Kanar_darya.jpg

كەنار دەريا

ئالن رۆب گریێ - وه‌رگێڕانى: ئارام ڕەشید

سێ زارۆك لە كەنار دەريا پياسە دەكەن. دەستى يەكتريان گرتووە و بە تەنيشت يەكترەوە، بەرەو پێشەوە ڕێ دەكەن. هاوباڵان، ڕەنگيشە هاوتەمەن؛ نزيكەى دوانزە ساڵ. گەرچى ئەو زارۆكەى كە لە ناوەڕاستدايە لە دووانەكەى تر تۆزێك كورتتر دەنوێنێت.

جگە لەم سێ زارۆكە، كەسى تر لە كەنار دەرياكە نييە. كەنارەكە تاڕادەيەك پانە، كە نە بەردە پەراكەندەكانى تێدا بەرچاو دەكەوێت نە هەسێڵێك؛ لە نێوان دەريا و گاشەبەردێكى بەرز كە بنبەست دەكەوێتە بەرچاو، تۆزە نشێوييەك هەيە و دەريا ئۆقرەى گرتووە.

ڕۆژەكەى فرە خۆشە. خۆرەكە بە تيشكى چڕ و ستوونيى خۆى، لمە زەردەكەى كەنارەكەى ڕووناك كردووەتەوە. هيچ گەواڵە هەورێك بە ئاسمانەوە نييە و سروەيەكيشى نايەت. ئاوى دەرياكە شين و ئارام، بێ بچووكترين شەپۆلدانێك. ئاسمانى ڕۆخەكە تا ئەوپەڕى ئاسۆ تەواو كراوەيە.

بەڵام لە مەوداگەلى دياريكراودا شەپۆلێكى ناكاو، هەميشەش هەمان شەپۆل، لە پنتێكى چەند مەتريى دەرياكەوە، دەست پێدەكات، ناكاو هەڵدەكێشێ، دێتە پێشەوە و هەردەم لەسەر هێڵى كەنارەكە دەكشێتەوە. هەست ناكرێت ئاوەكە جووڵەيەك ياخۆ هەڵكشان و داكشانێكى هەبێت. بە پێچەوانەوە وا ديارە شەپۆلەكە لە يەك پنتەوە هەڵبكشێ. هەڵكشانى ئاوەكە هەوەڵجار ڕۆچووييەكى كەم لەسەر كەنارەكە دروست دەكات، پاشان شەپۆلەكە بچووك دەبێتەوە، دێتە پێشەوە، دەنگى هێواشى لێكخزانى زيخەكان بەرز دەبێتەوە و سەرەنجام دەتەقێت و وەكو شيرى هەڵچوو بەسەر زەويەكەدا دەخزێت، وەك ئەوەى تێبكۆشێت ئەو زەويەى چەند چركەيەك پێشتر لە دەستى دابوو، بەدەستى بهێنێتەوە. بەس ناوبەناو تۆزێك بەرزتر دەبێتەوە و بۆ ساتێك چەند ديسيمەترێك لمى زياتر تەڕ دەكات.

هەموو شتێك سەرلەنوێ بێجووڵە دەبێت، دەريا ئارام و شين، هاوئاستى كەنارە زەردەكە و لمە نەرمەكان ئۆقرە دەگرێت. لەوێ كە سێ زارۆكەكە، شان بەشانى يەكتر، پياسە دەكەن. ئەوان قژ زەردن، تاڕادەيەك هاوڕەنگى لمەكان. پێستيان تۆزێك تۆختر و قژيان كەمێك ڕوونترە. هەرسێكيان يەكجۆر پۆشاكيان پۆشيوە: پانتۆڵى كورت و كراس، هەردووك لە قوماشێكى شين، كاڵبووەوە. ئەوان پاڵ بە پاڵى يەكتر، دەستى يەكتريان گرتووە، لەسەر يەك هێڵ ڕێ دەكەن، لە نێوان دەريا و گاشەبەردەكان، تاڕادەيەك لەسەر هێڵێكى هاومەودا لە نێوان دەريا و گاشەبەردەكاندا، ڕەنگيشە كەمێك نزيكتر لە ئاوەكە. خۆر ستوونيى دەكەوێت، بەجۆرێك كە سێبەر بۆ منداڵەكان دروست ناكات.

