أ
نیشته‌جێبوون له خه‌ون
1
پێخاوسه بێ كڵاوه‌كان،
پۆشاكیان له ره‌نگى بارووت، له شوێنى چاویاندا.. چاڵ!
شه‌كسپیر : ئه‌م جۆره پیاوانه له ده‌ورتدا چی ده‌كه‌ن؟
2
بۆشاییه‌ك.. ته‌ویله‌ى مه‌ڕ وماڵاته.
شار له بۆڕییه‌كانى چیمهتنۆ راكشاوه.
گالیسكه‌یه‌ك له هه‌وره‌وه دێته خوارێ : بیبه هاملێت :
پیاسه‌یه‌كى سه‌ر روبار بكه،
پیاسه‌یه‌ك له‌و ئاسۆیهى كه شانى به‌سه‌ر ئاخهكانى تۆ داداوه‌ته‌وه.
پیاسه‌یه‌ك له ده‌ورى ئه‌و منارانهى ده‌سته‌كانى كردۆته‌وه
تا ده‌ستى ئاسمان بیگرێت.
تارماییه‌كان، له شه‌قامه‌كاندا ده‌جوڵێنه‌وه :
وه‌ك ئه‌وه‌ى له هه‌ساره‌كان یان له‌و به‌ردانه‌وه بێن :
كه خواوهندێكى بێ ناو تیایاندا نیشته‌جێ یه.
3
خه‌ون ده‌بینم /
وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر كه‌نارى ده‌ریاى ناوه‌ڕاست بم.
نه‌وره‌سێك به شوێن ماسییه‌كدا، به‌ره‌و قوڵایى هه‌ڵدێر ده‌بێته‌وه،
پێده‌چێت زۆرى بڕیبێ و نه‌گه‌ڕێته‌وه.. بێگومان :
پاش كه‌مێكیتر سه‌ر ئاو ده‌كه‌وێ..
ئه‌وسا من شوێنه‌كه‌ى خۆمم گۆڕیوه :
نامه‌وێ به مردوویى بیبینم.
4
خه‌ون ده‌بینم /
سه‌ده‌فێك، قوتویه‌ك قه‌وزه‌ى هه‌ڵگرتووه،
سهدهفێكیتر له ئۆفیلیا ده‌چێ، ناشێ ده‌نگى هاملێت بێ،
ئه‌وه‌ى ده‌یبیستم؟
(من هیچ نیم.. كه‌س نیم :
من ته‌نیا گوارهیهكم له گوێى هه‌ساره‌یه‌كى نێرهمووكدا)
هێلكه شه‌یتانۆكه هه‌ردوو قۆچى له شێوه‌ى چارۆكه به‌رز كردۆته‌وه،
كه‌فێك، له مه‌وداى نێوان قۆچه‌كانى : كورت و درێژ ده‌بێته‌وه.
(ته‌نیا ونبوو، ده‌توانێ خۆى بناسێت) ئه‌و ده‌نگه‌ى گوێم بۆ گرتبوو، وایگوت.
(ونبوون دوڕ و مه‌رجانى منه) شاعیر ده‌ڵێ.
(حه‌وزى شیعر، هێنده‌ى ئاو تێدا نییه، به‌شى خونچه‌یه‌ك بكات)
ئه‌مه‌یان سه‌ده‌فێك گوتى : شێوه‌ى له ئۆفیلیا ده‌چوو.
5
خه‌ون ده‌بینم /
له به‌نده‌رێكى نێوان ده‌ریاى ناوه‌ڕاست و باكور،
له ژێر ئاسمانێكى ره‌نگ ماشوبرنجیدا
كه‌زى شه‌پۆلێكى ماشوبرنجى مه‌له ده‌كا و ده‌له‌نگێته‌وه،
له هه‌ورێك كه ئه‌ویش مه‌له ده‌كا له‌ناو كڵاوێك به هه‌زاران كونه‌وه.
له ژێریدا.. هه‌میشه له ژێریدا :
عه‌ترى گوڵه ژاڵه به پێیه‌كانى (با) ده‌كه‌وێ.
نه‌وره‌سه‌كان له شه‌ققه‌ى باڵ ده‌ده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى هاوڕێیه‌تى منیان بیر مابێ.
