Choman.jpg

کراتیس کێ بووە؟

لێرەوە زنجیرەیەکی مێژووی شانۆ دەستپێدەکەین، کە بریتی دەبێت لە ژیان نامەی هەوەڵین نووسەر و ئەکتەرە مێژوویەکانی بواری شانۆ و کارکردن دەبێت لەو ڕوبەرە فراوان و دێرینەی یۆناندا کە لە پاشمانەوە جێماوە و لە ئێستاشماندا ئامادەیی هەیە. نووسەر و ئامادەکاری ئەم زنجیرەیە بەڕێز چۆمان ە و ئەم زنجیرەیە تایبەتە بە سایتی گەڵاوێژ بەشی شانۆ.

زنجیرەی چواردەم. دەربارەی نووسەران لەمێژووی شانۆدا.

 کراتیس کێ بووە؟

گریکییە دێرینەکان ، یەکێک بوون لەو نەتەوە کۆنانەی کە جێ دەستیان دیارە لە مێژووی شارستانیەتی جیهانی دێرین دا ، و لە ناو شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە کۆنەکان ، خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا پشکی شێریان بەر دەکەوێت ، و لە ناو خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا گەلێک زانا و فەیلەسوف و ڕەوانبێژ و نووسەر و هونەرمەند دەرکەوتون ، کە توانیویانە ڕێڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بگۆڕن لە هەموو بوارەکاندا ، و هەروەها دەوڵەتە شارەکانی تری شارستانیەتی گریکییە کۆنەکان ، هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی دەوری هەبووە لە پێشخستنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان.

 ئەسیناییەکان دەستێکی باڵا و دیاریان هەبووە ، و یەکێک لەو بوارانە کە تیایدا پێشەنگ بوون هونەری شانۆ بووە ، و لە پاڵ  ئەسیناییەکان دا ، و خەڵکی ناوچەکانی تری وڵاتی گریکییە دێرینەکان ، دەوریان هەبووە  لە پێشکەوتنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان ، زۆرینەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ، کە گریکییە دێرینەکان بە گشتی ، و هەروەها دەوڵەتە شاری ئەسینا بە تایبەتی بە داهێنەری هونەری شانۆ دادەنرێت لە مێژووی دێرینی مرۆڤایەتیدا.

بنچینەی هونەری شانۆ لە ناو شارستانیەتی گریکییە دێرینەکان ، دەگەڕێتەوە بۆ ئاهەنگ و بۆنە دینییەکان کە لە دەوڵەتە شارە جیاوازەکانی وڵاتی  یۆنان ساز دەکران ، کە ئەو ئاهەنگ و بۆنانە لە دەوری خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس) دەسورایەوە ، کە ئەو خواوەندە یەکێک لە خواوەندە نیشتەجێ بووەکانی چیای ئۆلیمپوس ، کە لە پارێزگای پێیریا لە هەرێمی مەکدۆنیای ناوەندی سەر بە وڵاتی  گریک (یۆنان) ی ئێستە هەڵکەوتووە ، خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس)  خواوەندی بەروبووم و داری مێوە بووە ، و هەروەها دواتر ئەو هونەرە واتا هونەری شانۆ لە گریکییە پێشینەکانەوە ، چووە ناو شارستانیەتەکانی تر ، وەکو میسری دێرین ، و میزیۆپامیا (دوو ڕووبارەکە)_کوردستانی کۆن ، و ڕۆمای کۆن ، و ڕووسیا.

 ژیاننامەی کراتیس

کراتیس ، بە پێی زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکانی دێرین ، کە دەربارەی مێژووی هونەری شانۆی کۆنی یۆنان نووسراوەن ، بە یەکێک نووسەرانی شانۆ دادەنرێت لە مێژووی هونەری شانۆی کۆمیدی دا ، بە یەکێک لە هەرە نووسەرە گرنگەکانی هونەری کۆمیدی شارستانیەتی گریکی کۆن دادەنرێت ،  کە توانیویەتی هونەری شانۆ پێش بخات و داهێناێکی گەورەی تێدا کردووە ، و هەروەها کراتیس بە یەکێک لە شاعیرانی کۆمیدی و نووسەرێکی مەزنی شارستانیەتی یۆنانی کۆن و مرۆڤایەتی دانراوە.

کراتیس ، نەزانراوە  لە ساڵی چەندی سەدەی پێنجی پ.ز لە دایک بووە ، بەڵام زانراوە لە خێزانێکی خانەدانی ناوداری ئەسینی لە دایک بووە  و خەڵکی دەوڵەتی شاری ئەسینا بووە  ، واتا لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك  لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی گریك (یۆنان) لە دایک بووە ، و بەشی هەرە زۆری لە شاری ئەسینا بە سەر بردووە.

کراتیس ، دەستی بە نووسینی شیعری کۆمیدی و شیعر کردووە ، توانی گەلێک داهێنانی مەزن بخاتە ناو هونەری شانۆیی کۆمیدی  یۆنانی ئەو کاتە ، کە لە تەمەنی گەنجی دا بووە دەستی کردووە بە نووسینی شیعر و دەقی شانۆیی ، و لە ڕێگەی شانۆییە کۆمیدییەکانی ڕەخنەی توندی ئاڕاستەی کارە دزێوەکانی شاری ئەسینا و کۆمەڵگەی ئەو دەمەی گریک کردووە ، و گاڵتەی پێ کردوون.