ڕووبەڕووى ئەوان زەوى تەڕ و تازەيە، زەرد و نەرم، لە لێوارەكەوە تاوەكو بەردەم گاشەبەردەكان، زارۆكەكان دەستى يەكتريان گرتووە و لەسەرخۆ، بەسەر هێڵێكى ڕاستدا، بە خێراييەكى هاوئاهەنگ بەرەو پێشەوە ڕێ دەكەن. لە دوايانەوە، لەسەر لم و زيخە نەرمەكانى كەنارەكە، كە تۆزێك تەڕە، سێ ڕيز جێپێ جێدەمێنێ، سێ ڕيزى يەكجۆر؛ هاومەوداى يەكتر؛ قووڵ و خاوێن لەسەر زەوى كەنارەكە جێدەمێنێ.

زارۆكەكان ڕاستەوخۆ لە پێشەوە دەڕوانن. بچووكترين تەماشاى لاى چەپ ناكەن؛ كە گاشەبەردەكانى لێن، ياخۆ لاى ڕاست كە دەرياكەى لێيە و شەپۆلەكانى كە بەردەوام بەسەر لمەكاندا دادەكشێن. بەهيچ كلۆجێك لە دواوە ناڕوانن، لەو مەودايەى كە بڕيويانە. بە هەنگاوى چوونيەك و خێرا لەسەر ڕێ ڕۆيشتن بەردەوام دەبن.

لە بەردەميان پۆلێك باڵندەى دەريايى، لە ڕۆخى دەرياكە؛ ڕێك لەو جێيەى شەپۆلەكان لەسەر لێوارەى ڕۆخەكە دادەكشێن؛ لە جووڵەدان.

ئەوان، هاوشانى زارۆكەكان، لەسەر هەمان ئاراستە، بە درێژايى كەنارەكە؛ نزيكەى سەت مەتر دوور لە زارۆكەكان دەڕۆن. بەڵام لەبەرئەوەى باڵندەكان لە زارۆكەكان هێواشتر ڕێ دەكەن، زارۆكەكان لێيان نزيك دەبنەوە. ئەگەرچى دەرياكە بەردەوام شكڵى ئەستێرەئاساى جێپێى باڵندەكان لەسەر لمى ڕۆخەكە دەشواتەوە، بەڵام جێپێ قووڵەكانى زارۆكەكان وەك هێڵێكى بەردەوام لەسەر لمە شێدارەكە، دەمێننەوە.

قووڵايى ئەم جێپێيانە چوونيەكن، نزيكەى دوو سانتيممەتر، قاڵبەكانيان هەرگيز بەريەكتر ناكەون، نە بەهۆى لێكخشاندن، نە بەهۆى فشارى زۆرى ناوبەناوى پەنجە گەورە و پاژنەكانەوە. جێپێكان دەڵێى بە ئامێرێكى نەخشەساز لەسەر ڕۆخەكە دەنەخشێنرێن.

نەخشى سێ هێڵى جێپێى زارۆكەكان بەرەو پێشەوە، دەڵێى تاوەكو ناكۆتا درێژ دەبنەوە. وا دەنوێنێت كە باريك دەبنەوە، هێواش دەبنەوە، هێڵەكان پێكدادەچن، ئاوێتە دەبن، دەبن بە يەك هێڵ كە كەنارەكە بە درێژيى دەكەن بە دوو بەشەوە. دەڵێى ئەو سەرى هێڵەكان بە ئامێرێكى ميكانيكيى كونكەر كۆتايى دێت، كە بە بەرز و نزمبوونەوەى شەش پێى بچووك، كات ديارى دەكەن.

