Nihad.jpg

شکسپیر لەشانۆی پۆڵەندیدا

نیهاد جامی

شانۆنامەکانی شکسپیر پێگەیەکی گرنگیان هەیە بۆ ئاستی پێشڤەچوونی نمایشی شانۆیی، کە دەتوانرێت لەدوو لایەن گرنگیان دەست نیشان بکەین ئەوانیش، سەرەتا لەڕووی بونیادی درامی و تێگەیشتن لەئاستە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکانی کارەکتەر و پەیوەندی مرۆڤ بەڕووداو، چۆنیەتی سەرهەڵدانی تراژیدیا، کە کۆمەکی ئەکتەرو دەرهێنەر دەکات بتوانێت دنیابینی شانۆیی بباتە ئاستێکی باڵا، لایەنی دووەمیش کارکردن لەشانۆنامەکانیدا دەتوانرێت وەک کێشەی مرۆڤ لەهەموو شوێنێک ببینرێت، ئەوەش وا دەکات بابەت وەک ڕووبەری ژیانی گشتی مرۆڤ ببینین، کەلەڕێگەی دیدی دەرهێنانی و پێکهاتە هونەریەکانیدا کولتوورو مێژووی کۆمەڵگای پێبخوێندرێتەوە، ئەوانەش دەبنە زەمینەی گرنگ بۆ کارکردن لەو شانۆنامانە.

شکسپیر لەشانۆی پۆڵەندیدا کاریگەریەکی گرنگی لەسەر ڕووبەری نمایشەکان درووست کردووە، ئەو کاریگەریە دەگەڕێتەوە بۆ زیاد لە چوارد سەد ساڵ پێش ئێستا ئەو دەمەی ئینگلیزەکان شانۆنامەی شکسپیریان لەسەر شانۆکانی پۆڵەندا نمایش کردووە، ئەوە دەرگای کردۆتەوە لەگروپە شانۆییەکانی ئەم وڵاتە کە لەشانۆنامەکانیدا کار بکەن، بتوانن وێنەیەکی زیندوو بەشانۆکەیان ببەخشن، لەهەمان کاتدا وەک کێشەی کۆمەڵگای پۆڵەندی نیشانی بدەن، بۆیە تا ئەمڕۆی لەگەڵ دابێت، شکسپیر لەپاڵ چێخۆڤ دوو نووسەری تایبەتی و گرنگی ئەو شانۆیەن کە بەبایەخەوە شانۆنامەکانیان لەسەر تەختەی شانۆی شارەکانی پۆڵەندا  نمایش دەکرێت.

 Zryan

شانۆگەری زریان، دەرهێنانی کژیستۆف گارباچێڤسکی

تائێرە ئەوەیان شتێکی سرووشتیە بۆ شانۆی هەر کولتوورێک کە گرنگی بەشانۆنامەکانی شکسپیر بدات، ئەوەی بابەتێکی نوێیە و جێی قسە لەسەرکردنە بایەخدانی شکسپیرە بۆ مرۆڤی پۆڵەندی لەشانۆنامەکانیدا، ئەو بابەتە زۆر بەدەگمەن باسی لێوەکراوە، بۆیە پێویست دەکات لێرەدا لەسەری بووەستین، چەند تێگەیشتنێکی خێرا لەبارەیەوە بخەینە ڕوو، بۆ ئەوەش پشت دەبەستین بە توێژینەوەیەکی شانۆیی لەژێر ناوی "پۆڵەندا وپۆڵەندیەکان لەکارەکانی شکسپیردا" (١) لەنووسینی کاتاژینا جیێژبیچکا (٢) کە لەگۆڤاری "شانۆ" ی پۆڵەندی ژمارە (٥) ٢٠١٦ بڵاو بۆتەوە، نووسەری ئەو توێژینەوە پشتی بە ٧٩ سەرچاوەی زانستی و شانۆیی بەستووە بۆ توێژینەوەکەی، کە لێرەدا پوختەی ئەو ڕوانینە  دەخەینە ڕوو.

