Roza.jpg

چۆن فەلسەفە هاوکاری سوکرات بوو بۆ ئەوەی بەرگەی ژنەکەی بگرێت

رۆزا حەمە ساڵح

سوکرات؛ لە نێوان ساڵانی ( ٤٦٩ی پ٠ز - ٣٩٩ پ٠ز) ژیاوە، فەیلەسووفێکی یۆنانی کۆن بوو، کە بە یەكیك لە دامەزرێنەرانی فەلسەفەی ڕۆژئاوایی دادەنرێت، فەیلەسوفێکی دانا، خاوەن وشەو وتەگەلێکی کاریگەر و بەهێزە، کەسایەتییەکی لێڵ و ناڕوونی هەیە لە مێژووی فەلسەفەدا، کەسێکی مادی نەبووە، بۆ ئەوەی لە دۆخی هەژاریدا بژی، لە بری وانە وتنەوەکانی پارەی لە قوتابیەکانی وەرنەگرتووە، بەڵام ئەمە کاریگەریی نەرێنی نەکردۆتە سەر دەروونی، چونکە بە هیچ شێوەیەک پەیوەست نەبووە بە موڵکایەتییەوە؛ بە درێژای ساڵ تەنها عەبایەکی لە بەربووە، زۆر کاتیش بە پێی خاوسی گەڕاوە.

 زۆری کاتەکانی ژیانی لە دەرەوەی ماڵ بە سەر بردووە، لە ناوخەڵکدا بووە، لە گەڵیاندا مشتومڕ و گفتوگۆی ئاڵوگۆر کردووە، زۆر کەمبوون ئەو کەسانەی کە بە شێواز و ڕوخساری ڕەزامەند بوون، باڵایەکی بچووکی هەبووە، ڕیشێن بووە، لە کاتی ڕۆیشتنیدا بەملاولا کەوتووە، کەسانی دەوربەری بە سەری قرژاڵ شوبهاندویانە؛ لوتێکی پان و لچولێوێکی ئەستورو گەورەی هەبووە و چاوەکانی دەرپۆقیو بوون.

 جگە لە ڕوخساری ناپەسەندی، هەروەها بە هۆی پرسیارە شێتەکانیشی لە سەر بارودۆخییان، لە لایەن خەڵکییەوە ڕوبەڕووی ئازار و ستەم و جەوسانەوە بۆتەوە، زیندانی کراوە و ڕوبەڕووی دادگا بۆتەوە، بە هۆی ڕەتکردنەوەی بۆ تێگەیشتنی زۆر لە دیاردەکان، بە بێ ئەوەی بە شێوەیەکی چڕ تەماشای ناوەڕۆکی بکات.

 سوکرات دەڵێت: " من هەموو ئەو شتە مادییانەم ڕەتکرۆتەوە، کە بەنیسبەت خەڵکییەوە گرنگ بوون، وەك؛ پارەی زۆر، خاوەندارێتی، بەدەستهێنانی پێگەی سەربازی یان بەڕێوبەرییەتی لە ناو دەسەڵاتدا، پەیوەندیکردن بە یانەکان و پارتە سیاسییەکان کە لە شارەکەماندا دروست بووبوون… من هەوڵم دا لە گەڵ هەر یەک لەوانە، عەقڵ و ئەخلاقییان چاک بکەن، لە بری بیرکردنەوە بۆ بەدەست هێنانی کار".

 سوکرات خۆی هیچ نوسراوەیەکی لە دوای خۆی لێبەجێ نەماوە، ئەوەی کە ئەمرۆکە لە سەری دەیزانیین بە هۆی نووسراوەکانی نووسەرانی پاش خۆیەتی، بە تایبەت نووسراوەکانی قوتابییەکانی ئەفڵاتۆن و پڵاتۆن و زینۆفۆن.

 ئەفڵاتۆن بەم شیوەیە وێنای ژیانی سوکرات دەکات:

 لە ناو کەشێکی پڕ لەهات و هاوار و لێتێنەگەیشتن و توڕەیی و توند و تێژی لە لایەن ژنەکەیەوە ژیاوە، ئەم ژنە کە ناوی (زانتیپ) بووە، ژنێکی بە وەفا و دایکێکی باش بووە بۆ سێ منداڵەکەی، بەڵام بەرانبەر سوکرات زمان درێژ و زۆر بڵێ و زۆردار بووە، گرفت و ئاژاوەی زۆری دەنایەوە، سەرچاوەی بێزاری و یاخی بوونی فەیلەسوفی گەورە سوقڕات بووە، ئەمەش هۆکار بووە بۆ ئەوەی هەموو ڕۆژێک لە بەرەبەیانەوە لە ماڵ بچێتە دەرەوە، هەتا دوای خۆر ئاوابوون نەگەڕێتەوە.