هه‌وریش گه‌ردنى ئه‌وانى ده‌كرده نوێن.
دیوارێك له چیمه‌نتۆ، ده‌ریا ده‌شارێته‌وه،
له پشته‌وه‌یدا، ئاسۆیه‌ك خه‌ریكه ده‌خنكێ،
به‌ردێكى ره‌ش : به‌ڵام به‌ردێك له ئاگر،
ئاگرێك له فه‌له‌ك، نه‌ك له زه‌وى.
(سه‌ر دوایى دێت، به‌ڵام یاده‌وه‌رى ده‌مێنێته‌وه) به‌رد ئاواى گوت.
شه‌كسپیر :
هه‌ر به‌راستى، تۆ لێره‌وه رابوردى؟!
(ب)
نیشته‌جێبوون له ماڵى واقیع
1
ژورێكى ته‌نگ، له هۆتێلێكى فراوان.
له ژوره‌كه‌ى ته‌نیشتمه‌وه گوێم له دهنگنوسانى دراوسێكهمه،
ئاخۆ ئه‌ویش، ههناسهدانهوى سه‌رینه‌كه‌م ده‌بیستێ؟
سه‌رینه‌كه‌م به‌ر مشارى یاده‌وه‌رى ده‌كه‌وێت،
دوكه‌ڵكێشى هزره تیژڕه‌وه‌كان له‌سه‌ر چرپاكهم گڕ ده‌گرێ،
وه‌ك ئه‌وه‌ى ئاوزێك بم له زه‌نگى بۆشایى، كه ده‌ستى (با) ده‌یژه‌نێ.
2
لێره.. له له‌نده‌ن (رۆح) م بینى :
ژنێك بوو : نیوه‌ى له ئاو و نیوه‌كه‌ى دیكه‌ى له ئاگر.
هاملێت : ده‌ستت بخه‌ره نێوانى هه‌ردوو نیوه‌وه و
ئه‌و ژنه‌ت بیربێته‌وه كه خۆشیویستی.. ئه‌رێ بۆنى له بۆنى مێژوو ناكات؟
له تۆ ده‌پرسم هاملێت :
ئه‌رێ ئاو ره‌گى هه‌یه؟
یان رهگیى، ره‌گى ئاگریشه؟
من عاشقى ئه‌و جۆره پرسیارانه‌م، پێش ئه‌وه‌ى وه‌ڵام وه‌رگرن :
خۆیان ده‌گۆڕن.
3
له قاوه‌خانه‌دا /
پیره‌مێردێك : به سه‌رى بهرانهكێوییهكى نه‌خۆش ده‌چێت.
پیرهمێردێكیتر : له‌ناو كتێبه پیرۆزه‌كه‌یدا خه‌وتووه.
پرسیاره سه‌رگه‌ردانه‌كان دێن و ده‌چن :
ئه‌و هێزه چییه، كه جیهان نابینێت،
به‌ڵام ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گرێت؟
4
قاوه‌كه‌ت بخه ئه‌ولاوه و شتێكى تر بخۆره‌وه..
(به یارمه‌تى خوا، له كه‌ناره‌كانى هیدسۆن و تایمز
ئاوى ژیان ده‌به‌ین، تا له دیجله و فورات و
هه‌موو روبارهكانى جیهان هه‌ڵبقوڵێت)
- جه‌نگێكه له دژى ئاو و دره‌خت،
له دژى گلگامێش و هۆمیرۆس،
له دژى باڵنده و روخسارى منداڵه‌كان.
- هه‌وا له‌سه‌ر قامیشێك باركراوه كه ناوى زه‌وییه و، ده‌نووزێته‌وه.
- له زهمانێكداین، كه پارچه‌ى ته‌قه‌مه‌نى سه‌رزاره‌كى ده‌یڵێته‌وه،
- گڕكانه‌كان فهزاشیان گرتۆته‌وه.
- وه‌ك ئه‌وه‌ى ئه‌م دایكه / ئاسمان :
وه‌ك داگیركه‌ران ده‌ڵێن : به هیچ تێر ناخوا،
بێجگه له ته‌رمى رۆڵه‌كانى نه‌بێت.
