Majid.jpg

تاڵاوی گێڕانەوەی فلمێکی (هیند)ی لە گەرووی منداڵیمدا

دەربڕینێک هەیە، زۆر گوێبیستی دەبین، دەوترێ: جاران ژیان زۆر سادەبوو.

 ئەمە لەکاتێکدایە کە تەکنەلۆژیا، تەواوی ئاسانکارییەکانی ژیانی رۆژانەی وەک قۆرییەکەی  عەلائەدین، هێناوەتە بەردەممان. بۆنمونە:

ئەوەی کە من لەیادمە، جاران، لە شارۆچکەیەکدا، یەکدوو جێبی سەربەتاڵ و وەکو دەڵێن جێبەروبعی و یەک دوودانە، فۆڕگاسنی وەکو دەوترا عەنتەر حەفتاویەک هەبوون.

 کەچی ئێستا هەیهوو، منداڵی بێشکە بیئێمی رەشی لەژێردایە.

 جاران دکتۆری چی؟ مامانێک، تا بە عەنعەنەو تەنتەنە دەدۆزرایەوە، قافڵە لە عەجەم دەگەڕایەوە! بەڵام ئێستا شاری پزیشکان هەیە.

 جاران شارێک تەلەفزیۆنێکی رەشوسپی تێدابوو، ئێستە شەرقو غەرب لە گیرفانی هەمووماندایە.

ئەدی ئەبێت سیڕی : جاران ژیان سادەبوو، لەچیدابێت؟

  نیمانە نوێترین فلمەکانی هۆڵیۆدی نەبینیبێت. جاران لەمسەرەوە بۆ ئەوسەر  زنجیرە فلمەکەی ژاڵەو چەند ئەڵقەو شانۆیەکی حاجی مەکی و ئەحمەد سالاربوون، کە هەموومان بڕگەبەبڕگەو لەقتەبەلەقتەمان لەبەربوون. جاران یەکدوو جۆر گەزو مەسکەت و نوقڵی مینۆ هەبوو. من لەناو هاوڕێکانمدا فشەم دەکرد دەموت: مۆزم خواردووە، تومەز نوقڵێکی زەرد بوو لەشێوەی مۆز دروستکرابوو. ئێستە شار بڕوخێ بەجبسی منوتۆ و لوسی و  لیز  و نەستەلەی تورکی و ئێرانی دەگیرێتەوە.

 لە کۆتایی هەشتاکاندا، باوباوی فلمی جەنگی ئێران و عێراق و ئیسلام و کافر بوو، هەمیشە بەرگسپییەکان ئیسلام و رەشەکانیش کافر بوون.

جیهان دابەشکرابوو، کوفرو ئیمان، شەڕو خێر، رێک وابوو، هێشتا مامانە لاکۆڵانییەکان زاتی هێنانەدونیای جیهانگیرییان نەبوو. ئیدی بەرە بەرە جیهانگیریی، بەنەشتەرگەرییەکی تەکنەلۆژیا، لەمنداڵدانی عەقڵی سیاسەتی جیهانییەوە هاتەدەرێ و فۆکۆیاما بانگیدا  بەگوێیدا.

 لە موعجیزەکانی لەدایکبونیشیدا دیواری بەرلین رووخاو یەکێتی سۆڤییەتیش بوویە ئاردی نێودڕک.

ئیدی بەرەبەرەبەر سینەماکانی سلێمانی بوونە وێنەی ئەمیتاباباجان و دارەمەندەر و ڤاندام و رامبۆ.

 لەم کەینوبەینەدا، هاوڕێیەکمان بەختیاوەری بوو، بەیانییەکیان دایکی بە چارشێوێکی رەشی کاڵەوەبووەوە دێت و دەستیدەگرێت. تومەز بەنیازی دیدەنی ئەو پورەیان کەماڵیان لە شاردایە، گەرەکیانە گەشتێ بکەن.

