Roza.jpg

عەبود و خەجاوە، دوو ناوی ترسناک لە مێژوی عێراقدا

رۆزا حەمە ساڵح

 چیرۆکی عەبود و خەجاوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1917، کاتێك ولایەتی موسڵ  لە ژێر دەسڵاتی دەوڵەتی عوسمانیدا دەبێت، وشکە ساڵی باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشیت، بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە ناودەچن  ودەفەوتێن، هەروەها بە هۆی جەنگی  جیهانی یەکەم و هێرش کردنە سەر ناوچەکە لە لایەن ئینگلیزەوە، برسیەتی تەنگ بەخەڵکەی هەڵدەچنێت، نرخی یەک هۆقە گەنم یەکسان دەبێت بە یەك لیرەی ئاڵتۆنی، ولایەتی موسڵ ڕووبەڕوی داڕوخانی ئابوری دەبێتەوە، ئەو ساڵە ناو دەنرێت (ساڵی  برسێتی و گرانی لیرە)، ئەو خەڵکەی کە لە چینێکی مام ناوەندا دەژین، قاب وقاچاخە زیوەکانیان دەگۆرنەوە بە گەنم ( کە نرخەکەی یەکجار کەم دەبێت)، تەنها بەشی چەند ژەمە خواردنێکیان دەکات، خەڵکە هەژارەکەش دەست دەکەن بە خواردنی سەگ وپشیلە، بەو هۆیەوە نەخۆشی “سكچوون وڕشانەوە “ لە ناوخەڵکەکەیدا بڵاو دەبێتەوە. دڕەندەترین و قیزەوەنترین تاوان کە لەو سەردەمەدا ڕویداوە، تاوانی خواردنی گۆشتی مرۆڤ بووە، کە هەتاوەکو هەنوکەش وەک چیرۆک لە ناو خەڵکی ئەو شارەدا دەگێڕرێتەوە.

 عبود و خەجاوە؛ پیاو و ژنێکی عێراقی خەڵکی شاری موسڵ دەبن، دوو ناوی ترسناک کە چوونەتە ناو مێژووە، هەتا ئێستاش لە بیرەوەری خەڵکی موسڵدا ماونەتەوە. لە بەناوبانگترین خوێن ڕێژەکانی عێراق بوون لە سەدەی بیستەمدا، منداڵیان ڕاودەکرد و سەریان دەبڕین، بە گۆشتەکەی مەرگەیان  لێدروست دەکرد، لە دوکانی خۆیاندا دەیانفرۆشت، بۆ ماوەی چەند مانگێك لە سەر ئەم کارەیان بەردەوام دەبن، هەتاوەکو ڕۆژێك بەڕێکەوت تاوانەکەیان ئاشکرا دەبێت، کاتێك کەسێك  خواردنییان  لێدەکڕێت، لە ناو خواردنەکەدا پەنجەی مرۆڤی تێیدا دەبینێت، ئیدی گومانی لا دروست دەبێت کە مەرگەکە  دەکرێت بە گۆشتی مرۆڤ لینرابێت، بۆیە پۆلیسیان لێ ئاگادار دەکاتەوە.

کاتێك پۆلیس دەدات بە سەر ماڵەکەیاندا، چاڵێکی قوڵ دەدۆزنەوە کە پڕ دەبێت لە کەلە سەر وقاچ ودەست، کە زۆرینەیان هی منداڵن. ئیدی پۆلیس عەبود و خێزانەکەی دەست بەسەر دە‌كات و ڕادە‌ستی دادگایان دەکات، لە دوای لێکۆڵینەوە، خێزانەکەی دان بە تاوانەکەیاندا دەنێت.

