووریی به‌رده‌وام لێت نزیکده‌بێت سه‌رباری ئه‌وه‌ی که هه‌رگیز ناتوانێت ببێت به زمانێکی دایکی ڕاسته‌قینه بۆ تۆ.
نینار: من پێموایه گه‌ر که‌سێک له ڕاستیدا بیه‌وێت له شیعره‌کانی تۆ بگات ئه‌وا ده‌بێت وه‌ک به‌شێک له عه‌شق سه‌یری شیعره‌کانی تۆ بکات. په‌یوه‌ندییه‌ک له گۆشت و خوێن له نێوان تۆ و ئه‌و زمانه‌دا دروستبووه که به‌کاریده‌هێنیت. ئینسان نابێت ته‌نها خۆشی به وشه‌کان بێت به‌ڵکه له‌بری ئه‌وه ده‌بێت ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی تۆ و زمانی عه‌ره‌بی تێبگات و ته‌نها حسابی ئه‌و پرسیاره بۆ وشه‌کان نه‌کات به‌ڵکه حساب بۆ ئه‌و شێوه ده‌ربڕینه‌ی تۆش بکات بۆ وشه‌کان.
ئه‌دۆنیس: ئه‌وه‌ی که تۆ ده‌یڵێیت هه‌ر زۆر گرنگه. به‌ڕاست ئه‌وه خۆت گه‌یشتوویت به‌م ده‌رئه‌نجامه؟
نینار: به‌ڵێ، ئه‌مه ئاشکرایه. له‌ڕاستیدا ئه‌مه گومانی تێدانییه، ئینسان خۆی ده‌یبینێت.
ئه‌دۆنیس: تۆ پێتوایه که زمانی عه‌ره‌بی منی خسبێته ناو هه‌ره‌مێکه‌وه؟
نینار: زمان دۆسته‌که‌ی خۆته.
ئه‌دۆنیس: هه‌ره‌مێکی به چوارده‌وری مندا دروستکردووه و کارێکی کردووه که خوێنه‌ره‌کانم نه‌توانن به‌ته‌واوه‌تی تێمبگه‌ن و سه‌رومڕ حاڵیبن لێم. کاتێک ئینسان زۆرینه‌ی ئه‌و شاعیرانه‌ی تر ده‌خوێنێته‌وه که به عه‌ره‌بی ده‌نووسن سه‌رنجێکی له لا دروستده‌بێت که ئه‌وان له شوێنێکدان و زمانیش بۆ خۆی له شوێنێکی تردایه.
نینار: بۆیه منیش له ئێستادا پێموایه که تۆ و زمانی عه‌ره‌بی یه‌کێکن. ناکرێت ئێوه شتێکی تربن. ئه‌گه‌رچی من شیعره‌کانی تۆم نه‌خوێندۆته‌وه به‌ڵام هه‌ستده‌که‌م که په‌یوه‌ندی تۆ و زمانی عه‌ره‌بی زۆر به‌هێزه. من هه‌رگیز گوێم له که‌سێکی زیندووی تر نه‌بووه وه‌ک تۆ. دیاره ده‌کرێت ئینسان "المتنبی" یان که‌سێکی هاوشێوه‌ی ئه‌وی بیربکه‌وێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه مردوون.
ئه‌دۆنیس: زۆر که‌س هه‌ن له‌گه‌ڵ تۆدا هاوڕان، تۆ ته‌نها که‌س نیت کهوادهڵێیت. هه‌موو ئه‌وانه‌ی که گوێیان له خوێندنه‌وه‌ی شیعری من بووه ده‌ڵێن شتێکی تایبه‌تی تێدایه، هه‌ستکردنێکی جیاوازه. بێ له‌وه ده‌شڵێن که‌سێکی تر نییه له هه‌موو وڵاتانی عه‌ره‌بیدا که وه‌کو ئه‌دۆنیس بتوانێت شیعر بخوێنێته‌وه.
نینار: له هه‌موو دنیاشدا نییه!
