لێرەوە زنجیرەیەکی مێژووی شانۆ دەستپێدەکەین، کە بریتی دەبێت لە ژیان نامەی هەوەڵین نووسەر و ئەکتەرە مێژوویەکانی بواری شانۆ و کارکردن دەبێت لەو ڕوبەرە فراوان و دێرینەی یۆناندا کە لە پاشمانەوە جێماوە و لە ئێستاشماندا ئامادەیی هەیە. نووسەر و ئامادەکاری ئەم زنجیرەیە بەڕێز چۆمان ە و ئەم زنجیرەیە تایبەتە بە سایتی گەڵاوێژ بەشی شانۆ.
زنجیرەی دەیەم. دەربارەی نووسەران لەمێژووی شانۆدا.
کریتیاس کێ بووە؟
گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان ، یەکێک بوون لەو نەتەوە دێرینانەی کە جێ دەستیان دیارە لە مێژووی شارستانیەتی جیهانی دێرین دا ، و لە ناو شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان ، خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا پشکی شێریان بەر دەکەوێت ، و لە ناو خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا گەلێک زانا و فەیلەسوف و ڕەوانبێژ و نووسەر و هونەرمەند دەرکەوتون ، کە توانیویانە ڕێڕەوی مێژووی مرۆڤایەتی بگۆڕن لە هەموو بوارەکاندا ، و هەروەها دەوڵەتە شارەکانی تری شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی دەوری هەبووە لە پێشخستنی شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان.
ئەسیناییەکان دەستێکی باڵا و دیاریان هەبووە ، و یەکێک لەو بوارانە کە تیایدا پێشەنگ بوون هونەری شانۆ بووە ، و لە پاڵ ئەسیناییەکان دا ، و خەڵکی ناوچەکانی تری وڵاتی گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان ، دەوریان هەبووە لە پێشکەوتنی شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان ، زۆرینەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ، کە گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان بە گشتی ، و هەروەها دەوڵەتە شاری ئەسینا بە تایبەتی بە داهێنەری هونەری شانۆ دادەنرێت لە مێژووی دێرینی مرۆڤایەتیدا.
بنچینەی هونەری شانۆ لە ناو شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان ، دەگەڕێتەوە بۆ ئاهەنگ و بۆنە دینییەکان کە لە دەوڵەتە شارە جیاوازەکانی وڵاتی گریک (یۆنان) ساز دەکران ، کە ئەو ئاهەنگ و بۆنانە لە دەوری خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس) دەسورایەوە ، کە ئەو خواوەندە یەکێک لە خواوەندە نیشتەجێ بووەکانی چیای ئۆلیمپوس ، کە لە پارێزگای پێیریا لە هەرێمی مەکدۆنیای ناوەندی سەر بە وڵاتی گریک (یۆنان) ی ئێستە هەڵکەوتووە ، خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس) خواوەندی بەروبووم و داری مێوە بووە ، و هەروەها دواتر ئەو هونەرە واتا هونەری شانۆ لە گریک (یۆنان)ییە دێرینەکانەوە ، چووە ناو شارستانیەتەکانی تر ، وەکو میسری دێرین ، و میزیۆپامیا (دوو ڕووبارەکە)_کوردستانی دێرین ، و ڕۆمای دێرین.
ژیاننامەی کریتیاس
کریتیاس ، بە پێی زۆرینەی سەرچاوە مێژووییە دێرینەکان ، کە دەربارەی مێژووی هونەری شانۆ نووسراون ، بە یەکێک لەنووسەرانی شانۆ دادەنرێت لە مێژووی هونەری شانۆی کۆمیدی دا ، بە یەکێک لە هەرە نووسەرە گرنگەکانی هونەری کۆمیدی شارستانیەتی گریک (یۆنان) ی دێرین دادەنرێت ، کە توانیویەتی هونەری شانۆ پێش بخات و داهێناێکی گەورە و مەزنی تێدابکات ، و هەروەها کریتیاس بە یەکێک لە شاعیرانی کۆمیدی شارستانیەتی گریک (یۆنان) ی دێرین و مرۆڤایەتی بووە.
کریتیاس ، لە ساڵی (460پ.ز) لە دایک بووە ، لە خێزانێکی خانەدانی ناودار و کاریگەری ئەسینی بووە و خەڵکی دەوڵەتی شاری ئەسینا بووە ، واتا لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك (یۆنان) لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی گریك لە دایک بووە ، و هەر لە شاری ئەسینا تەواوی ژیانی بە سەر بردووە ، و کوڕی خانەدانی بە ناوبانگی ئەسینی کاللایسچروس بووە ، و ئامۆزای پیریکتیۆنی دایکی پڵاتۆ (ئەفلاتۆن) ی فەیلەسوف بووە ، و بێجگە لەوەی کە نووسەر و شانۆنامە بووە ، و سیاسەتمەداریش بووە.
