Me_before_you.jpg

فیلمی رۆمانسی "من پێش تۆ"

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

فیلمیـی Me Before You فیلمێکی ڕۆمانسیی درامیی ساڵی ٢٠١٦ یە، لە دەرهێنانی سییا شارۆک کە لە ڕۆمانێکەوە وەرگیراوە بە هەمان ناو، ڕۆمانەکە لە نوسینی جۆجۆ مۆیێسە و لە ساڵی ٢٠١٢ چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئیمیلیا کلارک و، سام کلافلین و، چارڵز دانس و، برێندن کۆیل ڕۆڵی سەرەکیی تێدا دەگێڕن.

 Me Before You3

دەربارەی دەرهێنەری کارەکە

سییا شارۆک لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٦ە دەرهێنەری شانۆیی و فیلمی سینەماییشە، لە ساڵی ٢٠٠١ بووە بو دەرهێنەری هونەریی و بوو بە گەنجترین دەرهێنەری شانۆی بەریتانی. ئەو زیاتر وەک دەرهێنەری شانۆیی دەناسرێت و لە هۆڵە گەورە و فراوانەکانی دونیادا نمایشەکانی نیشاندراوە، دایک و باوکی میدیاکار بوون و لە لەندان زهیاون بەڵام دواتر چونەتە کینیا و بەو هۆیەوە سییا بەشێکی زۆری تەمەنی منداڵیی لە کینیا ژییاوە، لە تەمەنی نۆ ساڵییەوە چۆتە قوتابخانەی شانۆیی ئاناشێر.

دواتر فەلسەفە و زمانی فەرەنسی دەخوێنێت لە کۆرپس کریستی لە ئۆکسفۆرد لە هەمان کاتدا کە خوێندکار بوو، سەرۆکی کۆمەڵەی دراما بووە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد.

 Me before you 1

دەربارەی فیلمەکە:

فیلمەکە ١٠٦ خولەکە و ڕەیتینگی حەوت پۆینت چوارە، باس لە چیرۆکی کچێک دەکات بە ناوی لو کلارک کە لە شارۆچکەیەکی بچووک دەژی پەیوەندییەکی نا ئاسایی لەگەڵ پیاوێکی خاوەن پێداویستیی تایبەتدا دەبەستێت، لو کلارک زۆر شت دەزانێت، بۆ نمونە دەزانێت لە ماڵەکەیەوە تا لای شوێنی وەستانی پاسەکە چەند پێ دوورە، دەزانێت کە پێی خۆشە لە چایخانەکە کار بکات، دەزانێت کە پاتریکی هاوڕێ کوڕەکەیی خۆش ناوێت، بەڵام نازانێت کە خەریکە کارەکەی لەدەست دەدات یان ئەو شتانەی کە بە ڕێوەن ڕووبدەن بەرەو شێت بوونی دەبەن.

ویڵ ترەینەریش دەزانێت کە ڕووداوێکی هاتوچۆ حەز و ئارەزووی ژییان کردنی لێسەندۆتەوە و دەزانێت کە هەموو شتێک زۆر بچووک و بێ چێژ دەردەکەوێت و بە تەواوی دەزانێت چۆن کۆتایی بە هەموو شتێک بهێنێت، بەڵام ئەوەی کە ویڵ نایزانێت ئەوەیە کە نازانێ لو دێتە ژییانیەوە و هەموو شتێک لە پرێکدا دەگۆڕێت و ڕەنگ دەدات بەو ژییانە ڕەش و سپییەی کە تێیدا بوو. کەسیان نەیان دەزانی کە بۆ تا هەتایە ژییانی یەکتری دەگۆڕن و چرکەکانی یەکتری بە شتگەلی بچوک بچوک و سەیر پڕدەکەنەوە.

لە فیلمی " Me before you "  کاتێك لویزا ژیانی منداڵی خۆی بۆ ویلیام دەگێڕێتەوە. باسی جوتێك گۆرەوی درێژی بۆ دەکات کە ڕەنگی ڕەش و زەردە و بەمنداڵی زۆر لەپێی کردووە، بەهۆی زۆری بەکارهێنانەوە گۆرەویەکان تێك دەچن و لویزاش لەوجۆرەی دەست ناکەوێتەوە. ویلیام زۆر بەدوای ئەو جۆرە گۆرەویەدا دەگەڕێت و لەڕۆژی لەدایك بوونی لویزادا ئەوەی بەدیاریی بۆ دەهێنێت . لەوکاتەدا لویزا دڵخۆشیەکی سەیر بەڕوویەوە دەبینرێت ،چونکە ویلیام گرنگی بە وردەکاری ژیانی داوە،بەبێ ئەوەی بیری بخاتەوە کە ئەوەی بۆ بێنێت یان داوای لێکردبێت ... " پێویستم بەکەسێك نیە دیاریی گرانبەهام بۆ بکڕێت، پێویستم بەوەیە کەسێك گرنگی بە وردەکارییەکانی ژیانم بدات. لێرەوە تێدەگەین کە وردەکاری و بایەخدان بەو شتگەلە بچوکەی ژیانمان پێکدێنن، چەندگرنگ و بەبایەخە و چۆن ڕۆح بەبەری پەیوەندییەکاندا دەکات.

واڵتەر بنیامین، فەیلەسوف، کتێبێکی لەسەر شتە بچوکەکان هەیە و تێیدا بەوردی لەسەر ئەوشتگەلە هەمیشە ئامادە و بێ قەبارانە دەدوێت کە دونیای مرۆڤایەتی داگیرکردووە و بچوکیش دەبینرێن.

Me before you 2

لێرەوە دەردەکەوێت لە پەیوەندی نێوان دووکەس یاخود ژیانی گشتیدا، ورد کاری و وردبوونەوە چەندگرنگ و پێویستە.

ئەم فیلمە کە باس لە ژیانی کوڕێک دەکات لەناو قوڵایی نائومێدی و شکستدا، فیلمێکی ڕۆمانسی عاشقانەیە و لە سینەماکانی دونیادا پەخشکراوە و بەیەکێک لە فیلمە ڕۆمانسییە باشەکانی دونیا دادەنرێت.


ئەم بابەتە 125 جار خوێندراوەتەوە