ئه‌دۆنیس: ئه‌مڕۆ شتێکی زۆر جوانم خوێنده‌وه که فیلیپ سوله‌ر نووسیبووی.
نینار: له‌سه‌ر بێکت؟
ئه‌دۆنیس: ئا له‌سه‌ر بێکت. له دواهه‌مین ڕسته‌دا ده‌ڵێت: "ده‌نگ بۆنێک له حه‌قیقه‌ت له‌گه‌ڵ خۆی هه‌ڵده‌گرێت". جوانه وانییه؟ زمان ده‌نگێکه. ئه‌م ڕسته‌یه‌م زۆر پێجوان بوو. ئه‌گه‌ر تۆ ساتێک له زمان وه‌ربگریت و وه‌ک من که ده‌توانم بیخوێنمه‌وه ئاوا بیخوێنیته‌وه ئه‌وکات به‌ڕاستی هه‌ستده‌که‌یت که بۆنی حه‌قیقه‌تێکی تێدایه.
نینار: تۆ جارێکیان وتت بۆ ئه‌وه‌ی مانای وشه‌ی عه‌ره‌بی تێبگه‌یت ده‌بێت بگه‌ڕێیته‌وه بۆ زمانی خه‌ڵکی، بۆ دیالێکتی زمانه‌که. مه‌به‌ستت له‌وه چی بوو؟ تۆ ئه‌وکاته وات ووت که له‌گه‌ڵ سه‌میر ئه‌مینی ئابوریناسدا قسه‌ت ده‌کرد.
ئه‌دۆنیس: نه‌خێر، ئه‌وه‌ی که من وتم ئه‌وه‌بوو که زۆرینه‌ی ئه‌و وشانه‌ی له ناو زمانی عامیدا هه‌ن له‌ناو ئه‌ده‌بیاتی عه‌ره‌بیدا ڕه‌گێکی تایبه‌تیان به خۆیان هه‌یه. له‌به‌رئه‌وه‌یه هه‌ندێک جار ده‌بێت ئینسان زیاد له زمانی ئه‌ده‌بیات و زانست زمانی عامی هه‌ڵسه‌نگێنێت که زمانی ژیانی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵکه. ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که وشه‌ش وه‌ک هه‌ر بوونه‌وه‌رێکی تر ده‌مرێت کاتێک که ئیتر به‌کارناهینرێت. زۆر شاعیر هه‌ن که ده‌چنه ناو قه‌برسانی زمانه‌وه تا وشه هه‌ڵبکۆڵن و بیدۆزنه‌وه. به‌ڵام ئه‌و وشانه‌ی که ده‌یدۆزنه‌وه زۆرینه‌یان مردوون و بۆ به‌کارهینان ناشێن، زۆرجار ئه‌و وشانه له ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتنی گشتیدان. له‌به‌ر ئه‌وه ئینسان ده‌بێت زۆر به‌وردی ته‌نها ئه‌و وشانه به‌کاربهێنێت که ڕه‌گیان له‌ناو ژیانی ڕۆژانه‌دا هه‌یه. کێشه‌ی شیعر ئه‌وه‌یه که وشه بۆ خۆی به‌ته‌نها بوونێکی سه‌ربه‌خۆی نییه به‌ڵکه به‌سه‌ر ته‌ونێکه‌وه به‌ش به‌شکراوه. کاری شاعیریش ئه‌وه‌یه که ئه‌و ته‌ونه بچنێت، وشه‌کان پێویسته پێکه‌وه بچنرێن. ئه‌مه‌ش خۆڕسکانه دروستده‌بێت، چونکه وشه خۆی ده‌زانێت که ده‌بێت چۆن بچنرێت.
