The_Tree_of_Life.jpg

فیلمی درەختی ژیان و چەند سەرنجێک..

ژینوار ئازاد حەمە کەریم

فیلمی The Tree of Life  فلمێکی ئەمریکیی درامی و ئەفسانەییە، لە ساڵی ٢٠١١ دەرچووە و لە نوسین و دەرهێنانی تێرێنس مالیکە، فیلمەکە رەیتینگی ٦،٨ە و ماوەکەی ١٣٩ خولەکە. فیلمەکە براوەی پێشبڕکێیەکە لە ساڵی ٢٠١١ لە فیستیڤاڵی کان بۆ فیلم، خەڵاتی Palme d’Or ی بەدەست هێنا کە بەرزترین خەڵاتە لە فیستیڤاڵی کاندا بدرێت بە فیلم، ڕانکی یەکەمی هەبووە لە کۆ کراوەی ریڤیووەکاندا و بەم شێوەیەش تۆپ تێن (لە دە یەکەمەکەی) مێتا کریتیک Metacritic بووە لە ساڵی ٢٠١١ دا، (مێتا کریتیک وێبسایتێکە تایبەت بە کۆکراوەی ریڤیووەکان لەسەر فیلم و زنجیرە و بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکان و میوزیک و ئەلبومەکان وە هەروەها کتێبەکان) . ئەم فیلمە بە یەکێک لە دەگمەنترین فیلمەکانی سەدەی ٢١ دادەنرێت کە لەو ئاستە بەرزەدایە و، لە راپرسییەکی١٧٧ ڕەخنەگریدا لە بی بی سی بە حەوتەمین فیلم هەڵبژێردراوە لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ەوە دەرچوبێت.

 هەروەها لە دیسەمبەری ٢٠١٩ دا فیلمی "درەختی ژییان" چووە لیستی باشترین فیلمەکانی دەیەی (دە ساڵی) ڕابردووەوە لە ئەسۆشییەیشن پرێس (AP  ). "درەختی ژییان" سێ خەڵاتی ئۆسکاری بەدەست هێناوە بۆ: باشترین وێنە، باشترین دەرهێنەر، باشترین سینەماتۆگرافی.

 The Tree of Life2

درەختی ژییان چیرۆکی خێزانێکە لە تەکساس، ساڵی ١٩٥٦، پەیوەندیی نێوان ئەندامەکانی ئەو خێزانە نیشان دەدات بە تێڕوانینێکی فەلسەفییانەوە بۆ ژییان. فیلمەکە لەسەر ژیانی کوڕە گەورەی خێزانەکە (جاک) دەڕوات کە دەبێتە شاهیدی کۆمەڵێک کێشەی نێوان دایک و باوکی و بیر و ڕا دژ بە یەکەکانیان سەبارەت بە پەروەردە و فێر کردن. جاک لە تەمەنی مناڵی و بەرائەتییەوە تا تەمەنی کامڵی و پێگەشتویی، هەوڵی ئەوە دەدات پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوان خۆی و باوکی ڕێک بکاتەوە، لە تەمەنی پێگەیشتوییدا سیان پێن ڕۆڵی جاک دەگێڕێت، کە خۆی بە ڕۆحێکی وون بوو دەزانێت لە جیهانی مۆدێرندا، دەگەڕێت بە شوێن وەڵامدا سەبارەت بە سەرەتاکان و مانای ژییان، پرسیار دەکات سەبارەت بە بوونی باوەڕ.

 دەرهێنەر: تێرێنس مالیک

نوسەر: تێرێنس مالیک

ئەکتەرە سەرەکییەکان: براد پیت، سان پێن، جێسیکا چاستەین

ماوە: ١٣٩ خولەک

سینەماتۆگرافی: ئیمانۆیڵ لوبێزکی

فیلمەکە بە چەند وتەیەکی کتێبەکەی یەعقوب دەست پێ دەکات، " تۆ لەکوێ بوویت کاتێک من بناغەکانی زەویم دادەنا؟ ... کاتێک ئەستێرەی بەیانیان گۆرانییان دەچڕی پێکەوە، وە هەموو کوڕەکانی خودا هاواریان دەکرد لە خۆشییا؟" پاش ئەوە پریشکی ڕوناکییەک دەردەکەوێت لە تاریکیدا.

خاتوو ئۆبریان جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە دەبێت خەڵک یان شوێن ڕێگای چاکە بکەون، یانیش شوێن ڕێگای سروشت. ژن و مێردە گەنجەکە سێ کوڕیان هەیە، کوڕە گەورەکەیان بە ناوی جاک ئەندازیارە، لە تەمەنی پێگەیشتوییدا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک دژیەکی دەبێتەوە لە قبوڵ کردنی ڕێگای چاکە یاخود سروشت، وەک ئەوەی هەمیشە لە لایەن دایک و باوکییەوە جەختی لەسەر کراوەتەوە. خاتوو ئۆبریان، جیهان بە شوێنێک دەشوبهێنێت بۆ گەڕان و پرسیار کردن لەبارەی هەموو شتێکەوە، بەڕێز ئۆبریانیش زۆر زوو کۆنترۆڵی خۆی لەدەست دەدات کاتێک دەیەوێت هەم خۆشەویستیی بۆ کوڕەکانی دەربڕێت و هەم دەشییەوێت ئامادەیان بکات بۆ جیهانێکی پڕ لە گەندەڵی و نا دادی.