 ئەم چیرۆکە لە لایەن مێژونوسی کۆچکردوو ئەحمەد ئەلسۆفی، لە دەستنووسێکی مێژوویدا ( موسڵ لە   کۆتایی سەردەمی عوسمانییەکاندا) دەیگێڕێتەوە، کە باسەکەی لە گۆڤاری (علمدار) ی تورکی ئەو کاتە وەرگرتووە، بەم شێوەیە باس لە گفتووگۆی نێوان دادوەر و خێزانەکەی عەبود دەکات:

 دادوەر: چۆن توانیتان ئەم کارە بکەن؟

خەجاوە: برسێتییەکی زۆرمان چەشت تا ڕادەیەك کە چیتر توانای خۆڕاگریمان نەمابوو، بۆیە سەرەتا بڕیارمان دا کە پشیلە بخۆین، ئەوە بوو ڕۆژانە پشیلەمان ڕاو دەکرد ودەمانخوارد،  کاتێ کە ئیتر پشیلەمان دەست نەدەکەوت، دەستمان کرد بە خواردنی سەگ، هەتا ئەویش بنبڕبوو، گۆشتەکەی زۆر خۆشتر وبە چێژتر بوو لە گۆشتی پشیلە، دواجار گۆشتی مڕۆڤمان تاقی کردەوە.

دادوەر : بە کێ دەستان پێکرد؟

خەجاوە : پیرەژنێکی دراوسێمان، ڕۆژێکیان کە هات بۆ ماڵمان، عەبود زۆری برسی بوو، چیتر لە توانایدا نەما و خۆی پێڕانەگیرا، پەلاماری پیرەژنی داو وخنکاندی، دواتر پێکەوە هەردووکمان سەرمان بڕی ولەت وپەتمان کرد و کردمان بە مەرگە، سەر و ئێسك وپروسکەکەیمان لە ناو چاڵێکی قوڵدا شاردەوە، کە لە ناو ماڵەکەماندا هەڵمانکەندبوو، ئیدی ئەو شەوەی زۆر ڕشاینەوە چونکە گۆشتەی پیرەژنەکە زۆر چەور و پیس بوو، دواتر گۆشتی منداڵێکی بچوکمان تاقی کردەوە، بەڵام گۆشتی منداڵەکە زۆر ناسك و بەتام بوو.

دادوەر: چۆن منداڵەکانتان ڕاو دەکرد؟

خەجاوە: بە هۆی منداڵەکەمانەوە، هەموو ڕۆژێك بە بیانووی یاریکردن، منداڵێکی دەهێنایەوە ماڵەوە، ئێمەش دەمانخنکاندن، دواتر لەت وپەتمان دەکردن ، سەر و قاچ ودەستەکانیانمان  لە ناو چاڵەکەدا دەشاردەوە. 

دادوەر :چەند منداڵتان وا لێکرد؟

خەجاوە: نازانم بەڵام دەتوانن بەپێی ئیسك وپروسکەکانیان بەدواداچوون بۆ ژمارەیان بکەن.

 دواتر لە دوای لێکۆڵینەوەی ورد لە تاوانەکە، دادوە‌ر بۆی دەرکەوت کە نزێکەی سەد منداڵیان بەو شێوەیە کوشتووە، بۆیە دادگا بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ عەبود وخەجاوەی خێزانی دەرکرد، ئەو بەیانییەی کە بڕیاری لە سێدارەدانییان تێیدا جێبەجێ دەکرا، سواری دوو کەریان کردن، بەڕێکران بۆ مەیدانی (باب الطوب)، لە ڕێگادا خەڵکی بەردیان تێدەگرتن وجنێو وقسەیان پێ دەوتن، عەبود جنێوەکانی بە خەڵکەکە دەدایەوە، دەیوت بڕۆن قسە بە حکومەت بڵێن، ئەوان بەرپرسن لە وەی کە ئێمە ئەم کارەمان کردووە، ئەوان بەرپرسیاری سەرەکین لە برسیکردنی خەڵک.

هەر لەوێدا ژنێک هات و قەپی کرد بە قاچی خەجاوەدا، بە حەسرەتەوە هاواری کرد، وتی: سێ منداڵی منتان خوارد.


ئەم بابەتە 406 جار خوێندراوەتەوە