Nihad.jpg

شانۆی پۆڵەندی لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا

نیهاد جامی- پۆڵەندا

(١-٢)

کاتێک بمانەوێت لەبارەی شانۆی پۆڵەندی بدوێین ناکرێت بابەتی داگیرکاری و شەر لەم وڵاتەدا فەرامۆش بکەین، کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم چەندە دەبێتە مژدەی سەربەخۆیی ئەم وڵاتە، بەڵام ئەو مژدەیە ئاسۆیەکی نوێ لەبەردەم ئەو کۆمەڵگایەدا ناکاتەوە بەهۆی ئەوەی لە ١٩٣٩ دوای ڕێکەوتنەکەی ئەلمانیا و ڕووسیا و پاشگەزبوونەوەی هیتلەر لەڕێکەوتنەکە، شەش ملیۆن پۆڵەندی دەبنە قوربانی جەنگ، دیسان پۆڵەندا دەکەوێتەوە بەر شاڵاوی جەنگ، ئیدی هەریەکە لەیەکێتی سۆڤیەت وئەلمانیا هێرشیان لەدژی یەکتری هێرشکردن دەبێت بۆ سەر پۆڵەندا، لە ١٩٤٤ سەرلەنوێ سۆڤیەت ئەو وڵاتە داگیر دەکاتەوەو ئەڵمانیا دەکاتە دەرەوە، ساڵی دواتر حکومەتی پۆڵەندی سەر لەنوێ درووست دەکرێتەوە، حکومەتێک لەژێر چاودێری یەکێتی سۆڤیەت بەڕێوە دەچێت تا ڕووخانی کۆمۆنیزم پۆڵەندا لەژێر سایەی سۆڤیەتدا دەژیێت.

 چەند ساڵێک بوو پۆڵەندا لەژێر حوکمی یەکێتی سۆڤیەتدا بوو، کاتێک جەنگی دووەمی جیهانی کۆتایی دەهات، ، بەتایبەت لە ١٩٥٢ لەگەڵ راگەیاندنی دەستوور، ئەو کۆمەڵگایە لەبەردەم خەونی ژیاندا بوو، بەلام بەدرێژایی ساڵەکان گرفتی سیاسی و ئابوری زیانی گەورەی لەو کۆمەلگایە دەدا، نەیدەهێشت بەرەو پێش چوون بەخۆیەوە ببینێت، بەلام لەگەڵ ڕووخانی یەکیتی سۆڤیەت، سەرکەوتنی سەندیکای کرێکارانی پۆڵەندی لەهەڵبژاردنەکانی ١٩٨٩ توانیان یەکەم حکومەتی دوای کۆمۆنیزم درووست بکەن، ساڵی دواتر دەست لەکارکێشانەوەی سەرۆک کۆمار، دەرگایەکی نوێتری لەبەردەم ژیانی ئەو کۆمەڵگایەدا کردەوە، بەڵام شانۆ بەدرێژایی ساڵانی ١٩٤٥-١٩٨٨ئەو ساڵانە دەبوو لەژێرهەیمەنەی یەکێتی سۆڤیەتدا کار بکات، کاتێک پاڵەوان لەو وێنە کۆمۆنیستیە یاخی دەبێت، ئەوا سزایەک هەیە و ڕووبەرووی دەبێتەوە.

ناوەراستی دەیەی چلەکانی سەدەی بیستەم تەواوی شارەکان هۆڵی شانۆیان تێدابوو، ئەوەش وایکرد مرۆڤی پۆڵەندی تەواو بەشانۆ ئاشنا ببێت، لەڕووی دروستکردنی بیناسازی هۆڵی شانۆ گەشە سەندنێک لەو وڵاتەدا لەئارادا بوو ، شاری ئوچ لە ١٩٤٥ وەک ناوەندێکی شانۆیی زۆربەی کارە شانۆییەکانی دەگرتە خۆی، لەماوەی پێنج ساڵی یەکەمدا واتە تاوەکو پەنجاکان، سێ شانۆ گرنگی خۆیان وەدەستهێنابوو، شانۆی سەربازی کەوا لەلایان شیللەر (١) بەڕێوە دەچوو، شانۆی شیعریی لەلایان هەردوو شانۆکار ڤیرچینیسکی و کۆژێنیڤسکی بەڕیوە دەبردرا، هەروەها شانۆی ژوور کە لەلایان ئێرڤین ئەکسێر (٢)و م. مێلینا سەرپەرشتی دەکرا.

تەنیا ئەو سێ شانۆیە نەبوو کە دەرکەوتن، بەنمونە هەندێک شانۆ هەبوو کەزیاتر کۆمیدیا بوو، بەڵام لەناو ئەو سێ شانۆیەشدا کارەکانی شیللەر گرنگی و تایبەتی خۆی هەبوو، وەک تێبینی دەکەین لەلایەک واقعی بوونی شانۆکەی بەشێک بووە لەتینوویەتی مرۆڤەکانی کۆمەڵگا کەخۆیانی تیا بینیوەتەوە، لەلایەکیتریش شانۆیەکی سەربازی پێویستیەکیتری ژیانی کولتووریی بوو کە سوپا بەگرنگەوە تەماشا دەکرا بۆ ئەوەی مرۆڤەکان بپارێزێت، ئەو دوو هۆکارە وایکردبوو شانۆکانی شیللەر لەنەخشەی ئەم شانۆیەدا بەگرنگیەوە لێی بڕواندرێت.

