the_name_of_the_rose.jpg

هەزار جار بەناوی گوڵەباخ

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

فیلمی زە نەیم ئۆف زە رۆز  “The Name of the Rose “ لە ساڵی ١٩٨٦ دەرچووە، فلمێکی مێژویی درامیی ڕاز ئامێزە، لە لایەن جان جاک ئانود کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و، سیناریۆی ئاندریو بیرکن، فیلمەکە لە رۆمانێکی نوسەری ناودار ئەمبێرتۆ ئێکۆوە وەرگیراوە. سیان کۆنەری و، کریستیان سلاتەر و، هێلمت کوالتینگەر رۆڵی تێدا دەگێڕن.

لە ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و فەرەنسا کاری وێنەگرتنی بۆ کراوە و زمانی سەرەکیی فلمەکە ئینگلیزییە، لاتینی و ئیتاڵی و ئەڵمانیشی تێدا بەکار هاتووە. تەواوی فیلمەکە ١٣٠ خولەکە.

 دەربارەی چیرۆکی فیلمی The Name of the Rose

 the name of the rose1

فیلمەکە باس لەوە دەکات کە لە سەدەی چواردەدا قەشەیەک بە ناوی ویلیام و قوتابییە لاوەکەی بانگ دەکرێنە کڵێسای بێنێدیکتیان لە باکوری ئیتاڵیا تا نهێنیی کۆمەڵی روداوی کوشتنی یەک لە دوای یەکی قەشەکان لەو ناوچەیە بدۆزنەوە کە بە شێوازێکی سەیر کوژراون و کەس لە هۆکاری مردنەکەیان تێناگات.

لە کڵێساکەدا ژورێک هەیە کە قەشە و قوتابییەکان بۆ نوسینەوە و وەرگێڕانی کتێبە کۆنەکان بەکاری دەهێنن، قەشە ئەدێڵمۆی ئۆرانتۆ بە مردویی لە دامێنی گردێک لە ژێر تاوەری قەڵاکەدا دۆزراوەتەوە کە تەنها یەک پەنجەرەی لەسەرە ئەویش هەرگیز ناکرێتەوە. سەرۆکی پەرستگاکەش داوای یارمەتی لە ویلیام دەکات بۆ دۆزینەوەی ڕاستی و هۆکاری مردن و تاوانبارەکە. ویلیام ترسی ئەوەی هەیە کە ئەگەر کێشەکە بە چارەسەر نەکراوی بمێنێتەوە بۆ ماوەیەکی درێژ ئەوا دەسەڵات دارانی لێ ئاگادار دەکرێتەوە و لێکۆڵەری تر دەنێرن بۆ ئەوەی چارەسەری بکەن بۆیە هەر زوو ڕایدەگەیەنێت ئەدێڵمۆ خۆی خۆیی کوشتووە بەوەی لە پەنجەرەیەکی تری قەڵاکەوە خۆی فرێداوەتە خوارەوە و دواتر بەهۆی لێژیی گردەکەوە خل بۆتەوە و کەوتۆتە ئەو شوێنەی لێی دۆزراوەتەوە، بەڵام دواتر قەشەیەکیتریش بە مردویی دەدۆزرێتەوە کە بە شێوەیەکی زۆر خراپ لاشەکەی لە ناو تەشتێک خوێنی بەرازدا نوقوم کراوە. ئەم قوربانییەیان یەکێکە لە وەرگێڕەکانی زمانی یۆنانی و کۆتا کەسیشە کە لەگەڵ ئەدێڵمۆ قسەی کردبێت. لاشەکە پەڵەی ڕەش لەسەر پەنجە و زمانییەتی، مردنی وەرگێڕەکە دوبارە ترسی قەشەکان لە سزایەکی سەروو سرووشت زیندوو دەکاتەوە، بە تایبەت کاتێک قەشە ئوبێرتینۆ بیریان دەخاتەوە کە لە کتێبی پیرۆزدا ئەو نیشانە ڕەشانەی لەسەر لاشەی مردووەکان بینرابون ئاماژەیان پێ دراوە. ویلیام دەیەوێت لێکۆڵینەوە لە مێزەکەی ئەدێڵمۆ بکات بەڵام لە لایەن لێپرسراوانی کتێبخانەکەوە ڕێگریی لێ دەکرێت و، قەشە مالاچیای سەرۆکی کتێبخانەکە ڕێگە نادات ویلیام هەموو بەشەکانی کتێبخانە و قەڵاکە بپشکنێت. ویلیام دەگەڕێتەوە بۆ مێزەکەی ڤێنانتیوس ( قوربانیی دووەم) تێبینیی کتێبێک دەکات کە بە یۆنانی لەسەری نوسراوە، پارچە کاغەزێک کە بە یۆنانی لەسەری نوسراوە و کۆمەڵێک هێمای نهێنی کە کەسێکی چەپلەر نوسیونی بە مرەکەبی بێ ڕەنگ (نادیار). بێرنگار بە نهێنی خۆی دەکات بە ژوری نوسین و خوێندنەوەکەدا و سەرنجی ویلیام دەبا بە لایەکیتردا و لەو کاتەدا کتێبەکە لەسەر مێزەکە دەدزێت.

