knut_hamsun.jpg

سیستا

کنوت هامسون - و. لە نەرویجییەوە: سنوور عەبدوڵڵا

جارێکیان لە ئاهەنگیکدا کچێکی گەنجم بینی عاشق بووبوو. چاوەکانی دووهێندە شین و دووهێندەش گەشاوە بووبوون و بە هیچ جۆرێک نەیدەتوانی هەستەکانی خۆی بشارێتەوە. عاشقی کێ بووبوو ئەو؟ ئەو بەڕێزە گەنجەی تەنیشتی پەنجەرەکە، کوڕی ماڵەکە، پیاوێک بە بەرگێکی ڕەسمی و دەنگێکی شێرانەوە. ئۆی خودایە چاوەکانی چەندە عاشقی ئەو پیاوە گەنجە بوون و چەندە بێئۆقرانە لەسەر کورسییەکە دانیشتبوو. کاتێک شەو چووینەوە ماڵێ، چونکە باش دەمناسی پێم گوت: "کەشوهەوا چەندە ڕووناک و دڵگیرە! خۆشت گوزەراندووە ئیمشەو؟ جا بۆ ئەوەی پێشوازی لە ئارەزووەکەی ئەو بکەم، ئەڵقەی دەستگیرانییەکەم لە پەنجەم داکەند و بەردەوام بووم و پێم گوت: "تەماشا، ئەڵقەکەت بۆ من تەنگ بووە، پەستانم دەخاتە سەر. چی ئەگەر ڕێگە بدەیت گەورەتری بکەیت؟" دەستی ڕاکێشا و چرپاندی: "بمدەرێ، حەتمەن گەورەتر دەبێت." پاشان ئەڵقەکەم پێی دا. پاش مانگێک جارێکی دیکە دەیبینمەوە. ویستم دەربارەی ئەڵقەکە بپرسم، بەڵام وازم لێی هێنا. بیرم کردەوە کە هێشتا پێویستی بە پەلەلێکردن نییە. وازی لێ بهێنە لە مانگێک زیاتر کاتی هەبێت.

تەماشای جادەکە دەکات و دەڵێت: "ئەوە ڕاستە، ئەڵقەکە. خراپی لێ بەسەر هات، لە جێگەکەی نەماوە، ونم کردووە." پاشان چاوەڕێی وەڵامی من بوو. "تووڕەی بۆ ئەوە؟" سەرسامانە دەپرسێت. "نەخێر"، وەڵامم دایەوە. ئەی خودایە چەندە بە بارسووکییەکەوە ڕۆیشت کە من تووڕە نەبووم بۆ ئەوە.

پاشان ساڵێکی ڕێک تێپەڕ بوو. ئێوارەیەکیان جارێکی تر بەسەر ڕێگا کۆنەکاندا گوزەرم دەکرد، ڕێگایەکی ناسراو، زۆر ناسراو. کاتێک بەرەو پیرم هات، چاوەکانی سێ هێندە شین و سێ هێندە گەشاوە بوون: بەڵام دەمی گەورە و بێڕەنگ بووبوو. لە دوورەوە هاواری کرد: "ئەمە ئەڵقەکەتە، ئەڵقەی دەستگیرانییەکەت. ئێستا چیتر پەستانت ناخاتە سەر." تەماشای ئەو ژنە بەجێهێڵدراوە و دەمە گەورە و بێڕەنگەکەیم کرد. پاشان تەماشای ئەڵقەکەم کرد. گوتم: ئـــــــــــــاهــــــ!، و بە قووڵی خۆم بۆ دانەواندەوە. "ئێمە لەگەڵ ئەم ئەڵقەیەدا بێچارەین. ئێستا زۆر زۆر فراوانە."


ئەم بابەتە 136 جار خوێندراوەتەوە