گەشتەکە کتوپڕ بوو، هاوڕێکەمان بە تیلماسکێ خەریکبوو داری دارلاسیکەکەی دەبەست. داری دارلاسیکەکەی لەگەڵ خوێنی ئەوچۆلەکانەی کە کوشتبوونی رەشببوویەوە. هەمووجارێ چۆلەکەیەکی دەکوشت، بە دەستی ملی هەڵدەکێشاو خوێنەکەی دەدا لە چەڵەمی دارلاسیکەکە بۆئەوەی دەستی ڕێکتربێت!

 ئەوبەیانییە هاوڕێکەمان سەفەری سلێمانی کرد. وەختێ لەتەک دایکیدا رۆیشت، لەناو ماشینەکەوە سەریمان بینی، بینیمان بۆئەوەی حسابی بەشەرێکی بۆنەکرێ، لەبەردەم دایکیدا بەکزۆڵەیی راوستابوو. هاوڕێکەمان باریکێکی درێژکۆلەبوو. فانیلەیەکی موڕەبەعی پرتەقاڵی لەبەردابوو، فانیلەکە لاملەکەی خەتێکی زەردی تێدابوو، ئێمە دەمانزانی وەختێ بە تەلی عەلادین وشککراوەتەوە سوتاوە، وەلێ لە بەر دڵی ئەو قسەمان نەدەکرد، چون جاران، بۆ وشککردنەوەی جلوبەرگی ماڵێ هاوینان تەناف و زستانانیش تەلێکی قاتقات دەکرا بەسەر عەلادینەکەداو جلەکانیان پێدا هەڵدەواسی.

بۆیە بەدەگمەن تەراکسودو فانیلەکانمان لە سوتان قوتاردەبوون، وەلێ هاوڕێکەم وانیشانیدەدا هەر دیزاینی فانیلەکەی خۆی وایە، چون چانسی هەبوو، خەتە زەردەکە بەشێوەیەکی بازنەیی بە ملی فانیلەکەوە دەرچووبوو.

 بەڵێ بەچاوی خۆم تەوقی سەری هاوڕێکەمم لە جامی دووای دوواوەی ماشینەکەوە بینی، بینیم لەبەردەم دایکیدا راوەستابوو، وەک ئەوەی دایکی پێی وتبێ خۆت کزۆڵ و عاقڵکەو ملت بەرە بەناوا، نەکا کرێی نەفەرێ بدا.

 داستانی گەشت و سەفای هاوڕێکەمان، وەک بەرسیلە ترێیەکی ئاسمانی دووری خەونەکانمان، دەمی منداڵیمانی پڕکردبوو لەئاو.

ئەو کەوتەڕێ بەرەو سلێمانی، تومەز لەڕێگا کچۆڵەیەک لەو بەرییەوە بەهەمان شێوەی ئەم، لەپێش دایکیدا راوەستاوە تاکرێ نەدا، وەلێ شۆفێرەکە قوشقی دەبێت و دەڵێ خوا یەکەو نابێ بەدوو، دەبێ کرێی نەفەرێ بدات، دایکیشی هاواردەکات و دەڵێ ئەو تڵفە کەی هی ئەوەیە کرێ بدات، شۆفێرەکەیش دەڵێ: ئەمە تەڵاقی بێت، ئێستا خاریجییەک بێتەداوای دەیدەیتە شوو. ئاخر ئەوکات سەرەتای خاریج و دۆلاربوو.  قسەیەک لەشۆفێرو قسەیەک لەدایکەکە، لە جادەی خۆڵی پڕ لەچاڵوچۆڵ رێگەکە تەیدەکەن.