نینار: تۆ پێتوایه بۆچی خه‌ڵکی له وڵاته عه‌ره‌بییه‌کاندا هێنده پابه‌ندی داب و نه‌ریتن؟ من به‌شبه‌حاڵی خۆم پێموانییه که هه‌موو داب و نه‌ریتێک شایسته‌ی ئه‌وه‌بێت پارێزگاری لێبکرێت، ئه‌و که‌سانه‌شی ده‌ستبه‌رداری دابونه‌ریته کۆنه‌کان نابن ئه‌وانه‌ن که توانای ئه‌وه‌یان نییه کارێک بۆ دواڕۆژ بکه‌ن. له ئه‌وروپادا دابونه‌ریته‌کان به‌هۆی کاریگه‌ری شۆڕشه‌کانه‌وه که‌وتونه‌ته پشته‌وه و دیارنه‌ماون.
ئایه شۆڕش گه‌لێکی وا له مێژووی عه‌ره‌بیدا هه‌ڵگیرساوه که خاوه‌نی بیرۆکه‌ی دیموکراتی و ئه‌نارشییه‌ت بووبێت؟ ئایه خه‌ڵکی هه‌وڵی شۆڕشی له‌وجۆره‌یان داوه؟ دیاره من ده‌زانم که ڕاپه‌ڕین ڕوویداوه وه‌ک یاخیبوونی خه‌ڵکی دژی به هێزی داگیرکه‌ران یاخود دژ به سه‌رباز و کۆلۆنیالیسته‌کان. به‌ڵام ئایا شۆڕشێکی له‌و چه‌شنه له‌ناو که‌سایه‌تی ئینسانی عه‌ره‌بی و بونیاتی مێژووییاندا ڕوویداوه؟
ئه‌دۆنیس: دیاره له ناو مێژووی عه‌ره‌بیدا زۆر شۆڕش ڕوویانداوه، وه تاکو ئێستاش ڕوو له ڕوودانن. بێگومان به‌شێک له‌و یاخیبوونه بچوکانه یاخود ئه‌و ڕاپه‌ڕینانه ئامانجێکیان هه‌بووه به‌ڵام دواتر ئیسلام ئه‌و ته‌فسیره جیاوازانه‌ی بۆ کردوون که خۆی ویستوێتی. سه‌رباری ئه‌وه‌ی که هه‌موو بیریاره عه‌ره‌به‌کان هه‌ر له "ئه‌بو نه‌واس" تا "موعه‌ری"، هه‌روه‌ها هه‌ر هه‌موو شاعیره گه‌وره‌کان و فه‌یله‌سوفه‌کان دژ به دیین بوون. وه هیچ بیرۆکه‌یه‌کی گرنگ له دیینه‌وه وه‌ک بڵاوبونه‌وه‌ی بۆنێک له گوڵێکه‌وه ڕاسته‌وخۆ سه‌ریهه‌ڵنه‌داوه. به‌ڵام به‌دیوێکی تردا بیریاران و شاعیران چه‌ندان گوڵیان خهلقکردووه که بۆن و به‌رامه‌ی جیاوازی هه‌بووه و باشتریش له دین بڵاوبۆته‌وه. هه‌ر هۆی ئه‌مه‌شه که هیچ مانایه‌کی به‌هێز نادۆزیته‌وه له ئه‌ده‌بیاتی دینیدا که ئیسلام توانیبێتی خۆی باس له دیین بکات. ته‌نانه‌ت یه‌ک فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلامیش نییه، به‌ڵکه ته‌نها تیۆلۆگی "خوداناسی" و شه‌ریعه‌ت هه‌یه که ئه‌وانیش یاسان. ئه‌وه تیۆلۆگی و شه‌ریعه‌ته‌ی که قورعان روونده‌کاته‌وه، وه له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیسته‌می خوێندنهوانهشهوه ڕێباز و یاساکان جێگیربوون. به‌ڵام ئه‌ده‌ب و شیعر هه‌میشه دژ به دیین بوون. هه‌ر شاعیره و خۆی به‌پێغه‌مبه‌رێک زانیوه، چونکه ئه‌وان پێیان وابووه شیعره‌کانیان باشترینه و دژ به دیین به‌کاریانهێناوه. به‌ڵام هه‌موو ئه‌م ئه‌ده‌بیاته‌ی که دژ به دین بووه بێگومان دواتر به‌په‌راوێزخراوه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که دژی دین و ئه‌و ئه‌خلاقیاته دینی و نهریتگهرایانه بوون که له‌ئارادابوون.
