11111111111111111111.jpg

بەیادی سێ ڕەنگەکە ی کیشلۆفسکی

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

سێ ڕەنگەکە_ سپی_ شین_سوور   _ سێ فیلمە بەناوبانگ و پڕ رەنگەکەی دەرهێنەری پۆڵندی کیشلۆ فسکییە_ ئەو بە یەک هێڵ و لەڕێگای جیاوازەوە، دەربارەی ژیان و ئەڤین و خۆشەویستی و لێک جیایی کاری کردووە.   

 سێ ڕەنگەکە: شین، سپی و سوور کۆتا فیلمی کیشلۆڤسکی بوو. کیشلۆڤسکی لە بەرهەمهێنانی فیلمەکە ھیلاک و ماندوو بوو، چونکە لە هەمان کاتدا فیلمی شینی مۆنتاژ دەکرد، فیلمی سپی ڕیکۆرد دەکرد و سیناریۆی فیلمی سووری دەنووسی.  Three Colours trilogy2

کیشلۆڤسکی لە دوای دروستکردنی فیلمی ''سوور'' لە ساڵی ١٩٩٤ و لە ڤێستیڤاڵی سینەماییی فیلمی کان بە یەکجاری وازهێنانی لە فیلمسازی ڕادەگەیەنێ. کیشلۆڤسکی لە نەشتەرگەرییەکی کراوەی دڵ و بە جەڵتەی دڵ لە تەمەنی ٥٤ ساڵانیدا، ١٣ی مارچی ١٩٩٦، مرد و لە وارشۆی زێدی خۆی نێژرا.

کریزتۆف کیشلۆڤسکی

 Krzysztof Kieślowski

ژیاننامە؟ کریستۆف کیشلۆڤسکی (Krzysztof Kieślowski) یەکێک بوو لە فیلمساز و سیناریۆنووسە بەناوبانگ و کاریگەرەکانی پۆڵەندا و پەنجا ساڵی ڕابردووی ئەورووپا. لە ٢٧ی جونی ١٩٤١، لە گەرمەی دووەم جەنگی جیهان و دەورانی شەڕوشۆڕ و ترس، لە وارشۆی پایتەخت لەدایک بووە. باوکی ئەندازیاربووە ونەخۆشیی سیلی هەبوو، زۆر شوێن گەڕاون بە ئومێدی پەیداکردنی دەرمان و لە زۆر شارەدێ ژیاون. لە ساڵی ١٩٥٧ و لە تەمەنی شانزە ساڵانیدا بەبێ هیچ ئامانجێک لە وارشۆ دەچێتە کۆلێجی فێربوونی تەکنیکەکانی شانۆ لەبەر ئەوەی لەلایەن خزمێکیانەوە بەڕێوە دەبرا.

سەرەتا دەیویست ببێتە دەرهێنەری شانۆ، بەڵام لەبەر ئەوەی بڕوانامەی بەکالۆریۆسی نەبوو، بۆی نەلوا و لە جیاتیدا خوێندنی فیلم و سینەمای هەڵبژارد. دواتر کیشلۆڤسکی خۆی لە قوتابخانەی فیلمی لۆدز ناونووس کرد، ئەو قوتابخانە گرنگەی کە گەورە دەرهێنەرانی وەک ڕۆمان پۆلانسکی و ئاندرێ واژدا لێی خوێندوویانە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی دوو جاران داواکەی ڕەت کرایەوە. لە پێناو نەچوونی بۆ خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لەو ڕۆژگارەدا، دەبێتە خوێنکارێکی بەشی هونەر و ئەوپەڕی هەوڵی دەدا سکی خۆی هەڵگوشێ و خۆی وشکوڕەق بکاتەوە تا لە خزمەتی سەربازی ببوێردرێ. دوای چەند مانگێک لە داواکەی و لە سێیەم هەوڵیدا لە قوتابخانەی فیلمی لۆدز قبووڵ دەکرێ. لە ماوەی نێوان ساڵانی ١٩٦٤ هەتا ١٩٦٨، ئەو دەورانەی کە حکومەت ئازادییەکی تەواوەتی دابوو بە قوتابخانەکە، کیشلۆڤسکی چووە ئەو قوتابخانەیە و دەمودەست ئارەزووی بۆ شانۆ نەما و بڕیاری دا فیلمی دۆکیومێنتاری دروست بکا. لە کۆتا ساڵی خوێندنی لەو قوتابخانەیە، ساڵی ١٩٦٧، لەگەڵ دڵداری ژیانی زەماوەند دەکا و هەتا وەختی مردنی لەگەڵ ژنەکەی و تاقە کچەکەیان، مارتا (لەدایکبووی ٨ی جەنیوەریی ١٩٧٢) پێکەوە دەژین.

Three Colours trilogy1

سینەمای کیشلۆڤسکی کە دەگێڕێتەوە، باسی شتگەلێک دەکات کە بە مرۆڤەوە نووساوە، هەست و بیرکردنەوە شەخسییەکان و عەشق، کریستۆف کیشلۆڤسکی، خاوەن ناوبانگی جیهانیی بە فیلمەکانی دە فرمانەکەی مووسا، جووت ژیانی ڤێرۆنیکا و سێ ڕەنگ: شین و سپی و سوور. دەرهێنەرێکی کەمهاوشانی ئێجگار بەبەهایە و سینەماکەی باس لە چیرۆکگەلێکی سادە بەڵام بە چەندین پرسیاری قورس و فەندەمێنتاڵ و گەردوونییەوە لەمەڕ هەستە ئاڵۆزەکانی مرۆڤەوە دەکا. ئەو هەوڵ دەدا وەڵامی پرسیاری ''پێویستە مرۆڤ چۆن بژی؟'' بداتەوە و لە چاوپێکەوتنێکدا گوتبووی، ''هەمووان دەیانەوێ جیهان بگۆڕن هەرکات کە هەوڵ دەدەن کارێک بکەن. من بەش بەحاڵی خۆم پێم وا نییە جیهان بگۆڕدرێ. من پێم وایە جیهان دەبێ پەسن بدرێ و باس بکرێ.''


ئەم بابەتە 135 جار خوێندراوەتەوە