Roza.jpg

کاتێك کە ڕۆحی سەرکردەکان لەمرۆڤایەتیدا جێگیردەبێت

رۆزا حەمە ساڵح

ئەم ژنە  ژنێکی ھەژار و لانەواز نییە، ئەم ژنە ناوی تاریا ھالونین؛ لە ساڵەکانی 2000- 2012سەرۆک کۆماری فنلندا بووە، لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا وڵاتی فنلندا چووە ناو لیستی باشترین وڵاتەکانی جیھان لە ڕووی سیستەمی خوێندن  وتەندروستی و بیناسازیەوە، کۆمپانیا وکارگەکانی ئەو وڵاتە بوونە پێشەنگ لە جیھاندا، وەك  کۆمپانیای نۆکیا، ھەتا ھەنوکە ھەندێکیان ھەر لە پلەکانی یەکەمیدان، وەك فارتسیلا و کاتژمێری وەرزشی صوونتو و بولار، ئەمە جگە لە کارگەی دروست کردنی کەشتێ زەبەلاحەکان و کارگەی دار و وەرەق و زۆر کارگەی تریش.

 لە کاتێکدا وڵاتی فنلندا ژمارەی دانیشتوانی 5.5 ملێونە، وڵاتێکە کەش وھەوایەکی یەکجار سەختی لە زستاندا ھەیە.

 لەم وێنەیەدا کە لە ساڵی 2016 گیراوە (بە ھۆی ئەوەی  لەو ساڵەدا پەنابەرێکی یەك جار زۆر ڕووی لەو وڵاتە کردووە)، تێیدا سەروك کۆماری پێشووی فنلندا بە جلێکی کۆنەوە دەردەکەوێت، کە لە بازارەکانی دەستی دوو  کریویەتی و لەبەری کردووە، بەبی نان و ئاو بۆ چەند کاتژمێرێك لە شوێنێکی گشتیدا دادەنیشێت،  وەك ئەوەی بانگەشە بکات و بە خەڵکی بڵێت " ھەست بە مرۆڤە ھەژار ولێقەوماو وپەنابەرەکان بکەن"، تەنانەت دواتر ھەستاوەو قوتویەکی گرتووە  بە دەستییەوە، بە ناو بازاڕدا گەڕاوە، بۆ ئەوەی پارە بۆ پەنابەرەکان کۆبکاتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا پرسیاری ئەوەیان لێکرد کە بۆ چی  ئەم  ڕۆڵەی بینیوە؟

وتی: دەکرا من کەسێك بوومایە لەو مرۆڤە لانەوازانەی  کە ھیچ جێگایەك شك نابەن و پێویستیان بە یارمەتی و ھاوکارییە، بەڵام شانس کردی من بووم بە سەروك کۆمار، بۆیە  بە پێویستی دەزانم کە ھەست و سۆزم ھەبێت بۆ ئەو جۆرە مرۆڤانە، ڕێز لە شکۆیان بگرم، دەرك بە ئازارەکانیان بکەم. 

 کاتێك کە ڕۆحی سەرکردەکان لەمرۆڤایەتیدا  جێگیردەبێت ئەو کات نیشتیمان و ھاوڵاتییەکانی لە پێشەنگدا دەبن.

Tarya

Tarya1


ئەم بابەتە 363 جار خوێندراوەتەوە