Nihad.jpg

شیکردنەوەی هاملێت لەشانۆنامەیەکی ڤیسپیانیسکی

نیهاد جامی

شانۆنامەی هاملێتی ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی(٣) توێژینەوەیەکی گرنگە بۆ کارەکتەری هاملێت و خوێندنەوەیەکی ووردی شانۆنامەکەی شکسپیرە، لەم شانۆنامەیەدا هەست بەتوێژینەوەیەک دەکەیت لەڕێی نمایشەوە، بۆ ئەوەی ئاشنایەتیمان بەم شانۆنامەیە هەبێت، پێویستە بگەڕێینەوە سەرەتای شانۆنامەکە، نزیکبونەوەیە لەئاهەنگی سەری ساڵی ١٩٠٥ ڤیسپیانیسکی نەخۆشە، کامینیسکی دێتە سەردانی داوای لێ دەکات کە رۆلی هاملێت ببینێت، چونکە خوازیاری ئەوەیە لەبارەی ئەو کارەکتەرەوە بدوێت، بەهۆی ئەوەی زۆر کات بیری لێ دەکاتەوە، خۆشحاڵ دەبێت لەبارەی هاملێتەوە قسە بکات.

شانۆنامەکە هەڵگری کۆمەڵە پرسیارێکی شانۆیی وشیکارێکی تایبەتە بۆ هاملێت، بەتایبەت لەڕووی قسەکردن لەپەیوەندیی نێوان شانۆ و ژیان، بۆیە هاملێت لەم شانۆنامەیەدا پڕۆسەی خوڵقاندنەوەو سەر لەنوێ نووسینەوەی تێکستێکە، کە حەقیقەتی ژیان و گەمەی شانۆیی دەبنە تەوەری سەرەکی ئەم کارە، رووداوەکان وەک ژیانی شانۆکار لەکاتی پڕۆڤە نیشان دەدرێت، لەچۆنیەتی کارکردنەوە لەسەر شانۆنامەی شکسپیر، لێرەدا نووسەر سێ تەوەری گشتی هەڵدەبژێرێت، شیکردنەوەو تەئویلکردنەوەیە بۆ شانۆی شکسپیر،

ئەوەش لەڕێگەی گفتوگۆو نواندن، بەواتای گێرانەوەو بەرجەستەکردن وێنەیەک نیشان دەدات، کەچۆن لەناو شکسپیرەوە دێیتە دەرەوەو بەهەمان شێوە دەگەڕێیتەوە ناوی، لێرەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، هەموو ئەو شانۆنامانەی کە ویستویانە سەر لەنوێ کار لەشکسپیر بکەنەوە بە دیدگایەکی نوێوە، یاخود شکسپیرو کارەکتەرەکانی بکەنەوە کارەکتەری کارەکانیان، لەو شانۆنامەیەی ڤیسپیانیسکی سەرچاوەی گرتووە.

ژیانی شکسپیر و هاملێت وڕووداوەکانی شانۆنامەکە، لەپاڵ شانۆنامەی ماکبێس دەبنە سێ تەوەری گشتی ئەم نمایشە، ئەکتەرەکان لەوێنەی ژیانی پڕۆڤەوە دێنە ناو کارەکتەری شکسپیریی، لیدی ماکبێس و ماکبێس و سێ سیحربازەکە بەشێکی دیاری ناو شانۆنامەکە پێکدێنن، تارمایی باوک لەهاملێت، شێتبوونی ئۆڤیلیا،

هاتنەوەی ئەو کارەکتەرانەو بەگژداچوونەوەیان لەناو زهنی ڤیسپیانیسکی دەبنەوە بەشێک لەدیمەنە شانۆییەکەدا، بۆیە نووسەر نەخۆشکەوتنی خۆی وڕووداوی بەر لەنووسینی شانۆنامەکە دەکاتە دیمەنی سەرەتای ئەو کارە، بەواتای لەبایۆگرافیای ژیانی خۆیەوە دێتە ناو کارەکەوە، ئەوەش بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە کە ڕووداوەکانی دەرەوەی نمایشەکە، واتە ژیانی مرۆڤە شانۆکارەکان پەیوەستە بەو گوندەی تیای دەژین وکێشەی شانۆو چۆنیەتی کارکردنیان هەیە لەگوندێکی شاری کراکۆڤی پۆڵەندی.

