Castle_In_The_Sky.jpg

هایۆ میازاکی و قەڵایەک لە ئاسمان

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

قەڵایەک لە ئاسمان (Castle In The Sky)، فیلمێکی ئەنیمیی یابانییە کە لەلایەن دەرهێنەری ناوداری یابانی هایۆ میازاکی کاری نوسین و دارهێنانی بۆ کراوە لە ساڵی ١٩٨٦، ئەم فیلمە باس لە سەرکێشییەکانی کچ و کوڕێکی لاو دەکات لە کۆتاییەکانی سەدەی ١٩ کە هەوڵی پاراستنی کریستاڵێکی جادویی دەدەن لە دەست کۆمەڵەیەکی سەربازی کە بۆ قەڵایەکی ئەفسانەیی دەگەڕێن لە ئاسماندا. داهاتی فیلمەکە نزیکەی ١٥.٥ملیۆن دۆلار بووە لە بۆکس ئۆفیس، لە ناو باشترین فیلمە یابانییە ئەنیمەیشنەکاندا بە دووەم باشترین فیلمی ئەنیمەیشن هەڵبژێردراوە لە فێستیڤاڵی هونەری میدیایی یاباندا، ساڵی  ٢٠٠٦ .

 چیرۆکی فیلمەکە:

Castle In The Sky1

چیرۆکی فیلمەکە لەوێوە دەستپێدەکات کە فرۆکەیەک کچێکی بچوکی تێدایە بە ناوی شیتا، لە لایەن کۆمەڵێکی چەتەوە هێرشیان دەکرێتە سەر کە دەیانەوێت ملوانکە کریستاڵە شینەکەی شیتا بەرن، لەو کاتەدا شیتا لە فڕۆکەکە دەکەوێتە خوارەوە، بەڵام بەهۆی هێزی جادویی ملوانکەکەوە شیتا بە هێواشی و نەرمی بەردەبێتەوە سەر زەوی و هیچ ئازاری پێ ناگات. دواتر کوڕێکی بچوکی بێ دایک و باوک دەیدۆزێتەوە بە ناوی پازو. پازو شیتا دەباتەوە ماڵەکەی خۆی و باسی شارێکی نهێنی و نادیاری بۆ دەکات بە ناوی لاپیوتا کە لە ئاسماندایە. دوو منداڵەکە ڕوبەڕووی هێرش و هەڕەشە دەبنەوە لەلایەن دوو گروپەوە کە یەکێکیان سەربازی میلیتەرین و گروپەکەی دی چەتەن، هەردو گروپەکەش ملوانکەکەی شیتایان دەوێت. دواتر دەردەکەوێت کە ملوانکەکەی شیتا شاری لاپیوتا و کۆی شارە ئاسمانییەکەنی دی لە هەوادا ڕادەگرێت و دەیانهێڵێتەوە، هەر لەبەر ئەم هێزەشە کە هەموان بەدوایەوەن تا ئەو هێزە جادوییە بەدەست بهێنن، بەڵام گەر بکەوێتە دەستی ئەوان بۆ خراپی و وێرانکاری بەکاری دەهێنن.

شیتا و پازو هێمایەکن بۆ هێزی چاکە و پارێزەری بەها مۆراڵییەکانن، لە بەرامبەردا هەردوو گروپەکەی دی هێمایەکن بۆ هێزی خراپەکار و وێرانکەر، دوای کێشمەکێشم و ململانێیەکی زۆر لە نێوان چاکە و خراپەدا، لە کۆتاییدا چاکە بەسەر خراپەدا زاڵ دەبێت و شەڕەکە دەباتەوە.