بەڵام هەرچەند پێيەكان زياتر دەچنە پێش، لە باڵندەكان نزيكتر دەبنەوە. ئەوان نەوەك تەنيا بە خێرايى ڕێ دەبڕن، بەڵكو بەراورد بەو مەودايەى كە تا ئێستا بڕيويانە مەودا ڕێژەييەكەى نێوان دوو گروپەكە بە خێرايى لەناودەچێ. چەند هەنگاوێك زياتر لێيانەوە دوور نين، بەڵام وا ديارە هەركات كە خەريكە زارۆكەكان بە باڵندەكان بگەنەوە، ئەوان دەفڕن، سەرەتا يەك دانە، پاشان دوو دانە و دواتر دە دانە... پۆلە باڵندە سپى و خۆڵەمێشييەكە لە ئاسمانى كەنارەكەدا كەوانەيەك دروست دەكەن و پاشان تۆزێك لە پێشتر، دووبارە لەسەر لمەكان، نزيكەى سەت مەتر لە پێش زارۆكەكانەوە، دەنيشنەوە و لەسەر ڕێكردن بەردوام دەبن. ديسانەوە لەسەر هەمان ئاراستە، لەسەر هەمان هێڵ كە شەپۆلە بچووكەكە لەسەرى دادەكشێ.

بێ سەرنجدان لە جێپێكانيان كە بەوجۆرە ناسكە لەسەر زەويە تەڕ و تازەكە هەڵدەكۆڵدرێ، بێ گوێدانە گاشەبەردەكانى لاى چەپ، ياخۆ شەپۆلەكانى لاى ڕاست، يان ئەو باڵندانەى لە پێشيانەوە هەندێجار دەفڕن و جاروبار ڕێ دەكەن، سێ زارۆكى قژ زەرد، دەستى يەكتريان گرتووە، شانبەشانى يەكتر، بە هەنگاوى چوونيەك، بەرەو پێشەوە دەڕۆن.

سيما تاولێدراوەكانيان، كە لە قژيان تۆخترە، پێكدەچێ. قەڵافەتيشيان پێكدەچێ، جدى و دڵپەرۆش، تۆزێكيش تامەزرۆ. دەموچاويشيان پێكدەچێ. گەرچى ئاشكرايە كە دووانيان كوڕ و يەكێكيان كچە. قژى كچەكە تۆزێك درێژتر، تۆزێكيش زياتر لوولە، ئەندامەكانى جەستەشى كەمێك ناسكترە. بەڵام پۆشاكەكانيان هاوشێوەيە: پانتۆڵى كورت، كراس، قوماشێكى شين، كاڵبووەوە.

كچەكە لە لاى ڕاستە، لاى دەرياكەوە. لە بەشى چەپى ئەو، كوڕێك كە تۆزێك لەوان كورتەباڵاترە ڕێ دەكات، كوڕەكەى تر، كە لاى گاشەبەردەكانەوەيە، هاوباڵاى كچەكەيە.

لە پێشيانەوە، تا چاو هەتەر دەكات، لمى زەرد ڕاكشاوە. لە بەشى چەپى ئەوانەوە، ديوارێك لە گاشەبەردە قاوەييەكان، تاڕادەيەك بە شێوەيەكى ستوونيى بۆ ئاسمان بەرزبووەتەوە، وا ديارە هيچ ڕێگايەك نييە بۆ تێپەڕين پێياندا. لە بەشى ڕاستيانەوە، دەريا شين و ئارام، هاوئاستى زەوى، تا ئاسۆ قەرارى گرتووە و تەنيا لە لێوارى كەنارەكە، شەپۆلێكى بچووك و ناكاوى هەيە، كە هەردەم لەسەر هەمان هێڵى ڕۆخەكە دادەكشێ و وەكو كەفێكى سپى هەڵدێت.

دواتر، دواى دە چركە، ديسانەوە ڕەوتى ئاوە هەڵئاوساوەكە دێت، هەمان تێڕۆچوويى كەنارەكە دەگرێتەوە و دەنگێكى هێواشى لێكخزانى زيخەكان بەرگوێ دەكەوێت.

شەپۆلە بچووكەكە دادەكشێ، كەفاوە شيرييەكە بە زەويە نشێوييەكەدا سەردەكەوێت، تێدەكۆشێ چەند ديسيمەتر زەوى كە چەند چركەيەك پێشتر لەدەستى دابوو، بەدەستى بهێنێتەوە. هاوڕێ لەگەڵ ئەو بێدەنگييەى بەدواى خۆيدا دەيهێنێ، دەنگى ئەو زەنگانەى كە لە دوورەدەستەوە دێن، لە كەشە ئارامەكەدا بڵاودەبێتەوە.

كوڕە بچووكترەكە كە لە ناوەڕاستەوەيە دەڵێت: ((زەنگ لێيدا.))