تا بەئەمڕۆ دەگات چەندین دەرهێنەری پۆڵەندی بەشێوازی دەرهێنانی تایبەت ڕوویان کردۆتە نمایشکردنی ئەم تێکستە، یەکێک لەو دەر‌هێنەرانە دەرهێنەر یێرزی گژێگۆژێڤسکی (٤) دامەزرێنەری شانۆی شێوەکاری پۆڵەندیە.

 Hamlet_sh

شانۆگەری هاملێت، نوسینی ستانیسواڤ فسپیانیسکی ، دەرهێنانی گژێگۆژێڤسکی

سەرەتای هەفتاکانی سەدەی بیستەم کارکردنی لەشانۆدا لەشانۆی شێوەکاری کاری دەکرد، کەشانۆیەکی ئەزموونگەری بوو ، هەوڵیدەدا زمانی وێنەی شانۆیی بگۆڕێت بۆ زمانی تابلۆی شێوەكاری، لەو پرۆسە هارمۆنیەی زماندا شانۆی شێوەكاری بنیاتنا.

ئەو زمانە شێوەكاریە پڕۆسەی بەشانۆكردنە لەڕێگەی ئامادەبوونی هونەری شێوەكاری، كە لەدوو ئاراستەدا دەردەكەوێت، یەكێكیان بوونی تابلۆی شێوەكاریە وەك وێنەیەكی بەرایی بۆ سینۆگرافیا، ئاراستەی دووەمیش گۆڕینی ماناكانی وێنەی شانۆییە، وەك لە شانۆگەری (ئاهەنگی ژنهێنان) ی ڤیسپیانیسكی بۆ وەستاندنی زەمەن باندۆڵی كاتژمێر بەكار دێنێت، ئەوە دوور كەتنەوەیە لەزمانی ئاخاوتن، بەخشینی دیدی شێوەكاریانەیە بە تێكستەكەی ڤیسپیانیسكیە، هەروەها وێنەی بینراو لەناو فەزای زمانی تێكست دەدۆزێتەوە، ئەوە پرۆسەیەكی هەڵکۆڵینی وێنەی شانۆییە، كە توانای بەرهەمهێنانەوەی لەودیوی تێكستەوە هەیە، زمانی ووتراو دەكاتە ڕووبەرێك بۆ خوڵقاندنی زمانی بینراو.

زمانێك بەتەنیا پەیوەست نیە بە جولە و ڕەنگ، بەڵكو وێنە پشت دەبەستێت بەمۆسیقاش، بەڵام ئەو وەك تۆماشێڤسكی (٥)پشت بەمۆسیقای كلاسیكی نەدەبەست، بەڵكو پشت بە مۆسیقای پۆڵەندی ئەو سەردەمە دەبەست، بەتایبەت كاركردنی لەتەك مۆسیقاری پۆڵەندی ستانیسواڤ ڕادڤان.

بەدوای ئەو كارە واتە ساڵی دواتر سەرەتای هەفتاكان ئەو بنەمایانەی بۆ كاری شانۆیی لەدوو شانۆگەریتر بەتەواوی ڕەنگی دایەوە، ئەوانیش (ئیریدیۆن) و(یاراتش)، كە بەتەواوی دەیویست فۆڕمێكیتر بەشانۆ ببەخشێت، بەدژی شانۆی سونەتی دەربكەوێت، هەندێك لەتوێژەران و ڕەخنەگران بڕوایان وایە تاڕادەیەكی زۆر كاریگەری گرۆتۆفسكی بەسەرەوە بووە، تەنانەت گرۆجیچکی لەكتێبەكەیدا لەبارەی دەرهێنەرانی پۆڵەندی لەڕەوتی تازەگەری شانۆی جیهانی بڕوای وایە لەیەكێك لەشانۆگەریەكانیدا بۆ كارەكتەری پاڵەوان لە نمایشەكەدا كاریگەری ڕاستەوخۆی گرۆتۆفسكی بەسەرەوەیە (٦)

