Adonis.jpg

ئه‌و گیایه‌ى له‌سه‌ر زمان ده‌ڕوێ

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

1

(ئازادى لێره‌ نێژراوه‌)

ده‌پرسم، ده‌گه‌ڕێم، هه‌ست راده‌گرم:

كه‌سێ نابینم باوه‌ڕى به‌ زیندوو بوونه‌وه‌ هه‌بێ.

 

2

ئه‌گه‌ر ماڵێكم هه‌بێ، ئه‌وا خۆشه‌ویستییه‌.

ئه‌گه‌ر نیشتمانێكم هه‌بێ، ئه‌وا شیعره‌.

 

3

ئه‌وه‌ى خۆى خۆشده‌وێ دڵنه‌وایه‌:

كه‌س غیره‌ى لێناكا،

كه‌س ركابه‌رى نییه‌.

 

4

ئایا ده‌كرێ راڤه‌كه‌رى تێكست

گرنگتر بێت له‌ نوسه‌ره‌كه‌ى؟

به‌ڵى، ئه‌مه‌ له‌ رۆشنبیریى عه‌ره‌بیدا روویداوه‌،

له‌ زۆرێك له‌ رۆشنبیرییه‌كانى دیكه‌ش رووده‌دا.

 

5

مه‌عجه‌مم له‌به‌ر هۆیه‌ك خۆشده‌وێ:

ئه‌و وشانه‌م بیر ده‌هێنێته‌وه‌، كه‌ تیایدا نییه‌.

 

6

ئه‌وه‌تا ئه‌و كه‌سه‌ى سه‌یرى ده‌كه‌ى مه‌زنه‌ و

كاتێ كار ده‌كات بچووكه‌.

ئه‌وه‌تاش ئه‌و كه‌سه‌ى سه‌یرى ده‌كه‌ى بچووكه‌ و

كاتێ كار ده‌كات مه‌زنه‌:

ژیان، له‌ نێوان هه‌ردووكیاندا بازنه‌یه‌كى لاكێشه‌ییه‌.

 

7

باوه‌ڕى به‌ تارمایى نییه‌،

كه‌واته‌: بۆچى لێى ده‌ترسێ؟

 

8

به‌ دارا هه‌ڵواسرا:

به‌ڵام، جیهانى به‌ كۆڵییه‌وه‌ هه‌ڵواسى.

 

9

ئاسك قه‌سیده‌یه‌

شاعیره‌ عاشقه‌كان وه‌ریانگێڕا له‌ ژنێك.

 

10

(گیا له‌سه‌ر زمانى روا)

په‌ندێكى لادێیانه‌ى عه‌ره‌بییه‌:

زۆر له‌باره‌ى زمان و رۆشنبیریى مه‌ده‌نیانه‌ى عه‌ره‌ب ده‌خاته‌ روو.

 

11

به‌راستى، لاى ئێمه‌ ده‌واجنه‌كان

پێویسته‌ بۆرژوازیه‌ت په‌روه‌رده‌ بكه‌ن.

 

12

له‌ ئاگایى عه‌ره‌بیدا، راستى هه‌میشه‌ (به‌ سووده‌)،

یان ده‌بێ هه‌ر وا بێت.

به‌مشێویه‌ ئه‌و راستییانه‌ى بۆ خودى ئاگایى گرنگن (ده‌كوژرێن)،

ئه‌و راستییه‌ى (زیان) ى هه‌یه‌ و

ئه‌وه‌یش كه‌ (بێسووده‌).

 

13

ئه‌مه‌ش ناو ده‌نێیت (رۆمان)

له‌ كاتێكدا نه‌ تینوێتى زمان ده‌شكێنێ و

نه‌ تینوێتى هیچ شتێكیش؟

 

14

(له‌ چاوه‌ڕوانى به‌ربه‌ریه‌كاندا؟)

به‌ڵام، هیچ به‌ربه‌ریه‌ك نه‌ماوه‌.

مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵك هه‌موویان بوونه‌ته‌ به‌ربه‌رى.

تواناى چاوه‌ڕێ كردنیش، نه‌ما و مرد.

 

15

ئاماده‌بووان له‌ هۆڵێكى گه‌وره‌دا /

گوێیان له‌ گوتاربێژێكى نادیار گرتووه‌:

ئه‌مه‌یه‌ بارودۆخى رۆشنبیریى ئێستاى عه‌ره‌بى؟

 

16

(سیزیفى سه‌ركه‌وتوو)

ده‌سته‌واژه‌یه‌كه‌ بۆ ترۆپكى گاڵته‌جاڕى و ترۆپكى لێكدژى.

