Hasan.jpg

دێوەزمەکانی کارلۆس فۆینتس

حەسەن بەلاسم - وەرگێڕانی: تاهیر عەبدولواحيد

لە عێراق ناوی سەلیم عەبدولحوسەین بوو، لە شارەوانی لەگەڵ ئەو کۆمەڵەخەڵکەدا کاری پاککردنەوەی دەکرد کە شارەوانیی پایتەخت، تەرخانی کردبوون بۆ پاککردنەوە و گسکدانی خاشاکی دوای تەقینەوەکان. لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ھۆڵەندا بە ناوێکی ترەوە مرد: کارلۆس فۆینتس.

سەلیم و ھاوپیشەکانی وەک ھەر ڕۆژێکی ڕەشی تر، بە سستی و و بێزارییەوە بازاڕێکی میللییان پاک دەکردەوە کە نزیک لێوەی تەنکەرێکی پڕ لە بەنزینی بۆمبڕێژکراو تێیدا تەقێنرابووەوە. لەو بازاڕەدا مریشک و میوە و سەوزە و ئادەمییەکان، ھەموویان پێکەوە سووتابوون. سەلیم و ئەوانی تر بە ھێواشی و وریاییەوە ئەو ناوەیان گسک دەدا. ترسیان لەوە ھەبوو پاشماوەی جەستە لەتوپەتەکان، لەگەڵ خاشاکی ئەو ناوە گسک بدەن و کۆبکەنەوە. بەڵام بەردەوامیش بەدوای جزدانی ساغی پارەدا دەگەڕان. یان ئەنگوستیلە و پارچەئاڵتوون، یان کاتژمێرێک کە نەوەستابێت لە ژماردنی کات. سەلیم بەشێوەی ھاوپیشەکانی تری بەخت یاری نەبوو لەوەدا کە پاشماوەی بەنرخی مردووەکانی چنگ بکەوێت. ئەو پێویستی بە پارە بوو ھەتا ڤیزایەکی سەفەری پێ بکڕێت، بۆ وڵاتی ھۆڵەندا و لە دۆزەخی مەرگ و ئاگر خۆی دەرباز بکات. تاکەدەستکەوتی لەو ڕۆژەدا، پەنجەی قرتاوی پیاوێک بوو کە ئەنگوستیلەیەکی زیوینی گرانبەھا و زۆرجوانی تێدابوو. سەلیم قاچی خستە سەر پەنجە قرتاوەکە و بە وریایییەوە چەمایەوە، بە قێزلێکردنەوە ئەنگوستیلە زیوەکەی لێدەرھێنا. پەنجەقرتاوەکەی ھەڵگرت و خستییە ئەو کیسە ڕەشەی کە پاشماوەی لاشەکانیان تێدا کۆدەکردەوە.

ئەنگوستیلەکە چووە پەنجەی سەلیمەوە. بەردەوام بە سەرسامییەوە لە نقێم و بریسکانەوەکەی ڕادەما. دواجار بڕیاری دا بیر لە فرۆشتنی نەکاتەوە. ئاخۆ بڵێی سەلیم ھەستی بە پەیوەندییەکی ڕۆحیی نهێنی کردبێت لەگەڵ ئەنگوستیلەکەدا؟