ڕەنگە هەر ئەو ڕوانینە ڕەخنەییە بووبێت وای لە گژێگۆژێڤسكی  كردبێت كە لەچەند ئاستێكدا گۆڕانكاری لەپڕۆژە شانۆییەكەی بكات، بۆیە تاڕادەیەك لەتێكستی پۆڵەندی دوور دەكەوێتەوە، ڕوو دەكاتە شانۆنامەیەكی چیخۆف و ئەمجارە شانۆگەری (نەورەس) دەردەهێنێت، ئەو دیدە ڕەخنەییانەی ئاراستەی كراون، وایكردووە گومانی ئەو بەگەڕان وپشكنینیتر دەست پێبكاتەوە، بۆیە كاتێ‌ ڕوو دەكاتە شانۆی گریكی، شانۆگەری (ئەنتیگۆنا) ی سۆفۆكلیس دەردەهێنێت، ئەمجارەیان لەشانۆگەریەكەیدا كۆڕس هەیە و تەنانەت دەیالۆگیش دەڵێن، بەڵام دەیالۆگە ووتراوەكانیان بەزمانی یۆنانیە.

بۆ ئەو دەركەوتنی سیما نوێیەكان لەشانۆكەی لەهەموو شتێك گرنگتر بوو، بۆیە ئەو رۆحە ئەزمونكاریەتەی بەشانۆی شێوەكاری دەبەخشی تاوەكو بەردەوام بەدوای نوێبوونەوەو بە باڵابوونی شانۆكەی بڕوات، دێت كار لەسەر دوو تێكست دەكات لەناو نمایشێكدا كە بەشێكی كەمی تێكستەكان وەردەگرێتەوە، ئەوانیش یەكێكیان شانۆنامەیەکی میتەرلینگە بەناوی (ناوەوە) و ئەویتریش شانۆنامەیەکی ڤیسپیانیسکیە بەناونیشانی (ژنێكی وارشۆیی)،

سەرباری ئەوەی تەختەی شانۆش وەك دوو تێكستەكە دابەش دەكات، بەشێكی تەختەی شانۆ كە ڕووداوەكانی تێكستەكەی میتەرلینگی لەسەر بنیات دەنرێت بریتیە لە پارچە شووشە، ئەویتریش پەیوەستە بە ڕوناكیەوە، لێرەوە تێبینی ئەوە دەكەین، ئەو شانۆیە چەندە لەڕووی تەكنیكەوە دەیەوێت گۆڕانكاری بكات وەك لەتەختەی شانۆدا دەیكات، بەهەمان شێوەش لەتەك دیدی جیاوازی نووسەرەكانەوە دەیەوێت ڕووبەرووی سەركێشی دنیای شێوەكاری وێنە ببێتەوە، رەنگە لێرەدا پرسیارێك ڕووبەروومان ببێتەوە، كەبۆچی گژێگۆژێڤسكی دیدگای شێوەكاری خۆی بۆ شانۆ لەڕێگەی وێنەكێشانەوە بنیات نەناوەو پشتی بەستووە بە تێكستی شانۆیی؟

ئەوە پرسیارێكە ڕەوایەتی وەردەگرێت ولەكاتی توێژینەوە لەبارەی كارەكانی دەشێت هەموومان ڕووبەرووی ببینەوە، بەڵام ئەو دەمەی شانۆگەری (باڵكۆن) ی ژان ژینە دەردەهێنێت، كاتێ‌ باڵكۆن دەگۆڕێت بۆ شوێنی بینەر و دەیكاتە ڕووبەرێك بۆ داڕشتنەوەی بۆشایی، لەوەدا وەڵامی پرسیارەكەی خۆمان دەست دەكەوێت، ئیشكردنەوە لەتەك تێكست بەمەبەستی دۆزینەوەی پەیوەندیی شێوەكاریانەی شانۆكەیەتی، ڕەنگە ئەگەر ئەو شانۆگەری (ئەمریكا) ی فرانز كافكای دەرنەهێنابوایە نەیتوانیبوایە بیناسازی ئیتاڵی بەتەواوی ڕەت بكاتەوە و شوێنی بینەران بەتەواوی ببێتە شوێنی نمایش.

