مامۆستایه‌كی خانه‌نشینی خامه ڕه‌نگین، ڕوداوه‌كانی یه‌ك ساڵی ناو یاداشته‌كانی ده‌كاته كتێب و له‌دووتوێی 165 لاپه‌ڕه‌دا چاپ و بڵاوی ده‌كاته‌وه، ئه‌و له‌ڕێی یاداشته تایبه‌تییه‌كانی خۆیه‌وه، مێژوویه‌ك بۆ سلێمانی تۆمارده‌كات.
مامۆستا به‌هجه‌ت عه‌بدولكه‌ریم خه‌فاف، كتێبی "سلێمانی 1991"ـی بڵاوكرده‌وه كه یاده‌وه‌ری نوسه‌ره له‌ماوه‌ی نزیكه‌ی یه‌ك ساڵی ته‌مه‌نیدا، كۆتایی ساڵی 1990 بۆ كۆتایی ساڵی 1991، له‌و ماوه‌یه‌دا نوسه‌ر چه‌ندین ڕوداو و گۆڕانكاریی شاری سلێمانی تۆماركردووه كه وه‌ك مێژوویه‌ك بۆ شاره‌كه و گه‌لی كورد گرنگی تایبه‌تی هه‌یه.
نوسه‌ر له‌لێدوانێكیدا بۆ سایتی گه‌لاوێژ ده‌ڵێت: له هه‌رزه‌كاریمه‌وه خولیای تۆماركردن و نوسینه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری بووم، گرنگی تایبه‌تی هه‌یه لای من، ئه‌و كتێبه‌ی بڵاوكراوه‌ته‌وه به‌شێكی كه‌می یان ته‌نها ساڵێكی یادهوهرییهكانمه.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی به‌دیاریكراوی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌ڵبژاردووه، مامۆستا به‌هجه‌ت، ده‌ڵێت: هه‌رچه‌نده مێژووی كۆن و نوێی كورد پڕیه‌تی له نه‌هامه‌تی و ڕوداو و كاره‌سات، به‌ڵام له‌م ده‌یانه‌ی دواییدا ئه‌و ساڵه ساڵی وه‌رچه‌رخانێكی گه‌وره‌بو له‌ناوچه‌كه‌دا، گۆڕانكاریی گه‌وره له‌حوكمدا بۆ ئێمه ڕویدا، كۆڕه‌وی ملیۆنی ڕویدا، زۆر ڕوداو هه‌ن دووباره نابنه‌وه، بۆیه ئه‌و ساڵه وه‌ك ساڵێكی جیاواز ته‌ماشاده‌كه‌م و گرنگی و بایه‌خی خۆی هه‌یه.
له پێشه‌كی كتێبه‌كه‌شدا كه نوسه‌رو لێكۆڵه‌ر "خه‌سره‌و مه‌حمود" نوسیویه‌تی، ده‌ڵێت: مرۆڤ به سروشتی خۆی خولیای گێڕانه‌وه‌ی هه‌یه، حه‌زده‌كات بۆخۆی بابه‌ته‌كانی بگێڕێته‌وه و گوێ بۆ چیرۆكی ئه‌وانی دیكه‌ش ڕادێرێت.. به‌وه‌شدا كه ژیان هه‌مووی ڕوداوه، به‌ناچاریی (گێڕانه‌وه) ده‌بێته به‌شێكی بنه‌ڕه‌تی له‌و ژیانه.
لێره‌وه یه‌كێك له‌و ژانره ئه‌ده‌بییانه‌ی زۆرینه‌ی خوێنه‌رانی له‌سه‌رجه‌م چین و توێژ و ئاسته جیاوازه‌كاندا بۆ خۆی كێش كردووه، بریتیه له ژانری یاده‌وه‌ری، یان یاداشت، یاخود ژیاننامه. له‌سه‌ره‌تای دروستبونی مرۆڤه‌وه ئه‌م ژانره بوونی هه‌بووه، به‌ڵام دیاره له‌سه‌ره‌تادا زاره‌كی بووه و دواتر هاتۆته ناو دنیای نوسین و تۆماركردنه‌وه. له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه كه ئه‌و ڕوداوانه‌ی مرۆڤ ده‌یانگێڕێته‌وه، ئیدی هی خۆی بن یان هی كه‌سانی دیكه، تێكه‌ڵ به حه‌ز و ئاره‌زو و ئایدۆلۆژیای خۆی ده‌كات، به‌گوزارشتێكی دیكه ده‌توانین بڵێین به‌رژه‌وه‌ندی و خواسته تایبه‌ته‌كانی خۆی تێكه‌ڵ به گێڕانه‌وه‌كان ده‌كات، لێره‌دا ناڕاستی ڕوداوه‌كان و زیاده‌ڕه‌ویكردن تێیاندا، ئاوێته‌ی حه‌قیقه‌تی ئه‌و ڕوداو و بابه‌تانه ده‌بێت كه دێنه ناو بواری گێڕانه‌وه‌كه، به‌ڵكو هه‌ندێكجار دۆخه‌كه ده‌گاته ئاستێك كه گومان له ڕاستیی سه‌رجه‌م ڕوداوهكانیش ده‌كرێت. ڕوداوهكانیش هه‌تا كۆنتربن و پتر له زه‌مه‌نی ڕوودانیان دووربكه‌ونه‌وه، ئه‌گه‌ری ئاوێتهبونیان به بابه‌تی ناڕاست و تێكه‌ڵكراو زیاتر ده‌بێت، و بوار بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌ڕه‌خسێت كه خواست و مه‌یله خودییه‌كانی خۆیانی ئاوێتهبكات.