لە کاتی داواکردنی مافی پەنابەرێتی لە وڵاتی ھۆڵەندا، داوای ئەوەشی کردبوو کە ناوەکەی بگۆڕن: لە سەلیم عەبدولحوسەینەوە بۆ کارلۆس فۆینتس. پاساوی ئەم داوایەشی لەلای لێکۆڵەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ، بەوە ھێنابووەوە کە ترسی لە گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکان ھەیە. چیرۆک و کەیسی داواکردنی مافی پەنابەرێتییەکەی وا داڕشتبوو کە پەیوەندی بە کاری وەرگێڕییەوە ھەبوو، لەگەڵ سوپای ئەمەریکادا و ترسی تیرۆرکردنی ھەبوو، بە تۆمەتی ناپاکیکردن لە نیشتیمان. سەلیم بۆ گۆڕینی ناوەکەی ڕاوێژی بە کوڕی خاڵەکەی کردبوو کە لە فەڕەنسا دەژیا. بە مۆبایل لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچەوە پەیوەندیی پێوەکردبوو، سەلیم بە ڕۆشنی ھیچ ناوێکی بیانیی بەخەیاڵیدا نەھاتبوو کە شیاوبێت. ئەوکاتەی کە پەیوەندیی پێوەکردبوو خاڵۆزاکەی لە شووقەکەی خۆی، مژێکی قووڵی لە جگەرە حەشیشەکەی دابوو. لەگەڵ شاردنەوەی پێکەنینەکەی لە سەلیم پێی وتبوو: (گوێبگرە سەلیم، تۆ تەواو ڕاست دەکەیت. لە ئەورووپا گەر خۆت بە سەنیگالی یان خەڵکی چین بناسێنیت، سەدجار باشترە لەوەی بە ناوێکی عەرەبییەوە خۆت بناسێنیت. بەڵام خۆ ناشکرێ خۆت ناوبنێی جاک یان ستیڤن. مەبەستم ناوێکی ئەورووپییە. پێم وایە ناوی کەسێکی گەنمڕەنگ بۆخۆت دابنێی باشترە. ناوێکی کوبایی یان ئەرجەنتینی لەگەڵ ڕەنگی تۆخی پێستی تۆدا کە وەک کولێرەی برژاوی جۆ وایە باشتر دەگونجێ... ھاھاھا) خاڵۆزاکەی بەردەوام بووبوو لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە و بەنێو ئەو کۆمەڵەڕۆژنامەیەی ژووری مووبەقەکەدا دەگەڕا. بیری کەوتەوە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ناوێکی لەوجۆرەی خوێندووەتەوە. وای بۆ دەچوو کە ناوێکی ئیسپانی بووبێت لە وتارێکی ئەدەبیدا کە ھیچی وەھای لێ تێنەگەیشتبوو. سەلیم زۆر بەگەرمی سوپاسی کرد لەپای ئەو خزمەتە گەورەیەی کە بەوی کرد، ھیوای ژیانێکی خۆشی بۆ خواست لە فەڕەنسای مەزن.

کارلۆس فۆینتس زۆر دڵخۆش بوو بە ناوە نوێیەکەی و جوانیی شاری ئەمستردام. فۆینتس کاتی بەفیڕۆنەدا. چووە ناو کۆرسی فێربوونی زمانی ھۆڵەندییەوە. لەگەڵ خۆیدا پەیمانی ئەوەی دا کە لەمڕۆ بەدواوە بەزمانی عەرەبی نەدوێت و بارودۆخی ژیانی ھەرچی و ھەرچۆنێک بێت، تێکەڵی عەرەب و خەڵکی عێراقی نەبێت. بە دەنگێکی بەرز وتی: (باچیتر بێنەوایی و دواکەوتوویی و مردن و میز و گوو و ژیانی حوشترئاسا بەسبێت.)

لە ماوەی ساڵی یەکەمی ئەو ژیانە نوێیەیدا، فۆینتس لە ھیچ شتێک نەگەڕا بەراوردی نەکات لەگەڵ بارودۆخی وڵاتی یەکەمی خۆیدا، یان نیشانەیەکی پرسیار و سەرسووڕمانی لەبەردەمدا دانەنێت. بەنێو شەقامەکاندا گوزەری دەکرد، لەناو خۆیدا بەدەم سەرکۆنەکردن و ئیرەییبردنەوە بۆڵەبۆڵی دەکرد:

