Roza_Hamasalh.jpg

كاتێك ژن ڕۆڵی گەورە دەبینێت

رۆزا حەمە ساڵح

‎گابریل گارسیا مارکیز، نوسەر و ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی بەڕەچەڵەک کۆڵومبی، لە ( 6 ئازاری 1927 - 17 نیسان 2014 ) ژیاوە، لە شارۆچکەی ئاراکاتاکای کۆڵۆمبیا لە دایک بووە،  هەر بە منداڵی دایک و باوکی بە هۆی کاركردنە‌وە گابریل لای باپیرە و داپیرە‌ی بە جێدەهێڵن و  دەڕۆن بۆ كاركردن لە‌ شارێکی تر،  ئیدی گابریل لای ئەوان گەورە دەبێت، بە خێوکردنی لە لایەن داپیر و باپیرییەوە کاریگەری ئەرێنی لە سەر گابریل دروست دەکات، چۆنكە‌ هەردووکیان هەر لە منداڵییەوە گوێبیستی چیرۆک و ئەفسانەی جۆراو جۆرەی دەکەن، ئەمەش وای لێدە‌كات كە‌ هەر لە منداڵییەوە خولیای بۆ خۆیندنەوە و نووسین هەبێت.

‎گابریل کاتێک  تەمەنی  دە‌بێت  بە‌ 13 ساڵ،  دە‌چێت بۆ سە‌ردانی دایک و باوکی لە شاری سوکری، لەو شارەو‌ لە‌ ئاهەنگێکی سەمای خوێندکاراندا، چاوی بە میرسیدس دەکەوێت، هەر ئەو ساتە عاشقی دەبێت، بۆیە بڕیار دەدات لە دوای تەواوکردنی خوێندن هاوسەرگیری لە گەڵ بکات.

‎گابریل خوێندنی یاسا لە زانکۆی بۆگۆتا تەواو دەکات، لە ساڵی 1946 بە شێوە‌یە‌كی دیار دە‌ستدە‌كات بە‌ نووسین، یەکەم کورتە چیرۆکی خۆی بە ناوی ( سێیەمین دەست لە کارکێشانەوە ) لە ڕۆژنامەی ئاڵ بۆتگاتا بڵاودەکاتەوە. دواتر چەندەها چیرۆکی تر دەنوسێت.

‎ لە ساڵی 1958 لە گەڵ میرسیدس هاوسەرگیری دەکات، دەبنە خاوەنی دوو کور بە ناوەکانی رۆدریجۆ و جۆنسالۆ.

‎میرسیدس ژنێکی باڵا بە‌رز و ڕوخسار جوان دە‌بێت، بە وەفا و دڵسۆز  بۆ گابریل، پێكە‌وە‌ ژیانێكی  سادە‌ و پڕ لە‌ خۆشە‌ویستی دە‌گوزە‌رێنن، لە ناو چینێکی مامناوەنددا دەژین.

‎لە دوای ئەوەی گابریل ڕۆمانی " سەد ساڵ لە تەنیایی" دەنوسێتە‌وە‌، لە گەڵ ھاوسەرەکەیدا دەڕۆن، بۆ  ئەوەی بە بەریددا بینێرن بۆ دە‌زگای چاپ، بەڵام بەو پارەی کە ھەیانە تە‌نھا دەتوانن نیوەی ڕۆمانکە بنێرن، ھیچ شتێکی ئەوتۆییش لە ماڵەکەیاندا شك نابەن، جگە لە ئامێری نووسینەکەی خۆی و هەردوو ئەڵقەی ھاوسەرگیرییەکەیان، دەکەونە مشتومڕی  ئەوەی کە گابرییل دەڵێت " ئامێرەکەم ڕەھن دەکەم، ئەلقەکان ناکەین چونکە پیرۆزترین یادگاری بە یەک گەیشتنمانە و زۆر شیرینە لە‌ دڵمدا"، بەڵام میرسیدس  پێداگری لە سەر ڕەهن کردنی ئەڵقەکان دەکات، ڕەتی دەکاتەوە کە ئامێرەکە ڕەهن بکەن، پێیدەڵێت "ئامێرەکە ڕۆحی نوسەرە و تەنها شتێکە  لە‌ ڕێگە‌یە‌وە‌ نوسە‌ر دە‌توانێت نوسینە‌كانی پێتایپ بكات و بڵاویبكاتە‌وە‌، ئەگەر بێتو لە ناوی بدەین، ئەوا دواتر کاریگەری لە سەرت دروست دەکات".

چەند ڕۆژێك دواتر و بەیانییەکیان  كاتێك گابرییل بە خەبەر دێت، دە‌بینێت میرسیدس لە‌ ماڵ نییە‌، كە‌ دە‌گە‌ڕێتە‌وە‌ پێدەڵێت كە‌ ئەڵقەکانی ڕەھن کردووە‌‌، نیوەی ڕۆمانەکەی تری بە بەریدا بۆ چاپ ناردووە.

‎لە ڕۆژی 30 ئایاری ساڵی 1967 چاپی یەکەمی ئەم ڕۆمانە دەردەچێت لە ماوەی تەنها هەفتەیەکدا هەشت هەزار دانە‌ی لێدەفرۆشرێت، دواتر ئەم ڕۆمانەی گابرێل دەنگدانەوەیەکی چیھانی گەورەی دەبێت،  بۆ 37 زمانی جیھانی وەردەگێرڕێت، نزیکەی 25 ملێۆنی تیراژی لێ چاپدەکرێت،  لە ساڵی 1982 خەڵاتی نۆبڵی لە ئەدەبیاتدا پێدەبەخشرێت.

‎بەڵی ئەمە  بەرهەمی ڕەنج و هەوڵدان و تێکۆشانە، لە دوای ماندوبوون و قوربانی دانی ژنێک کە هاوسەرەکەی خۆی خۆشدەوێست و باوەڕی بە تواناکانی هەبوو، سەرەڕای هەموو ئەو بارودۆخە دژوارانەی کە ڕێگر بوون لەبەردەمیاندا، سەرکەوتوانە تێیان پەڕاند.


ئەم بابەتە 221 جار خوێندراوەتەوە