هاوڕێکەم، دوای دەساڵ بۆیگێڕاینەوە، دەڵێ ئێستەیش کە بیری نێو ماشینەکە دەکەمەوە ملم دەبەمەوە بەناوا، نەکا شۆفێرەکە لە ئاوێنەکەی بەردەمییەوە بمبینێ. دەیوت: منیش حاڵی کچەکەم هەبوو، نازانم چۆن گیانی شیرینم دەرنەهات، باوەڕتانبێ خۆم کردبوویەوە بە فڕوجێ تا نەبینرێم، حاڵێکم هەبوو، کافرم بۆ موسڵمان دەبوو. ئای لەو خەجاڵەتی و خەمەی لەو گەشتەدا چەشتم.

بەڵێ هاوڕێکەم چووە سلێمانی و پاش چەند ڕۆژێ، هەر بەهەمان فانیلە پرتەقاڵییە موڕەبەعە لاسوتاوەکەوە دەرکەوتەوە، وەلێ پاپوجێکی مۆری لەپێدابوو، رێک وەک مەلیکەی سەبەئی سەردەمی سولەیمان بە نوکی پێ دەچوو بەڕێوە.

هاتو قوڕگی پڕبوو لە قسە، لولەیەک قەزوانی پێبوو، دانەدانە قەزوانی دەتروکانو چیرۆکی گەشتە شاهانەکەی بۆ ئێمە دەگێڕایەوە.

 ئێمەیش بەدەوری جۆگە ئاوێکدا، لە ئیرەیی سەفەر و پاپوج و قەزوانەکەدا، قەلەقببووین و بێخواستیخۆمان چیلکەمان لە جۆگە ئاوەکەی بەردەممان وەردەدا.

 تاڵترین تاڵاوی ئەو سەفەرەی هاوڕێکەمان کە کرابێ بەگەروماندا، باسوخواسێکی کول بوو کە ئێستایش وەک کافرمانێکی کول لەیادەوەریمدا ماوەتەوە.

 ئەم هاوڕێیەمان لەماڵە پورەکەیدا دادەنیشێ بەدیار فلمی شەوەوە.

بۆ نەگبەتی فلمی شەوەکە هیندی دەبێت و فلمی هیندیش سێ کاتژمێر کەمتر نەبوو.

 ئەمیش چرکە بەچرکەو دێڕبەدێڕی فلمەکە لەمێشکیدا خەزندەکات و وەکو سۆقاتێ بۆ ئێمەی دێهاتی دەهێنێتەوە. ئیدی هەرکە گەڕایەوە، زانیم دنیایەک قسەی پێیەو پەلەیەتی بیانکات، زانیم حاڵی قورسەو دەبێت لەجۆگە ئاوەکەدا خۆی خاڵیبکاتەوە.

بەڵێ لە قرچەی نیوەڕۆوە دەستیکرد بەگێڕانەوەی فلمە هندییەکە بۆمان، دەیانجار هەستاوەو دانیشتووەتەوە، چوون قەزوانیشی دەتروکان، رستەکانی تێکەڵدەکردن. لەهەمووی خرابتر لە گێڕانەوەی جەنگەکاندا، وەک پاڵەوانی فلمەکە حەرەکاتی دەکرد، ئیدی رەگی ملیم دەبینی لەژێر ملوانکە سوتاوەکەوە رەپ وەستابوو.

 باوەڕتان هەبێ، من دەڵێم بانگی مەغریب، ئێوە بڵێن بانگی عیشا، هێشتا هەر فلمەکەی باسدەکرد، هێند پاپوجەکانی وەشاندبووە ناو جۆگەکە، بەحساب پاڵەوانی فلمەکەیە، بەتەواوی خوسابووین.

ئێستەیش ئەو داخەم ناچێت. بەڵێ ئەوە ئەو ژیانە سادە بوو کە ئەوسا تێیدابووین. ئەمەیش ئەم ژیانە ئاڵۆزەیە کە ئێستا نەک هاوڕێکەمان، بۆخۆمانی کردۆتە فلمی هندی.


ئەم بابەتە 114 جار خوێندراوەتەوە