-تەماشای ئەو شەقامانە چەند پاکوخاوێنن، تەماشای تەوالێتەکانیان بکەیت لە خاوێنیدا ئەبریسکێنەوە! ئێمە بۆ وەک ئەوان نان ناخۆین. ئێمە چاوبرسییانە و بەشێوەی ئاژەڵ دەخۆین، وەک بڵێی خواردنەکە لەدەستمان ڕادەکات. ئەو کچە کە ئەو تەنوورە کورتەی لەپێدایە و قاچەکانی دەرخستووە، گەر ئێستا بەشەقامی باب ئەلشەرجیدا گوزەر بکات بۆھەتایی لەم جیهانەدا ون دەبێت! بەتەنها دەمەتر بەڕێگادا بڕوات بەسە، پێش ئەوەی زەوی قووتی بدات. درەختەکان بۆ ھێندە سەوز و جوانن، دەڵێی ھەموو ڕۆژێک بەئاو دەشۆرێن! ئێمە بۆ وەک ئەوان نابینە خەڵکانی بێوەی! ئێمە لەنێو کۆمەڵەماڵێکدا دەژین دەڵێی زێرابە. کەچی ماڵەکانی ئەوانیش پڕگەرمیی ژیان و ھێمن و ڕەنگاوڕەنگن! بۆچی بەشێوەی ئادەمیزاد ڕێز لە سەگ دەگرن! ئەی بۆ ئێمە بیستوچوار سەعات خەریکی دەستپەڕلێدانین! لەکوێوە حکوومەتێکی ڕێزدار بهێنین وەک ئەوان!

کارلۆس فۆنتیس بەسەر ھیچ شتێکدا تێنەپەڕی نەدەکردبوو کە لەھەمان کاتیشدا دەربارەیان ھەستی بە سەرسووڕمان و خۆبەکەمزانی نەکردبێت. ھەر لە نەرمیی دەسڕی تەوالێتەکانی ھۆڵەندا، ھەتا ئاپارتمانی پەرلەمان کە تەنها کامێراکانی چاودێری پاسەوانی دەکەن!

ژیانی کارلۆس فۆینتس ھەر بەوشێوەیە گوزەرا کەخۆی پلانی بۆ دانابوو. ھەموو ڕۆژێک لە پڕۆسەی ونکردنی شووناس و ڕابردووی خۆی بەرەوپێشتر دەچوو. بەردەوام گاڵتەی بەو کۆچبەر و بیانییانە دەکرد کە ھەمیشە خەریکی سەرکۆنەکردن بوون و ڕێزیان لە یاساکانی ژیانی خەڵکی ھۆڵەندا نەدەگرت. ئەو خەڵکانەی بە جرجەدواکەوتووەکان وەسف دەکرد کە بەڕێگەی نایاسایی لە خواردنگەکاندا کاردەکەن، باج نادەن و ڕێز لەھیچ یاسایەک ناگرن. مێگەلی چاخی بەردینن. ڕقیان لەو ھۆڵەندییانەیە کە پاروو و ماڵەکانی خۆیانیان پێبەخشیون. ئەو پێی وابوو خۆی تاکەکەسە شایستەی ئەوەبێت کە ئەو وڵاتە میهرەبان و لێبووردەیە لەخۆی بگرێت. دەشبێت حکوومەتی ھۆڵەندی، ھەموو ئەوانە دەربکات کە بەباشی فێری زمان نابن و ھەرکەسێک کە سادەترین سەرپێچی بکات، تەنانەت گەر پەیوەست بێت بە پەڕینەوە لەشەقام بەشێوەیەکی نایاسایی و دژ لەگەڵ سیستمی ھاتوچۆدا. باشترە ئەوخەڵکانە بڕۆن ئەو گووە بکەنە وڵاتە ئاودەستەکانی خۆیانەوە.

کارلۆس فۆینتس بەردەوام کاری دەکرد و باجی دەدا بەدەوڵەت، خۆی بەدوور دەگرت لەوەی بە ھاوکاریی کۆمەڵایەتی ژیان بگوزەرێنێ. دوای ئەوەی لە ماوەیەکی کورتدا فێری زمانی ھۆڵەندی بوو، ھەموو ئەوخەڵکانەی سەرسام کرد کە ئەویان دەناسی. ھەوڵدانەکانی فۆینتس بۆ گونجاندنی ڕۆح و عەقڵی لەگەڵ کۆمەڵگەی ھۆڵەندی، وایکرد کچەھاوڕێیەکی ھۆڵەندی پەیدا بکات کە ئەویش فۆینتسی خۆشدەویست و ڕێزی لێدەگرت. کێشی ئەو کچە نەوەت کیلۆگرام بوو. ڕەنگوڕوویەکی مناڵانەی بەشێوەی فیلمکارتۆنەکان ھەبوو. فۆینتس ھەوڵی دەدا ئازادانە و بەشێوەی پیاوێکی پێشکەوتووی خۆرئاوایی و بگرە کەمێک زیاتریش، ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکات. ئەو بەردەوام وەک کەسێکی بەڕەگەز مەکسیکی خۆی دەناساند کە باوکی سەفەری کردووە و لەعێراق گیرساوەتەوە و لەوێ وەک ئەندازیارێک لە کۆمپانیاکانی نەوت کاری کردووە. کارلۆس لەخۆی ڕادەبینی کە خەڵی عێراق بە خەڵکێکی مێگەل و دواکەوتوو وەسف بکات کە ھیچ لەمانای مرۆڤایەتی نازانن: (ئەوان بەتەنیا کۆمەڵەخێڵێکی دڕندەن.)