دواتر بێرنگاریش بە مردویی دەدۆزرێتەوە، لە ناو بانیۆیەکدا نوقوم بووە و خنکاوە، لەسەر جەستەشی هەمان ئەو پەڵانە هەبوون کە لەسەر جەستەی دوو قوربانییەکەی دی هەبوون. پاش ماوەیەک ویلیام و قوتابییەکەی کتێبخانەیەکی زۆر نهێنی دەدۆزنەوە، ویلیام گومان لە قەشەکان دەکات و پێی وایە بەشێک لە کتێبەکان دەشارنەوە چونکە ناوەڕۆکەکەیان دژی بنەما دینییەکانیانە و لە لایەن کۆمەڵێک فەیلەسوفی بێباوەڕەوە نوسرابوون. لە کۆتاییدا ویلیام ڕاستییەکان ئاشکرا دەکات و ئەو کتێبە یۆنانییە دەدۆزێتەوە کە بوبوو بە هۆکاری مردنی قەشاکان ئەویش بەشی دووەمی کتێبی شعری ئەرستۆ بوو کە لەبارەی کۆمیدیاوەیە (بەشی یەکەمی پۆێتیکای ئەرستۆ لە بارەی تراژیدیاوەیە). لاپەڕەکانی کتێبەکە لە لایەن قەشەیەکی توندڕەوەوە ڕوپۆش کرابوو بو ژەهر کە ئەمەش هۆکاری مردنی قەشەکان بووە.

ئەم فیلمە لە ڕۆمانێکی ئێجگار تایبەت و گرنگی نووسەر ئیمبەرتۆ ئیکۆ وە وەرگیراوە بە هەمان ناوەوە. ئیمبەرتۆ ئیکۆ مامۆستای هونەر و فەلسەفەیە و زیاد لە پەنجەکانی دەستی دکتۆرای ئیفتیخاری لەبەر ئەم بەرهەمەی وەرگرتووە.

بەگشتی ئەو کارە ئەدەبیانەی کراون بە فیلم و بەرهەمی سینەمایی کەمترین جارەکان وایان لە نووسەرەکان کردووە ڕازیبن و هەمیشە هەستیان کردووە کە کارە سینەماییەکان هێندەی لەسەر شێواندنی کەسایەتی  و دیمەنەکان کاریان کردووە، نیو هێندە نزیک نەبوونەتەوە لە ڕۆحی بابەتەکە. ئەم جارە و بۆ ئەم فیلمە ئیکۆ وەکو نووسەرێک کەمێک ئارامتربوو، لەگەڵ ئەوەی کە پێی وابوو فیلمەکە نەیتوانیوە کەسایەتییەکانی داستانەکەی ئەو بە باشی زیندوو ڕاگرێت بەڵام ئەو بەشێوەیەکی گشتی دوای بینینی فیلمەکە ڕەزامەندی خۆی نیشاندا لەسەر کارەکە و لە کارەکەدا وەک فیلم نامە نووس ناوی هاتووە.

 بینەری ئەم فیلمە دەبێتە شاهیدی ئەو بیرکردنەوە خراپ و تاریکەی لەژێر هەیمەنە و دونیابینی ئایندا دروستدەبێت و وادەکات دونیا یەک ڕەنگ و بێ پرسیار بکات.

 گومان دەخرێتە سەر پرسێکی مێژووی فەلسەفی دەربارەی بۆچوونی ئەرستۆ و لەوێوە جارێکیتر پرسی تراژیدیا و کۆمیدیا دێتەوە ئاراو دەکرێت بە مەدخەلێک بۆ چونە ناوەوە بۆ ناو دونیایەک ڕوداوی زۆر.