لەپاڵ ئەو دەرهێنەرە کارە دەرهێنانیەکانی ئێرڤین ئەکسیریش ببووە سەرنجی بەشێکی دیاری بینەرانی شانۆ کەشانۆیەکیان دامەزراندبوو بەناوی ژوور، بەتایبەت لەیەکەم سەرکەوتنی لەنمایشێکی نووسەر شانیاڤسکی، دواتر شانۆگەری "ئەڵمانەکان" ی کروچکۆڤسکیێ، هەر لەو کاتانەدا بوو گاڵا شانۆیەکی ڕاگەیاند بەناوی کەنار دەریا، شاری وارشۆش بەدوای هەڵمەتی چاککردنەوەو بنیاتنان لە١٩٤٦ ژیانی شانۆیی بۆ دەگەڕێتەوە لەیەکەم کاری دەر‌هینەر ئۆستێرڤی.

شانۆنامە ڕووسیەکان تائاستێکی دیار توانای ئەوەیان هەبوو شانۆکانی پۆڵەندا داگیر بکەن، بۆیە بەشیوەیەکی فراوان ئەو شانۆنامە ڕووسیانەی نمایش دەکران، زیاتر بەرهەمی شانۆنووسانی وەکو چێخۆڤ و گۆگۆڵ و تۆڵستۆی ومەکسیم گۆرکی وئیڤانۆڤا وئۆسترۆڤسکی، بۆیە شتێکی سەیر نیە کەوا لە ١٩٤٩ پۆڵەندا فێستڤاڵی هونەری ڕووسی ساز بکات، کەوا ٣٠ نمایشی شانۆیی لەم ڤێستڤاڵە نیشان دەدرێت، هەر لەو ساڵەدا وەزارەتی کولتور یەکەم کۆنفرانسی شانۆکارانی ساز کردووە، ئەم کۆنفرانسە دەبێتە هۆی یەکەم مەترسیەکانی کۆمۆنیزم بۆ سەر شانۆ، کەدەبێت شانۆ لەخزمەتی واقعی سۆسیالیستیدا دەربکەوێت، بۆیە زۆر شانۆنامەی شانۆنووسان ئیدی دەکەونە ناو هێلی سوورەوە، لەوانە شانۆنامەکانی میتسکیێڤیچا و کراشینیسکی وڤیسپیانیسکی.

بڕیارەکانی کۆنفرانس هەر بەوەندە ناوەستێت، بەڵکو کۆمەڵێک گریمانە دەسەپێننە سەر شانۆکاران لەوانە دەبێت پابەندی شانۆی واقعی ببن، هەر شتێک بەناوی هونەری نوێیە نابێت بۆ فریودان لێی نزیک ببنەوە، هەروەها ستانسلاڤسکی دەبێتە شێوازی سەپێنراو لەشانۆی پۆڵەندی ئەو ڕۆژگارە، داوا لەئەکتەرەکانیش دەکەن کەوا لەجوتیارو کرێکارەکان نزیک ببنەوە تا هەست بەشێوازی ژیانیان بکەن و لەسەر شانۆکان ژیانی ئەوان ڕەنگ بداتەوە، ئەوە سەرباری ئەوەی لەسەرەتای پەنجاکان شانۆیەکی نوێ لە شاری ئوچ دەکەنەوە، کەوابەستەی جوانیناسی واقعی سۆسیالیستی بێت، وەک دەزگایەکی کولتوریی شانۆیی بۆ کۆمۆنیزم.

ئەو سەپاندنە لەشانۆدا هۆکارەکەی ئەوە بوو دەیانزانی شانۆ دەتوانێت بەرەنگاری دەسەڵاتەکەیان ببێتەوە، بۆیە دەیانوویست ئاراستەی شانۆ بۆ ئەو شوێنە بێت کەخۆیان دەیانەوێت، بۆ ئەوەی مەترسی نەخاتە سەر ژیانی دەسەڵاتەوە، بۆیە بەگژ لیستێک شانۆنامەی پۆڵەندی و جیهانیدا دەچنەوە و دەیانەوێت لەو رۆژگارەدا ئەو کارانە نمایش بکرێن کە واقعی سۆسیالیستین، ئەو بریارانە ڕەنگدانەوەکەی تەواو فراوان دەبێت، بەتایبەت ئەو دەرهێنەرانەی گۆڕانکاریان لەئاستی هۆشیاری سیاسی و کولتوریی بۆ کۆمەڵگا خوڵقاندووە لەکاری شانۆییان دووریان دەخەنەوە لەوانە شیللەر و گال و شییفمان، دوای چەند ساڵێک دەستیان لەو بریارانە هەڵگرت، بەڵام هەولیان دەدا ئەو ترسە نیشان بدەن، پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارانە شکستی دەسەلات نیە بەقەد ئەوەی سزایەکە بۆ ئەوەی بزانن لادان لەو دەسەلاتە دوورخستنەوەیانە لەشانۆدا، هەڵبەت بەجۆرێکیتر ترساندنی دەرهێنەرو ئەکتەرەکانیتریشە.

ئەو دۆخە بەردەوامی هەیە تا کۆتایی جەنگ و ئاسایی بوونەوەی دۆخی پۆڵەندا، لە١٩٥٥ یەکەم نمایشی دوای جەنگ لەشاری وارشۆ پێشکەشکرا لەژێر ناوی "باپیران"  لە دەرهێنانی  ئەلێکساندێر باردینی، ئەو سەرەتایە دەرگا لەکۆمەڵە شانۆنامەیەکی نوێ دەکاتەوە بەتایبەت شانۆنامەکانی برێخت وسارتەرو دورێنمات، لەپاڵ کاری شانۆنووسانی پۆڵەندی وەکو مرۆژێک وبرۆشکچێڤیچا وروژێڤیچا، ئەو مێژووە سەرەتایەکی گرنگی شانۆی پۆڵەندی پێک دێنێت، بەوەی دەرگا لەدنیای جیاوازی شانۆنووسان دەکرێتەوە، دەتوانن کار لەتێکستەکانیاندا بکەن، بەتایبەت لەشانۆنامەکانی ژان ژینیە و یۆژین یۆنسکۆ و سامۆئێل بیکیت، بەدوای ئەوە بۆ یەکەمجار لە ١٩٥٧ شانۆگەری "لەچاوەروانی گۆدۆ" نمایشکرا، بەرهەمی ئەو نووسەرانە چەندە لەدوای جەنگ ڕێگای نمایشکردنیان درا، بەڵام کۆمەڵە نووسەرێکی پۆڵەندی بەر لەجەنگەوە کەوتبوونە ژێر کاریگەری ئەوان، لەشانۆنامەکانیان ڕەنگی دابۆوە لەنموونەی ئەبرامۆڤ نێڤێرلی وبریلی ودرۆزدۆڤسکی وگرۆخۆڤیکا وئیردینیسکی کراشنیسکی ریمکیێڤیج و سیتۆ.