ھاوسەرگیریی لەگەڵ ئەو کچەھۆڵەندییە، فێربوونی زمان و چوونەنێو کۆمەڵێک خولی تایبەت بە کولتوور و مێژووی ھۆڵەندا، کارکردنی بەردەوام و پاکیی دۆسیەکەی لە ھەرکێشەیەک، یان ھەر سەرپێچییەکی یاسایی، وەھای کرد لەماوەیەکی زۆرکورتدا ڕەگەزنامەی ھۆڵەندی وەربگرێت، کە ھیچکام لە پەنابەرەکان بەخۆیانەوە نەبینیبوو. کارلۆس فۆینتس بڕیاری دا ھەمووساڵێک، بەبۆنەی وەرگرتنی ڕەگەزنامە ھۆڵەندییەکەیەوە ئاھەنگ بگێڕێت. فۆینتس وەھای ھەست دەکرد کە خوێن و پێستی بۆھەتایە گۆڕاون. سییەکانیشی ھەناسەی ژیانێکی ڕاستەقینە ھەڵدەمژن. بۆئەوەی زیاتریش ورەی خۆی بەھێز بکات بەردەوام دەیوت:

-ھەروەھایە، وڵاتێکم بدەرێ کە ڕێزم لێ بگرێت، بۆئەوەی منیش بەدرێژایی ژیانم بیپەرستم و لەپێناویدا نوێژ بکەم.

بارودۆخی ژیانی بەم شێوەیە گوزەرا، ھەتا ئەوکاتەی کێشەی خەونەکانی شەوی تیادەرکەوت و ھەمووشتێکی شێواند. ھەروەک وتووشیانە، پەند و حیکمەتە دێرینەکان ژەنگ ناگرن، بەڵکو ئەوەی ژەنگ دەگرێت ئادەمیزادەکان خۆیانن. بۆیە باکانیش بەو شێوەیە ھەڵیان نەکرد کە کەشتییەکەی فۆینتس دەیخواست. یەکەم خەونی فۆینتس دڵڕەقانە و شۆکێکی گەورە بوو. لەکاتی خەونبینینەکەیدا توانای ئاخاوتنی بەزمانی ھۆڵەندی لەدەستدابوو. لەبەردەمی خاوەن کارە ھۆڵەندییەکەی وەستابوو و بە شێوەزاری عێراقی دەدوا. ھەرئەوەش دووچاری تەنگەتاوی و ئازارێکی سەختی کاسەی سەری کردبوو. ھەرکاتێک لەو خەونانەی ڕادەچڵەکی، ھەموو گیانی عارەقی لێدەچۆڕا و دەیدایە پڕمەی گریان. سەرەتا وایدەزانی ئەوانە کۆمەڵەخەونێکی ڕاگوزەرن و ھەردەبێت کۆتاییان بێت. بەڵام خەونەکان بەبەردەوامی و بێبەزەییانە دادەبارینە سەری. لەیەکێک لەخەونەکانیدا کۆمەڵێک مناڵی گەڕەکە میللییەکەی شوێنی لەدایکبوونی خۆی بینیبوو، بەدوایدا ڕایاندەکرد و گاڵتەیان بە ناوەنوێیەکەی دەکرد، بە چەپڵەلێدانەوە ھاواریان لێکردبوو: کارلۆسی ترسنۆک.. کارلۆسی حیز.. کارلۆسی گرگن.