نینار: باشه ئه‌ی بۆچی تا ئێستا شۆڕشێکی ڕاسته‌قینه ڕووینه‌داوه؟
ئه‌دۆنیس: زۆر بزوتنه‌وه‌ی پێشکه‌وتووخواز هه‌بوون داوای سێکولاریزهکردنیان کردووه.
نینار: که‌ی؟
ئه‌دۆنیس: له مێژووی تازه‌ماندا. زۆر له پارت و خه‌ڵکانی ڕۆشنبیر له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ئه‌م جۆره داوایانه‌یان کردووه، به‌ڵام هه‌موویان ئه‌و شه‌ڕانه‌یان دۆڕاندووه. ئه‌وان زۆر ئاسان له‌به‌رده‌م ئه‌و تۆڕه گشتییه‌ی کۆمه‌ڵگادا شکستیان هێناوه و به‌رپه‌رچ دراونه‌ته‌وه چونکه بیروبۆچوونیان جێی قبوڵکردن نه‌بووه.
نینار: باشه بۆچی؟
ئه‌دۆنیس: له‌به‌رئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی دیین زۆر به‌هێزبووه.
نینار: هه‌روه‌ها داب و نه‌ریتیش.
ئه‌دۆنیس: داب و نه‌ریت و دامه‌زراوه ئاینییه‌کانیش.
نینار: ئه‌ی باشه بۆچی شۆڕش له کۆمه‌ڵگا ئه‌وروپییه‌کاندا توانی سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت؟
ئه‌دۆنیس: له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌کێک له‌و هۆیانه‌ی که له هه‌موویان گرنگتره و له‌پشت شکستهێنانی هه‌موو شۆڕشهکانهوهیه ئه‌وه‌یه که دینی ئیسلام ته‌نها دینی ئیمان و باوه‌رهێنان نییه به خودا، به‌ڵکه دینی ئیسلام جۆرێکیشه له شێوازی ژیان، دیین بناغه‌یه‌که بۆ پێکه‌وه‌نانی هاوسه‌رێتی و کولتور و خێزان و چه‌ندان شتی تر.
نینار: وه‌ک له دینی مه‌سیحییه‌ت و جوله‌که‌شدا هاتووه. له چوارچێوه‌ی هه‌موو دیینه تاکخواییهکاندا ئه‌و قه‌ده‌غه‌کردنانه بائاشکرا دیارن، بۆ نمونه: بۆت نییه وا بکه‌یت، به‌ڵام باشه وابکه‌یت. بۆت نییه به‌و شێوه‌یه عه‌شق له‌گه‌ڵ ئافره‌تدا بکه‌یت، به‌ڵام بۆت هه‌یه به‌م شێوه‌یه بیکه‌یت!
ئه‌دۆنیس: ئا، به‌ڵام کاتێک شۆڕش به‌باشی ده‌ستیکرد به گۆڕانکاری و پیاده‌کردن ئه‌وکات هه‌ندێک شت پێبهپێی ئه‌و ده‌گۆڕێن. له ئه‌وروپادا شۆڕشی تایبه‌ت و گه‌وره ڕویاندا که له‌و چه‌شنه له وڵاتانی عه‌ره‌بیدا ڕوویان نه‌داوه. شۆڕش هه‌ر له‌خۆوه ڕوونادات به‌ڵکه پێویستی بهکهشوههوایهکی وه‌ها هه‌یه که هه‌ڵگری هه‌ڵگیرسانی ئه‌و شۆڕشه و کۆمه‌ککردنی بێت.