تێڕوانینی جاک بۆ جیهان و بۆ ژییان دەگۆڕێت پاش ئەوەی کە یەکێک لە هاوڕێکانی دەخنکێت لە ئاودا و، یەکێکیتریشیان دەسوتێت، توڕە دەبێت لە هەڵسوکەوتەکانی باوکی و بە گژ دایکیدا دەچێتەوە کە ئەو هەڵسوکەوتانای هاوسەرەکەیی قبوڵ کردووە. لە تەمەنی هەرزەکارییدا جاک منداڵێکی یاخی و سەرەڕۆیە و چەندین کاری نەشیاو دەکات.

The Tree of Life1

لە کۆتاییدا، ڕۆژێک جاک کە شوێنی ئیشەکەی بەجێ دەهێڵێت، لە ناو بەرزکەرەوەکەدا خەیاڵێکی بۆ دێت کە شوێن کچێکی گەنج کەوتووە، وە کاتێک لە دەرگایەکی چێوە تەختەییەوە دەچێتە ئەودیوەوە دیمەنی داهاتویەکی دوور دەبینێت، خۆر دەکشێ و دەبێ بە زەبەلاحێکی سوور وە زەوی قوت دەدات، وە دواتر دەپوکێتەوە بۆ ئەستێرەیەکی زۆر وردی سپی. کەسێک لە تاریکیدا دەڵێت "شوێنم کەوە" دواتر مۆم هەڵ دەکرێت، جاک شوێن کچەکە دەکەوێت و ڤێرژنێکی گەنجتری خۆی دەبینێت لەسەر ئەرزێکی سوریاڵی، وێنەی کەسە مردووەکان دەبینێت کە زیندوو دەبنەوە، لەگەڵ خێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لە یادەوەرییدا بوون یەک دەگرێتەوە، بە ڕێکەوت برا بچووکەکەی دەبینێت و دەیهێنێتەوە بۆ دایک و باوکی کە ماڵ ئاوایی لێ دەکات و پێ دەنێتە نێو بۆشاییەکی ئێجگار فراوانەوە، بە هاوەڵیی ژنێک کە جلی سپیی لەبەردایە و کچێکی گەنج. خاتوو ئۆبریان سەیری ئاسمان دەکات و دەچرپێنێت، :من ئەو دەدەم بە تۆ، من کوڕەکەمت پێ دەدەم"

بینینە خەیاڵییەکەی جاک کۆتایی پێ دێت و بیناکە جێ دەهێڵێت و خەندە لەسەر لێوییەتی. فیلمەکە کۆتایی دێت بە رووناکییەکی نادیار لە تاریکیدا دەبریسکێتەوە.  

 The Tree of Life3

تێرنیس مالیك

ژیاننامە

تێرنیس فریدریك مالیك، فیلمساز و بەرھەمھێنەر و سیناریۆنووسی ئەمریكی؛ لە ٣٠ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٤٣ لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لەدایكبووە.، لە شاری "ئۆتاوا"

مالیك؛ كوڕی "ئێرین مالیك" و "ئیمیل مالیك"ە و دوو برای دیكەی ھەبوون بە ناوەكانی "كریس" و "لاری" و ھەردووكیان لە خۆی بچووكتر بوون، "لاری" گیتارژەن بوو، لە كۆتایی ساڵانی شەستەكاندا بۆ خوێندن ڕوو لە ئیسپانیا دەكات، ساڵی ١٩٦٨ بەھۆی پەستانی خوێندنی میوزیكەوە دەستەكانی خۆی دەشكێنێت و باوكیان بۆ یارمەتیدانی كوڕەكەی ڕوو لە ئیسپانیا دەكات، بەڵام پاش ماوەیەكی كەم "لاری" خۆی دەكوژێت. مردنی براكەی لەو تەمەنە كەمەدا؛ كاریگەرییەكی زۆری بەسەر مالیكەوە دەبێت و لە ھەریەكە لە فیلمەكانی "The Tree Of Life- 2001" و "Knight Of Cups-2015"دا ئەم مەرگە، سێبەری ئەم شکستە رۆحییە ڕەنگی دەداتەوە.