 دەربارەی هایۆ میازاکی خولقێنەرە سەیرەکەی سینەما

Castle In The Sky2
هایۆ میازاکی لە ٥\١\١٩٤٥لە تۆکیۆی یابان لەدایکبووە، ئەو ئەنیمەیتەرێکی بەناوبانگی یابانییە و بۆ ئێمەی کورد و بینەری کورد، ڕەنگە هێندە بەسبێت کە بنووسین ئەو دەرهێنەری زنجیرە بەناوبانگەکەی "عەدنان و لینا و کەنعان، کوڕی داهاتوو" ە و لە نۆستالجیا و ئێستای ئێمەدا بە فیلم و کارەکانی پێگەیەکی تەواو دیار و بەرچاوی هەیە و ڕەخنەگرانیش کارەکانی ئەویان ئێجگار بەرز نرخاندووە.  

 "باوکی میازاکی بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی بووە بە ناوی فڕۆکەی میازاکی. ئەم کارەی خێزان وای لە میازاکی کردووە کە خۆشەویستییەکی زۆری بۆ فڕۆکە دروست ببێت و لە زۆرینەی کارەکانیدا ئەو هەستەی پیشان بدات. پاش تەواوکردنی خوێندنەکەی لە ئابووریدا لە زانکۆی گاکوشوین لە تۆکیۆ لە ساڵی ١٩٦٣، لە کۆمپانیایەکی ئەنیمەیشن دەستی بە کارکردووە، کە ئەو کۆمپانیایەش گەورەترین بەرهەمهێنەری کاری ئەنیمەیشن بووە لە ئاسیادا. ئەو لەوێ چاوی بە تاکاهاتا ئیساو دەکەوێت، کە دەبنە هاوڕێی ژیانی یەکتری و پێکەوە دەست بە کار دەکەن. هەروەها لەگەڵ ئۆتا ئاکێمی، کە ئەویش بە هەمان شێوە لە بواری ئەنیمەیشندا کار دەکات، ژیانی هاوسەرێتی دروست دەکەن. پاش جێهێشتنی ئەو کۆمپانیایە، لەگەڵ تاکاهاتا لە ساڵی ١٩٧١ لە چەندین کۆمپانیای تر دەست بە کار دەبن."

 فيلمه‌كانى: - کۆنان کوڕەکەی دواڕۆژ (عەدنان و لینا) ١٩٧٨ - ناسیکا. شازادەی دۆڵی با ١٩٨٤ Nausicaä of the Valley of the Wind - قەڵایەک لە ئاسمان ١٩٨٦ Laputa: Castle in the Sky - تۆتۆرۆی دراوسێم ١٩٨٨ My Neighbor Totoro - کیکی بۆ کاری گەیاندن ١٩٨٩ Kiki's Delivery Service - پۆرکۆ ڕۆسۆ ١٩٩٢ Porco Rosso - شازادە مۆنۆنۆکی ١٩٩٧ Princess Mononoke - ڕفێندراو ٢٠٠١ Spirited Away (خەڵاتی ئۆسکاری بەدەستھێناوە) - قەڵای جوڵاوی ھاوڵ ٢٠٠٤ Howl's Moving Castle - پۆنیۆ لەسەر ڕوی دەریا ٢٠٠٨ Ponyo - ھەستانەوەی زریان ٢٠١٤ The Wind Rises - بۆرۆی کرم ٢٠١٨ Boro the Caterpillar - چۆن دەژیت ?How Do You Live

 میازاکی فیلمەکانی لەسەر و ئەندێشەکانی زۆرێک لە مرۆڤەکانی دونیاوەن، خەیاڵ و بینین و خوڵقاندن لە هەندێک دیمەندا دەگاتە شوێنێک، بێ ئەنداز چڕ و سەیر و نا واقعی، نا واقعی بوونێک کە لە ڕێگایەوە، وەک بۆمبێک بە واقعی ژیانە ڕۆتینەکەماندا دەتەقێتەوە.. قەڵای جوڵاوی کاستڵ_ بۆ هەمووان پێشنیار دەکەم.


ئەم بابەتە 238 جار خوێندراوەتەوە