چەندە لەو شانۆ نوێیەی جەنگدا نووسەرانی پۆڵەندی رۆڵی گرنگیان دەرکەوت، لەپاڵ ئەوەدا کۆمەڵە دەرهێنەرێکیش بەهۆی نمایشەکانیان ناوبانگێکی دیاریان پەیدا کرد، کارەکانیان بوونە جێی سەرنجی بینەران وناوەندە شانۆییەکە، لەوانە ئەکسێر ودۆزینەوەی شێوازە شانۆییە نوێێەکەی لەشاری ئوچ بەناوی ژوور، ئەو لەو شانۆیەدا زیاد لە دەساڵ بوو کاری تیادەکرد، بەلام لەو دۆخەی دوای جەنگ کاریگەری لەسەر مرۆڤی پۆڵەندی بەتەواوی دەرکەوتبوو، هەوڵی دەدا لەنێوان شانۆی کۆنی پۆڵەندی و شانۆی سونەتی پەیوەندیەک ڕێکبخاتەوە، بەتایبەت لەنمایشەکانی "شارەکەمان ١٩٥٧، کاروان-برێخت ١٩٦٢، تانگۆ ١٩٦٥"

Tango

شانۆگەری تانگۆ.. دەرهێنانی ئێرڤین ئەکسێر

لەوەی دواییان "تانگۆ" وێنەیەكی كۆمەڵایەتی ئەو كۆمەڵگایە دەخاتە ڕوو، ئەوە ڕەخنەیەكی كۆمەڵایەتیە، هاوبەشیكردنی دنیای نووسراوی نوسەر و دروستكردنەوەی پەیوەندیی ئەكتەرە وەك كۆمەڵگای سەر شانۆ بۆ كۆمەڵگای بینەر، كە كۆمەڵگای ڕاستەقینەی پۆڵەندیە، بەڵام نایەت لەوێنەی كۆمیدیەوە ئەو ڕەخنەیە بخاتە ڕوو، هێندەی ئەو كۆمیدیایە دەگۆڕێتە سەر وێنەیەكی گاڵتەجار، لێرەوە دنیای واقعی و سوریالیەتی ئەو دەرهێنەرە بۆ شانۆ دەردەكەوێت.

گەڕانەوەش بۆ ناو شانۆی تۆماری پیتەر فایس و بەتایبەت لەكاركردنی لەتەك شانۆگەری (لێكۆڵینەوە) لەبنەڕەتدا لێكۆڵینەوەیە لەیادەوەری كۆمەڵگایەك كە فاشیزم جەنگی بۆ هێناوە، ئەگەر پیتەر فایس پرسیاری ئەخلاقی ڕووبەرووی مرۆڤگەلێك بكاتەوە كە لەكۆمەڵگای ئەڵمانیدا بە پۆشاكێكی قەشەنگەوە دەردەكەون و تاوان دەكەن، ئەوە دەبێتەوە پرسیاری ئەكسێریش، كە لێرەدا چەمكی قوربانی بوون لەناو شانۆكان سەر لەنوێ‌ خۆیان دەخەنەوە ڕوو.

بەتایبەت بۆ ئەو ڕۆژگارە بەشداریكردنی سەرۆكی دادگا لەناو بینەران، لەپاڵ پشت نەبەستنی ئەكتەرەكان بە ئارایشت، وا دەكات نمایشە شانۆییەكە وەك وێنەیەكی ڕاستەقینەی ناو ئەو كۆمەڵگایە خۆی بخاتە ڕوو، ئەو وێنەیە پەیوەندیەكی كۆمەڵناسیانە دەبەخشێتە كارەكانی ئەو دەرهێنەرە، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی "ئەو نمایشە شانۆییە بەهەموو پێوەرەكان جۆرێك بێت لە ئەزموونی شانۆیی، چ لەكاركردنی دەرهێنەر لەگەڵ بابەتێكی درامی/ بەڵگەنامەیی، چ لەگەڵ موفرەدەكانی نمایشی شانۆییدا" (٣)

ئەو پەیوەندیە لەشوێنێكدا ناوەستێنێت، بەڵكو دەیەوێت لەگەڵ تێكستیتردا ئەزموونی بكات، بەڵام نەك بەفۆڕمی شانۆی تۆماری، بەڵكو ئەوەی بەلایەوە گرنگە، چۆنیەتی بنیاتنانەوەی كۆمەڵگای دوای جەنگە، بۆیە دەیەوێت دیدێكیتر بە دنیای یۆژین یۆنسكۆ ببەخشێت.