- ئه‌رێ پێویسته باوه‌ڕ بكه‌ین :
كه مووشه‌كى پێغه‌مبه‌رانه هه‌یه،
كه شارستانێتى ته‌نیا له پاشماوه‌ى ئه‌تۆم له دایك ده‌بێت؟
- خه‌ریكه خه‌مه‌كانمان،
نینۆكیان له جه‌ستى ئه‌ستێره ده‌چه‌قێنن.
- زه‌مینێك، له ئاگردا مه‌له ده‌كا و
مرۆڤه‌كانیش دارى سه‌وزن.
- به شوێن ژیاندا ده‌گه‌ڕێین :
هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك نادۆزینه‌وه، بێجگه له غوبارى ئه‌تۆم.
- دواین گوڵمان خسته سه‌ر قه‌بره‌كان.
بۆ كوێ ده‌ڕۆین؟
خودى رێگاش، باوه‌ڕى به هه‌نگاوه‌كانمان نه‌ماوه.
5
له شهقامهكانى له‌نده‌ندا، پاشماوه‌ى لاهوت، به‌رد ده‌نه‌خشێنێ :
وه‌ك ئه‌وه‌ى وهسیهتهكانى به‌رد، به ئاو بنووسێته‌وه.
شه‌قامێكه / وه‌ك ئه‌وه‌ى پاڵتۆیه‌ك بێت و
گه‌رمبوونه‌وه، تاكه په‌یامى نه‌بێ.
شه‌قامێكه / مانگێك به‌سه‌ریه‌وه مه‌له ده‌كا و
خه‌ریكه ده‌بێته كولێره.
له‌نده‌ن / كانوونى دووه‌مى 2006، خۆر بۆته بیژهرى ته‌له‌فزیۆنیى،
ئه‌ستێره‌كانیش رۆژنامه‌ن.. هیچ هه‌واڵێك له‌لاى عه‌ره‌بانه‌وه نایه‌ت :
بێجگه له هه‌ژارى و كوشتن.
لێره‌ش هه‌روه‌ها، خه‌ڵك : رۆژیان به دابه‌ش كردنى ئاسمان ده‌ست پێده‌كه‌ن و
زه‌وى ته‌نیا بریتییه له كه‌وچكێك.
6
له له‌نده‌ن، واقیع چه‌شنى مه‌یمونێكى سوور، به شانمدا هه‌ڵده‌گه‌ڕا.
نهشدهویست بزانم بۆ؟ ئه‌و نه‌شئه‌یه ده‌یبردم كه له هه‌ڵمى مادده به‌رز ده‌بۆوه، ئه‌و مادده‌یه‌ى كه شه‌كسپیر له مانه‌وه و گه‌شتیدا، متمانه‌ى پێ هه‌بوو.
گوتم با بچمه ئۆكسفۆرد. له زانكۆى ئۆكسفۆرد به بیرما هات، له‌گه‌ڵ كه‌مال ئه‌بودیب، دووباره شۆڕببمه‌وه بۆ دۆزه‌خى (سان جۆن كۆلیج) و، ئه‌و ئاسمانه ببینمه‌وه پارچه پارچه‌ى بۆته ژوورى به‌تاڵ، كه ته‌نیا ئه‌و قه‌سیدانه‌ى لێیه، كه‌وا تۆزى مێژوویان له‌سه‌ردا نیشتووه. پێم باشبوو له هه‌مان دهفرهكهى هاملێت بخۆمه‌وه، تا ببێته كوپه‌یه‌ك بۆ له‌خۆگرتنى تێكه‌ڵه‌یه‌كى نێوان شێتى و خۆشه‌ویستى، كه‌چى هیچى تێدا نه‌بوو بیخۆمه‌وه، بێجگه له میسكێك جارێك له خه‌وندا تامم كردووه، له لێوى ژنێك شێوه‌ى له ئۆفیلیا ده‌چوو. ئێواره، گه‌ڕامه‌وه له‌نده‌ن : به ماشێنێكى گه‌وره‌ى ئه‌وتۆ، كه‌سى نه‌هێشت رابوورێت و نه‌یخاته قوڕگییه‌وه، باوه‌شى بۆ هه‌مووان واڵا بوو، ده‌ینه‌ڕاند وه‌ك ئه‌وه‌ى بیه‌وێت بازێكى گه‌وره بدات و به‌ر دیواره‌كانى ئاسۆ بكه‌وێ. له به‌رانبه‌ر دانیشتبووم و نه‌متوانى له پێشیدا وشه‌یه‌ك بڵێم، حه‌ز و ئاره‌زووشم نه‌بوو كتێبێك بكه‌مه‌وه و ئه‌و هه‌را و زهنایهى پێدهركهم كه دیوارى راكردوو له ژێرزه‌مینى كات ده‌ینایه‌وه. ئه‌و پیره‌ژنه، داپیرهمى بیر هێنامه‌وه كه چووبووه حه‌ج و بێجگه له به‌هه‌شت، باوه‌ڕى به هیچ نه‌بوو.