به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ روونترین (نازناو) بێت بۆ (عه‌ره‌بى تێكۆشه‌ر)

له‌ سه‌ده‌ى بیستى رابردوو و سه‌ره‌تاكانى سه‌ده‌ى ئێستاماندا.

 

17

(ئه‌م هه‌ورانه‌ ده‌مشارنه‌وه‌،

چڕ و قورسن له‌سه‌ر جه‌سته‌م، كێ لێیان ده‌ربازم ده‌كا؟)

ئاسمان به‌ گله‌ییه‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌ زه‌وى ده‌ڵێ.

 

18

بڕۆ لاى هونه‌ر و به‌ ساده‌ییه‌وه‌ بپرسه‌:

من له‌ چیم كه‌مه‌؟

له‌گه‌ڵ تۆمه‌ ئه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ى ده‌ڵێى:

بێجگه‌ له‌ ئاین كارم به‌ هیچیتره‌وه‌ نییه‌.

 

19

له‌ هه‌موو ئاراسته‌كاندا هه‌ورى غوبار ده‌ورى داوم،

چونكه‌ ده‌گه‌ڕێم به‌ شوێن خاڵێكى جێگیره‌وه‌،

تا لێیه‌وه‌ له‌م جیهانه‌ بگه‌م و

به‌ باشى رووبه‌رووى ببمه‌وه‌.

 

20

ئێستا، له‌م ساته‌دا،

سه‌رقاڵ نیم به‌ بیرۆكه‌كانه‌وه‌،

به‌ تیۆره‌كانیشه‌وه‌.

به‌ یه‌ك خه‌مه‌وه‌ سه‌رقاڵم:

چۆن رێگایه‌كى نوێ بۆ بیركردنه‌وه‌ بدۆزمه‌وه‌،

شێوازى نوێى ده‌ربڕین ده‌سه‌به‌ر كه‌م.

 

21

ئه‌م ئێواره‌یه‌،

گوێم ده‌به‌خشمه‌ مۆسیقایه‌ك كه‌ له‌ وێرانه‌وه‌ ده‌رده‌چێ.

تیایدا غه‌زه‌ و به‌غدادیش

ده‌بنه‌ سه‌ره‌تا و ناوبڕه‌كان.

 

22

غه‌زه‌، كاتى نییه‌ نزا بۆ رۆڵه‌كانى بكا.

هه‌موو كاتى خۆى بۆ ئه‌وه‌ ته‌رخانه‌:

نزا بۆ عه‌ره‌ب بكا.

 

23

ئێستاش هه‌ر پرد دروست ده‌كه‌ین،

له‌سه‌ر ئه‌و روبارانه‌ى وشك بوون:

ئه‌مه‌یه‌ ژیانمان.

ئه‌مه‌یه‌ روناكبیریمان.

 

24

واقیع ده‌خوێنمه‌وه‌ و به‌ نیگه‌رانییه‌وه‌ ده‌پرسم:

ئه‌مه‌ ده‌رخته‌ له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ماندا به‌رز ده‌بێته‌وه‌؟

یان ئه‌مه‌ (با) یه‌ یارى به‌ لقه‌كانیه‌وه‌ ده‌كا؟

واقیع؟ خه‌ونێكه‌ له‌ به‌رگى كاردا.

 

25

گوتم: نه‌وره‌س ئه‌ستێره‌یه‌كى باڵداره‌

شه‌پۆل ناڕه‌زایى ده‌ربڕى.

 

26

زه‌مینى وێران كرد،

ماوه‌ مرۆڤیش وێران بكا.

ئه‌مه‌ ئه‌و شانۆگه‌ریه‌یه‌ كه‌ مانگى دوو كه‌رتبوو

له‌ ئاسمانى فه‌له‌ستیندا پێشكه‌شمان ده‌كا.

 

27

ئازار بیرۆكه‌ى نییه‌،

ئاگر و خه‌نجه‌رى هه‌یه‌.

 

28

ناوى بنێ تاڤگه‌،

ئه‌م ئاره‌قه‌یه‌ى له‌ هه‌نیه‌ته‌وه‌ ده‌ڕژێ.

تا بزانیت چۆن ئاوى كێڵگه‌كانى تینوێتى ده‌ده‌یت:

له‌ هه‌ناوتدا.

 

29

بۆن له‌ منداڵدانى دایكیدا دێته‌ ده‌ره‌وه‌ / كه‌ گوڵه‌:

له‌ سه‌فه‌رێكدا كه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى نییه‌.

ئایا ئه‌مه‌یه‌ هیجره‌تى مانا؟

 

30

گوڵێك وه‌سیته‌نامه‌كه‌ى نوسییه‌وه‌:

ئایا لێكدانه‌وه‌كه‌ى ده‌زانى؟


ئەم بابەتە 106 جار خوێندراوەتەوە