Mezhwi_Amro.jpg

مێژوی ئەمڕۆ 6/2

- له‌ رۆژى 6/2/1871 ئه‌حمه‌د ته‌یمور پاشا، ئه‌دیب و نوسه‌ری میسری به‌ نه‌ژاد كورد له‌ باوكێكى كورد و دایكێكى ترك له‌ شارى قاهیره‌ له‌ دایكبووه‌، له‌ رۆژى 25/8/1930 له‌ ته‌مه‌نى (58) ساڵى له‌ شارى قاهیره‌ كۆچى دوایى كردووه‌.

- له‌ رۆژى 6/2/1918 گۆستاڤ كلیمت (Gustav Klimt)، نیگاركێشی نه‌مساوی له‌ ته‌مه‌نى (56) ساڵى به‌ جه‌ڵته‌ى مێشك له‌ شارى فینا كۆچى دوایى كردووه‌، له‌ رۆژى 14/7/1862 له‌ دایكبووه‌.

- لە رۆژى 6/2/1930 ئیسماعیل عامود، شاعیر و نوسه‌رى سورى لە شارى سلمیە لە دایکبووە، لە رۆژى 3/2/2015 لە تەمەنى (85) ساڵى لە شارى سلمیە کۆچى دوایى کردووە.

- له‌ رۆژى 6/2/1935 ئه‌حمه‌د موختار جاف (ئەحمەد وەسمان محەممەد کەیخەسرەو سلێمان عەبدوڵڵا تاھیر بەگی جاف) ، شاعیرى كورد له‌ ته‌مه‌نى (37) ساڵى له‌سه‌ر رووباری سیروان له‌كاتى په‌ڕینه‌وه‌ى لە لایەن چەند كه‌سێكه‌وه‌ تیرۆر كرا، تەرمەکەی لە تەنیشت گۆڕی براكه‌ى تاهیر به‌گى جاف لە گوندی عه‌بابه‌یلێ له‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌ بە خاکسپێردراوه‌، له‌ ساڵی 1898 له‌ شارى هه‌ڵه‌بجه‌ لەدایکبووە، دایكى ناوى (عادیله‌ خانم)ە و براى شاعیرى كورد تاهیر به‌گى جافه‌، ئه‌گه‌رچى دەرچووی خوێندنگه‌ باڵاکان نەبووە، بەڵام مرۆڤێکی زیرەک و وردبین بووە، جگه‌ لە زمانی دایك، زمانى فارسى و توركى و عه‌ره‌بى و کەمێکیش زمانى ئینگلیزى زانیوە، بەزمانی فارسی چەند ھەوڵێکی شیعریی ھەیە.

- له‌ رۆژى 6/2/1949 مایك بات (Mike Batt)، موزیسیان و ئاوازدانه‌رى ئینگلیزی له‌ شارى ساوسهامپتۆن له‌ دایكبووه‌.

- لە رۆژى 6/2/1999 دانى دایتۆن (Danny Dayton)، ئەکتەر و دەرهێنەرى ئەمەریکى لە تەمەنى (75) ساڵى بە نەخۆشى لە شارى لوس ئەنجلوس کۆچى دوایى کردووە، لە رۆژى 20/11/1923 لە شارى جیرسى سیتى لە دایکبووە، لە ساڵى 1949 بەشدارى لەکارى هونەریدا کردووە.

- له‌ رۆژى 6/2/2004 ئه‌مه‌ل جه‌راح، ژنه‌ شاعیر و رۆماننوس و نوسه‌رى سورى له‌ ته‌مه‌نى (59) ساڵى له‌ شارى به‌یروت كۆچى دوایى كردووه‌، له‌ ساڵى 1945 له‌ گوندى مه‌رجعیون له‌ شارى نه‌بتیه‌ له‌ دایكبووه‌.

- لە رۆژى 6/2/2011 ئەندریە شەدید (Andrée Chedid)، ژنە شاعیر و رۆماننوس و نوسەرى فەڕەنسى لە تەمەنى (90) ساڵى بە نەخۆشى لە شارى پاریس کۆچى دوایى کردووە، لە رۆژى 20/3/1920 لە شارى قاهیرە لە دایکبووە.

- لە رۆژى 6/2/2011 گازی مور (Gary Moore)، گۆرانیبیژ و ئاوازدانەر و موزیسیانی به‌ریتانی لە تەمەنى (58) ساڵى بە جەڵتەى دڵ لە شارى ئەستیفۆنا لە ئیسپانیا کۆچى دوایى کردووە، لە رۆژى 4/4/1952 لە شارى بلفاست لە ئیرلەندا لە دایکبووە، لە ساڵى 1970 تاکو ساڵى 2011 بەشدارى لەکارى هونەریدا کردووە.


ئەم بابەتە 29 جار خوێندراوەتەوە