Dldar.jpg

خاڵی ڕەش

دڵدار

چک... چک... چک...

کاتژمێری دیوارەکە دەشکێنرێت، بەڵام کات ناوەستێک

ئەم بازنەی بەدەوری ئێمەی کێشاوە، ڕۆژێک یان شەوێک بچووک دەبێتەوە تا دەمانخنکێنێت.

ئەم چڵێسییە بێ فێڵەی وازمان لێ ناهێنێت

 

نۆهەزار و سەد و هەژدە ڕۆژە هەناسە دەدەم، ماندووم.

بەڵام وەک ئەو پەنگوینەی کە تاشەبەردە تیژەکانی لوتکەی پشت شاخە بەفرینەکانی جەمسەری ساردی زەوی برینداری دەکەن و،

بۆ ئەو بەردەکان گەوهەری مانەوەن لە ژیان.

بۆ منیش خاڵی ڕەشی لاملی ڕاستت هەمان ئەو گەوهەرەیە کە دەمهێڵێتەوە لە ژیان

لەهەمان کاتیش دا کونی ڕەشی نێو گەردوونی خەیاڵی منە.

 

تک... تک... تک...

باران دەبارێت، ئاسمام بۆ کەسێک غەمگینە کە من نیم

ساردە، بێڕەحمانە سارد... دەستم بگرە، با بگەڕێینەوە بۆ ماڵ

ئەم کۆشە ڕژاوە بە ئێمە کۆ ناکرێتەوە

بینینی ئەم تاوەرە کۆترکوژانە ئازارم دەدەن

با بگەڕێینەوە ئەو ماڵەی کە هێشتا دەستی خوداکانی ئەم سەردەمەی پێ نەگەیشتوە، ئەو مانگە دزراوانە هی ئێمە نین

 

تەق... تەق... تەق...

سەردەمی باروت بەسەر دەچێت، بەڵام جەنگ نا

جەنەڕاڵەکان دەمرن، بەڵام نەخشەکانیان نا

ڕووبارەکان وشک دەبن، کانیاوەکان دەخنکێن

بەڵام خوێنی ڕژاو بەردەوام جۆگەڵەی نوێ دەبەستێت

 

توند دەستم بگوشە

با نێتەوەبیرم کە ئەو هەموو شەقارەی سەر جەستەم پاشماوەی چ زریانێکی بێڕەحمی ڕۆژگار بووە.

 

زڤستانی ۲۰۲۱


ئەم بابەتە 39 جار خوێندراوەتەوە