7
له چێشتخانه‌یه‌كى ئیتاڵى نانى ئێواره‌مان خوارد : كه هیچ شتێك نه‌یده‌به‌سته‌وه به ده‌ریاى ناوه‌ڕاست : غه‌سان شربل، عه‌بدولوه‌هاب به‌درخان، عه‌بدولڵا ئه‌سكه‌نده‌ر، مسته‌فا زێن، و من.
باسمان له‌و باڵنده عه‌ره‌بیانه كرد ته‌نیا له ئاسۆى گولله و چه‌قۆدا له شه‌ققه‌ى باڵ ده‌ده‌ن. باسمان له‌و عه‌ره‌بانه كرد نه‌ماون، ته‌نیا له ناو كتێبان نه‌بێ.
شه‌كسپیریش لێمانه‌وه دوور نه‌بوو. له نزیكمان بوو، سه‌رقاڵى ئه‌و خوێنه بوو كه له شانۆكه‌ى ده‌چۆڕا. هات و له مێزێكى ته‌نیشتمانه‌وه دانیشت : ده‌ستى كرده باسكردنى پاڵه‌وانه‌كانى، باسى هونه‌ره‌كه‌ى كه ئێستاش كاروبارى ئه‌م جیهانه نمایش ده‌كا.
- ئۆفیلیا، (پۆشاكه‌كه‌ت له ئاوى عه‌ره‌بدا مه‌له ده‌كا) شه‌كسپیر گوتى.
(عه‌ره‌بیش له ئاوى هیدسۆن و تایمزدا مه‌له ده‌كه‌ن) ئه‌مه *حهبارێك گوتى
كه تۆڕ ئابلۆقه‌ی دابوو، چه‌كێكى تریشى نه‌بوو، بێجگه له مه‌ره‌كه‌ب.
- شه‌كسپیر، چه‌ند ساڵ له‌سه‌ر ئه‌م ته‌خته‌یه‌دا زیندوو ده‌مێنین؟
- ته‌نانه‌ت تواناى قسه‌شمان نه‌ماوه.
- قسه‌ش كه‌وتۆته ده‌ستى خودا.. یارمه‌تیان بده ئه‌ى به توانا.
نه‌متوانى ئۆفیلیا له ناو پێڵوهكانمدا به ئاگا بهێنم كه له‌گه‌ڵیدا سه‌ر ئاو كه‌وتبوو، به‌یه‌كه‌وه ته‌نانه‌ت باوه‌شمان به‌و ئاوه‌شدا كردبوو، كه تیایدا خنكا. له پۆشاكهكهیدا : ئه‌ستێره و ده‌ریاچه و دۆڵهكانیش هه‌بوون.
- به‌ڵام ئۆفیلیا دیانا نییه.
دیاناش نابێته شاژن.
* تێبینى / حه‌بار cuttle fish/ گیاندارێكى ئاوییه و له (فه‌رهه‌نگى زانیاری) دا ناوه كوردییه‌كه‌ى به (مه‌ره‌كه‌ب وه‌شێن) هاتووه، ئاوێكى ره‌ش، له شێوه‌ى مه‌ره‌كه‌ب ده‌رده‌دات و بۆ وێنه‌كێشان به‌كار ده‌هێنرێت.