خەونە بێزارکەرەکان شەو لەدوای شەو دەبنە دێوەزمەی ترسناک. شەوێک خەونێکی بینیبوو کە ماشێنێکی بۆمبڕێژکراوی لەناوجەرگەی شاری ئەمستردامدا تەقاندبووەوە. لەنێو ھۆڵی دادگادا وەستابوو و ھەستی بەنەنگی و شەرمەزارییەکی زۆر کردووە. دادوەرەکان زۆرتوند بووبوون لەگەڵیدا و نەیانهێشتبوو کە بەزمانی ھۆڵەندی بدوێت. مەبەستیشیان لەوە سووکایەتیپێکردن و بوغزاندنی بووە. وەرگێڕێکی عێراقییان بۆ ھێنابوو داوای لێکردبوو، بەو شێوە زمانە گوندنشینییە نەدوێت کە کەس لێی تێناگات. ھەموو ئەمانەش چاولەبەری و ئازاری ئەویان سەختتر کردبوو.

فۆینتس بڕیاری دا چەندین کاتژمێر لە کتێبخانەکاندا دابنیشێت و بەنێو ئەو کتێبانەدا بگەڕێت کە باس لەخەونەکان دەکەن. لەسەردانی یەکەمیدا کتێبێکی چنگ کەوت، بەناوی (زمانی فەرامۆشکراو) کە نووسینی نووسەرێک بوو بەناوی (ئەریک فرۆم). ھیچی وەھای لێ تێنەگەیشت. ھیچ سەرسامیش نەبوو بە ڕاوبۆچوونە ئاڵۆزەکانی ئەو نووسەرە. چونکە فۆینتس تەنانەت خوێندنی ئامادەییشی تەواو نەکردبوو. ئەمانە ھەمووی قسەی بێمانا و ھیچن.. فۆینتس ئەمەی وت و بەردەوام بوو لەخوێندنەوەی کتێبەکە: ئێمە لەکاتی خەوتندا تەواو ئازادین، بەڵکو زۆر ئازادتر لەوەی لەکاتی بەئاگاییمانداین.. یان بە فریشتەکان دەچوێین دەربارەی چۆکدانەدانمان بۆ یاساکانی واقیع.. لەکاتی خەودا شاھەنشاھیی گرنگیپێدراوەکان پاشەکشە دەکات و شاھەنشاھیی ئازادی دەچێتە جێگەی، کەینونەی (من-ئیگۆ)ش دەبێتە تاکەسەرچاوەی ئایدیا و ھەستەکان.

فۆینتس کتێبەکەی گەڕاندەوە و ھەستی بەسەرئێشەیەکی توند دەکرد. چۆن دەتوانین ئازادبین لەکاتێکدا نەتوانین کۆنتڕۆڵی خەونەکانمان بکەین؟ ئەم قسە پووچە چییە! فۆینتس پرسیاری لەو کچەفەرمانبەرەی کتێبخانەکە کرد، گەر ھەندێک کتێبی سادەیان ھەبێت باس لە خەونەکان بکات. کچەفەرمانبەرەکە ھیچ شتێکی وەھا دەربارەی پرسیارەکەی تێنەگەیشت. لەوانەشە ویستبێتی ئاستی ڕۆشنبیری و بەئاگایی خۆی دەربارەی ئەو بابەتە بۆ فۆینتس دەربخات. پێی وت، کتێبێک ھەیە باس لە پەیوەندیی خوارن و شێوازەکانی خەوتن بە خەونەکانەوە دەکات. ھەندێ زانیاریی پێدا و چەند ئامۆژگارییەکی کرد. ھەروەھا ناونیشانی کتێبخانەیەکی پێدا کە گۆڤاری تایبەت بە جیهان و نهێنیی خەونەکانیان ھەبوو.