بۆ قسەكردن لەخوێن وكوشتار وكۆمەڵگایەك كە دەبێت لەو دۆخە دەربازی بێت ئەمجارەیان شانۆگەری (ماكبێس) ی شكسپیر دەردەهێنێت، ئەوەش سەرباری ئەوەی نزیكبوونەوەیە لەچەمكی ناپاكی وكوشتن، بۆ ئەوەی لەو زەمینەیەوە پەیوەندیی كۆمەڵایەتی سەردەمی جەنگ بنوسێتەوە، بەدوای كاركردن لە یۆژین یۆنسكۆ و ئیشكردن لەسەر ماكبێسی شكسپیر، ئەو دیدە ڕەخنەییەی یۆنسكۆ بەتەواوی دەخاتە ڕوو، كاتێ‌ باس لە شكسپیر دەكات وەك باوكی شەرعی شانۆی ئەبسێرد.

ئەوەش وەك پرۆژەیەك لەتەك شكسپیر درێژ دەبێتەوە، ئەمجارەیان ڕووبەرووی تێكستی شالیر دەبێتەوە، پەیوەندیی ئەو وەك دەرهێنەر لەتەك شكسپیر بەرجەستەكردنی وێنەیەكی شالیر نیە بەپێی گریمانەی تێكست، بەڵكو لەشیكردنەوەی بۆ تێكست كۆمەڵێك جیاوازیی خۆی دەخاتە ڕوو، هۆكارەكەشی ئەو دیدە كۆمەڵناسیانەییە كە بۆ كۆمەڵگای پۆڵەندی لەشالیر دەیخاتە ڕوو.

ئێرڤین ئەكسێر بەپێی كاركردنی كۆمەڵناسیانەی بۆ شانۆ دیدێكی ڕەخنەیی بۆ یادەوەری جەنگ و چۆنیەتی بنیاتنانەوەی مرۆڤەكان لەكۆمەڵگادا دەخاتە ڕوو، كە ئەزموونكردنی لەتەك كۆمەڵگا لەناو تێكست دەبێتەوە دەرهێنەرێك كە سەر لەنوێ‌ بەشداری لەنووسینەوەی تێكست دەكات.

لەلایەکیتر شانۆی شارەکانی ڤرۆسواڤ و وارشۆ و کراکۆڤ توانیبوویان بەهایەکی گرنگ بەهونەری شانۆ بدەن، شانۆنامە جیهانیەکان لەسەر شانۆکان نمایش دەکران، سارتەر ودۆرینمات و لەپاڵ رۆمانەکانی دستۆڤسکی دەخرانە سەر شانۆ(٤)، تەواوی ئەو بزووتنەوە شانۆییە بنەمایەکی بۆ دامەزراندنی شانۆکە دەخوڵقاند، کە لەگەڵ هەفتاکانی سەدەی بیستەم ببێتە دەرگایەک بۆ لەدایکبوونی چەندین شانۆی ئەزموونی ئەوە لەپاڵ ئەوەی هۆشیاری شانۆیی لەهەفتاکان دەگاتە ئاستێک ئەو شانۆیە بەهیچ شانۆنووسێک نامۆ نەبێت بەتەختەی شانۆکانی، دیارترین لەو کارانەی لەسەرەتای هەفتاکان نمایش دەکرێت شالیری شکسپیر و تاوانی کوشتنی ئەلیۆت، ئەوە لەپاڵ ئەو گەشە سەندنە دەرهێنانیەی بەشانۆی پۆڵەندی لەهەفتاکان دەردەکەوێت وەک لەکارکردنی ئاندژێی ڤایدا لەڕۆمانەکانی دستۆڤسکی لەوانە" شەیتانەکان، تاوان وسزا" هەروەها لەنمایشی شاکارە گرنگەکەی بەناوی "شەوی نۆڤێمبێر" دواتریش لەگەڵ کارەکانی شکسپیر لەوانە هاملێت و ماکبێس.

ڤایدا کەناوبانگیمان زیاتر لەسینەمادا بیستووە وکەمتر وەک شانۆکارێک باسی کراوە، بەڵام ئەو نەک تەنیا لەسەرەتادا بەشانۆ دەستی بەکاری هونەری کرد، بەڵکو لەپاڵ سینەماش هەر دەستبەرداری شانۆ نەبوو، لێرەدا هەوڵ دەدەین ڕوانینێکی گشتی لەسەر شانۆگەریەکانی بخەینە ڕوو.

ئاندژێی ڤایدا لەدایکبوی ١٩٢٦ و لەتەمەنی ٩٠ ساڵیدا واتە لە ٢٠١٦ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، سەرەتا وەک نیگار کێشێک دێتە بواری هونەری دواتر لەنێوان شانۆ و سینەمادا دەمێنێتەوە، ئەو كارانەی بۆ شانۆ دەریدەهێنێت زۆربەی جار رۆمانە دیارەكانە لەجۆری ڕۆمانەكانی دستۆفسكی و ئەلبێر كامۆ، ئەوە ڕوانینی سینەماییانەیە بۆ چۆنیەتی كاركردن، چونكە بەتایبەت دستۆفسكی بۆخۆی سەركێشی كاركردنە لەشانۆدا، بەوەی چۆن ئەتوانین وێنەیەكی دستۆفسكی لەئاستێكی هونەری دوور کە لەڕەگەزی گێڕانەوە دەیگۆڕین بۆ ڕەگەزی دەیالۆگ بەرهەم بێنین؟

ئێمە كاتێك لەبارەی كەسێكی وەكو ڤایدا قسە دەكەین، مانای وایە لەسەر دەرهێنەرێك دەوەستین كە هەر لەسەرەتاوە دیدی بۆ شانۆ لەوانیتر ناچێت، زۆرجار لەگفتووگۆکاندا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە بەوەی ئەو کارانەی نمایشی دەکات دەبێت وێنای بکات لەسەر شانۆ ئەوسا بیر لەدەرهێنانی دەکاتەوە، ئەو هەر لەسەرەتاوە خەیاڵی سینەمایی وای لێدەكات دەبێت ئەو تێكستانەی دەیەوێ‌ بۆ شانۆ دەریبهێنێت، تەواوی دیمەنەكە و پێكهاتەكانی وێنە بەبەرچاوی خۆی ببینێت، ئەوە تێگەیشتنێكی فیلمسازە بۆ وێنە، كە دەرهێنەری شانۆیی بەدەگمەن بەم شێوەیە بیر لەوێنەی شانۆیی و نمایشەكەی دەكاتەوە، ئەوەش وای لێدەكات سەرسامی خۆی بەرامبەر ئەو دەرهێنەرانە بخاتە ڕوو، كە كەسانیتر كاری سینۆگرافیایان بۆ ئەنجام دەدەن، چونکە هەر خۆشی کاری سینۆگرافیای دەکرد.

