Majid.jpg

سروشت لە ژوانی (خۆرئاوا) دا! موعجیزەی بەفری سەری ساڵ بەنموونە

ماجد خەليل

 

سەری ساڵی زاینیی، زەماوەند و زەنگی کڵێساکان تێکەڵدەبن، رێکەوتێک تێیدا تامی نەخشەو پلانێکی شیرینی خۆرئاوایی، دەچێتە بندانی مێژووی مرۆڤایەتییەوە.

راستە کەرنەڤاڵەکە کاری لەدەستی کڵێساکان سەندراوە، چون لەسەدەی بیستەمەوە ئیدی بۆتە بەزموڕەزمێکی گشتی و هەمووان پێوەی سەرگەرمن.

 وەلێ هێشتا هەر سەیرە، چون دیمەنەکانی سەری ساڵ، دەڵێی کۆپیکراوی خەیاڵدانی خۆرئاوان، چون ئەوەی لە خەیاڵدا بارکراوە، هەر ئەوەیە لە دووا ساتەکانی ماڵئاوایی لە ساڵی کۆن دادەگیرێت.

رێکەوتێکی سەیرە، هەموو ساڵێ کاژێر دوازدەی شەو، لەتەک ناقوسی کڵێسای شارە مەزنەکانی وەک رۆماو پاریس و بەرلین و لەندەندا، کلوکلو بەفر پروشەدەکا، دروست وەک پروشەی خەیاڵی منداڵێ، دروست وەک ئەو ئەفلامکارتۆنانەی پاپا نوئێلی سەر گالیسکەکە بەناو سیحری بەفردا سەما دەکات. رێک لەو رێکەوتەدا، جڵەوی جەژنە مەزنەکانی مەسیح، بەهەموو مەزهەبو مەدرسەکانەوە، قۆڵدەکەن بەقۆڵی شەوەکانی خۆرئاوادا، شەوەکان رۆشندەکەن بە ڕەنگی بەفر، بە مۆسیقای میلادو بە مەستییەکی مەزن.

لەوێ زاڕۆکان زەریف زەریف بەگەمەی گیفت و گرەوی دیاریی پاپانوئێلەوە رۆژدەکەنەوە، لەوێ جەوان و جاهێڵەکان جڵەوی کۆتو بەندو شەرمو شکۆیان بۆ شلدەکرێ، لەناو ماچو موچو ئاخو ئۆفی چێژو چڵێسیدا چارەیان وەک نەخشی سەربەرد دەنوسرێ.

لەوێ پیرەکان، پردی سیڕاتیان بۆ دەهێنرێتە ماڵێ و بەدەم سەماوە بەسەریدا ڕەد دەبن.

لەوێ بازاڕو باڕو حیکایەتی حەوشەو هەیوانەکانی شار، یەکپارچە دەبێتە سنەوبەری سەوزو ئاڵوواڵای ئازادیی.

 لەوێ بەفر سوپرایزێکە، سوپرایزی ساڵی نوێ، سوپرایزێ، بەپروشەکانی، گەمەو گڕوگاڵی مەسیح، بۆن و بەرائەتی مەریەم لەکاتی خۆیداو بە تولی تەئریخی دوهەزار ساڵدا، لەسەر سینییەک، هەر بەگەرمی دەبارێنێتە بەر هەیوانی هەموو ماڵێکی خۆرئاوا.

 ئەدی لێرە، لێرەی نەریتی ناکۆک و لێرەی تەقویمی تەنگژەو لێرەی خوێنی هێشتا تەڕی، ساراو سەنگەری کەربەلا. لێرەی بۆنەکان، هەرجارەی لەوەرزێ، هەر کەڕەتەی لە مانگێ، هەر ساتەی بەمیزاجێ، هەر رۆژەی بە ئەتکێ.

لێرە مانگ لەشەوی جەژن و جوانییەکاندا دەتۆرێ و تەلەسکۆبەکان تاردەنێ، لێرەی کۆپی خەیاڵدانی خەمی قوڵی رۆژهەڵات، لێرەی پاڵپاڵێنی ساڵ و پسانی پێکەنینی ناوەخت. لێرەی دەربڕی شپرزەیی و شیرازەی پارچە پارچەی ویژدان، لێرەی گورگانخواردووی هەموو بزەو بۆنەو بالۆرەیەکی راستەقینە. لێرەی جەژنی سەربار و هەژگی ئاڵراو لەکلکی هەموو ڕێوییەکی سیاسەت.


ئەم بابەتە 67 جار خوێندراوەتەوە