Abas.jpg

ببوورە خەبەرم کردیتەوە

عەباس سەفاری - وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

کاتەکانم کە گوویان تێ دەبێت

کتوپڕ ون دەبم

وەکوو کەسێک کە بڕواتە ئەوسەری کۆڵانەکە

جگەرە بکڕێت و      نەگەڕێتەوە

*

 یادداشتێک بە سەلاجەوە

نازانم دیسان

چ گوناحێکم کردووە

کە ئاوا ڕووت لێ گرژ کردووم

دەستەکانی من لە خەودا

بڕوا بکە

بە دەست خۆم نیین

*

 ببوورە خەبەرم کردیتەوە

دەمویست بڵێم هەمیشە

حەزم کردووە ماڵێکم هەبێت

بە دارێکی خورماڵووەوە

کە هەر پاییزێک…

– سەعات چەنە عەباس؟

(حەوت و پانزە دەقە)

– هەشت و نیو تەلەفۆن کە بەخەبەرم

*

 دنیا بچووکتر لەوەیە

کە ونبوویەکت تێدا دۆزیبێتەوە

هیچ کەس لێرەدا ون نابێت

مرۆڤەکان هەر بەو خوێنساردییەوە کە هاتوون

جانتاکانیان دەپێچنەوە و

ون دەبن

یەکیان لە تەمدا

یەکیان لە غوباردا

یەکیان لە باراندا

یەکیان لە بادا و

بێڕەحمترینیان لە بەفردا

ئەوەی دەمێنێتەوە

شوێنپێیەکە و

بیرەوەرییەک کە دەمنادەمێک

لای دەدا وەک نەسیمی بەرەبەیان

پەردەکانی ژوورەکەت

 

عەباس سەفاری، شاعیری ئێرانی، ساڵی 1951لە یەزد لە دایک بووە. لە ئەمەریکا ژیا و یەکەمین کتێبیشی هەر لەوێ چاپ و بڵاو کردەوە. ڕۆژی ٢٦ـی ١ـی ٢٠٢١ بە کۆرۆناڤایرۆس کۆچی دواییی کرد. سەفاری لە شاعیرانی کاریگەری دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانە. یەدوڵڵا ڕوئیایی سەبارەت بە ئەو گوتوویەتی: (شاعیرانی باش کەمن، سەفاری یەکێکە لەو کەمانە.)


ئەم بابەتە 9 جار خوێندراوەتەوە