ئەو ئەگەر بۆ سینۆگرافیا و دیمەنەكان پێویستی بەوە بێت لەسەرەتاوە هەموو شتێك ببینێت، بەڵام تاكە شتێك كە نایەوێ‌ لەسەرەتاوە بیخاتە ڕوو، تەواوی ووردەكاری نواندن و كەسایەتیەكانە بۆ ئەكتەر، دەیەوێت لەئەتمۆسفێری شانۆكەدا ئەكتەرەكان بەدوای بونیادی كەسایەتیەكان و ئەو دیدگایە بگەڕێن كە ڤایدا دەیەوێت بیخاتە ڕوو، بۆیە كاتێ‌ بەم شێوەیە لەتەك ڕۆمانی (سەگەكان) ی دستۆفسكی كار بكات، ئەو گریمانە سەرەتاییانەی خۆی ناسەپێنێت، هێندەی دەیەوێت ئەكتەر لەپرۆژەیەكی هاوبەشی مەشقدا بتوانێ‌ بگات بە بونیادی كەسێتی كارەكتەر.

ئەو هەندێكجار ئەو دەقانە هەڵدەبژێرێت كە هەر لەناونیشانەوە هەڵگری تانوپۆیەكی شیعرین، وەكو شانۆگەریەكەی میشێل ڤینست گازۆ بەناوی (شەبقەیەكی پڕ لەئاوی باران) سەیر نیە لەكۆتایی پەنجاكانی سەدەی بیستەم ئەوە یەكەم كاری شانۆیی ئەو بوو بێت، ئەوەی گرنگە ئەوەیە هەر لەسەرەتاوە ئەو ڕوانینە شیعریە لەناونیشانەوە دەبێتە جێگای سەرنجی، وەك چۆن ئەوەی بۆ ئێمە دەبێتە جێگای تێڕامان سەركێشی و كاركردنە لەگەڵ ئەو تێكستانەی سەختن بۆ كاركردن، یاخود بونیادی پێكهاتەكانیان گوتاری فەلسەفی و ئاستی بەرزی هونەرین، ئەوانە دەبنە پڕۆژەی دەرهێنانی ڤایدا لەشانۆدا، وەك شانۆگەریەكانی (هاملێت) ی شكسپیر و (با تەمسیل بكەین سترەندبێری) دۆرینمات.

ئەو زانیویەتی كەشانۆ دەردەهێنێت.. ئەوە شانۆیە سینەما نیە، دەبێت هەڵگری سیستم و گوتاری شانۆیی بێت، بەڵام لەهەمان كاتدا ئەوەشی نەشاردۆتەوە، كە شانۆ پێویستی بەزمانێكی سینەمایی هەیە، ئەوە وا دەكات شانۆكەی لەئاستێكی بەرزی هونەری بێت، بۆ خۆشی ببێت بە یەكێك لەناوە گرنگەكانی شانۆی پۆڵەندی، لەهەمانكاتدا ویستویەتی پەیوەندیەك لەنێوان دیدی سینەمایی و شانۆیی بەرجەستە بكات وەك كاتێ‌ یەكێك لە ڕۆمانەكانی ئەلبێر كامۆ بۆ شانۆ دەردەهێنێت، لە جلوبەرگی ئەكتەر و پێڵاوەكانیان كە قوڕاوین، پەیوەندیەكی لەگەڵ دیمەنەكە درووست كردووە كە دیمەنێكی قوڕاویی بێت، ئەوەش تەنانەت پەیوەندیی بەئاسمانی شانۆكەشەوە هەیە، ئەو دیمەنە ئەگەر زیاتر لەسینەماوە نزیك بێت، بەڵام لەهەمان كاتدا بۆ ئەو دیمەنە ویستویەتی لەشانۆی بونراكی ژاپۆنی نزیك ببێتەوە. 