دەربارەی دەرهێنەری کارەکە Jean-Jacques Annaud
 the name of the rose2

جان جاک ئانود بە ڕەگەز فەرەنسییە و لەدایکبووی ١٩٤٣ یە دەرهێنەر و سکرین رایتەر و پرۆدیوسەرە، زیاتر بە فلمەکانی

Quest for fire 1981, the name of the rose 1986, the bear 1988, the lover 1992, seven years in Tibet 1997, enemy at the Gates 2001, wolf Totem 2015.

ناسراوە، چەندین خەڵاتی بردۆتەوە لەوانە، ٥ خەڵاتی  Cesar Awards, یەک خەڵاتی David di Donatello  .

 ئەم کارە بە یەکەمین فیلمی درێژی ئانود دەژمێرێت. ئانود بەو کارە کە تیایدا بەسەر هەموو هێڵە سوورەکانی ئاین و کۆنەپارێزییەکاندا بە تێڕوانینێکی مەنتیقی و بینینێکی هونەرییەوە دەڕوات چووە کاروانی دەرهێنەرە مەزنەکانی دونیاوە.

 دەربارەی ئەکتەر تۆماس شۆن کۆنەری :

 The Name of the Rose3

(لەدایکبووی ٢٥ی ئابی ١٩٣٠) ئەکتەر و بەرهەمهێنەرێکی سکۆتلەندییە کە خاوەنی یەک خەڵاتی ئۆسکار و دوو خەڵاتی بافتا و سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆبە. لە تەمموزی ساڵی ٢٠٠٠دا لەلایەن ئێلیزابێزی II ەوە ڕێزی لێنراوە و هەروەها خەڵاتی ڕێزلێنانی وێستگەی کەنەدی لە ئەمریکا بەدەستهێناوە. کۆنەری زیاتر ناسراوە بەهۆی نمایش کردنی وەک کاراکتەری (جەیمز بۆند) کە لە ٧ زنجیرە فیلمی جەمیز بۆنددا لە نێوان ساڵەکانی ١٩٦٢ بۆ ١٩٨٣ بەشداری کردووە.

لە ساڵی ١٩٨٨ کۆنەری خەڵاتی ئۆسکاری وەک باشترین ئەکتەری یارمەتیدەر بەدەستهێنا بۆ ڕۆڵ بینینی لە فیلمی (The Untouchables).

هەندێک لە فیلمە بەناوبانگەکانی تری کۆنەری بریتین لە :

فیلمەکانی (Marnie, The Name of the Rose, The League of Extraordinary Gentlemen, Indiana Jones and the Last Crusade, The Hunt for Red October, Highlander, Murder on the Orient Express, Dragonheart, and The Rock.)

 دەربارەی ئەم ئەکتەرە ژاک ئانود دەگێڕێتەوە:

کەسانێک هەن ئەبێت بە میلیمەتر لەگەڵیاندا هەڵسوکەوتبکەیت، شۆن کۆنری لەوکەسانە بوو، ئەو پرسیاری زۆر ورد و دیاریکراوی دەکرد. ئای ئەگەر پێی دەڵێیت (چۆنت پێ خۆشە وابکە) ئیتر دەتخاتە ڕیزی ئەحمەقەکانەوە. سێ هەفتە پێش دەستکردن بە وێنەگرتنی فیلمی In the Name of the Rose پێشنیاریکرد کە پڕۆڤە لە دیمەنێکدا بکات ئێمەش چووینە ژێرباری داواکەی و دەستکرا بە پڕۆڤە، وتی پەنجەرەکە لەکوێدایە؟ (لەبەرئەوەی کە هێشتا دیکۆر ئامادەنەبوو واماندادەنا کە دیکۆرهەیە) وتم سێ هەنگاو بڕۆ و وادانێ پەنجەرەکە لەوێدایە. پاش سێ هەفتەکە ئیتر کاتی وێنەگرتن هات و هەمووشتێک وەک چۆن پڕۆڤەی تێداکرابوو بەوشێوەیە بوو جگە لە پەنجەرەکە، کە لەجێی ئەوەی سێ هەنگاو دووربێت پێنج هەنگاو بوو. شۆن تەنها سێ هەنگاو ڕۆیشت بەرەو پەنجەرەکە هەموودنیا پێی نەکرد بە پێنج.

 ئەم فیلمە بە زمانی کوردی لەلایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە کراوە بەکوردی و ئێستا بەردەستە.


ئەم بابەتە 121 جار خوێندراوەتەوە