بەڵام دەنگى دەريا، بە هەڵمژينى شەپۆلەكانى سەر لمەكە، دەنگى هێواشى زەنگەكە لەخۆيدا خەفە دەكات. زارۆكەكان دەبێت تا كۆتايى سووڕێكى ترى شەپۆلەكە چاوەڕوان بكەن، بۆئەوەى دوايين زەنگ كە لە مەودايەكى دوورەوە دێت، ببيستن.

كوڕە گەورەترەكە دەڵێت: ((زەنگى يەكەم بوو.))

شەپۆلە بچووكەكە لەبەشى لاى ڕاست، دادەكشێ.

وەختێ دووبارە دەريا ئارامە، ئەوان ئيدى گوێيان لە هيچ شتێك نييە. زارۆكەكان هێشتا بە ئاهەنگى يەكجۆرى هەنگاوەكانيان بەرەو پێشەوە دەڕۆن، هەرسێكيان دەستى يەكتريان گرتووە. لە پێشيانەوە، ديسانەوە لەناكاو پشێوييەك لەناو باڵندەكان، كە چەند مەتر لێيانەوە دوورن؛ دروست دەبێت و لە شەقەى باڵ ئەدەن و دەفڕن.

هەمان كەوانە لەسەر ئاوى كەنارەكە دروست دەكەن، دەفڕن، ديسان لەسەر لمەكە دەنيشنەوە و ڕێ دەكەن، لەسەر هەمان ئاراستە، لە لێوارى ئاوەكە، نزيكەى سەت مەتر لە پێش زارۆكەكانەوە، ئەو جێيەى كە شەپۆلە بچووكەكە لەسەر ڕۆخى كەنارەكە دادەكشێ، ڕێ دەكەن.

كوڕە بچووكترەكە دەڵێت: ((ڕەنگە زەنگى يەكەم نەبووبێت. ئەى ئەگەر گوێبيستى زەنگى يەكەم نەبووبين.))

كوڕەكەى تەنيشتى دەڵێت: ((بەهەرحاڵ، دەبێت گوێبيستى ببين.))

بەڵام لە خێرايى هەنگاوەكانيان، گۆڕانكارييەك ڕوونادات. ئەوان بەرەو پێشەوە دەڕۆن و جێپێكانيان، لە دوايانەوە، لە ژێر شەش پێخاوسەوە، بەردەوام دەبێت.

كچەكە دەڵێت: ((ئێمە هيچكات هێندە نزيك نەبووين.))

بەمجۆرە تاوەكو بيستنى دەنگى زەنگەكە بێدەنگ دەبن، كە هێشتا نزم و دوورەدەستە، لە ساتێكدا ئاراميى دەريا بەرگوێ دەكەوێت. كوڕە گەورەترەكە دەڵێت: ((زەنگ لێيدا.)) ئەوانى تر وەڵام نادەنەوە.

وەختێ خەريكە زارۆكەكان بە باڵندەكان بگەنەوە، باڵندەكان لە شەقەى باڵ ئەدەن، دەفڕن، سەرەتا يەك دانە، پاشان دوو دانە و دواتر دە دانە... باڵندەكان ديسانەوە لەسەر لمەكە دەنيشنەوە، لە ڕۆخەكە نزيكەى سەت مەتر لە پێش زارۆكەكانەوە ڕێ دەكەن.

دەريا بەردەوام جێپێ ئەستێرەئاساكانيان دەشواتەوە. لە لايەكى ديكەوە، زارۆكەكان كە دەستى يەكتريان گرتووە، هاوشانى يەكتر، لە بەشى نزيكتر لە گاشەبەردەكان، ڕێ دەكەن. لە دوايانەوە جێپێى قووڵ لەسەر لمەكە جێدەهێڵن، كە سێ هێڵى تەريب بە درێژايى كەنارە گاشەبەرداوييەكە و ڕۆخە دوورودرێژەكە وردە وردە درێژتر دەبێتەوە.

لە بەشى لاى ڕاست، لاى بەشى دەريا هەموار و بێ بزاوتەكە، كە هەميشە لە يەك جێدايە، شەپۆلە بچووكەكە دادەكشێ.


ئەم بابەتە 196 جار خوێندراوەتەوە