Peshraw_Mohammed.jpg

لە کۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم

لە نوێترین کاریدا نوسەر و وەرگێڕ پێشڕەو محەمەد کتێبێک سەبارەت بە "زیگفرید کراکاوەر" دەنووسێت و یه‌كێكى دیكه‌ له‌ كتێبه‌ چاپكراوه‌كانى ناوەندی ڕەهەند.

کتێبەکە بەناونیشانی "لە کۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم"، کە دەروازەیەکە بۆ فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستی زیگفرید کراکاوەر، سه‌باره‌ت به‌م به‌رهه‌مه‌شى نوسەر و وەرگێڕ پێشڕەو محەمەد نوسیویه‌تى:

"زیگفرید کراکاوەر (١٨٨٩-١٩٦٦)، تەلارساز، فەیلەسوف، ڕەخنەگری کولتووریی، کۆمەڵناس، ڕۆماننووس، ڕەخنەگری ئەدەبیی، مێژوونووسی سینەما، تیۆریزەکەری فیلم و دواجار تیۆریزەکەری فەلسەفەی مێژوو بە قوڵیی لە ژێر کاریگەریی ڕووداوە سەرەکییەکانی سەدەی بیستدا بوو. یەکێک لە سەرەکییترین ڕووخسارەکانی ناو هزری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی کۆماری ڤایمار، کە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەڕێوەبەری بەشی هونەریی و کولتووریی و ئەدەبیی ڕۆژنامەی فرانکفورت (فرانکفورتە تسایتونگ) بوو، لەگەڵ هاتنی هیتلەر بۆ دەسەڵات لە ١٩٣٣دا هاوشانی جولەکەکانی دیکە ملی تاراوگەی پاریس دەگرێت و تا ئەوکاتەی هیتلەر پەلاماری پاریس دەدات، لە ١٩٤١ لە کەناراوەکانی نیویۆرک دەگیرسێتەوە، نەک تەنها لە سەردەمی پێش نازیزمدا، بەڵکو وەک ڕۆشنبیر و فەیلەسوفێکی تاراوگەنشینیش، لە نووسین و خەبات دژی فاشیزم ناکەوێت و لەو سەروبەندەدا کتێبە بەناوبانگەکانی دەنووسێت. بەرهەمەکانی ئەمڕۆ وەک نیشانەی بیر و هزرێکی دەوڵەمەند و ڕادیکاڵ دەبینرێت کە کاریگەریی لەسەر نەوەیەکی نوێی بیری ڕادیکاڵ هەبووە و ئەمەش هاوشانی واڵتەر بنیامین، بێرتۆلت برێشت، گیۆرگ لۆکاچ، تیۆدۆر ئادۆرنۆ، ئێرنست بلۆخ و هتد کراکاوەر دەکات بە بیرمەند و ڕۆشنبیرێکی زیندوو و ڕەسەن. جارێک ڕۆماننووس و ڕەخنەگری فیلم، فەیلەسوف و مێژوونووس، ڕۆژنامەنووس و وتارنووس، دانەری یەکەم لێکۆڵینەوەی ڕەسەن و بنچینەیی دەربارەی ڕۆمانی پۆلیسیی و کۆمەڵە بەرهەمێکی زیندوو و لەبیرنەکراو دەربارەی کولتووری شارنشینیی بەرلین و کۆماری ڤایمار، لێکۆڵینەوەی جددیی و داهێنەرانە دەربارەی فاشیزم و لێکدانەوەی زیرەکانە بۆ ژیانی پاریسیی لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی دووەم لە ١٨٥٢دا، هەموو ئەمانە کراکاوەر دەکەنە بیرمەندێکی «سەرووهەرێمیی» کە لەم میتۆد و مۆدێلەی بیرکردنەوە و نووسین و خەباتدا ڕوانگە و ڕوانینی فزوڵانەی ئەو بۆ سەرجەمی ڕەهەندەکانی مۆدێرنیتە بۆ ئێمە ئاشکرا دەکەن. لەم کتێبەدا، پێشڕەو محەمەد وێنە و پۆرترێتی ڕۆشنبیریی و هزریی کراکاوەر و ڕێگای لە فرانکفورتەوە بەرەو بەرلین و لەوێوە بەرەو پاریس و پاشان بەرەو نیویۆرک، دەکێشێت. نووسەر هەوڵی داوە ژیان و بەرهەمی کراکاوەر بخاتەوە ناو سیاقە مێژووییەکەیان، لە هەمانکاتدا هەوڵدەدات بیرمەندەکە لەگەڵ بیرمەندانی دیکەی ئەو قۆناغەدا بەراورد بکات و ئایدیا و بیرۆکەکانیان بخاتە ناو سیاقێکی فراوانترەوە بۆ بەدەستەوەدانی وێنەیەکی گشتییتر و فراوانتر نەک تەنها بۆ کراکاوەر بەڵکو هەروەها بۆ سەرجەمی قۆناغەکە لە تیۆدۆر ئادۆرنۆوە تا واڵتەر بنیامین، لە فریتز لانگی سینەماکارەوە بۆ گیۆرگ زیمیل، لە گیۆرگ لۆکاچەوە بۆ ئێرنست بلۆخ، لە فرانتز کافکاوە بۆ بێرتۆلت برێشت. لەم ڕێگایەوە نووسەری ئەم کتێبە هەوڵی داوە چەند ئامانجێک بپێکێت: زیندووکردنەوەی یەکێک لە بەرجەستەترین پاڵەوانەکانی مۆدێرنیتە، دامەزراندنی فەلسەفەیەکی ماتریالیستیی بەناوی فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستیی و دواجار بەکارهێنانی ئەم ئایدیایانە بۆ بینینی خۆمان لەسەردەمی نوێدا".


ئەم بابەتە 109 جار خوێندراوەتەوە