ھاوسەرەکەی سەرنجی دابووە ھەڵسوکەوتی نامۆ و خووەکانی فۆینتس لەکاتی نانخواردن و خەوتندا. ھەروەھا کاتی چوون و ھاتنەدەرەوەی لە تەوالێت. بۆ نموونە فۆینتس وازی لەخواردنی پەتاتە ھێنابوو کە بەھەموو شێوەیەکی ئامادەکردن حەزی لێی بوو. بەردەوام گۆشتی باڵندەکانی دەکڕی کە زۆرجار نرخیان گرانبەھا بوو. ھەربەو شێوەیەش بوو، ھاوسەرەکەی نەیدەزانی فۆینتس ئەوەی خوێندووەتەوە کە ھەموو ئەو سەوزانەی لە ناخی زەویدا دەڕوێن، زۆرجار سەرچاوەی ئەو خەونانەن کە پەیوەندییان بە ڕابردوو و ڕەچەڵەکی ئادەمییەکانەوە ھەیە. خواردنی ڕەگوڕیشاڵی ڕووەکەکان، کاریگەرییەکی جیاوازتری ھەیە بەبەراورد لەگەڵ خواردنی میوەکان و گۆشتی ماسی کە لەناو ئاودا دەژی. فۆینتس کە لەسەر مێزی نانخواردن دادەنیشت وەک حوشتر پارووی دەجوو. ئەو خوێندبوویەوە کە جوینی خواردن بەشێوەیەکی باش، ھاوکاریی دەکات بۆ دەربازبوون لە دیوەزمەکانی خەو. بەڵام بۆ نموونە ھیچ زانیارییەکی دەربارەی گۆشتی باڵندەکان نەخوێندبووەوە. تەنها ئەوەندەی مەزەندە کردبوو کە خواردنی گۆشتی باڵندەکانی ئاسمان لەوانەبێت خەونی خۆش و ئاسوودەیی بۆ بهێنێت. فۆینتس لەتەواوی ھەوڵەکانیدا بۆ (لێکدانی خەونەکان) یەکانگیری دروست دەکرد، لەنێوان خەیاڵدانی خۆی و زانیاریی نێو کتێبەکان. لەکۆتاییدا بەم بیرۆکەیە گەیشت. ئارەزووی ئەو گەورەتر خۆی نواند وەک دەربازبوون لە خەونە ناخۆشەکان. پێویستە کۆنتڕۆڵی خەونەکان بکرێن و بپاڵیورێن، پاک بکرێنەوە لەھەر ھەوایەکی پیس و لێکبدرێن لەگەڵ یاسا پوختەکانی ژیانی ھۆڵەندی. پێویستە و دەبێت خەونەکان زمانی نوێی ئەو وڵاتە فێربن، بۆئەوەی بتوانێت وێنە و بیرۆکەی نوێ خەیاڵبکات. پێویستە تەواوی ڕەنگوڕووە گرژ و شوومە کۆنەکان ونببن. بەوشێوەیە فۆینتس خۆێندنەوەی ئەو کتێب و گۆڤارانەی زیاترکرد کە بە شێواز و فەلسەفەی جیاجیا دەربارەی نهێنییەکانی خەوتن و خەون دەدوان. فۆینتس دەستی ھەڵگرت لەخەوتن بەڕووتی و بەرکەوتنی جەستەی ڕووتی ھاوسەرەکەی. لەکاتی خەودا پاڵتۆیەکی ئەستووری خوریی دەپۆشی کە دواتر بووە ھۆی دەمەقاڵێی لەگەڵ ھاوسەرەکەیدا، ھەرئەوەش وایکرد فۆینتس بچێتە ھۆڵی ماڵەکە و لەسەر قەنەفەیەک بخەوێت. ڕووتبوونەوە خەوتوو ڕاپێچ دەکاتەوە بۆ ناو ژیانی منداڵی. ئەمەشی ھەر خوێندبووەوە. ڕۆژانە کاتژمێر دوانزەوپێنج خولەک دەچووە گەرماو بۆ خۆشۆردن. ھەرکاتێکیش لەگەرماوەکە دەھاتەدەرەوە لەسەر مێزی نانخواردنەکە دادەنیشت و چەنددڵۆپێک ڕۆنی گوڵی یاسەمینی دەخوارد. پێش ئەوەش بچێتە نێو جێگەی خەوەکەی لە پەڕەکاغەزێکدا گرنگترین ئەو خواردنە ئارامبەخشانەی دەنووسییەوە کە بڕیاری دەدا بۆ سبەی بیانکڕێت. ئەم بارودۆخە زیاتر لە مانگێکی خایاند و فۆینتس بە ھیچ ئەنجامێکی باش نەگەیشت. ئەو ھێمن و لەسەرخۆ بوو و چۆکی دانەدا، ھەتا گەیشتە ئەو ڕۆژانەی تیایدا ھەڵدەستا بە سازکردنی کۆمەڵەسرووتێکی نهێنی و ئاڵۆز. قژی و نینۆکی پەنجەکانی قاچی بەڕەنگی سەوز بۆیاخ دەکرد. لەسەر سک دەخەوت و کۆمەڵەوشەیەکی نادیاری دەوتەوە. لەیەکێک لەشەوەکاندا بەشێوەی ھیندییە سوورەکان ڕووی خۆی ڕەنگ کرد. خەوت و بیجامەیەکی پرتەقاڵیی تەنکی لەپێکرد و سێ دانە لە پەڕی باڵندەی جۆراوجۆری خستە ژێر سەرینەکەیەوە.