Shawi_Novambar

شانۆگەری شەوی نۆڤێمبەر، دەرهێنانی ئاندژێی ڤایدا

لەڕووی تەكنیكیەوە دەشێت شانۆگەریەكانی ڤایدا لەشانۆی شێوەكاری پۆڵەندی نزیك بێت، بەتایبەت لەبوونی شیعریەتی شانۆكەی و دابەش بوونی بەسەر خەون لەشانۆگەری (ٍشە‌وی نۆڤێمبەر)، بەڵام ئەو وێنە شانۆییە نابێتە شانۆیەكی شێوەكاری، بەقەد ئەوەی ئەزموونێكی تایبەتمەند دەخوڵقێنێت، ئێمە لەگەڕانەوەمان بۆ ڤیدیۆ تۆماركراوەكەی ئەم شانۆگەریە بۆ تەلەڤزیۆنی پۆڵەندی كە ساڵی ١٩٧٨ تۆمار كراوە، وێنەی ڕوونی دنیا شانۆییەكەی ڤایدا دەبینین، شانۆگەریەكە باس لەشەوی ٢٩ ی نۆڤێمبەر دەكات، ئەو شەوەی لە ١٨٣٠ بە شەوی ڕاپەرین ناسراوە، تێكستەكەی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسكی دەبێتە پڕۆژە خەونی ڤایدا بۆ ماوەیەكی درێژ تاوەكو لەدنیابینیەكی سینەمایی شانۆیی بەرجەستەی دەكات، شیعریەتی ئەو نمایشە چەندە وێنەیەكی سینەماییە هێندەش شیعرییە، بەو پێیەی دەیەوێت دیمەن بۆ گێڕانەوەی ڕووداو لەسەرەتاوە چڕ بكاتەوە لەشێوە كۆرسی شانۆی كلاسیك، بەڵام وەزیفەی كۆرس دەگۆڕێتە سەر شێوەیەكی ڕیتواڵی تایبەت، لەنێوان شانۆی گۆرانی و ئۆپیرا ئاوێتە بوونێك بەرجەستە دەكات، كە دیمەنی شانۆیی ببێتە ئاهەنگێكی شانۆیی، بۆیە گێڕانەوەی ڕووداو لەشێوەی كۆڕس دەردەكەون، بەلام گۆرانی ئۆپیرایی و فۆڕمی شانۆی گۆرانی بەرجەستە دەكەن، تا دەگاتە سەر دیمەنی شا وشاژن، لەوێوە ململانێی درامی و ترس و توندوتیژی جەستەیی شا لەگەل ئەفسەر و دەست وپێوەندەكان لەلایەك و لەلەیەكیتر لەپەیوەندی جەستەی لەگەڵ شاژن، دەست وپێوەند شورەیەك درووست دەكەن بۆ پارێزگاری لەكۆشك، كە پڕە لەتوندو تیژیی وسەركوتكردنەوە لەپێناو تاكە مرۆڤێك كە نوێنەرایەتی دەسەڵات دەكات. 

دیمەنی چاودێریكردن لەشەودا بیری شكسپیرمان دەخاتەوە لەدەركەوتنی تارمایی لەنیوە شەودا، هەروەها بوونی تارماییەك لەشێوەیەكی باڵا لەساتی دەربڕینی دەنگی ئۆپیرایی لەئاگاداركردنەوەی كارەكتەرەكان لەوەی ڕوو دەدات، دەرخەری حەقیقەتێكیتری شكسپیریە لەكاریگەری شانۆنامەی هاملێت بەسەر ئەو نمایشەوە.

ئەگەر لەهاملێتدا دیمەنێكی نمایشی شانۆیی هەیە كەشانۆ لەناو شانۆیە و چۆنیەتی كوشتنی چیرۆكی تارمایی دەگێڕێتەوە، ئەوا لێرەدا نمایشێك لەناو نمایشەكە هەیە ڕووتی دەسەڵاتی شا دەگێڕێتەوە، دەست وپێوەندەكان ڕووتن، هەرچەندە ئەو ڕووتیە دەرخەری وێنەیەكی هۆمۆسێكسوالێتی ئەو دەسەڵاتەش دەردەخات، كە شا ئارەزووی دەكات، بەبەڵگەی ئەوەی لەدیمەنی پێش ئەو نواندنە لەئامادەبوونی شاژنیش لەخۆشی هەواڵی سەركوتكردنی خۆپیشاندەران یەكێك لەدەستە ڕاستەكانی خۆی چەند جارێك ماچ دەكات.

سەرەنجام ترسێك كە بوونی هەیە دەبێت ڕوو بدات، پارێزگاریكردن لەشا بەپارچە قوماشێكی سپی نیمچە ڕووتەوە دەریدەخات، دەسەڵات چەند ڕووت و چەندە ئامادەبوونی وابەستەی دەنگیەتی نەوەك پەیوەندیەكانی هێز، ئەگەرچی ئەوە خۆ ڕووتكردنەوەیە لەپلە سەربازیەكەی تا نەناسرێتەوە، بەڵام تا كوێ شاژن (پۆلكا) دەتوانێت پارێزگاری لەدەسەڵاتی شا بكات؟

كاتێك دوو شۆڕشگێرەكان دەخاتە ژوورێكەوە، بەبیانووی شاردنەوەیان، بەڵام ئەوە بەس نیە بۆ ئەوەی دەسەلاتێكی بەتاڵی تۆقێنەر بتوانێت درێژە بەزەبروزەنگ بدات، دەسەڵاتێك بوونی تەنیا وابەستەی ساتی ئارامیە، دەنا لەبنەڕەتدا ترسێكی پتەو بەدی دەكات.

ئەو شانۆ لەناو شانۆیە بەشێكی دیاری نمایشەكەی دەكەوێتە ئەستۆ و ڤایدا تەواو پشتی پێ بەستووە، لەو ڕووەدا چەندە سوودی لەو دیمەنەی شكسپیر وەرگرتووە، بەهەمان شێوە ئەو فۆڕمە براندیللۆیە قوڵ دەكاتەوە، كاتێك براندیللۆ لەشانۆگەری "شەش كارەكتەر بەدوای نووسەرەكەیان دەگەڕێن" لێرەدا گەڕان پڕۆسەی توێژینەوەیە لەدەسەڵات وتێگەیشتنەكان، تاوەكو دوو ئاراستە لەنمایش بەدەسەڵات ببەخشێت، ئاراستەی یەكەم وابەستەی سیستمی ئۆپیڕایی وەك گێڕانەوە و بوونی شاو شاژنە لەكۆشك، ئاراستەی دووەم وابەستەی نمایشە شانۆییەكەی ناو شانۆگەریەكەیە، ئەوەی ئەو دوو ئاراستە بەیەكەوە دەگەیەنێتەوە، یەكێك لەو ژنە گۆرانیبێژە ئۆپیرایانەیە كە دەنگی ئاگایی مێژووییە لەئێستای ڕووداوەكاندا، بینەران لەمەترسی دۆخەكە ئاگادار دەكاتەوە كەبڕۆنەوە ماڵەوە، سەرەنجام ئەو ژنە دەمێنێتەوە لەگەڵ ئەو پیاوەی كە لەپشت ڕووداوی خۆپیشاندانە، ئەو پیاوەی بەدرێژی شانۆنامەكە كاغەزی قوماری بەدەستەوەیە، سەرەنجام كە دەدۆڕێت كاغەزەكان فڕێ دەدات وهۆڵەكە بەجێ دێلێت.

