Adonis.jpg

پێكى خورافات

ئه‌دۆنیس - وه‌ر‌گیڕانى ته‌ڵعه‌ت تاهیر

1

له‌م رۆژگاره‌دا فێربووین بێئومێدى بخۆینه‌وه‌،

وه‌ك چۆن ئاو ده‌خۆینه‌وه‌.

 2

له‌ رۆژگارى رابردوومدا هه‌ڵه‌م زۆر كردووه‌:

نه‌مده‌زانى چۆن توانام له‌ قسه‌كردندا

بپێوم به‌ توانام له‌ بێده‌نگ بووندا؟

 3

سیاسه‌ت و خووه‌كانى هه‌ستى ئازادییان لاى مرۆڤ كوشت،

چه‌ند زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌مڕۆدا به‌ ناویه‌وه‌ شه‌ڕ ده‌كه‌ن،

تاوه‌كو كۆیله‌ بمێننه‌وه‌.

 4

نیتشه‌ ده‌ڵێ (گرتنه‌به‌رى چه‌مكى كامه‌رانى وایكرد توێژینه‌وه‌ى زانستى بخنكێ)

ئه‌مڕۆ ده‌توانرێ بگوترێ (گرتنه‌به‌رى توێژینه‌وه‌ى زانستى وایكرد چه‌مكى كامه‌رانى بخنكێ)

 5

گوێملێگرت كه‌ به‌ناوى ئاینه‌وه‌ سروشتى شیده‌كرده‌وه‌:

وه‌ك چۆن شاره‌زایانى زمان رسته‌ و پێكهاته‌ زمانه‌وانییه‌كان شیده‌كه‌نه‌وه‌.

 6

هه‌ندێ له‌ ره‌خنه‌گرانى پێشومان باسیان له‌ (ئاوى) شیعر ده‌كرد/

وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ سه‌رسوڕمانیان.

ئایا له‌مڕۆدا (ئاو) له‌ شیعردا هه‌یه‌.

 7

پردێك، واقیع و غه‌یب به‌یه‌ك ده‌گه‌یه‌نێت:

پردێكه‌ له‌ شێوه‌ى داوى جاڵجاڵۆكه‌.

 8

ناتوانێ راستى بخواته‌وه‌،

ته‌نیا له‌ پێكى خورافه‌ نه‌بێت.

 9

له‌ پێناو هیچ شتێكدا مه‌مره‌.

هیچ شتێك، هه‌رچى بێ، شایه‌ن نییه‌ ژیان له‌پێناویدا بمرێ.

هه‌موو شتێك پێویسته‌ له‌ پێناو ژیاندا بمرێ.

مه‌مره‌، ته‌نیا ئه‌و مردنه‌ نه‌بێ،

كه‌ سروشت بۆیت ده‌با.

 10

چه‌مكى عروبه‌ له‌ كه‌شوهه‌واى سیاسه‌تى عه‌ربیدا بۆته‌ كه‌شتیه‌ك

گه‌وره‌تر له‌ كه‌شتى مێژوو:

به‌ڵام كه‌شتیێكه‌ ته‌نیا مێژووى باركردووه‌.

 11

خه‌ریكه‌ ژیانى زمانى عه‌ره‌بیش ده‌گۆڕێ،

به‌ڵام بۆ خۆپیشاندانێكى به‌رده‌وام له‌ شه‌قامه‌كاندا،

شه‌و و رۆژ، له‌ناو ئاژاوه‌یه‌كى به‌رزدا (ئه‌مه‌یش شۆڕش).

به‌مشێوه‌یه‌ ده‌توانیت هه‌موو شتێك ناوبنێیت به‌ هه‌ر شتێك:

وه‌ك ئه‌وه‌ى بۆ نمونه‌ بڵێیت: پشیله‌ حوشتره‌ و

هه‌تاو توتییه‌.

 12

نه‌خێر، ناوه‌ستم له‌ له‌قاندنى دڵم: تا ده‌وه‌ستێ.

 31

نه‌متوانى هیچ بكه‌م بێجگه‌ له‌ شیعر:

له‌ شیعریشدا هیچم نه‌كرد.

 41

له‌ ئێستاى عه‌ره‌بیدا هه‌موو شتێك ده‌یسه‌لمێنێ،

كه‌ ئه‌وه‌ى پووچ ده‌ڵێ،

ته‌نیا ئه‌وه‌ حیكمه‌ت ده‌ڵێ.

