Choman.jpg

تێلێکلییدیس کێ بووە؟

چۆمان تەقێدین

لێرەوە زنجیرەیەکی مێژووی شانۆ دەستپێدەکەین، کە بریتی دەبێت لە ژیان نامەی هەوەڵین نووسەر و ئەکتەرە مێژوویەکانی بواری شانۆ و کارکردن دەبێت لەو ڕوبەرە فراوان و دێرینەی یۆناندا کە لە پاشمانەوە جێماوە و لە ئێستاشماندا ئامادەیی هەیە. نووسەر و ئامادەکاری ئەم زنجیرەیە بەڕێز چۆمان ە و ئەم زنجیرەیە تایبەتە بە سایتی گەڵاوێژ بەشی شانۆ.

زنجیرەی شانزدەم. دەربارەی نووسەران لەمێژووی شانۆدا.

 تێلێکلییدیس کێ بووە؟

گریکییە دێرینەکان ، یەکێک بوون لەو نەتەوە کۆنانەی کە جێ دەستیان دیارە لە مێژووی شارستانیەتی جیهانی دێرین دا ، و لە ناو شارستانیەتی گریک (یۆنان)ییە کۆنەکان ، خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا پشکی شێریان بەر دەکەوێت ، و لە ناو خەڵکی دەوڵەتە شاری ئەسینا گەلێک زانا و فەیلەسوف و ڕەوانبێژ و نووسەر و هونەرمەند دەرکەوتون ، کە توانیویانە ڕێڕەوەی مێژووی مرۆڤایەتی بگۆڕن لە هەموو بوارەکاندا ، و هەروەها دەوڵەتە شارەکانی تری شارستانیەتی گریکییە کۆنەکان ، هەر یەکەیان بە نۆرەی خۆی دەوری هەبووە لە پێشخستنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان.

 ئەسیناییەکان دەستێکی باڵا و دیاریان هەبووە ، و یەکێک لەو بوارانە کە تیایدا پێشەنگ بوون هونەری شانۆ بووە ، و لە پاڵ  ئەسیناییەکان دا ، و خەڵکی ناوچەکانی تری وڵاتی گریکییە دێرینەکان ، دەوریان هەبووە  لە پێشکەوتنی شارستانیەتی یۆنانییە پێشینەکان ، زۆرینەی سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ، کە گریکییە دێرینەکان بە گشتی ، و هەروەها دەوڵەتە شاری ئەسینا بە تایبەتی بە داهێنەری هونەری شانۆ دادەنرێت لە مێژووی دێرینی مرۆڤایەتیدا.

بنچینەی هونەری شانۆ لە ناو شارستانیەتی گریکییە دێرینەکان ، دەگەڕێتەوە بۆ ئاهەنگ و بۆنە دینییەکان کە لە دەوڵەتە شارە جیاوازەکانی وڵاتی  یۆنان ساز دەکران ، کە ئەو ئاهەنگ و بۆنانە لە دەوری خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس) دەسورایەوە ، کە ئەو خواوەندە یەکێک لە خواوەندە نیشتەجێ بووەکانی چیای ئۆلیمپوس ، کە لە پارێزگای پێیریا لە هەرێمی مەکدۆنیای ناوەندی سەر بە وڵاتی  گریک (یۆنان) ی ئێستە هەڵکەوتووە ، خواوەند (دیۆنیسس) یان (باخۆس)  خواوەندی بەروبووم و داری مێوە بووە ، و هەروەها دواتر ئەو هونەرە واتا هونەری شانۆ لە گریکییە پێشینەکانەوە ، چووە ناو شارستانیەتەکانی تر ، وەکو میسری دێرین ، و میزیۆپامیا (دوو ڕووبارەکە)_کوردستانی کۆن ، و ڕۆمای کۆن ، و ڕووسیا.

 ژیاننامەی تێلێکلییدیس

تێلێکلییدیس ، بە پێی زۆرینەی سەرچاوە مێژووییەکانی دێرین ، کە دەربارەی مێژووی هونەری شانۆی کۆنی یۆنان نووسراون ، بە یەکێک لە نووسەرانی شانۆ دادەنرێت لە مێژووی هونەری شانۆی کۆمیدی دا ،   وەک یەکێک لە هەرە نووسەرە گرنگەکانی هونەری کۆمیدی شارستانیەتی گریکی کۆن دادەنرێت ،  کە توانیویەتی هونەری شانۆ پێش بخات و داهێناێکی گەورەی تێدا کردووە.

تێلێکلییدیس ، لە ساڵی (440پ.ز) یان لە ساڵی(430پ.ز) لە دایک بووە ، لە خێزانێکی خانەدانی ناودار و دەوڵەمەندی ئەسینی لە دایک بووە ، و خەڵکی دەوڵەتی شاری ئەسینا بووە ، واتا لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك  لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی گریك (یۆنان) لە دایک بووە ، و زۆربەی ژیانی لە شاری ئەسینا بە سەر بردووە.