نینار: مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه که ئه‌و که‌شوهه‌وا کلتوری و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که له ناو دنیای عه‌ره‌بی ئیسلامی‌دا هه‌یه ناتوانێت ببێت به پاڵپشت بۆ ئه‌م جۆره شۆڕشانه، وایه؟
ئه‌دۆنیس: وایه ڕاسته. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک کاتێک ده‌توانیت بگۆرێت و پێشبکه‌وێت که به‌شێک له ڕۆشنبیران هۆشیار و پێشکه‌وتوو سیکولار و شۆڕشگێڕبن.
بۆ نموونه له لوبناندا شۆڕشگێڕی زۆر هه‌ن، به‌ڵام کۆمه‌ڵگه ته‌نها به‌مه ناگۆڕێت. کۆمه‌ڵگه‌یه‌ک ناتوانێت بگۆڕێت ئه‌گه‌ر ده‌زگاکانی نه‌گۆڕێن، هه‌روه‌ها گه‌ر بنه‌مای ده‌سه‌ڵات و بنه‌مای خێزان تێیدا نه‌گۆڕێت. کاتێک که ده‌زگاکان ده‌گۆڕێن هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ش له‌گه‌ڵیدا ده‌گۆڕێت. به‌ڵام ته‌نها بیرۆکه‌ی گۆڕان به‌س نییه بۆ گۆڕینی ده‌زگاکان. ده‌بێت له ڕاستیدا شۆڕشێک به‌رپابکرێت، ده‌بێت خه‌ڵکی قبوڵی گۆڕان بکات، به‌تایبه‌تی گۆڕانی ده‌زگاکان.
نینار: چۆن وا له خه‌ڵکی بکرێت که قبوڵی ئه‌و گۆڕانکاریانه بکه‌ن؟
ئه‌دۆنیس: ده‌کرێت خه‌ڵکی هه‌ندێک له‌و گۆڕانانه قبوڵبکه‌ن. به‌ڵام کاری وا کاتی ده‌وێت. ئاسان نییه تۆ شۆڕشه‌کان به‌یه‌کتری به‌راوردبکه‌یت.
نینار: ناکرێت خه‌ڵکی له شه‌و و ڕۆژێکدا ئه‌و گۆڕانانه قبوڵبکه‌ن. مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه بڵێیت که خه‌ڵکی پێویستی به‌کاته بۆ ئه‌وه‌ی خۆی ئاماده‌بکات.
ئه‌دۆنیس: پێویستی به پڕۆژه‌یه‌کی به‌رده‌وام و درێژ هه‌یه. تا ئێستا ئێمه له‌م پرۆژه‌یه‌دا سه‌رکه‌وتوو نه‌بووین، پێویسته دان به‌م ڕاستییه‌دا بنێنین.
نینار: ئینسان ده‌توانێت ڕۆژانه له نزیکه‌وه چاودێری ئه‌م پڕۆسه‌یه بکات؟
ئه‌دۆنیس: ده‌بێت هه‌میشه جه‌غت له بیرۆکه‌کان بکه‌ین. ده‌بێت به‌رده‌وام قسه له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆکانه بکه‌ین و وازنه‌هێنین ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌مێک پێشکه‌وتن هاتۆته ئاراوه. هه‌ندێک پێشکه‌وتنی بچووک هه‌ن ڕه‌نگه به‌هۆی هه‌ندێک هۆکاره‌وه نهبینرین و دواتر بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌مان دۆخی سه‌ره‌تا.
نینار: به‌شه ئه‌ی لێکدانه‌وه‌ی تۆ چییه بۆ زۆر له ڕۆشبیره چه‌په‌کان و هه‌ندێک جاریش بۆ ئه‌و ڕۆشنبیره ڕاستڕه‌وه توندانه‌ی که دوای جه‌نگ ده‌بن به ئیسلامیی؟ له‌ڕاستیدا ئه‌مه شتێکی هه‌ر زۆر سه‌یره!