ئەو وێنەیە كە كۆتا وێنەی نمایشەكەیە لەشانۆگەریەكەدا ئاماژەیەكی گرنگی كۆتایی ڕاپەڕین وشكستێكە كە لەڕۆژەكانی دواتر ڕوو دەدەن، وێنەیەكیتری شۆڕش بەرجەستە دەكات، كە هیچ نیە جگە لەقوماری قوماربازەكان كە دەدۆڕێن هەڵدێن و ئەوێ جێدێلن، بەڵام ئەوەی لەناو شانۆ لەناو شانۆ خستۆتە ڕوو، كاتێك دەگەڕێینەوە ناو ڕووداوەكان هێشتا مردن لەناو شەقامەكاندایە، هەندێك گەیشتنە كۆشكی پاشایەتی و لەوێدا مردن و خەڵكانێكیشیان كووشت، لەولاوە شەقامەكان هەر توێژێك دەیەوێت داكۆكی لەدەسەلاتی خۆی بكات، قەشە پیاوانی دەسەڵاتیان پێ دەناسێنێت تا خۆپیشاندەران بیانكوژن، لەولاوە خۆشی چارەنووسی لەكوژراوەكان باشتر نابێت و پەتی سێدارە چاوەروانیەتی.

 لەكۆتاییدا ڕاپەڕین سەركوت دەكرێت و شاری وارشۆ دەبێتە شوێنی گۆڕستانی مرۆڤەكان بەدەستی دەسەڵاتی خۆیانەوە، دەسەلات سەردەكەوێت بەسەر هاوڵاتیەكانی، ئەوەش بۆخۆی سەركەوتن دەگۆڕێت بەشكست، شاژن وەك ئۆڤیلیای هاملێت پاكیزەیی بەرەو شێتی دەبات، شا لەگەڵ كۆمەڵێك پاسەوان لەدەرەوەی كۆشكە و دەیەوێت عەرشەكەی بەجێ بێلێت، بڕیاری بەدەستی جەنگ بەرپرس دەكات، وەك چۆن جێبەجێكارێكیتر بۆ كوشتنی هاوڵاتیەكان بۆ خۆی كەلەپچە دەكاتە دەستی خۆی و دەچێتە بەردەم لوولەی تۆپەكە، ئەو وێنەیە لەڕێگەی گۆرانیەكی ئۆپیرایی لوتكەی ئاستی درامی شكستی دەسەڵات و كۆتایی هاتنە لەڕێگەی مەرگی خۆیەوە، كە لەكوشتنی هاوڵاتیەكانی بەرجەستە بووە.

لەئەزموونێكیتری ڤایدا لەگەڵ هەمان نووسەر ئەمجارە وەك خۆی مامەلەی لەگەڵ تێكستەكە كردووە تەنانەت یەك دێر چیە لای نەبردووە لەتێكستی "ئاهەنگی ژنهێنانی" ستانیسواڤ ڤیسپیانیسكی، كەچی لەهەمان كاتدا وێنە لەنێوان خەون وشیعر و مۆسیقاوە نزیكە لەتەكنیكی شانۆی شێوەكاریی، ئەو نزیك بوونەش زادەی دیدی سینەماییە بۆ وێنە، بەتایبەت لەدیمەنە بێدەنگەكان، مۆسیقا كاریگەری تەواو بەسەر وێنە جێدێلێت.

ئەو تێگەیشتنە هونەریانەی وای كردووە دوو لەكارەكانی بۆ شانۆ بتوانێ‌ دیدگای شانۆكاران بەتەواوی بۆ لای خۆی ڕابكێشێت، شانۆگەری (كاتێ‌ تێگەیشتن دەخەوێت) ئەوە زیاتر لەتەكنیكی شانۆی شێوەكاری نزیك دەبێتەوە، كە دەتوانین بەشانۆیەكی وێنەیی زیاتر بیبینین، بەهۆی بوونی وێنە وەك پێكهاتێكی سەرەكی ناو سینەما و شێوەكاری كە مۆسیقا بەشداری ئەو هونەرانە دەكات و لەنمایشێكی شانۆییدا چڕ بونەتەوە، كارەكەش لەبارەی كارە شێوەكاریەكانی (گۆیا) یە، ڤایدا بەم نمایشە توانی خەڵاتی كۆنڕاد سڤینارسكی بباتەوە كە گۆڤاری شانۆی پۆڵەندی ئامادەی كردبوو، بەهۆی ئەوەی ئەم نمایشە بە باشترین شانۆگەری ساڵی 1976 ی پۆڵەندا ناو براوە.

هەروەها شانۆگەری (دوو كۆچەر) ی مرۆژێك، كە بە بروای توێژەران باشترین كاری دەرهێنانە بۆ ئەو تێكستە كرابێت لەسەرانسەری جیهان، ئەو دەرهێنانەیە كە لەهۆڵێكی سینەمایی نمایشكراوە، تەختەی شانۆكە و شاشەی سینەماییەكەی داپۆشیوە، شێوە كادرێكی سینەمایی درووست كردووە، ئەكتەر و كەسایەتیەكان لەهۆڵی بینەران نزیك دەبنەوە، ڕووداوەكانی شانۆگەریەكە لەناو كادرە سینەماییەكەوە ڕوو دەدەن. 