شکۆی فۆینتس ڕێگەی نەدەدا ھاوسەرەکەی ئاگاداربکاتەوە لەوەی کە دووچاری بووبوو، وای دەبینی کە ئەوە بەتەنها کێشەی خۆیەتی و لەتوانایدایە بەسەریدا زاڵ ببێت و تێی بپەڕێنێت. چونکە ھەر ئەو بوو پێشتر سەختترین و غەمناکترین بارودۆخی تێپەڕاندبوو. لەبەرامبەریشدا ھاوسەرەکەی نەفەسدرێژ بوو لەگەڵ ھەڵسوکەوتە نامۆکانی فۆینتسدا. چونکە میهرەبانی و بەخشندەیی ئەوی لەیاد نەکردبوو. بڕیاری دا ھەلێکی تر بدات بە فۆینتس بەرلەوەی سنوورێک دابنێ بۆ ئەوەی کە دەگوزەرا. لەیەکێک لەشەوە قەشەنگەکانی ھاویندا، کارلۆس بە جلوبەرگێکی سەربازییەوە خەوتبوو، تفەنگێکی نایلۆن لەوانەی کە منداڵەکان یاری پێدەکەن، لەتەنیشت خۆیەوە دانابوو. ھەر دوای ئەوەی خەوتنەکەی گۆڕا بۆ خەونبینین، بۆ یەکەمینجار یەکێک لە ئاواتەکانی ھاتبوونە دی کە ماوەیەکی دورودرێژ چاوەڕێی دەکرد. لەنێو خەونبینینەکەیدا سوسەی ئەوەی کردبوو کە خەون دەبینێت. ڕێک ئەوەبوو کە فۆینتس عەوداڵی بوو. ئەویش ئەوەبوو کە لەنێو خەونبینینەکەیدا ھۆشیاریی بتوانێت کاربکات بۆ گسکدانی خاشاکەکانی نێو نەستی. لەخەونەکەیدا لەبەردەم دەرگای ئاپارتمانێکی کۆندا وەستابوو، وەک بڵێی ئەو ئاپارتمانە لەژیانی ڕابردووی ئەودا دووچاری سووتانێکی وێرانکەر بووبێت، ئەو ئاپارتمانە دەکەوتە نێوجەرگەی شاری بەغدادەوە. شتێک کە فۆینتسی بێزار دەکرد ئەوەبوو تەواوی ھەموو ئەو دیمەنانەی لە دووربینی سەر ئەو تفەنگەوە دەبینی کە لەنێو دەستەکانیدا بوو. فۆینتس ھەڵدەکوتێتە سەر ئاپارتمانەکە و دەچێتە ژوورەوە، نهۆم لەدوای نهۆم، بێبەزەییانە ھێرش دەکاتە سەر ئەوانەی لەنێویدان، لەو دەستڕێژی گوللەبارانکردنە تەنانەت منداڵەکانیش ڕزگاریان نابێت. لەوێدا دەبێتە ھاوار و قیژەوھەرایەکی گەورە، بەڵام فۆینتس خوێنساردانە و بەچاپوکی و بەوردی، یەکەیەکە قوربانییەکانی دەپێکێت. لەخەونەکەیدا ترسابوو لەوەی بەئاگابێتەوە و ھێشتا کارەگەورەکەی تەواو نەکردبێت. بیری لەوە کردبووەوە: گەر بهاتبا و کۆمەڵێک نارنجۆکی دەستیم پێبوایە، بەزووترین کات کارەکەم لەنێو ئەم ئاپارتمانە نەفرەتییە کۆتایی پێدەھێنا و ڕووم لە جێگەیەکی تر دەکرد. بەڵام ڕووداوێکی چەخماخەئاسا و لەناکاو، لە ژووری یەکەمی نهۆمی شەشەم ڕوویدا. کاتێک کە خۆی کرد بە ژووردا، خۆی لەبەردەم سەلیم عەبدولحوسەیندا بینییەوە! سەلیم بەڕووتی لەبەردەم پەنجەرەکەدا وەستابوو، گسکێکی خوێناویی بەدەستەوەبوو. بەدەستێکی لەرزۆکی ئاڕاستەکراو ڕووەو فۆینتس و نێوچاوانی سەلیم کە بزەی دەھاتێ، بەگاڵتەجاڕییەوە دەیگوت: سەلیمی ھۆڵەندی، سەلیمی مەکسیکی، سەلیمی عێراقی، سەلیمی فەڕەنسی، سەلیمی ھیندی، سەلیمی پاکستانی، سەلیمی نەیجیری.