(ج)
هاید پارك
1
- نه‌وت بخوێننه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ى سوره‌تى سه‌رده‌م بێ.
- وه‌ك ئه‌وه‌ى وێنه‌ى سه‌رده‌م بێ.
- رۆنى به‌رد، خوێنبه‌ربوونى برینه له جه‌رگى زه‌مین،
هه‌وه‌سى زهویێكى سكپڕه، خوێنێكى ره‌شه.. سه‌وزه، ناوهڕۆى ئاژه‌ڵ و رووه‌كه له گهیینێكدا كه هه‌وا ناناسێت، شه‌رابى هه‌موو جۆره تهرمێكه.
- سڵاو له شۆڕشى پیشه‌سازى و
داوهشینیش بۆ كه‌مته‌رخه‌میی پهراسووهكانى.
- وڕێنهیهكه له ئاوى عه‌قڵ مه‌له ده‌كا. كۆیلایهتییهكه بۆته په‌رستن.
- نه‌وت پیسكهرێكى گه‌ردوونییه، له جووڵه و له گهرمایى و له روناكیى.
- له دڵ و له مێشك.
- به‌سه‌ر هه‌موو شته‌كانه‌وه كراوه‌ته پاشا.
- بێزه‌وه‌ره، له دیمه‌ن و له ده‌ستلێدان و له بۆنیشدا.
- ئه‌ده‌بیى قیڕه.
- دۆزینه‌وه، ده‌ستنیشانكردن، هه‌ڵكۆڵین، ده‌رهێنان، هه‌ڵگرتن، چاككردن، كۆگاكان، بۆڕیه‌كان، ئهستێركهكان، به‌رمیله‌كان، پاڵاوتن، خاوێنكردنه‌وه، دڵۆپاندن، مازووت، زه‌یت، غاز، كیرۆسین، دابه‌شكردن، فرۆشتن، وێستهگهكان، مزهخهكان، تهپوتۆزهكان، سۆندهكان، ته‌نه‌كه‌كان، گۆمه‌كان، تانكیهكان، بزوێنه‌ره‌كان، كۆڵه‌گه‌كان.
- به‌ره‌و هه‌ناسه هه‌ڵمژین.
- به‌زه‌ییتان بێته‌وه به بۆنه‌كانى جیهانى كشتو‌كاڵى فه‌وتاو.
- رۆشنبیریى قیڕ :
وێنه‌گرتن، سینه‌ما : فرناند لیژیێ، ئه‌دوارد هۆبه‌ر.
رۆمان : دۆس باسۆس، فۆكنه‌ر.
شانۆ : برێخت، بیسكاتۆر /
نه‌وت پاڵه‌وانى داستانهكانه.
- ئه‌رێ شیعر له كوێیه؟
- نه‌وت : زه‌ویناسى، كیمیا، فیزیا، زینده‌وه‌رزانى، زانستى ئاژه‌ڵ،
، زانستى پزیشكى، ده‌رمانسازى، زانستى ژینگه‌ى ده‌ستكرد، ئابوورى سیاسى، زانستى دارایى، جوگرافیاى سیاسى.
نه‌وته نه‌وت : سۆمه‌ر و بابله.
كه‌شتى نوحه.
تۆفانه.
ئهسفالتۆیه.
- فۆرمه‌كانى تێگه‌یشتن و هه‌سته،
كه نه ئه‌فلاتون و نه قوتابیه‌كانى یه‌كه‌مى زانیویانه.
خودى هیراقلیتیش نه‌یناسیوه.
وه‌رزه‌كانى هه‌ست كردنه له ناو ئاماژه كانزاییه‌كان.
- بایۆلۆژیاى مادده‌یه، زانستى ماناى ده‌ستكرده،
جیهان جه‌سته‌یه‌كى دیكه‌ى هه‌یه پێى ده‌گوترێت بزوێنه‌رى ئامێریى،
تاریكى و روناكییه له‌یه‌ك پۆشاكدا، كۆتایى لێكتێنهگهیشتنهكانه،
سه‌رفرازى.. سه‌رفرازى.