ئەو هەوڵانەی ئاندژێی ڤایدا لەشانۆدا وایكردووە ڕۆڵی ئەو هێندە گرنگ بێت لەشانۆی نوێی پۆڵەندی كە بەهیچ شێوەیەك دەركردنی ناوی ئەو لەو شانۆیە وێنەیەكی تەواومان پێ‌ نەبەخشبێت لەو شانۆیە، لەڕاستیدا دەتوانین ڤایدا بۆ شانۆی هەفتاکانی پۆڵەندی بەتابلۆی ئەو ژنەی مۆدیلیانی ناوی بەرین كە ڕووخساری ژنێكە تەواوی فیگورەكەی كێشراوە، بەڵام نیگای چاوەكانی بە بەتاڵی جێهێشتووە، ئەوە شێتی نیە دیدگای هونەریە وا دەكات بەبێ‌ ڤایدا نەتوانین نیگاكان و دیدگا هونەریەكانی ئەو شانۆیە ببینین.

ئەگەر لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەتدا ڤایدا دەنگێکی گرنگی ناو شانۆی پۆڵەندی بێت، ئەوا بەدوای ڕووخانی سۆڤیەتیش دیسان دەرکەوتنەوەی لەشانۆدا بەهێزێکی نوێی خەون بینەوە لەم دۆخە نوێیەی مرۆڤی پۆڵەندی تیای دەژیا کاری دەکرد، بەتایبەت دوای مەرگی زیگمونت هوبنێر، لە ١٩٨٩ کاتێک لەشوێنی ئەو کرا بە بەڕێوبەری شانۆی گشتی لەوارشۆ، کە بۆ ماوەی ساڵێک بەڕێوبەری ئەو شانۆیە بوو، گڕوچالاکی بۆ شانۆ زیاتر پەڕەی سەند و تا ساڵی ٢٠٠٤ کۆمەڵێک شانۆگەری نمایشکرد لەوانە "سۆناتای تارمایی" سترێندبێری، "نەفرەت" ی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی، "میشیما" ی یۆکیۆ میشیما، "کلاوی حەسیری" یوگینیا لابیخی، "ڕاگوزەرێک لە وارشۆ" و "گۆرانیەک لەگەشانەوەی ئاودا" و "چۆنت ئەوێ" ی شکسپیر و "ئەهریمەن جارێکیتر" دوا شانۆنامەش کە پێشکەشی کرد، شانۆگەری "ماکبێس" ی شکسپیر بووە.

 

ئاماژەکان

(١) لیۆن شیلەر "١٨٨٧-١٩٥٤" رەخنەگرو دەرهێنەری شانۆیی بوو، ناوێکی گرنگی شانۆیی پۆڵەندی بوو بەتایبەت وەک دەرهێنەر سەرباری ئەوەی وەک رەخنەگرێک بەوە ناوبانگی دەرکرد کەتوانیویەتی شیکردنەوەی وورد بکات بۆ شانۆنامەکانی میچکیێڤیچا ، لەساڵی ١٩١٧ وەک دەرهێنەر دەستی بەکارکردن کردووە، سالێ ١٩٣٣ کراوە بە سەرۆکی بەشی دەرهێنان لەپەیمانگای حکومی بۆ هونەری شانۆ، لە ١٩٣٥ خەڵاتی ئەکادیمیای پۆڵەندی بۆ ئەدەب وەرگرتووە بەهۆی بایەخدانی بە ئەدەبی شانۆ، ماوەیەک لای ئەڵمانەکان دیلکراوە، لە ١٩٤٦- ١٩٤٩ لەشاری ئوچ کراوە بەبەڕێوبەری خوێندنگای بالای شانۆ، لە ١٩٤٧- ١٩٤٩ بووە بەسەرنوسەری گۆڤاری شانۆ، لەژیانیدا بەهۆی شانۆوە چەندین مەدالیای ڕێزلێنانی لەلایان دەوڵەتەوە پێ بەخشراوە.  

(٢) ئێرڤین ئەکسێر"١٩١٧-٢٠١٢" دەرهێنەری شانۆیی ودامەزرێنەری شانۆی ژووری پۆڵەندی بووە، ١٩٣٩ پەیمانگای شانۆی تەواو کردووە، لە١٩٦٠ لەبەرامبەر هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی شانۆی پۆڵەندی خەڵاتی تادێوش بۆی پێدراوە، سەرباری کاری دەرهێنان چەندین وتاری لەبارەی شانۆو ئەدەب نووسیوە، لەگۆڤارەکانی دەیالۆگ و شانۆ بەرهەمەکانی بڵاو کردۆتەوە.

(٣) حركة التجديد في المسرح العالمي.. أوجست جرودجيتسكى، ترجمة: د. هناء عبدالفتاح، الهيئة المصرية العامة للكتاب (القاهرة) 2010، ص29 

(٤) سەبارەت بە مێژووی ئەو سالانە لەسەردەمی یەکێتی سۆڤیەت وناوی نمایش و دەرهێنەرەکان بۆ تەواوی زانیاریەکانی ئەو مێژووە پشتمان بەستووە بە توێژینەوەیەکی ماڵپەری ئینسکلۆپێدیای شانۆی پۆلەندی لەژێر ناونیشانی "

Polska. Teatr. Okres 1944–89 i lata 90"

بەواتای "شانۆی پۆڵەندی لەنێوان ١٩٤٤-١٩٨٩ و ٩٠ ساڵدا" کەتوێژینەوەیەکی بیبلیۆگرافیە تیشک دەخاتە سەر شانۆی دوای کۆمۆنیزم و تا دەگات بەنمایشەکانی ساڵی ٢٠٠٠


ئەم بابەتە 106 جار خوێندراوەتەوە