Arsalan.jpg

چوار كتێبى له‌ رۆژێكدا بڵاوده‌كاته‌وه‌

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس (ئه‌رسه‌لان مه‌حمود) له‌ یه‌ك رۆژدا چوار كتێبى بڵاوده‌كاته‌وه‌.

وا بڕیاره‌ رۆژى چوارشه‌ممه‌ 13/1/2021 كاژێر (10)ى به‌یانى له‌ هۆڵى چالاكیه‌كانى ناوه‌ند، ناوه‌ندى وه‌رزش و لاوانى رانیه‌، مه‌راسیمى ناساندن و بڵاوكردنه‌وه‌ى چوار كتێبى نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس (ئه‌رسه‌لان مه‌حمود) رێكبخات، له‌ لێدونێكى تایبه‌ت به‌ سایتى گه‌لاوێژ نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس (ئه‌رسه‌لان مه‌حمود) وتى: "هەر چوار بەرهەمە چاپكراوەكەم بەناوەرۆك زادەی خەمی گشتین، وەك فۆڕم و لەڕوی بابەتیشەوە دوو لەكتێبەكان ڕۆژنامەوانی و دوانەكەی تر یەكێكیان كۆبەندو بژاردەی چەند وتارێكەو ئەوەی تریان تێكستی ئەدەبییە.

1

" ژن وەك دەریا لەدرزێكی قوڵدا" گفتووگۆی ڕۆژنامەوانییە تایبەت بەپرسی جێندەر، تیایدا وێڕای سەرباسێك، چەند فیگەرێكی گرینگ و كاریگەری مێینە قسەو سەرنجەكانیان هێناوەتە سەر ئەم باسە. پێموایە بەهاو بایەخی تایبەتی خۆی دەبێ‌ و دەتوانێ‌ كۆمەك بەخوێنەر بكاو زانیاری بەخش بێت.

2

" لێرەی بێشوێندا دەبوو ماڵێك لەوێنەی زێی بادینان بۆ ئێوان چێبكەم" هەر گفتووگۆی ڕۆژنامەوانییە لەهەمبەر پرسە جڤاكی و ئەدەبی و سیاسیەكەی كوردەواری لەگەڵ ڕوناكبیری ناسراو"هەندرێن ئەحمەد" ئەنجام دراوە، دڵنیام خوێنەر ڕازی دەكاو دەتوانێ‌ سود بەخش بێت.

3

" هێلانەی شەیتان" كۆبەندو بژاردەی چەند وتارێكی خۆمە، كتێبەكە 53 وتاری لەبوارە جیا جڤاكی، سیاسی، كارگێڕی، ئەدەبی، فكری، رێكخراوەیی و ئازادی تاك و هزری تاكسالاری لەخۆ گرتووە، ئەم كۆ وتارە ئەگەرچی پێشتر لەناوەند جیاكانی بڵاوكردنەوەدا بڵاوكراونەتەوە بەڵام بەدڵنیاییەوە هێزو وزەو زێندوێتی خۆیان ماوەو لانی كەم كۆمەك بەخوێنەری نوێ‌ دەكەن.

4

" لەم تەنهاییەدا باوەشێك لەم غەوغای هیچ نەوتنەدا بارانێك" تێكستی ئەدەبییە، لەڕاستیدا من شاعیر نیم، ناشزانم ئەم بەرهەمە دەچێتە چ خانەو ژانرێكی ئەدەبییەوە، هەمیشە پێموابووە مرۆڤ بەتایبەت لەكۆمەڵگەی لەمەڕ خۆمان بۆ ئەوەی بتوانێ‌ توانستە جیاكانی باشتر بخاتە خانەی خزمەتی خەڵك و پەیامەكەی باشتر بگەیەنێت هەندێجار بەبێ‌ ئەوەی بیەوێ‌ پێویستی بەزمانی جیاواز دەبێت، پەنا بردنە بەر زمانی ئەدەب بۆ من لەم ڕوانگەو خاڵەوە سەرچاوەی گرتووە، هیوادارم شتێكمان كردبێ‌ خوێنەر دڵخۆش و ڕازی بكات.

5

نوسه‌ر و رۆژنامه‌نوس (ئه‌رسه‌لان مه‌حمود)


ئەم بابەتە 146 جار خوێندراوەتەوە