- ئه‌و : ئه‌ستێره‌كانى له كێگهى ئاسماندا چاند.
- به‌م گه‌ردوونه بڵێن : خۆى له نێوان پهنجهكانتاندا ده‌رباز بكات.
- خودى هاواریشتان پڕیه‌تى له لۆچ.
- شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه گه‌یشت.
- گه‌شتیاره‌كان دانه‌به‌زین.
- گۆڕان و بوونه كورسى.
- ئه‌وه‌ى من ده‌یڵێم مه‌جاز نییه.
- ئه‌ى جیهان : بڕۆ و ببه به خه‌ڵووز.
(د)
په‌ڕاگه‌نده
1
له شهقامهكانى له‌نده‌ندا، شه‌كسپیر به ته‌نیشمه‌وه رێى ده‌كرد.
(چۆن له گۆڕه‌كه‌یدا هه‌ڵساوه‌ته‌وه؟) كه‌سێك لێمى پرسى كه باوه‌ڕى نه‌ده‌كرد.
ره‌نگه له‌گه‌ڵ ئێمه‌ى عه‌ره‌بدا ژیا بێت، ره‌نگه پێش ئه‌وه‌ى له دایك بووبین.
ئه‌رێ تۆ سه‌ره‌تاى رێگاى.. یان كۆتاییه‌كه‌ى؟
ئه‌رێ تۆ كۆتایى سه‌ره‌تایت.. یان سه‌ره‌تاى كۆتایى؟
گاڵته‌جارییه.. كڵێساكان، مناره‌كان : له ههراوزهناى مادده‌وه به‌رز بوونه‌ته‌وه، له‌ناو فنجانى قاوه‌دا هه‌ن، له‌ناو پیاڵه‌ى چادا، له‌ناو كڵاو و دهسهسڕهكانیش.
- له چاره‌نووس ببه‌وه، دوودڵ مه‌به : له هه‌موو وشه‌یه‌كدا كه دهیدركێنیت، ته‌ڵه‌یه‌ك بۆ ئاسمان بنێوه. توڕه به وه‌ك ئه‌وه‌ى شه‌كسپیر بیت. كێن ئه‌و دیكتاتۆرانه‌ى، سهرهكان به روبار تێده‌گه‌ن و ده‌یڕننه‌وه و ماڵه‌كانیان پێ ده‌ڕازێننه‌وه؟
2
شه‌كسپیر، دوور له عهدهتى خۆى، خه‌ریكه په‌تى ئاره‌زوو ده‌گرێت،
له‌و كاته‌ى كه چاودێرى ئه‌و سیحرانهى ده‌كرد له كه‌مه‌رى ژنانه‌وه ده‌ڕژا.
ژنێك چه‌شنى زار غلۆ ده‌بۆوه،
وه‌ك ئه‌وه ده‌چوو، تازه له ده‌ستى چاره‌نووس ده‌ربازى بووبێ.
3
له‌نده‌ن :
دوو مه‌مكى گه‌وره‌یه،
مه‌مكێكیان پاره شیرى ده‌داتێ،
مه‌مكێكیان له ده‌ستى خوایه.
4
ئاسمان، به دهسهسڕى هه‌ور، روخسارى داپۆشیبوو،
كاتێك ئه‌م ئێواره‌یه رۆیشتم بۆ شوێنێك له له‌نده‌ن،
تاوه‌كو چێژ له بینینى سه‌رده‌مانێك ببینم،
كه به ماندووێتى به گالیسكهكانى مێژوو، دێن و ده‌چن.
ئه‌وه شه‌وه چهقۆكانى هه‌ستى خۆى تیژ ده‌كاته‌وه.
دانیشتین / ئه‌و و ئه‌م و من، له قاوه‌خانه‌دا، كتوپڕ شه‌كسپیر هاته لامان :
گوتى (ئه‌ى نامۆكان، براكان، ده‌مه‌وێ گوێتان لێبگرم)
دواتر به گوێماندا چرپاندى :
(رۆژ، زۆربه‌ى كات :
كوڕێكى زۆڵه، بۆ خۆرى دایك)
5
خه‌ون ببینه / له هه‌مان ئه‌و به‌نده‌ره‌ى ده‌ریاى ناوه‌ڕاست،
كه‌شتیه‌كان له ناخى ئاودا ده‌رده‌هاتن، وه‌ك ئه‌وه‌ى له شه‌پۆلێكى سووره بێن و ئه‌و كهشتیهوانانه رایكێشن كه هه‌ساره‌كانى رێكه‌وت رایكێشاون.