سەرەتای توێژینەوەکە باس لەناسینی دەکات بەوەی شکسپیر نامۆ نەبووە بە پۆڵەندیەکان، بۆیە لەهاملێتدا ئاماژەیان بۆ دەکات، بەڵام لەسەدەی شانزەو هەڤدە پۆڵەندیەکان بەهیچ جۆرێک ناوی شکسپیریان نەبیستووە، ناسینی ئەو نووسەرە وابەستەی سەفەرکردن نەبووە، تەنانەت یەکەم سەفەری کۆمەڵە ئەکتەرێکی بەریتانی بۆ پۆڵەندا سالێ ١٦٠١ هاوکات دوای نووسینی شانۆنامەی هاملێت بووە، ئەو کۆمەڵە ئەکتەرە لەشاری گدانسک نمایشیان پێشکەش کردووە، دواتر لەسەردەمی پاشا زیگمۆنتۆڤی لەکۆشکی پاشایەتی لەوارشۆ شانۆیان نمایش کردووە، دواتر شکسپیر لەکورترین درامای شیعری خۆیدا بانونیشانی "کۆمیدیای هەڵەکان" ڕاستەوخۆ ناوی پۆڵەندا دەبات، ئەویش لەپەردەی سێیەمی دیمەنی دووەمدایە، کاتێک وەسفی ئەفسوونی بەچێشت لێنەرە قەڵەوەکە دەبەخشێت بەوەی خواردن تێکدانەکەی ززستانی پۆلەندای پێ ئەسووتێنێت" لیۆنا ئولریخا لە وەرگێرانە پۆڵەندیەکەدا دەڵێت "تێکدان و چەوریەکەی بەسە بۆ سووتاندنی ززستانی پۆڵەندا" چونکە لەسەردەمی ئەلیزابیسی یەکەم وادەڕوانرایە پۆڵەندا کە وەرزی ززستانی پۆڵەندا درێژو تاریک و ساردە.

توێژەر باس لەوە دەکات دواهەمین شانۆنامەی شکسپیر کەباسی پۆڵەندی تیا کرابێت، شانۆنامەیەکە کە وەرنەگێردراوە بۆ زمانی پۆڵەندی، لەسەردەمی شا ئێدواردی سێیەم نووسراوە لەنێوان ساڵانی ١٥٩٠-١٥٩٤ کە بەجەنگی سەد ساڵە ناسراوە، لەبارەی شەرو ململانێی چەکداری نێوان بەریتانیاو فەرەنسا لە ١٣٣٧-١٤٥٣

کەوا دیمەنی چوارەمی پەردەی سێیەم بەنمونە دێنێتەوە "شای فەرەنسا: هەندێک لەهاوڕێیانمان بەتەک دەسەلاتی ناوخۆیی-پۆڵەندیە سەختگیرەکان، دایک و باوکی جەنگاوەرەکان شا بوهیم و سقڵیە هەر هەموویان هاوپەیمانی ئێمەن، سەرباری هێزە ناوخۆییەکانمان، ژمارەیەکی دیکەشمان لەگەڵە پۆڵەندیە شەڕانگێز و دانیمارکیە توندرۆکان، هەر هەموویان هاوپەیمانمانن" هەر لەو شانۆنامەیەدا وەسفەکانی بۆ پۆڵەندا ناو دەبات بە "من شانازی بە پۆڵەندا ئەکەم"

هەڵبەت لێرەدا ئێمە تەواوی ڕوانینی توێژەرمان لەناو شانۆنامەکە نەخستۆتە ڕوو، بەهۆی ئەوەی تەنیا مەبەستمان لەسەر ڕوانینی شکسپیرە بۆ پۆڵەندی، ئاماژە بەهەندێک لایەنی گرنگ ئەدەین کە لای شکسپیر جێی باسە، لەناو شانۆنامەکاندا جێی بۆتەوە، ئەو نووسەرانەی پێش شکسپیر چیرۆکی هاملێت بۆ شانۆ دەنووسن، ئاماژە بە پۆلەندی و پۆڵەندیەکان دەکەن، بەبڕوای ئێمە ئەوە هۆکارێکی گرنگە ئەو ڕۆڵە لای شکسپیر باس بکرێتەوە، هەرچەندە توێژەری ئەم توێژینەوەیە باس لەوە ناکات، هێندەی دەیەوێت وێنە گشتیەکەی بەر لەشکسپیریش نیشان بدات بۆ مرۆڤی پۆڵەندی.

 Makbes

ماکبێس، دەرهێنانی ئادام ڤالنێ

کاتاژینا جیێژبیچکا لەو توێژینەوەیەیدا دەچێتە سەر شانۆگەری هاملێت، پەردەی یەکەم لە دیمەنی یەکەمدا کاتێک هۆڕاشیۆ لەبارەی پاشای کوژراو قسە دەکات، بەوەی لەسەر بەفری پۆڵەندیەکانەوە هەلخلیسکاوە، ئەوەش لەڕێی گەرانەوە بۆ چیرۆکی مێژوویی پۆڵەندی، کە هەلخلیسکان ئاماژە بۆ مێژووی ڕوداوێکی مێژووی پۆڵەندیە، بەدوای ئەوەی لەسەر بەفر شەڕێکی زۆر دەکەن، بۆیە پاشای کوژراو هاوشیوەی پۆڵەندیەکان ناو دەبات، ئەوەیان زیاتر تەئویلێکی توێژەرە بۆ دەیالۆگەکانی هۆڕاشیۆ، لێرەدا کاتاژینا کێشەیەک لەوەرگێرانەکانی شانۆنامەی هاملێت بۆ زمانی پۆڵەندی دەخاتە ڕوو، کە ئەو بەشەیان چۆن وەرگێرەکان نزیک نین لەیەکتری، بۆیە هەوڵ دەدات وەرگێرانی هەر چوار وەرگێر بخاتە ڕوو ئەوانیش: یۆزیف پاشکۆڤسکی "١٨١٧-١٨٦١"، ماچیێیا سوۆمچینیسکی "١٩٢٠-١٩٩٨"، لیۆنا ئولریخا "١٨١١-١٨٨٥"، ستانیسواڤا بارانیچاکا "١٩٤٦-٢٠١٤" رەنگە ئیشکالیەتی وەرگێرانەکە بۆ خۆی گرنگ بێت، جێی بایەخیش بێت بۆ شانۆکارو توێژەری پۆڵەندی، بەڵام بۆ ئێمە گرنگی بەئاگابوونمانە لەدۆخەکە، ئەوەیتر پەیوەستە بە پۆلەندی و وەرگێرانی شانۆنامەکە بۆ زمانەکەیان.