ئه‌م ڕوداوانه‌ی له‌م بیره‌وه‌رییانه‌دا تۆماركراون، به‌ته‌واوی لهزیادهڕهویكردن و مه‌یلی ئایدۆلۆژیی خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه دوورن، هۆكاره‌كه‌ش بۆ دوو بابه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه، یه‌كه‌میان نزیكی مێژووی ئه‌و ڕووداوانه‌ی لێره‌دا تۆماركراون، كه سی (30) ساڵی ته‌واویان به‌سه‌ردا تێنه‌په‌ڕیوه، و ده‌توانین بڵێین كه زۆرینه‌ی به‌شداربووه‌كان و شایه‌تحاڵه‌كانی له‌ئێستادا له‌ژیاندا ماون.
بابه‌تی دووه‌میشیان تایبه‌تمه‌ندی كاره‌كته‌ری خاوه‌نی بیرهوهرییهكانه، واته گێڕه‌ره‌وه و تۆماركهرهكهیان، كه مامۆستایه‌كی ڕاستگۆ و دڵسۆزه، هه‌ر بۆیه، ڕاستگۆیی گێڕانه‌وه‌ی ڕوداوه‌كان له‌م نێوه‌نده‌دا بابه‌تێكی گومان هه‌ڵنه‌گره.
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی گێڕانه‌وه‌و تۆماركردنی ئه‌م ڕوداوانه، بریتیه له كورتبڕیی و چڕیی و پوختی له‌زمانی داڕشتن و گێڕانه‌وه‌یاندا، واته به‌ته‌واوی له درێژدادڕیی و وه‌سف و پیاهه‌ڵدانه‌وه دوور‌و پارێزراوه. له‌كاتێكدا نوسینی كوردی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گیرۆده‌ی درێژدادڕییه.
خاڵێكی دیكه‌ی گرنگ سه‌باره‌ت به‌م كتێبه، بریتییه له‌وه‌ی كه یاده‌وه‌ریی تۆماركراوی ساڵێكی دیاریكراوه كه بریتییه له ساڵی (1991)، له‌م ساڵه‌دا ڕاپه‌ڕینه مێژووییه‌كه و كۆڕه‌وه ملیۆنییه‌كه‌ی كوردی باشوری كوردستان ڕوویاندا، كه نه‌ك ته‌نیا له سه‌ده‌ی بیسته‌می نه‌ته‌وه‌ی كورددا، به‌ڵكو له‌كۆی مێژووی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌دا ساڵێكی ده‌گمه‌ن و كه‌م وێنه‌یه، ئه‌گه‌ر بێوێنه‌ش نه‌بێت.
ده‌بێت لێره‌دا ئه‌وه‌شمان له‌بیربێت كه ئه‌م دوو ڕووداوه مه‌زنه مێژووییه، واته (ڕاپه‌ڕین و كۆڕه‌و)ـه‌كه، له‌مڕۆدا به‌هۆی نزیكییان له ڕووی مێژووییه‌وه زۆر مایه‌ی بایه‌خ و سه‌رنجڕاكێشان نه‌بن، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه دوای تێپه‌ڕینی چه‌ند ده‌یه‌یه‌كی دیكه، وه‌ك ئه‌فسانه بۆیان ده‌ڕوانرێت، ڕه‌نگه لای هه‌ندێك له‌خوێنه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه مایه‌ی بڕواپێهێنانیش نه‌بن! به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی له‌و كۆڕه‌وه‌دا ڕویداوه، تراژیدیایه‌كی ئه‌وه‌نده گه‌وره و سه‌یرو سامناكه، به‌دڵنیاییه‌وه فیلمی سینه‌مایی و ڕۆمان ده‌سته‌وه‌ستانن له گواستنه‌وه‌یان.
ناوی كتێب: (سلێمانی 1991)
نوسینی: به‌هجه‌ت عه‌بدولكه‌ریم خه‌فاف
بابه‌ت: یاده‌وه‌ریی
پێداچونه‌وه: كارزان ئه‌نوه‌ر
دیزاین: ئومێد محه‌مه‌د
تیراژ: 500 دانه
چاپی یه‌كه‌م
چاپخانه: كارۆ
ئه‌ركی چاپ: سه‌روه‌ر ڕه‌شید ئاغا