کراتیس ، هاو سەردەمی هەر یەکێکە لە شانۆ نامەکانی وەکو: سبيس و سۆفۆکلێس و ئەیۆن خیۆسی و ئەسخیلیۆس (ئەسکیلیۆس) و ئیپسیچارموس و کراتینوس و چۆیریلوس و فۆرمیوس و سوساریۆن و یۆریپیدێس و کریتیاس و ئیوپۆلیس و ئاچایۆسی ئیریتریای و  گەلێک شانۆنامەی تر  بووە ، هەر وەکو ئەوان ، دەستی باڵای لە بەرەو پێشبردنی شارستانیەتی گریک (یۆنان) ی ئەو کاتە بە گشتی ، و هونەری شانۆیی یۆنانییە کۆنەکان بە تایبەتی هەبووە.

ئەرستۆ دەربارەی کراتیس ، دەڵێت: ئەو وەکو نوێنەرێکی گرنگی نەوەی پێشوو ئاماژەی پێداوە و وەکو وەزیری شیعر وابووە ، و کاریگەری بە سەر شاعیرانی سیسیلی کۆن لە وڵاتی ئیتاڵیای ئێستا هەبووە ، و یەکەمین شاعیری کۆمیدی ئەسینی و یۆنانییە ، کە وازی لە شێوازی ئایامبیک هێناوە و بە چیرۆکی بە یەک گرێدراو دەقی شانۆیی و شیعری هۆنیتەوە ، و مێژوونووسێکی بێزەنتی بە ساودا ، لە نووسینێکدا دەڵێت: یەکێکە لە مەزنترین شاعیرانی کۆمیدی یۆنان و بە برای  ئەسخیلیۆس (ئەسکیلیۆس) ی داناوە لە هونەری شیعری دا.

 بەرهەمە شانۆییەکانییەکانی کراتیس

کراتیس ، لە ماوەی ژیانی دا وەکو شاعیر و شانۆنامەنووس ، نزیکەیی (60) بەرهەمی شانۆیی نووسیووە ، کە ئەوەش ناوی هەندێ لەو بەرهەمانەی هەیەتی ، و بەڵام تەواوی دەقەکانەکانیان فەوتاون ، بەڵام ناونیشانەکانی هەندی دەقی شانۆیی زانراوە ، کە ژمارەیان نزیکەیی (13) شانۆیی بووە ، کە ئەمانەن ناونیشانی ئەو دەقە شانۆیین کە زانراوە ، وەکو: گیتیۆس (دراوسێیەکان) ، هێرۆیس (پاڵەوانەکان) ، ثێرایا (گیانەوەرە کێوییەکان) ، لامیا ، میتۆیکۆی (میتیکس یان بێگانەی یەدەگ) ، پاێدیای (یارییەکان) ، پێدیتای (پیاوانی کەلەپچە کراو) ، ڕهێتۆریس (ڕاکەرەکان) ، سامیۆی (سامییەکان) ، تۆلمای (کاری داتانگ) ، تیساورۆس (گەنجینە) ، ئۆرنیتیۆس (باڵندەکان) ، و فیلارگیۆس (ئەو پیاوەی حەزی لە پارە بوو) ، و هەروەها تەواوی بەرهەمە شانۆییەکانی فەوتاون.

کراتیس لە زۆربەی فێستیڤاڵەکانی تەواوی وڵاتی یۆنانی ئەو کاتە ، هەر وەکو شانۆ نامەنووسەکانی هاو سەردەمەکەی خۆی بە دەقە شانۆییەکانی بەشداری کردووە ، و نزیکەیی چەندین  جار خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵەکانی بە دەست هێناوە ، وەکو  فێستیڤاڵی ساڵی (450پ.ز) ، و فێستیڤاڵی ساڵی (440پ.ز) ، فێستیڤاڵێیکی تر بوو و نەزانراوە ساڵی چەند ئەنجام دراوە ، و لە هەر سێ فێستیڤاڵەکە ، لە پەرستگای خواوەند دیۆنیسس  ، کە بە شاری دیۆنیسیا ناسراوە  ئەنجام دراوە  ، و کراتیس  تێدا خەڵاتی یەکەمی  خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی بە دەست هێناوە.

 کۆچی دوایی کراتیس

کراتیس ، نەزانراوە لە ساڵی چەندی پ.ز لە سەدەی پێنجەم یان سەدەی چواری پ.ز ، لە تەمەنی چەند ساڵی دا  کۆچی دوایی کردووە ، لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك  لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی گریك (یۆنان) ، و هەر لەوێش ئەسپەردەی خاک کراوە.

 سه‌رچاوه‌کان

1_یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.

2_بهنام محەمەد پناه: نهێنییەکانی شارستانیەتی یۆنانی کۆن-وە: زاهیر محەمەد ڕەشید-سلێمانی2008ز.

_3پ . د. جڤری برۆن: پوختەی مێژووی ئەوروپا- وە: نیهاد جەلال حبیب اللە-سلێمانی2009ز

4_ویل دورانت: مێژووی شارستانیەت/ بەرگی چوارەم-وە: عەبدوڵڵا رەسووڵی-سلێمانی2014ز.

5_لوتفی عوبدولوەهاب یەحیا: یۆنان ، سەرەتایەک لە مێژووی شارستانییدا-وە: د . سەنگەر حاجی-هەولێر2014ز.

6_ئێریک ئریکسۆن: میتۆلۆجیای یۆنانی-وە: کەریم مستەفا-سلێمانی2020ز.


ئەم بابەتە 126 جار خوێندراوەتەوە