Shwan_sahid.jpg

دەستم بە پشتی سەرتەوە دەگرم

شوان سەعید

دەستم بە پشتی سەرتەوە دەگرم و

بە ئارامی لێوەکانم بە لێوتەوە دەنوسێنم و

ماچیان دەکەم

ماچەکانت وەک دوو پێکەنینی سوور

تا سێ ڕۆژ بەسەر لێومەوە دەمێننەوە،

دواتر ڕەنگیان کاڵ دەبێتەوە و

دەبن بە دوو دڵۆپ فرمێسک و

بەسەر ڕووخساری ماندوومدا دەڕژێن.

ڕۆژێک لە شەقامێکی جەنجاڵی شار

بە خاتری ئەوەی ئاسوودەییم لێ ون نەبێت

دەستم بەدەڵمەوە دەگرم

بێ ئاگا لەوەی; ئاسوودەیی چاوەکانی تۆ بوون

لەپشتی باخچەکانی هەنارەوە،

دووشەممەیەک ونم کردوو نەمدۆزیەوە.

لە پشتی هەموو زەنگی تەلەفۆنەکانەوە

هەمیشە کەسێک هەیە پڕە لە بێدەنگی،

لە پشتی هەموو بێ دەنگییەکەوە،

هەمیشە گۆرانییەک هەیە ناتوانیت

بە تەنیا گوێی بۆ بگریت

لەناو یەکێک لە وەرزەکانی ساڵدا بەروارێک

هەیە بتباتەوە سەر کۆڵانەکانی مردن.

بە ئازارێکی زۆرەوە بەلای دەرمانخانەکاندا

تێدەپەڕم،

بەر لەوەی پێویستم بە دەرمان بێت، پێویستم

بەوەیە; زەنگی تەلەفۆنێکم بۆ لێبدەی

و گوێم لە دەنگت بێت

بەڵام هەمیشە پیاوێکی کورتەباڵای نامەرد هەیە،

هۆکاری ئەم دووریەی

نێوان من و تۆیە و ڕێگە نادات بە ئاسانی دەنگت

بڕژێتە ناو تەنیاییمەوە.

پیاوێکی کورتەباڵای نامەرد، هەیە، بەرامبەر چاوەکانت

دانیشتووە و بێ هیچ ماندووبوونێک

دەتوانێت لێدانی دڵت بژمێرێت بەسەر

دەماری ملتەوە،

دڵێک ڕۆژانێک بەیادی من لێی دەدا

دڵێک ئێوارانێکی پایز بەدەنگی من دادەخورپا

سواری پاسەکە دەبم و کاتێک دەگەمە بەردەمی قاوەخانەکە، هەردوو پێم لە کوشنەکەی

بەردەمم توند گییر دەکەم،

وەک ئەوەی بمەوێت زەوی لە خوولانەوە ڕابگرم

هەوڵدانێکی بێ سوودە، نە پاسەکە ڕادەوەستێ

نە ئیتر تۆ لەپشت مێزێکی دارینەوە

بە تەنوورەیەکی سوور و بلوسێکی ڕەشەوە

چاوەڕێم دەکەیت.

شەوێکی ساردی زستان، بەنزیکی نافورە ژەنگاوییەکانی زانکۆدا تێدەپەڕییم

فرمێسکم بەناو دەستی با ــ دا دەڕژا

"با ــ ی ساردی نێوان لقی کالیپتۆزەکان"

شەوێک; هەناسەدان وەکوو جاران ئاسان نەبوو

شەوێک بیری پەنجەکانتم کردبوو

بەسەر چەناگەی خۆمەوە

شەوێک بوو، بۆ تۆ دەگریام و ڕووناکی گڵۆپی سەر شەقامەکان

لە چاومدا ببوون بە هەزار پارچەوە..!!


ئەم بابەتە 13 جار خوێندراوەتەوە