فۆینتس تووشی داڕمان بوو و تۆقینەکەی چەندھێندە زیادی کرد. ھاوار و ناڵەیەکی گەورەی لێهەستا و سەلیم عەبدولحوسەینی دایە بەر دەستڕێژی گوللە. بەڵام ئەو لە پەنجەرەکەوە خۆی دەربازکرد بێ ئەوەی تەنانەت گوللەیەکیش چییە بەری بکەوێت.

ئەوکاتەی ھاوسەرەکەی فۆینتس، لە ئەنجامی ھاوارێکی گەورە بەئاگا ھاتەوە، بینی کە فۆینتس لەپەنجەرەکەوە بەسەردا خۆی فڕێ دابووە خوارەوە. کارلۆس فۆینتس بە مردوویی لەسەر شۆستەکە کەوتبوو، پەڵەخوێنەکەی ژێر سەریشی ھەتا دەھات گەورەتر و بڵاوتر دەبووەوە. لەوانەیە فۆینتس لە ڕۆژنامەکانی ھۆڵەندا ببوورێت کە نووسیبوویان (خۆکوشتنی پیاوێکی عێراقی لەشەودا کە لەنهۆمی شەشەمەوە خۆی فڕێ داوەتە خوارەوە) لەبری ئەوەی بنووسن (خۆکوشتنی پیاوێکی ھۆڵەندی).

بەڵام فۆینتس ھەرگیز لە خوشک و براکانی خۆش نابێت کە گەڕندییانەوە بۆ عێراق و لە گۆڕستانی نەجەف بەخاکیان سپارد. جوانترین شتێکیش کە لە چیرۆکی فۆینتس مایەوە، ئەو وێنە فۆتۆگرافییەی فۆینتس بوو، گەنجێکی ئارەزوومەندی وێنەگرتن چرکاندبووی کە لەنزیک شوێنی ڕووداوەکە دەژیا. ئەو گەنجە لە گۆشەنیگایەکی نزمەوە فۆتۆکەی چرکاندبوو. پۆلیس تەرمەکەی فۆینتسیان بە چەرچەفیک داپۆشیبوو. لەژیر چەرچەفە شینەکەوە تەنها دەستی ڕاستی بەدەرەوە بوو. فۆتۆکە ڕەشوسپی بوو، کەچی نقێمی ئەنگوستیلەکەی پەنجەی کارلۆس فۆینتس، لەبەشی پێشەوەی گرتە فۆتۆگرافییەکەدا بە ڕەنگی سوور، وەک خۆری نێو دۆزەخ دەدرەوشایەوە.


ئەم بابەتە 89 جار خوێندراوەتەوە