 51

ئه‌مڕۆ له‌ زستانى پاریسم پرسى:

یارمه‌تیم ده‌ده‌ى ئه‌وه‌ى نوسیومه‌ بینوسمه‌وه‌:

به‌و مه‌ره‌كه‌به‌ى لێته‌وه‌ ده‌ڕژێ؟

 61

ئه‌و كه‌سانه‌ زۆرتر ده‌بن:

كه‌ ناتوانن چرۆ ده‌ركه‌ن،

ته‌نیا له‌ناو قوڕدا نه‌بێ.

 71

دڵى نییه‌،

كه‌واته‌ چۆن كارامه‌ ده‌بێ له‌ ڕاوكردنى دڵه‌كاندا؟

 81

ئه‌رێ:

هیچمان له‌به‌رده‌م نه‌ماوه‌، رابردوومان نه‌بێ؟

 91

ئه‌نیشتاین ده‌لێ:

(ورد كردنى بۆچوونى پێشوه‌خت، ئه‌سته‌متره‌ له‌ ورد كردنى گه‌ردیله‌)

كار چۆن ده‌ڕوا، كه‌واته‌:

له‌گه‌ڵ رۆشنبیریێك له‌سه‌ر بۆچوونه‌ پێشوه‌خته‌كان دامه‌زراوه‌؟

بارودۆخى نوسین چى ده‌بێ له‌ رۆشه‌نبیریێكى له‌مشێوه‌یه‌دا؟

 20

هاوڕێ شاعیره‌كه‌م زۆر حه‌زى له‌كامه‌رانى ژیانه‌،

به‌ڵام ئه‌و كامه‌رانییه‌، مه‌ینه‌تى مێژووى لێشاردۆته‌وه‌.

به‌رده‌وام لێى ده‌پرسم:

چۆن ده‌كرێ ئه‌وه‌ى مه‌ینه‌تى مێژوو نه‌بینێ،

به‌راستى له‌ناو شیعرى ژیاندا بژیێ؟

 21

بۆچى عه‌ره‌ب، به‌ گشتى، ئه‌وه‌ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌،

به‌ چاوى شكۆ و شانازى نه‌بێ، سه‌یرى مێژوو نه‌كات؟

بۆچى ناتوانێ لایه‌نه‌ روناكه‌كان نه‌بێ، نه‌یبینێت؟

له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێستاى پڕه‌ له‌ كه‌وتن و

هیچى تیا نییه‌، تاریكى نه‌بێ؟

یان له‌به‌ر هۆكاریتره‌؟

ئه‌و هۆكارانه‌ش چین؟

به‌هه‌رحاڵ:

بۆ من، مێژوو، شیعرێكیتره‌،

جا ئه‌گه‌ر مێژووى مرۆڤ بێ، یان مێژووى شته‌كان.

 22

ئه‌م ئه‌سپه‌ دوو چاوى هه‌یه‌،

ئه‌م ئه‌سپه‌ شێوه‌ى سه‌رى مرۆڤى پێوه‌یه‌،

ئه‌م ئه‌سپه‌ روخسارى ژنى هه‌یه‌،

ئه‌م ئه‌سپه‌ دوو ده‌ستى هه‌یه‌،

ئه‌م ئه‌سپه‌ ده‌ڵێى چۆله‌كه‌یه‌.

له‌ منداڵیمه‌وه‌، ئه‌م ورد به‌ردانه‌م كۆده‌كرده‌وه‌ و

له‌ شوێنى وا ده‌مشاردنه‌وه‌ كه‌ بتوانن گه‌وره‌ ببن،

به‌مجۆره‌ خه‌یاڵم ده‌كرد.

 23

هه‌موو نمونه‌یه‌ك، به‌ستانه‌وه‌یه‌.

بۆ ئه‌وه‌ى به‌راستى بژین،

بۆ ئه‌وه‌ى به‌راستى داهێنان بكه‌ین:

ده‌بێ نمونه‌كان بسڕینه‌وه‌.

 24

حه‌زم بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ نیمه‌،

حه‌زى لێسه‌ندووم بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌مه‌.

 25

خۆشمده‌وێ/

وه‌ك ئه‌وه‌ى ژنێكیترم تیایدا خۆشده‌وێ،

كه‌ له‌ خه‌یاڵمدایه‌.