ئەو بنەمایانە بۆ شانۆكەی بەرەنجامی گەڕان وتێگەیشتنیەتی بۆ شانۆی شێوەكاری كە تیایدا دنیای ڕەنگ دەگوازێتەوە بۆ جیهانی دەلالەتەكانی جولە، كە ڕووداوەكان هەمیشە زیاتر لەخەونەوە نزیكن، خەون تیایدا پانتاییەكانی نەست وای لێدەكات بەرەو ڕووبەری ئازاد بۆ كاركردن بڕوات، ئەكتەرەكان لەهەندێك ئەزمووندا بە پۆشاكی تەواو ڕەش دەردەكەون، مۆسیقا و ڕەنگ بەشداری لەبونیادی مۆتیڤی وێنە دەكەن، ئەو ئەزموونە بووە بە شانۆیەكی شێوەكاری كە لەنەخشەی ئەزموونی شانۆی جیهانی چەندین هەوڵی بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت لەشانۆی شێوەكاری پۆڵەندیش بەیەكێك لەبنەما و هەوڵە بوێرەكانی ئەو شانۆیە سەیر دەكرێت.

کێشەیەک لێرەدا بەگرنگەوە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە، لەمەعریفەی شانۆی ئێمەدا شانۆ ئەزموونیەکان وەک خاسیەتێکی هەمیشەیی شانۆکاران سەیرمان کردووە، ئەو قۆناغە ئەزموونیەی ئەو دەرهێنەرە پەیوەستە بەتەمەنی شانۆ ئەزموونگەریەکەی، کارەکانی دواتری دوورن لەشانۆی شێوەکاریی، لێرەدا ئاماژە بۆ دوو نمایشی کۆتاییەکانی دەکەین، هەردووکیان لەنووسینی ڤیسپیانیسکی، یەکەمیان بەناوی "دادوەر" لەساڵی ١٩٩٩ لەشانۆی نیشتمانی وراشۆ نمایشی کردووە، ڕووداوەکانی نمایشەکە لەدۆسیەی دادگاوە وەرگیراوە، باس لەکووشتنی کچێکی مناڵکا ر دەکات لەلایان خاوەنی مەیخانەیەکەوە، بەلام بەهۆی نەبوونی بەڵگە، بکوژەکە بێتاوان دەردەچێت.

گژێگۆژێڤسکی لەم نمایشەدا لەڕیتمی خێرا و بایەخە تایبەتیەکەی وەک هەمیشە بۆ هونەری مۆسیقا پەیوەندیەکی زیندوو لەگەڵ کۆمەڵە ئەکتەرێک درووست دەکات، کەبەسەر شانۆکەدا دابەش بوونە، بریتیە لەمەیخانەیەکی فراوان، ناوەڕاستی شانۆ سەکۆیەکی بازنەیی هەیە، کە ئەکتەرێک دەتوانێت بیجولێنێت، لەهەمان کاتدا زەمەنی پێ بەرەو پێش بەرێت، شوێنەکە چەندە بونیادێکی واقعی ڕاستەوخۆیە، بەڵام نەیویستووە لەڕێی کورسی ومێزەوە مەیخانە بەرجەستە بکات، بەڵکو  کارەکتەرەکانی دێنە مەیخانەکە بەدەم سەما و گۆرانیەوە بەشداری لەڕووداوەکان دەکەن، تەنانەت دیمەنی دادگایی کردنەکە کە کۆمەڵە گۆرانی بێژو مۆسیقیەک بە کورسیەوە دێنە سەکۆی ناوەڕاستی شانۆ، تا لەڕێی گۆرانیەوە دیمەنی دادگایی کردنەکە نیشان بدەن، کە زیاتر لەگروپێکی سەمفۆنی دەچن گۆرانیەکی ئۆپیرایی پێشکەش بکەن، لەگەڵ سوڕانەوەی سەکۆ بازنەییەکە دادگاییەکە کۆتایی دێت.

لەڕووی بیناسازی شوێنی نمایشەوە دواوەی شانۆ دەرگاو پەنجەرەی ژوورو شوێنە تایبەتیەکانیترە، ئەکتەری تیا دەردەکەوێت، لەهەمان کاتدا بونیادێکی جوانکاری بەکارەکە بەخشیووە، کە وایکردوە ئەکتەر لەبۆشاییەکی ئازادی واقعیانە گوزارشت لەژیانێکی کۆمەڵایەتی پڕ کێشە بکات، ئەگەر نووسەر  ئەو کچەی دەکوژرێت بە کچێکی جولەکە ناوی بەرێت، بەڵام دەرهێنەر لەڕێی جل وبەرگەوە بابەتی جولەکە چڕ دەکاتەوە، لەلایەک ئێمە کچێکی مناڵکارتر دەبینین، کە کڵاوێکی تایبەتی لەسەرە، ئاماژەیە بۆ جولەکە، وەک چۆن حاخامێش لەنمایشەکە لەسەریەتی، لەهەمان کاتدا ئەو کچەی دەکوژرێت مناڵکار نیە وگەنجێکە، ئەوەش وایکردووە ئەو کچە مناڵکارەی چاوەروانی مردنی دەکەین لەلایان خاوەن مەیخانەکەوە، کەچی دەبینین ئەوەی دەکوژرێت ئەو نیە کچێکیترە، کچێک بە پۆشاکی کولتووریی پۆڵەندیەوە، بۆ ئەوەی لەو ڕێگەیەوە بیەوێت  ئەو توندوتیژیە نیشان بدات کە چۆن پۆڵەندی بەهۆی کێشەی ئاینەوە نەک تەنیا لەلایان سیاسیەکانەوە لەناو دەبردرێت، بەڵکو لەلایان مرۆڤە دژەکانیشی لەناو دەبردرێت.