 سوکرات لە گەڵ ئەوەشدا کە ڕەخنەی ڕادیکاڵییانەی لە کۆمەڵگای یۆنانی گرتووە، بەڵام ڕاڕا بووە لەوەی ڕەخنە لە ژنەکەی خۆی بگرێت، لە ھەندێک کاتدا وا لێکدانەوەی بۆ کردووە کە وەك گاڵتەجاری دەیبینێت. کاتێك ئەفڵاتۆن پرسیاری ئەوەی لێدەکات، ھۆکار چی بووە کە ئەم ژنەی ھێناوە، لە وەڵامدا دەڵێت: "ئەو پیاوانەی کە دەیانەوێت ببن بە سوارچاکێکی شارەزا، ناچن بە لای ئەو ئەسپانەی کە لەنگی و کەموکورتییەکیان ھەیە، بەڵکو بەلای ئەوانەی کە کارامە و بەھێزن، چونکە وا دەزانن ئەگەر بتوانن مامەڵە لە گەڵ ئەو جۆرە ئەسپانەدا بکەن، ئەوا بە ئاسانی دەتوانن مامەڵە لە گەڵ شتە محاڵەکانیشدا بکەن. ڕێگایای منیش ھاوشێوەی ئەمەیە، من بە گشتی ئارەزووی ئەوە دەکەم لە گەڵ ھەموو جۆرە مرۆڤێکدا مامەڵە و گفتوگۆ بکەم، بۆیە هاوسەرگیریم لە گەڵ ئەم ژنەدا کرد. ئەم ژنە ئەوەی بۆی سەلماندم،ئەگەر بتوانم بگونجێم لە گەڵیدا و بەرگەی بگرم، ئەوا لە پەیوەندییەکانمدا لە گەڵ کەسانی تردا دووچاری ھیچ ئاستەنگییەک نابمەوە".

 سوکرات بە مامەڵە خراپەکانی ژنە دڕەکەی، پێدەکەنی، کاتەکانی بە گاڵتە جارییەوە لە گەڵدا بە سەر دەبرد. لە ستراتیژی خۆیدا وەك کەسێکی بێتوانا دەیبینی، لە هەر جارێکدا ژنەکەی کە ئاوی دەکرد بە سەریدا، ئەوا لە دڵەوە بەکوڵ پێدەکەنی، لە یەكێ لە ڕۆژەکاندا، کاتێک سوکرات لە گەڵ قوتابییەکانیدا دادەنیشێت، ژنەکەی وەك پێشەی ڕۆژانەی لە بەرچاو قوتابییەکانیدا، بە دەنگێکی بەرز هاوار بە سەریدا دەکات و جنێو و سوکایەتی پێدەکات، بەڵام ئەم جارەیان سوکرات دەحەپەسێت، کاتێک ژنەکەی لە بەرچاو قوتابییەکانی سوراحییە ئاو دەکات بە سەریدا، ئاوەکە لە سەر رووخساری لادەبات، دەڵێت:

 "دەبوایە چاوەڕوانی ئەوەمان بکردایە کە لەم هەموو هەوەرە گرمەیە، باران ببارێت".

 جارێکی دیکە یەکێکی دی لە قوتابیەکانی لێدەپرسێت، هۆکاری بەرگە گردنی ئەم مامەڵە خراپەی ژنەکەت چییە، لە وڵامدا دەڵێت: "لە گەڵیدا ڕاهاتووم، وەك چۆن لە کاتێکدا بە دەنگی قاز ڕادێین، هەر وەك چۆن دەقیڕێنێت و بێازارمان دەکات، لە هەمان کاتیشدا هێلکەشمان پێدەبەخشێت، ژنەکەی منیش هەمانشتە، ئەو دایکی منداڵەکانمە". وا دەردەکەوێت کە هیچ هەڵبژاردەیەکی تری نەبووە، لێرەدا سوکرات لێکدانەوەکەی دەشوبهێنێت بەوەی، کاتێک هەندێک لە پیاوان شکست دەهێنن لە پەیوەندییەکانیاندا، ناچار دەبن ڕەزامەندبن لە پێناو پاراستنی منداڵەکانیاندا.

 لە گەڵ ئەوەشدا سوكرات بەم شیوەیە لە سەر زانتیپی ژنی دەدوێت:

 - من قەرزارباری ئەم ژنەم، ئەگەر وا نەبوایە، ئەوا من فێرنەدەبووم کە دانایی لە بێدەنگیدایە و خۆشبەختیش لە نووستندایە.

  هێمن و بێدەنگی و لە سەرخۆیی سوکرات لە وەڵام نەدانەوەی ژنەکەیدا، کاریگەریی دەکاتە سەر ژنەکەی وای لێدەکات کە بە جەڵتەی دڵ بمرێت.

 بەڵێ، هاوسەرەکەی سوکرات مرد، لە دوای ئەو هەموو ناکۆکییەی کە هەیبوو لە گەڵ سوکراتدا. سوکرات کەسێکی هێمن و بێدەنگ و بەحەوسەڵە بوو، بەڵام ژنەکەی وەك گڕکان وابوو، ئەمەش وای لە ژنەکەی کرد لە شەوێکدا ئازارێکی توند بدات لە دڵ و شانی و لە هەمان شەودا بمرێت.

 باسکردن لە گۆشەیەکی کەم لە ژیاننامەی سوکرات، لەوانەیە یارمەتی دەربێت بۆ تێگەیشتن لە مامەڵەکردنی ژنەکەی بەو شێوەیە لە گەڵیدا، ژنەکەی بیروباوەرێکی باوی هەبووە، پەیوەستبووە بە داب و نەرێتەوە، بە پیویستی زانیوە کە سوکرات بە شێوەیەکی گونجاو هەڵسوکەوت لە گەڵ چواردەوریدا بکات، وەك ؛ هەڵبژاردنی جلوبەرک بۆی، پارە بەهای خۆی هەبێت بۆ بنیادنانی ژیانیان، بایەخدان بە ژیانی کۆمەڵایەتی وسەردانی کردنەکانییان، ڕێزگرتن لە یاساکانی ژیان و پێگەی خۆیان لە ناو کۆمەڵگادا، زۆر شتی هاوشێوەی ئەمانە، بۆ ئەوەی بتوانن بژین و لە ناو کۆمەڵگادا ڕێزییان لێبگیرێت.


ئەم بابەتە 359 جار خوێندراوەتەوە