 26

ماناى (بێهاوتا) چییه‌ كه‌ خودى زمانیش ناتوانێ لێى نزیكبێته‌وه‌؟

ماناى په‌یوه‌ندى مرۆڤ پێیه‌وه‌ى ده‌بێ چى بێ؟

 27

خۆشه‌ویستیه‌كه‌ى لوتكه‌ى نائومێدى بوو،

ئایا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى لوتكه‌ى ئومێد بوو؟

 28

روخسارى ژن كێڵگه‌یه‌،

تیایدا خونچه‌كانى رۆح، چرۆ ده‌كه‌ن.

 29

نایه‌وێ وه‌كو پۆشاك بنووسێ،

ده‌یه‌وێ پۆشاك بنووسێ.

 30

تۆ سه‌رسوڕمانت بۆ شیعرى ئه‌و نییه‌،

سه‌رسوڕمانت بۆ شته‌كانى خۆته‌،

كه‌ شیعرى ئه‌و له‌باره‌یانه‌وه‌ ده‌دوێ.

 31

ناخوێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیربكاته‌وه‌،

ده‌خوێنێته‌وه‌ تا دڵنیابێت كه‌سیتر هه‌یه‌

له‌ جیاتى ئه‌و بیربكاته‌وه‌.

 32

به‌ڵێ، هه‌موو رۆژێ، له‌ وڵاتى عه‌ره‌بیدا ئازادى له‌دایك ده‌بێ:

به‌ڵام به‌ مردوویى.

 33

لاى ئێمه‌، له‌ روناكبیرى و سیاسه‌تدا، یه‌ك په‌تا هه‌یه‌،

له‌ به‌رامبه‌ریدا نیمانه‌، ته‌نیا ده‌رمانه‌ (نه‌خۆشه‌كان) نه‌بێت،

كه‌ له‌ ژماره‌ نایه‌ن.

 34

هه‌تاوى ئه‌م به‌یانییه‌ رووته‌،

ئه‌مه‌تا له‌سه‌ر چرپاى دڕكیش راكشاوه‌.

35

هه‌ساره‌ى خه‌ونه‌كان،

له‌ چاوێكى ره‌شدا ده‌خولێته‌وه‌.

 36

فێر بووم، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ مۆسیقا بگه‌م:

گوێ و خه‌یاڵم بكه‌م به‌ یه‌ك.

 37

مۆسیقا:

زمانه‌/ دایكه‌ بۆ سروشت.

 38

ماوه‌یه‌كه‌، زانست ده‌ستیكردووه‌ به‌ دۆزینه‌وه‌ى ئه‌فسانه‌كانى،

به‌ تایبه‌تى له‌گه‌ڵ شۆڕشى فه‌له‌ك و فه‌زا.

ئه‌مه‌ش ته‌ختى زۆر ده‌ڕوخێنێ.

ته‌ختێك به‌رزتر ده‌بێت و ده‌گه‌شێته‌وه‌:

كه‌ ته‌ختى خه‌یاڵه‌.

 39

له‌ سروشته‌وه‌ وێنه‌كان ده‌گه‌ن:

دوو مه‌مك، ده‌بنه‌ دوو كۆتره‌ كێوى.

 40

خه‌یاڵ: باڵى جه‌سته‌یه‌.

 41

پێده‌چێ ماناى نه‌بێ، داوا له‌ زه‌مه‌ن بكه‌ین

بێته‌ ماڵه‌كانى عه‌ره‌به‌وه‌، ته‌نیا له‌و رێگه‌یه‌ نه‌بێت

كه‌ زیوى نوێژ به‌ره‌و ئاڵتوونى ئاسمان كێشاویه‌تى.

ئاماده‌یكه‌ن، كه‌واته‌: هه‌ڵۆكانى سیاسه‌ت و

به‌ڕه‌ڵاكه‌ن كه‌روێشكه‌كانى زمان .

 42

هه‌ندێ بیرۆكه‌ و بۆچوون هه‌ن،

له‌ سه‌ردا به‌رده‌بنه‌وه‌، ده‌ڵێى بزماره‌كانى (نیتشه‌) ن.

به‌هۆیه‌وه‌،خاوه‌نه‌كانیان تواناى تێڕامان و گوێگرتن و دیالۆگ له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.

ئه‌ى خوێنه‌ر: ئاگادارى سه‌رى خۆت به‌.


ئەم بابەتە 67 جار خوێندراوەتەوە