 grgri_lakat_Profada

گژێگۆژێڤسکی لەکاتی پڕۆڤەدا

ئەم نمایشە بەتەواوی دوورکەوتنەوەیە لەشانۆی شیوەکاریی، ئەوەش مۆرک وتایبەتمەندی کارکردنیەتی کەوا چۆن قۆناغە ئەزموونکاریەکەی بەجێهێشتووە، بەتایبەت لەدوا کاری شانۆیی ئەو  دەرهینەرە، شانۆگەری "هاملێت" ی ڤیسپیانیسکی لە ٢٠٠٣ نمایشی کرد، ڕێک دوای ئەوەی لەبەڕێوبەری شانۆی وارشۆ نەمابوو، بەتەواوی دەردەکەوێت دەیەوێت وێنەیەکی جیاوازتر ببەخشێت بەم شانۆیە، کە هیچ پەیوەندیەکی بە شانۆی شێوەکاریەوە نیە.

هاملێت بۆ ئەو دەرهێنەرە کارێکە لەگەمەیەکی شکسپیریی و چۆنیەتی خولقاندنەوەی ئێستایە لەناو کلاسیکدا، بۆیە ویستویەتی تەواو قووڵ بێتەوە لەو تێگەیشتنەی نووسەر ویستویەتی، هەموو ئەوانەی لەناو تێکستەکەدا ئاماژەی بۆ کراوە، لەوێنەی بەرجەستەکراوی تەواو دەیخاتە ڕوو.

تەواوی سەر شانۆیەکی کۆن نیشان دەدرێت، وەک ئەوەی لەلای شکسپیر هەبێت، یاخود هەر هۆڵێکی شانۆیی بێت لەکاتی پڕۆڤەدا، تەنانەت لەدیمەنی ڕەشەباکاندا هەر بەشێوازی کۆن کەچۆن لەڕێگەی سندوقێکی بازنەیی لاکێشەیی داپۆشراو بە گونیە ئەکتەر دەیجولێنێت بۆ درووست کردنی ڕەشەبا، کە ئەو سێ ژنە ئەکتەرە ئەنجامی دەدەن کاتێک لەو ساتەدا ڕۆڵیان نیە، کارەکتەری تارمایی باوک لەسەرەتاوە دەردەکەوێت، لەدواوەی شانۆ دەگەڕێتەوە سەر کورسی دەسەلات چاودێر دەبێت بەسەر تەواوی نمایشەکە تا کۆتایی دێتەوە بۆ دەیالۆگکردن.

ئەم نمایشە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی نێوان شانۆ و ژیان درووست دەکات، پڕۆسەیەکە وابەستەی ئاگایی و نائاگاییە، سێنتەری شانۆیی شکسپیر هەڵدەوەشێنرێتەوە، نووسەر دەیەوێت سەرلەنوێ لەڕێی بونیادەکانەوە ئەو گوتارەی بووە بە شکسپیریزم لەناو نمایش بنووسێتەوە، دەرهێنەر کەوتۆتە نێوان گوتار وبونیاد، گوتاری شکسپیریی و ڕێکخستنەوەی بونیادەکانی ڤیسپیانیسکی، نمایش بۆتە خولقاندنەوەی ساتی لەدایکبوونی شانۆ لەڕێی ئەکتەرەوە، بینەر لەو هاوکێشەیەدا وەک بەشێکی زیندوو لەگەڵ ئەکتەر بەشداری لەپڕۆڤەکان دەکات، ئەویش لەڕێگەی ئەو سێ کچە ئەکتەرەی لەڕیزی پێشەوەی بینەران دادەنیشن و تا ئەو کاتەی لیدی ماکبێس دێت دەیەوێت ئەو بۆ خۆی سنووری ئەو گەمە شانۆییەیان بۆ دەست نیشان بکات، سەرەنجام ئەویش چارەنووسی بەدەستی نووسەرەکەوەیە، بۆ ئەوەی لەفەزای شکسپیریی بسوڕێنەوە، بەلام بەسەر لەنوێ تێگەیشتنی ئەو دۆخە شانۆییەی ناو پۆڵەنداوە.

