Kolonil.jpg

چاپی دووەمی ڕۆمانی (کۆڵۆنێل) بڵاوده‌كرێته‌وه‌

لە ئایندەیەکی نزیکدا چاپی دووەمی ڕۆمانی (کۆڵۆنێل) له‌ نوسینى (مەحموودی دەوڵەتئابادی) و وەرگێڕانی (ئازاد بەرزنجی) بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

نوسه‌ر و وه‌رگێڕى كورد (ئازاد به‌رزنجى) له‌ واڵى تایبه‌تى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبوك هه‌واڵى بڵاوكردنه‌وه‌ى چاپی دووەمی ڕۆمانی (کۆڵۆنێل) له‌ نوسینى (مەحموودی دەوڵەتئابادی) بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ رۆمانه‌كه‌ یه‌كێكى دیكه‌یه‌ له‌ زنجیره‌ كتێبه‌ چاپكراوه‌كانى ده‌زگاى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م.

سه‌باره‌ت به‌ رۆمانه‌كه‌ نوسیویه‌تى:

ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە بەسەر دوو زەمەندا دابەش دەبن؛ زەمەنێکیان ڕابردووە، کە لەڕێی مۆنۆلۆگ و فلاشباک و هەندێ لە سیمبوڵەکانی ڕۆمانەکەوە پێی ئاشنا دەبینەوە و سەر بە ڕۆژگاری محەمەدڕەزا شا و بگرە ڕەزا شای باوکیشیەتی. زەمەنی دووەم، کە ئێستای ڕووەداوەکانی ڕۆمانەکەیە، سەرەتای هەشتاکان و ساڵانی جەنگی عێراق و ئێرانه و سەردەمی کۆماری ئیسلامییە. کەواتە زەمینەی ڕۆمانەکە، مێژووی هاوچەرخی ئێران، هەروەها شۆڕشی ئیسلامی و ساڵانی دواتریەتی. لەم سەروبەندەدا، هەندێ لە سیمبوڵەکانی ئەو مێژووە لە ڕەوتی ڕووداوەکاندا دەردەکەون، لەوانە، چەند کەسێتییەکی وەکو کۆڵۆنیل محەمەد تەقی پەسیان و ئەمیر کەبیر و محەمەد موسەددیق و هتد...

دەتوانین بڵێین، لە کاتێکدا بەشی زۆری ڕووداوی ڕۆمانەکانی تری دەوڵەتئابادی، هەر بۆ نموونه، کەلیدەر و شوێنە بەتاڵەکەی سلووچ لە دێهاتەکانی ئێراندا ڕوو دەدەن، بەڵام ڕووداوەکانی کۆڵۆنێل ناوشار دەکەن بە مەیدانی خۆیان و کاریگەرییەکانی شۆڕش و جەنگ لەسەر ژیانی شار و خەڵک دەخەنە ڕوو. ئەم کاریگەرییەش بە ئەندازەیەکه، کە دەتوانین بڵێین سەرانسەری ڕۆمانەکە وەکو کابووسێکی ترسناک و سامناک خۆی دەنوێنێت، کە هێدی هێدی گیانی یەکەبەیەکەی ئینسانەکان دەخوات.

دەوڵەتئابادی لەم ڕۆمانەدا وێنەیەکی ڕەش و تاریکی مێژووی هاوچەرخی ئێرانمان پیشان دەدات، هەر بۆیە دەبینین سەرەتای ڕۆمانەکە بە شەو دەست پێ دەکات و کۆتاییەکەشی هەر بە شەو و کارەسات دوایی دێت. لەم ڕۆمانەدا، ناوی دوو کۆڵۆنێل هاتوون، یەکێکیان کۆڵۆنێل محەمەد تەقی پەسیانە -ناوی لە لیستی ناوەکاندا هاتووە- کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا شۆڕشگێڕێکی دیار و ناوداری ئێران بووە، دووەمیشیان پاڵەوانی ڕۆمانەکەیە، کە باوکی سێ کوڕ و دوو کچە و بە کەسێتیی کۆڵۆنێل پەسیان سەرسامه، هەر بەو هۆیەوە ناوی کۆڵۆنێل بەسەر ئەمیشدا دادەبڕێت و تەنانەت وێنەیەکی گەورەی کۆڵۆنێل پەسیانیشی لەناو ماڵەکەیدا هەڵواسیوه .

کۆڵۆنێل پێنج مناڵی هەیە؛ سێ کوڕ و دوو کچ، کە هەریەکەیان، بە شێوەیەک لە شێوەکان، لە ڕووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ ڕژێم و جەنگ و شۆڕشدا، تیا دەچن و دەفەوتێن. هەر یەکێک لەو مناڵانەشی مەیلی بە لای تەوژمێکی سیاسی، یان دینیدا هەیە. ئەمیری کوڕە گەورەی -کە ناوی لە ئەمیر کەبیرەوە وەرگیراوە -لەناو حیزبی توودەدا چالاکی دەنوێنێت، تا دەسگیر دەکرێت و لە زینداندا ئەشکەنجە دەدرێت. فەرزانەی کچەگەورەی کۆڵۆنێل شووی بە کابرایەک کردووه، کە ناوی قوربانی حەجاجه و سیمبوڵی دووڕوویی و هەلپەرستی و هەڵپەکردنە- ناوی ئەمیش لە حەجاجی کوڕی یوسفی سەقەفییەوە وەرگیراوه -مەسعوود کوڕی دووەمی کۆڵۆنێلە و لە لایەنگرانی ئیمام خومەینییە، دەچێت بۆ شەڕی عێراق و ئێران و چارەنووسێکی شووم چاوەڕێی دەکات.

محەمەد تەقییش کوڕێکی تری کۆڵۆنێله و باوکی لە خۆشەویستییەوە بۆ کۆڵۆنێل محەمەد تەقی پەسیان، ئەو ناوەی لێ ناوە. ئەمیش لایەنگری فیدائییانی خەلقە. بچووکترینیشیان پەروانەی کچیەتی، کە هێشتا چواردە ساڵانی تەواو نەکردووە و هەواداری موجاهیدینی خەلقە، یان بەوە تاوانبار دەکرێ.

لەم ڕۆمانەدا، شۆڕش سەری هەموو مناڵەکانی خۆی دەخوات و خەونەکانیان لەبار دەبات.


ئەم بابەتە 103 جار خوێندراوەتەوە