تێلێکلییدیس ، دەستی بە نووسینی شیعری کۆمیدی ، کە توانی وەکو هاو سەردەمەکانی خۆی  گەلێک داهێنانی مەزن بخاتە ناو هونەری شانۆیی کۆمیدی  یۆنانی ئەو کاتە ، کە لە تەمەنی گەنجی دا بووە دەستی کردووە بە نووسینی شیعر و دەقی شانۆیی ، و لە ڕێگەی شانۆییە کۆمیدییەکانی گاڵتەی بە دیاردە دزێوەکانی دەوڵەتە شاری ئەسینا و کۆمەڵگەی ئەو دەمەی گریک کردووە.

تێلێکلییدیس ، هاو سەردەمی هەر یەکێکە لە شانۆ نامەکانی وەکو: سبيس و سۆفۆکلێس و ئەیۆن خیۆسی و ئەسخیلیۆس (ئەسکیلیۆس) و ئیپسیچارموس و کراتینوس و چۆیریلوس و فۆرمیوس و سوساریۆن و یۆریپیدێس و کریتیاس و ئیوپۆلیس و ئاچایۆسی ئیریتریای و ئاریستۆفانێس ، و  گەلێک شانۆنامەی تر  بووە ، و ئەمیش هەر وەکو ئەوان  دەستی باڵا و دەورێکی کاریگەری لە بەرەو پێشبردنی شارستانیەتی گریک (یۆنان) ی ئەو کاتە بە گشتی ، و هونەری شانۆیی یۆنانییە کۆنەکان بە تایبەتی هەبووە ، و هەروەها لە دەقە شیعرە شانۆییەکانی دا بایەخی داوە بە گرنگی زۆری بە لایەنی ڕەوانبێژی داوە.

 بەرهەمە شانۆییەکانییەکانی تێلێکلییدیس

تێلێکلییدیس ، لە ماوەی ژیانی دا وەکو شاعیر و شانۆنامەنووس ، نزیکەیی دەیان بەرهەمی شانۆیی نووسیووە ، کە ئەوەش ناوی هەندێ لەو بەرهەمانەی هەیەتی ، و بەڵام تەواوی دەقەکانەکانیان فەوتاون ، بەڵام ناونیشانەکانی هەندێ دەقی شانۆیی زانراوە ، ژمارەیان نزیکەیی (6) شانۆیی بووە ، کە ئەمانەش ناونیشانی ئەو دەقە شانۆییانەن کە زانراوە ، وەکو: ئەمفیکیتۆنەکان ، ئەبسێودیس ، ئوومێنیدێس ، هێسیۆدۆی ، پریتانس ، ستێرهۆی.

تێلێکلییدیس ، نەزانراوە دەقە شانۆییەکانی تری ناونیشانیان  چی بووە ، چونکە تەواوی بەرهەمە شانۆییەکانی فەوتاون ، و هەروەها تێلێکلییدیس لە زۆربەی فێستیڤاڵەکانی تەواوی وڵاتی یۆنانی ئەو کاتە ، هەر وەکو شانۆ نامەنووسەکانی هاو سەردەمەکەی خۆی بە دەقە شانۆییەکانی بەشداری کردووە ، کە سەرجەم فێستیڤاڵەکان لە پەرستگای خواوەند دیۆنیسس ، کە بە شاری دیۆنیسیا ناسراوە ئەنجام دراوە ، و ئاریستۆفانێس تێدا خەڵاتی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی بە دەست هێناوە.

 کۆچی دوایی تێلێکلییدیس

تێلێکلییدیس ، نەزانراوە لە ساڵی چەندی  سەدەی پێنجی پێش زایین  لە تەمەنی چەند ساڵی دا کۆچی دوایی کردووە ، و هەر  لە شاری ئەسینای پایتەختی وڵاتی گریك  لە هەرێمی ئایتکای سەر بە وڵاتی گریك (یۆنان) لە دایک بووە ، و هەر لەوێش ئەسپەردەی خاک کراوە.

زۆرێک لە فەیلەسوف و شانۆ نووسەکانی وڵاتی یۆنان لە فەوتانی بەرهەمەکانیاندا هاوبەشن و بەگشتی تەنها ناویان لە کتێبە مێژووییەکاندا دێت وەک بەشداربوویەک لە بنیاتنانی شارستانییەتی یۆنانی کۆندا.

 سه‌رچاوه‌کان

1_یاسین سابرساڵح: ئینسایکڵۆپیدیای گشتی-سلێمانی2005ز.

2_بهنام محەمەد پناه: نهێنییەکانی شارستانیەتی یۆنانی کۆن-وە: زاهیر محەمەد ڕەشید-سلێمانی2008ز.

_3پ . د. جڤری برۆن: پوختەی مێژووی ئەوروپا- وە: نیهاد جەلال حبیب اللە-سلێمانی2009ز

4_ویل دورانت: مێژووی شارستانیەت/ بەرگی چوارەم-وە: عەبدوڵڵا رەسووڵی-سلێمانی2014ز.

5_لوتفی عوبدولوەهاب یەحیا: یۆنان ، سەرەتایەک لە مێژووی شارستانییدا-وە: د . سەنگەر حاجی-هەولێر2014ز.

6_ئێریک ئریکسۆن: میتۆلۆجیای یۆنانی-وە: کەریم مستەفا-سلێمانی2020ز.


ئەم بابەتە 101 جار خوێندراوەتەوە