A_beautiful_mind.jpg

فیلمێک لەپێناو خۆشویستنی زانست

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

(A beautiful mind)، فیلمێکی ئەمریکییە کە لە ساڵی ٢٠٠١ بڵاو بۆتەوە و فیلمەکە بایۆگرافیی درامییە و   باس لە ژییانی زانای ماتماتیکی ئەمریکی “جۆن ناش” دەکات، ماوەی فیلمەکە ١٣٥ خولەکە و ڕەیتینگی ٨،٢ ە.  لە دەرهێنانی ڕۆن هاوارد و نوسینی ئاکیڤا گۆڵدسمانە، لە کتێبەکەی سیلڤیناسارەوە وەرگیراوە کە یەکێک بووە لە پڕ فرۆشترین کتێبەکان و چەندین خەڵاتی ئەدەبیی بردۆتەوە.

A beautiful mind5

ڕۆناڵد ویلیام هاوارد

دەرهێنەر ڕۆناڵد ویلیام هاوارد لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٤ە، لە هەمان کاتدا دەرهێنەر و پڕۆدیوسەر و ئەکتەریشە، لە تەمەنێکی بچووکەوە وەک ئەکتەر کاری کردووە و لە چەندین دراما و زنجیرەی تەلەفیزیۆنیشدا کاری کردووە لەوانە: هەڵقەیەکی The Twilight Zone .

 هەروەها زیاتر بە ڕۆڵی ئۆپی تایلۆری لاو ناوبانگی دەرکرد کە یەکێک بوو لە کارەکتەرەکانی پرۆگرامی تەلەفیزیۆنیی The Andy Griffith show کە کارەکتەرێکی خەیاڵی بوو، چەندین خەڵاتی ئەکادیمیی وەرگرتووە لەوانە: خەڵاتی ئەکادیمی بۆ باشترین دەرهێنەر، خەڵاتی ئەکادیمی بۆ باشترین وێنە بۆ فیلمی A Beautiful Mind ، هەروەها هەڵبژێردراوە بۆ خەڵاتی Frost/Nixon لە ساڵی ٢٠٠٣، خەڵاتی  National Medal of Art ی وەرگرتووە، خاوەنی دوو ئەستێرەیە لە Hollywood Walk of Fame.

ئەو فیلمانەی کە کاری دەرهێنانی بۆ کردون:

فیلمی بایۆگرافیی درامی A Beautiful Mind 2013

فیلمی بایۆگرافیی وەرزشی Cinderella Man 2005 ،

درامای مێژویی Frost/Nixon 2008،

فیلمی سەرکێشی مێژویی In The Heart of The Sea 2016، هاوارد زیاتر بە فیلمی How the Grinch Stole Christmas 2000، ناسرا، هەروەها زنجیرەی Robert Langdon ، The Da Vinci Code 2006، Angels and Demons 2009, Inferno 2016.

 A beautiful mind2

 دەربارەی فیلمەکە

A Beautiful Mind  باس لە چیرۆکی ژییانی جۆن ناشی زانای ناوداری ماتماتیک دەکات لە ساڵی ٢٠٠١ بۆ یەکەمین جار نماییش کرا، بە هۆی جیاوازی و سەرکەوتویی فیلمەکەوە تا چاند ساڵی دواتریش بوبو بە باس و خواسی خەڵک و رەخنەگران، ژییانی جۆن ناش کاریگەرییەکی گەورەی بەجێ هێشت لەسەر هەموو بینەرانی فیلمەکە، ئەمەش وای کرد ببێتە یەکێک لەو فیلمانەی کە پێویستە لە لیستی ئەو فیلمانەدا بێ کە پێویستە هەموان بیبینن کەوا کاریگەریی جیاواز جێدەهێڵن.

پاڵەوانی فیلمەکە کە ڕۆڵی جۆن ناش دەگێڕێت ئەکتەری نیوزلەندی Russell Crowe ە ، بە شێوەیەکی زۆر جوان ڕۆڵی جۆن ناش بەرجەستە دەکات، هەروەها Jennifer Connelly بە شێوەیەکی زۆر داهێنەرانە ڕۆڵی ئەلیشیا ی هاوسەری جۆن ناش دەبێنێت، هەردوولایان زۆر هاوکار بون بۆ سەرکەوتویی فیلمەکە، هەروەها جێپەنجەی دەرهێنەری سەرکەوتوو ڕۆن هاوارد زۆر بە فیلمەکەوە دیارە کە براوەی چوار خەڵاتی ئۆسکارە لە ساڵی ٢٠٠١ دا.