ئه‌و خه‌ونى نه‌ده‌بینى : گوایه ده‌بینێ، یان ده‌خوێنێته‌وه، یان ده‌نووسێت،
نه‌خێر، به‌ڵكو ده‌ریا بوو، ده‌ریا، ده‌ریا.
منیش پاڵتۆیه‌ك شك نابه‌م، تا به جه‌سته‌ى ئه‌م به‌نده‌ره‌ى داده‌م.
6
سبه‌ینێ،
له دهربهندهكانى رۆحدا،
شه‌پۆلى مادده كهف ده‌كا.
7
خه‌ون ببینه / شوێن ته‌نگ و تیشك فراوان ده‌بێته‌وه.
عه‌ره‌ب، له غوبارى ئه‌مریكیدا هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه،
سێبهرێكیش نییه.
ئه‌رێ ئه‌و خۆرانه له كوێوه دێن كه هه‌موو سێبه‌ره‌كان هه‌ڵده‌لووشن؟
(ه)
گۆرانى
له‌نده‌ن / ئه‌مڕۆ له هه‌ناومدا جۆللانهیهكت هه‌یه له شێوه‌ى كاتژمێرێكى مه‌زن،
رازى تۆقین، ده‌ستى به‌سه‌ر میلهكهیدا گرتووه،
به‌ڵام من گه‌شته‌كه‌م هه‌ر ته‌واو ده‌كه‌م،
به‌رده‌وام ده‌بم له‌سه‌ر پرسیار كردن.
حه‌زم بۆ زانینى حاڵم ئارام نابێته‌وه.
ئارام به، جه‌سته‌كه‌م / له ته‌نیشت هاملێت دانیشه و
له شێتیى ئۆفیلیا هه‌ڵمژه.
*
چرپا مۆمێكى دیكه‌یه.
به‌ڵام نیۆن كاریگه‌رى له‌سه‌ر نوستن هه‌یه.
ئه‌وه‌تا ده‌مگرێ و بۆ خۆییم ده‌با، ده‌بێ چیبكه‌م؟
چى له‌و ئاسنه بكه‌م كه یاده‌وه‌ریم له پشته‌وه‌یدا هه‌ڵكوڕماوه؟
(به كۆرپه‌له‌یى شه‌پۆلێكى بێ ئارام بووم)
ئه‌مه دایكم پێی‌گوتم.
ئارام مه‌به‌وه ئه‌ى شه‌پۆلى هه‌ناوم.
(چى له مردووه / زیندووهكانم بكه‌م؟)
ئه‌مه‌م گوت له‌و كاته‌ى جه‌سته‌ى له باوه‌ش گرتبووم،
وه‌ك ئه‌وه‌ى گێژهڵۆكى فه‌وتان بێت،
بۆ خۆتم ببه ئه‌ى گێژه‌ڵۆك.
*
ته‌نانه‌ت له كاتى نووستنیشمدا،
شه‌پۆله‌كان له ده‌ورمدا هه‌ڵده‌به‌زنه‌وه،
من ئه‌و جه‌سته / كهشتیهم :
كه رێگره‌كان، هه‌ناوم تاڵان ده‌كه‌ن،
كێڵگه‌یه‌كه تیایدا خواوه‌ند و ئه‌سپه‌كانى به‌ڕه‌ڵا ده‌بن،
تیایدا باڵنده‌كان له‌سه‌ر سفره داده‌نیشن،
مامزه‌كان له‌به‌ر هه‌یوان داده‌نیشن :
ئه‌مه یه‌كێكه له‌و خێزانانه‌ى كه تیایدا ئه‌ندامم.
به‌ڵام، بۆچى ئاسمان ته‌نیا قه‌فه‌س به‌رهه‌م دێنێت؟
باشه، ده‌بێ زه‌مین چیبكا؟