Hama_swr.jpg

ئامادە: چرک! له‌ ئێواره‌ كۆڕێكدا

كتێبخانەی ڕۆمان لە درێژەی كار و چالاكییە ڕۆشنبیریەكانیدا، وابڕیارە ڕۆژی چوار شەمە 10/2/2021 كاژێر(3)ى ئێواره‌ كۆڕێكی تایبەت سەبارەت بە كتێبی (ئامادە: چرك) بۆ نووسەر بەختیار حەمە سوور سازبكات.

‎كتێبی ئامادە: چرك نوێترین كتێبی ئەوە كە لەماوەی ڕابردودا چاپ و بڵاو كراوەتەوە. كتێبەكە پێكهاتووە لە سێ چیرۆكی تا ڕادەیەك پێك پەیوەست و ورد.

بەختیار حەمە سوور دەربارەی کتێبەکەی بۆ سایتی گەلاوێژ دەنووسێت:

«ئامادە: چرک!» ناوی نوێترین کتێبی منە، چیرۆکە. ئەم سێ ساڵەی دوایین، بەردەوام کارم لەسەر کردووە. چەندجار سڕیومەتەوە و دووبارە وشە بە وشە دامڕشتووەتەوە و نووسیومەتەوە. هیوادارم بە جۆرێکی داشکێنەرانە لێک نەدرێتەوە؛ لە ئانوساتی نووسینی ئەم کتێبەدا و بەم کتێبەوە، نەخۆش کەوتووم. ئەگەرچی هیچ کام لە سەرئێشە و دوودڵییەکان، شفاعەت بۆ باشیی و خراپیی کتێبەکە ناکەن و نابێت بیکەن.

شیاوی گوتنە: هونەرمەند گۆران محەمەد کاری بەرگی کتێبەکەی کردووە و هاوڕێم شاڵاو حەبیبەش دیزاینی ناوەوە. بە خۆشحاڵی و سوپاسەوە، «کتێبخانەی یادگار» ئەرکی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی گرتووەتە ئەستۆ.

چیرۆكنوس و نوسه‌رى كورد حه‌مه‌ مه‌نتك سه‌باره‌ت به‌م به‌رهه‌مه‌ نوسیویه‌تى:

" مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن، کۆچیرۆکێکی چکۆلانە، مینیماڵ، بەڵام وەستایانە. وشەکان سەنگین و لە جێی خۆیان، ڕستەکان ڕیتمدار و کورت و چڕ و پڕ مانا. ئەو شتانەی لە کن نووسەری دیکە بێکەڵک و هەرزان دەبیندران، لە کن ئەو دەبنە کەرەسەیەکی باش بۆ خولقاندنی ڕووداو، کارەکتەر و شوێن. یەکەم کۆچیرۆکی شێواز و تایبەتمەندی خۆی هەبوو، بەختیار بوو بە دەنگێکی نوێ.

ئامادە: چرک! وشەی کەم، دیمەنی گەورە، وەگێڕ و بەردەنگ، ڕووداو و کات لەم دوو وشەیەدا هەن، کورت و پوخت چیرۆکێک. ئەم چیرۆکانە تایبەت دەبن، چونکە بەختیار بەهای وشە دەزانێت. هەموو وشەیەک بە تەرازوو دادەنێت. هەموو ڕستەیەک پێوانە دەکات. کەسەکی بە هوردەیە، خاوەن سەلیقە و جوانبینییە. ئەم کۆچیرۆکەی هەنگاوێکی نوێتر دەبێت. بە هیوام زوو بکەوێتە بەر دیدە".

بەختیار حەمەسوور له‌ چه‌ند دێرێكدا:

- بەختیار حەمەسوور، لەدایکبووی سلێمانییە.

- ساڵی 2010 یەکەم چیرۆکی لە ڕۆژنامەدا بڵاو کردووەتەوە.

- ساڵی 2015 یەکەم کتێبی خۆی، کە چیرۆکە، بە ناوی "مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن"، ناوەندی غەزەلنووس چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

- ساڵی 2016 لە فیستیفاڵی گەلاوێژدا خەڵاتی یەکەمی بۆ چیرۆک وەرگرتووە.

- لە ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕی ئەدەبییەکاندا، وتار، لیکۆڵینەوە و یادداشتی بڵاو کردووەتەوە.

- "ئامادە: چرک!" دووەم کتێبیەتی.

Hama_swr1


ئەم بابەتە 107 جار خوێندراوەتەوە