A beautiful mind1

لە سەرەتادا ئەکتەری ناودار تۆم کروز هەڵبژێردرابوو تا ڕۆڵی جۆن ناشی پێ بدرێت، سەلما حایکیش بۆ ڕۆڵی ئەلیشیا، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیارەکە گۆڕدرا و ڕۆڵەکان دران بەم دوو ئەکتەرە سەرکەوتووە ( ڕاسڵ کرو و، جێنیفەر کۆنێڵی ) . ئەم فیلمە دوای بینینی وات لێ دەکات جیهانی زانست و زانایانت زۆر خۆش بوێت و واتلێدەکات ئەو ترس و باوەڕە ناڕاستانەی لەڕێگەی کتێبە وشکەکانی خوێندنەوە دەربارەی کەسایەتی زاناکان و وشکی زانستەکان بۆت دروستبووە بگۆڕێت و زانستت خۆشبوێت، خۆشویستنی زانست کردنەوەی دەرگایەکی گەورەیە لەسەر ژیانت کە دەکرێت لێیەوە تێگەیشتن و لێکدانەوەی جیاوازی زۆر زۆر بێنەژوورەوە کە ژیانت بگۆڕێت، بەتایبەت زانستی فیزیا.

 A beautiful mind3

جیاوازییەکانی سیناریۆ لەگەڵ ژیانی ڕاستی "جۆن ناش"

گەرچی ژیانی زانا جۆن ناش تێما و بابەتی سەرەکی فیلمەکە یان هۆکاری دروستکردنی فیلمەکەیە و دەکرێت بەبەهانەیەک تا لە ڕێگایەوە زۆر پرس بخرێتە بەرچاو، بەڵام ئەمە ئێجگار ڕاستنییە، زۆر شت تێکەڵی سیناریۆکە کراوە، کە لە ژیانی ڕاستی زاناکەدا پێچەوانەیە وەک:

٭ سیناریۆی فیلمەکە جیاوازی زۆری هەیه لەگەڵ تێکستی کتێبەکە و ژیانی ڕاستەقینەی جۆن ناش، بە جۆرێک لە فیلمەکەدا جۆن وا نیشان ئەدات کە هەر لە مناڵییەوە حەزی لە بیرکاری بووە و کاری بۆ کردووە بەڵام لە ڕاستیدا جۆن خولیای زانستی کیمیا بوو بە جۆرێک لە تەمەنێکی کەمەوە لە ماڵەوە خەریکی تاقیکردنەوەی کیمیایی بوو ، ئەوە مامۆستایەکی بوو کە دواتر جۆنی بەرەو زانستی بیرکاری ئاڕاستە کرد، خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئەلیشا تاکە خانم نەبووە لە ژیانی جۆندا بەڵکو خانمی تر هەبووە و تەنانەت مناڵی لە خاتونێکی تر هەیە و خۆی تا ماوەیەکی زۆر دانی بەوەدا نەناوە کە ئەو مناڵە هی ئەوە .

٭ خاڵێکی گرنگی تری فیلمەکە کە جیاوازە لە چیرۆکە ڕاستییەکە بابەتی نەخۆشییەکەی جۆنە، لە فیلمەکە هاتووە کە جۆن توشی وڕێنەی دەنگی و بینین بووە، واتە کۆمەڵێک شت ئەبیستێت و ئەبینێت کە لە ڕاستیدا بونیان نیە و ئەم خۆی دروستیان ئەکات، بەڵام لە ڕاستیدا جۆن وڕێنەی دەنگی هەبوو نەک هەردوو جۆری وڕێنەکە واتە جۆن تەنیا وەک دەنگێک وڕێنەکە چووەتە گوێچکەی و هیچ شتێکی نامۆی دروستکراوی نەبینیوە، هەروەک لە فیلمەکەدا جۆن زۆربەی کات وەکو کەسێکی تەنیا دەرئەکەوێت بەڵام لە ڕاستیدا دایک و خوشکەکەی زۆر هاوکارییان کردووە و بەردەوام لەگەڵی بوون .

٭ بابەتێکی تر دوایین دیمەنەکانی فیلمەکەیە کە تیایدا جۆن ناش بە ئامادەبوونی هاوژینەکەی خەڵاتی نۆبڵ وەرئەگرێت و وتارێک پێشکەش ئەکات، سەرەڕای جوانی وتارەکە و بە نرخی ناوەڕۆکەکەی کە زیاتر دەربڕینی وەفا و خۆشەویستی خۆیەتی بۆ هاوژینەکەی بەڵام سەرتاپای بابەتەکە دوورە لە ڕاستی و ئەو وتارە زیادکراوە بۆ فیلمەکە، تەنانەت لە لەوکاتەدا جۆن لە هاوژینەکەی جیاببوەوە و بەیەکەوە نەئەژیان هەروەک ئەلیشا ئامادەی مەراسیمەکەش نەبووە، ئەم چەن خولەکەی کۆتایی زۆر بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە کاستی فیلمەکە ئەیانەوێت کۆتاییەکی جوان ببەشن بە فیلمەکەیان هەربۆیە ئەو دیمەنەیان دروست کردووە .


ئەم بابەتە 64 جار خوێندراوەتەوە