ئەگەرچی لەشوێنێکیتردا لەسەر ئەوە دەوەستێت وەرگێرانەکان دەبێت پەیوەست بن بەو سەرچاوەیەی کەوا لێی وەرگێردراوە، ئەوەیان ئێمە ناچینەوە سەری هێندەی ئەوەیتریان کە گرنگە دەنووسێت "دیمەنی چوارەم لە پەردەی چوارەم، دەرکەوتنی پۆڵەنداو پۆلەندیەکان لەدەیالۆگی نێوان کاپتن و هاملێت، ئەو بەشەیان لەدەستنووسی دراماکە لەساڵی ١٦٢٣ بوونی نیە، یەکەمجار لەنێوان ساڵانی ١٦٠٤-١٦٠٥ هەیە، ئەوەیان تەواوی دەقەکەیە، ئەوە بەئەنقەست دواتر لابردراوە، چونکە هیچ شتێکی نوێ لەشوێنی دانەنراوە، کە کابتن بە هاملێت دەڵێت دژی بەشێک لەپۆڵەندیەکان"

مەبەست لەوەیە لەدەستنووسی یەکەمدا ڕاستەوخۆ باسی پۆڵەندا دەکرێت و لەدەستنووسەکانی داوتر ئەوەیان لابردراوە، کە توێژەر ئەوەش بەکارێکی بەئەنقەست دەبینێت، بۆ لابردنی لەناو دەقەکەدا، لەوەشدا دیسان نمونە بەچوار وەرگێڕانە پۆڵەندیەکە دەهێنێتەوە.

دەچێتە سەر پەردەی پێنجەم، دیمەنی دووەم، کە دیسان باس لەپۆڵەندایە، کەباس لەگەڕانەوەی میر فۆرتینبراس دەکات بەدوای سەرکەوتنی بەسەر پۆڵەندیەکان، هەروەها هەر لەو دیمەنەدا هۆڕاشیۆ بە میر فۆرتینبراس دەڵێت "تۆ لەجەنگاوەرانی پۆڵەندی، تۆش لە ئینگلیزەکان" بەوەش کۆتایی بە توێژینەوەکەی دێنێت، بەوەی مێژووی پۆڵەندا لەسەدەی شانزەهەم لەخەیاڵی شکسپیردا بووە.

تائێرە دەتوانین پەیوەندی مرۆڤی پۆڵەندی وکۆمەڵگاکەی لەشانۆی شکسپیردا ببینین، ئەوە هۆکارێکی گرنگە دەرهێنەری پۆڵەندی لەساتی کارکردن لەشانۆنامەکانی شکسپیردا بتوانێت بوونی خۆی تیادا چڕ بکاتەوە، ئەو بوونەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەناو شانۆنامەکاندا بوونی هەیە، لەلایەکیتر زیاد لەسەدەیەک بەر لەئەمڕۆ شانۆی پۆڵەندی وێنەیەکیتری بەشانۆنامەی هاملێتی شکسپیر بەخشی، ئەو دەمەی نووسەر ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی شانۆنامەی "توێژینەوەی هاملێت" دەنووسێت، لەوتاری داهاتوودا هەوڵ دەدەین قسە بکەین لەسەر ئەو تێکستەو یەکێک لەنمایشە هاوچەرخەکانی ئەو تێکستە.

ئاماژەکان:

(١) Katarzyna Dzierzbicka, Polska i Polacy w dziełach Williama Szekspira, numer 5, 2016

(٢) کاتاژینا جیێژبیچکا رۆژنامەنووسێکە تایبەت بە شانۆ و مۆسیقا و ئەدەب و  مێژووی وارشۆ، لەگۆڤارو ڕۆژنامە پۆڵەندیەکان دەیان وتاری هونەری و مێژوویی نووسیوە، هەروەها کتێبێکی چاپکراوی هەیە بەناونیشانی "پەنجا ساڵ لەشانۆی تەلەڤزیۆنی


ئەم بابەتە 114 جار خوێندراوەتەوە