کریتیاس ، لە تەمەنی گەنجیدا بوو ، دەستی بە نووسینی شیعری کۆمیدی کردووە ، توانی گەلێک داهێنان بخاتە ناو هونەری شانۆی کۆمیدی گریك (یۆنان) ی دێرین ، و هەروەها بۆ ماوەێکێش قوتابی سوکراتی فەیلەسوف بووە.
کریتیاس ، هاو سەردەمی هەر یەکێکە لە شانۆنامەکانی وەکو: سبيس و سۆفۆکلێس و ئەیۆن خیۆسی و ئەسخیلیۆس (ئەسکیلیۆس) و ئیپسیچارموس و کراتینوس و چۆیریلوس و فۆرمیوس و سوساریۆن و یۆریپیدێس و گەلێک شانۆنامەی تر بووە ، کە ئەوەیش وەکو ئەوان ، دەستی باڵای لە بەرەو پێشبردنی شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان بە گشتی ، و هونەری شانۆی گریک (یۆنان)ییە دێرینەکان بەتایبەت هەبووە.
بەرهەمە شانۆییەکانی کریتیاس
کریتیاس ، لە ماوەی ژیانی دا ، بە دەیان بەرهەمی شانۆیی نووسیووە ، تەواوی بەرهەمە شانۆییەکانی فەوتاون واتا نازانرێت ناوی بەرهەمەکان چی بووە و چەند بەرهەمی نووسیووە ، و هەروەها لە زۆربەی فێستیڤاڵەکانی تەواوی وڵاتی گریك (یۆنان) ی دێرین بە دەقە شانۆییەکانی بەشداری کردووە ، و چەندان جار خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵەکانی بە دەست هێناوە.
ژیانی سیاسی کریتیاس
کریتیاس ، کاتێک دەوڵەتە شاری ئەسینا لە لوتکەی دەسەڵات و هێزی سیاسی و سەربازی خۆی دا بووە ، هیچ پلە و پایەێکی سیاسی و سەربازی نەویستووە و ڕەتی کردۆتەوە ، بەڵام لە پاش زەنجیرە جەنگی پیلۆپۆنیزی ، کە لە نێوان ساڵانی (404_431پ.ز) دا بوو ، لە نێوان یەکێتی فیدڕاڵی دیلیان بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسینای گریک (یۆنان) ی دێرین ، و یەکێتی یان ڕابیتەی پیلۆپۆنیزی بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسپارتای گریک (یۆنان) ی دێرین بووە ، کە سەرئەنجام بە سەرکەوتنی یەکێتی یان ڕابیتەی پیلۆپۆنیزی بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسپارتا و شکستی یەکێتی فیدڕاڵی دیلیان بە سەرکردایەتی دەوڵەتە شاری ئەسینا کۆتایی هات ، و ئەوە بوو کریتیاس لەگەڵ دوو کەسی تر لە لایەن دەوڵەتە شاری ئەسپارتا کرایە فەرمانڕەوای دەوڵەتە شاری ئەسینا ، کە بە سێ فەرمانڕەواکە ناسراوە ، و سەر بە دەوڵەتە شاری ئەسپارتای گریک (یۆنان) ی دێرین ، کە تا کۆتایی تەمەنی لەو پۆستەدا مایەوە.
کۆچی دوایی کریتیاس
کریتیاس ، لە ساڵی (403پ.ز) لە تەمەنی (57) ساڵی دا ، لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك (یۆنان) لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی گریك (یۆنان) ، و هەر لەوێش ئەسپەردەی خاک کراوە.
سهرچاوهکان
1- یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی، سلێمانی، 2005.
2- بهنام محەمەد پناه: نهێنییەکانی شارستانیەتی یۆنانی کۆن، وە: زاهیر محەمەد ڕەشید، سلێمانی، 2008.
3- پ . د. جڤری برۆن: پوختەی مێژووی ئەوروپا، وە: نیهاد جەلال حبیب اللە، سلێمانی، 2009.
4- ویل دورانت: مێژووی شارستانیەت/ بەرگی چوارەم، وە: عەبدوڵڵا رەسووڵی، سلێمانی، 2014.
5- لوتفی عوبدولوەهاب یەحیا: یۆنان ، سەرەتایەک لە مێژووی شارستانییدا، وە: د . سەنگەر حاجی، هەولێر، 2014.
6- ولیەم ستیرنس داڤیس: ڕۆژێک لە ئەسینای دێرین، وە: ئاوات ئەحمەد سوڵتان، تاران، 2020.
7- ئێریک ئریکسۆن: میتۆلۆجیای یۆنانی، وە: کەریم مستەفا، سلێمانی، 2020.