 

پەراوێز و سەرچاوەکان:

(٣) ستانیسواڤ ڤیسپیانیسکی ( ١٨٦٩- ١٩٠٧) شانۆنووس ونیگارکێش و شاعیر بووە، کارەکانی بە درامای ڕەمزی ناسێنراوە، لەساڵانی ١٩٨٧- ١٩٩٦ لەسەر پارەی دەهەزار زوۆتی پۆلەندی وێنەی ئەو نووسەرە هەبوو، ئەنجومەنی نوێنەرایەتی کۆماری پۆڵەندا ساڵی ٢٠٠٧ ی ناونا بەساڵی ئەو نووسەرە،  لە٢٠١٩ لەسالیادی ١٥٠ ساڵەی لەدایکبوونی وێنەی خرایە سەر پولی پۆستە، پێنج ئۆپێڕای نووسیوە، لەپاڵ بیست کاری شانۆیی، شانۆگەری هاملێت دیارترین کاری شانۆییەتی، کە توێژینەوەیەکی درامیە لەبارەی کرۆکی شانۆ و پەیوەندی بە ژیانەوە.

(٤) یێرزی گژێگۆژێڤسکی لەدایکبوی ١٩٣٩ ی شاری ئوچ، لە ٢٠٠٥ لە وارشۆ ماڵئاوایی لەژیان کردووە، بەشی دەرهێنانی شانۆیی لە١٩٦٦ لەوارشۆ تەواو کردووە، لەساڵانی ١٩٩٧-٢٠٠٣ بەڕێوبەری شانۆی وارشۆ بووە، چەندین خەلات و بڕوانامەی شانۆیی و میدالیای نیشتمانی وەرگرتووە، کۆلێژی هونەری ئوچ دکتۆرای شانازی پێ بەخشیووە، ئەوە سەرباری ئەوەی لە ١٩٧٨ کراوە بەبەڕێوبەری شانۆ لەشاری ڤرۆسواڤ، شانۆیەکی ئەزموونگەری دامەزراندووە، بەبڕوای توێژەری شانۆی پۆڵەندی ئاوگوست گرۆجیچکی دامەزرێنەری شانۆی شێوەکاری پۆڵەندیە، هەڵبەت ئامادەبوونی دیدگای شێوەكاری لەشانۆی نوێی پۆڵەندی، هەوڵێكی دەگمەنی شانۆكارێك نیە، چونكە لەلای بەشێك لە دەرهێنەرەكان بایەخدان بەهونەری شێوەكاری دەدرێت، هەروەها پەیوەندیەكی ئۆرگانی پتەو هەیە لەنێوان سینۆگرافیا و شێوەكاری، ئەوەش چەندە پەیوەستە بە سینۆگرافیاوە، لەهەمان كاتدا بایەخدانیان بەهونەری شێوەكاری وایكردووە ڕۆڵی سینۆگرافیا لەشانۆكەیاندا جێگای بایەخی تایبەت بێت، بەڵام شانۆ ئەزموونگەریەکەی گژیگۆژێڤسكی تایبەتمەندیەکی سەربەخۆی هەبوو.

(٥) هێنریک تۆماشێڤسکی (١٩١٩-٢٠٠١) کیریۆگراف و دەرهێنەری شانۆییە، گروپێکی شانۆیی تایبەت بەشانۆی پانتۆمایمی لەپۆڵەندا دامەزراند،  بەناوی شانۆی جولە.

(٦) أوجست جرودجيتسكى ، حركة التجديد في المسرح العالمي.. ، ترجمة: د. هناء عبدالفتاح، الهيئة المصرية العامة للكتاب (القاهرة) 2010، ص116


ئەم بابەتە 183 جار خوێندراوەتەوە