ئه‌دۆنیس: ئه‌وه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه که قه‌ناعه‌ته‌کانیان له‌سه‌ره‌تاوه له‌رێی بیرکردنه‌وه‌یه‌که‌وه نه‌بووه که خاوه‌نی ڕه‌گ و ڕیشهبێت. ئه‌وانه سیاسی بوون، ئه‌وه‌ی که لای ئه‌وان گرنگبووه ئه‌وه‌بووه که چۆن ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست. ئه‌وان پێیان وابووه که ده‌توانن هه‌موو شتێک بگۆڕن گه‌ر بێتوو ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست. به‌ڵام ئه‌زموونه‌کان پیشانیان دا که ئه‌وان هه‌موویان هه‌ڵه‌بوون. ده‌سه‌ڵاتگرتنه ده‌ست به ته‌نها بێماناییه‌کی گه‌وره‌یه. ئه‌گه‌ر هات و ته‌نانه‌ت ئه‌و ده‌سته‌ڵاته له‌رێگه‌ی شۆڕشیشه‌وه به‌ده‌ستبهێنرێت ئه‌وا دواتر ده‌بێته هۆی گه‌نده‌ڵییه‌کی زۆر زیاتر له‌وانه‌ی که پیشووتر ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌سته‌وه بووه. ئه‌و پارته کۆنانه‌ی که وه‌ک پارتی نه‌ته‌وه‌یی ناوده‌برێن و دوای پرۆسه‌ی ئازادی ده‌سه‌ڵاتیان گرتۆته‌ده‌ست، زۆر له‌و پارتانه‌ی که ئه‌مڕۆ خۆیان به پارتی شۆڕشگێر ده‌زانن لهبرهوتر و پارادۆکسالترن.
نینار: چ شتێک له سه‌ری چه‌پڕه‌وێکی توندڕه‌ودا ڕووداده‌ت که ده‌بێت به که‌سێکی ئیسلامی؟
ئه‌دۆنیس: زۆر شت ڕووده‌دات. چونکه پیش هه‌رشت بنه‌مای ئایدۆلۆژییه‌تی چه‌پ له دنیای عه‌ره‌بیدا خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندییه‌کی وه‌هابوو که وای پیشان ده‌دات توانای وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌موو پرسیارێکی هه‌یه. به‌ته‌واوه‌تی هه‌ر وه‌ک دیین وابوو. له دنیای عه‌ره‌بیدا حیزبی سیاسی بووه دینێکی تازه. ئینسان ناتوانێت دژایه‌تی دینێک به دینێکی تر بکات، چونکه بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تی دینێک به دینێکی تر بکه‌یت ده‌بێت بیرۆکه‌کانت له‌سه‌ر دنیا بخه‌یته‌ڕوو وه هه‌روه‌ها خاوه‌نی فه‌لسه‌فه‌یه‌کیش بیت که جێگای دیین بگرێته‌وه.
ئه‌و حیزبانه هه‌رگیز خوێندنه‌وه‌یه‌کی مێژووی وایان له‌سه‌ر ئه‌و مه‌رجانه نه‌کرد که ده‌سته‌ڵات و بوونی داوه به دیین. له‌بری ئه‌وه ئه‌وان ته‌نها چاویان بڕییه ده‌سته‌ڵات. له‌و بارودۆخه‌دا ئه‌وان توانیان ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست به‌ڵام له‌بیریان چوو بۆچی. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه که ئه‌وان نه‌یانتوانی سه‌رکه‌وتووبن.
تێبینی:
ئه‌م گفتووگۆیه‌ی نێوان هونه‌رمه‌ندی شێوه‌کار نینار و ئه‌دۆنیسی باوکی، گفتووگۆیه‌کی دوورودرێژه که به کتێبێک بڵاوبۆته‌وه به ناونیشانی "گفتووگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌دۆنیسی باوکمدا"، ئه‌م کتێبه له زمانی فه‌ره‌نسییه‌وه کراوه به سویدی و منیش ئه‌م به‌شه‌و چه‌ند به‌شێکی تریم له سودییه‌وه کردووه به کوردی.