. مالیك لە "تێكساس" و "ئۆكلاھۆما" گەورە بووە و ساڵی ١٩٦٥ لە زانكۆی "ھاڤارد" فەلسەفە تەواو دەكات، پاشان لە كۆلێژی "ماگدالین"ی "ئۆكسفۆرد" بۆ خوێندنی "Rhodes Scholar" وەردەگیرێت، بەڵام تەواوی ناكات و لەجیاتی ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان و وەكو ڕۆژنامەنووس بۆ چەندین گۆڤار و ڕۆژنامە كار دەكات، ماوەیەكی كەمیش لە پەیمانگای تەكنیكی "Massachussetts" فەلسەفە دەڵێتەوە، گرنگی بە فینۆمینۆلۆژی دەدا و كاری لەسەر فەلسەفەی "مارتن ھایدگەر" و "كیكەرگارد" دەكرد، وتاری "Vom Wesen des Grundes "ی "مارتن ھایدگەر"یشی وەرگێڕا. ساڵی ١٩٦٩ دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریكا و لە پەیمانگایەكی فیلمدا پەرە بە خوێندنی فیلم دەدات. مالیك لە ساڵی ١٩٧٠ ھاوسەرگیری لەگەڵ "جیڵ جەیكس" دەكات و ساڵی ١٩٧٦ جیادەبنەوە، پاشان ساڵی ١٩٨٥ لە فەڕەنسا و لەگەڵ "میشێل ماری مۆرێت"دا ھاوسەرگیری دەكەن و ساڵی ١٩٩٦ جیادەبنەوە، دوای ئەوەش لەگەڵ "ئەلیكساندرا واڵس"دا ھاوسەرگیری دەكات كە لە قۆناغی ئامادەیی خۆشەویستی یەكدی بوون. ھەروەھا فیلمی "To The Wonder" لە ئەنجامی كاریگەری پەیوەندییەكانی لەگەڵ "مۆرێت" و "واڵس"دا بەرھەم ھێناوە. .

فیلمی  (Badlands- 1973)دەستپێکی کارکردنی ئەودەبێت بەپیشەی فیلم سازی و دواتریش (Days Of Heaven- 1978) بەرھەم دەھێنێت، كە خەڵاتی باشترین دەرھێنەر و باشترین سینەماتۆگرافی بۆ دەباتەوە لە فێستیڤاڵی فیلمەكانی كاندا، دوای ئەم دوو فیلمە و پاش بیست ساڵ بە فیلمی (The Red Line- 1998) دەگەڕێتەوە بۆ كاری فیلمسازی كە پاڵێورا بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین سیناریۆ و دەرھێنەر و لە ٤٩یەمین فێستڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلینیشدا خەڵاتی (ورچی ئاڵتونی) دەباتەوە، دواتریش (The New World- 2005) و (The Tree Of Life- 2011) بەرھەم دەھێنێت؛ كە لە ٦٤ـەمین فێستیڤاڵی فیلمی كان'دا خەڵاتی (Palme d’Or) دەباتەوە و دواتریش خەڵاتی (FIPRESCI) بۆ باشترین فیلمی ساڵ دەباتەوە و پالێورابوو بۆ وەرگرتنی سێ خەڵاتی دیكەی ئەكادیمی بۆ باشترین دەرھێنەر و باشترین وێنە و باشترین سینەماتۆگرافی. ساڵێك دواتریش (To The Wonder- 2012) دەھێنێتە سەر شاشەی سینەماكان و بەدوایدا (Knight Of Cups- 2015). مالیك لەسەر ڕەوتی فیلمسازیی خۆی بەردەوام دەبێت و ساڵی ٢٠١٧ (Song to Song) و ساڵی ٢٠١٩ (A Hidden Life) دەھێنێتە بەرھەم. مالیك بەرلەوەی دەست بە فیلمسازی خۆی بكات؛ وەكو سیناریۆنووس كاری لەسەر چەندین فیلمی دیكە كردووە، لەوانەش (Dirty Harry- 1971) و (Drive, He Said- 1971) و (Pocket Money- 1972) و (The Gravy Train- 1974). ھەروەھا پاش ئەوەش كە وەكو دەرھێنەر دەست دەكات بە نووسین و دەرھێنانی فیلمەكانی خۆی؛ ھێشتاش كار لەسەر سیناریۆی فیلم دەكات بۆ دەرھێنەرەكانی دیكە. لە كۆتاییەكانی ساڵانی نەوەدەكاندا كۆمپانیایەكی بەرھەمھێنانی فیلم دادەمەزرێنێت. تێرنیس مالیك، خاوەنی ڕەوتی دەرھێنانی تایبەت بە خۆیەتی و فیلمەكانی بەوە دەناسرێنەوە كە ناوەڕۆكێكی فەلسەفی و سوڕیاڵییان ھەیە، خاوەنی بەرزترین ئاستی سینەماتۆگرافین و بەوردی كار لەسەر كاراكتەری نواندنكارەكان و نواندنەكانیان دەكات، زۆرێك لە فیلمەكانی لەلایەن ڕەخنەگرانەوە بە "شاكاری سینەمایی" ناسراون.


ئەم بابەتە 127 جار خوێندراوەتەوە